كۆرۆنا و گەمەی سیاسی

0
711

شاخەوان برایم عەبدوڵڵا

كاتێك بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەسەر ئاستی جیهان لە لووتكەدا بوو، هەرێمی كوردستان تاڕادەیەكی باش كۆنتڕۆڵكردنی پەتاكەی راگەیاند و ژیانی خەڵك و بازاڕەكان ئاساییبوونەوە و دەوامی فەرمانگەكانیش كرانەوە، وەك ئاماژەیەك حكوومەتی هەرێم توانی بە جێبەجێكردنی پلانەكانی و پابەندبوونی خەڵك بە رێنماییەكان بەسەر پەتای كۆرۆنادا سەركەوێت، لەكاتێكدا هێشتا كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە شەڕی سەختدا بوون لەگەڵ ڤایرۆسەكە و رێژەی مردنیش رۆژ لە دوای رۆژ لە بەرزبوونەوەدا بوو تا بە ئێستاش دەگات شەڕەكە سەختر دەبێت.

مادام ڤایرۆسەكە لەسەر ئاستی جیهاندا، كۆتایی نەهاتووە، پێشبینیكراو بوو جارێكی دیكە لە هەرێمی كوردستانیش سەرهەڵبداتەوە، بەڵام ئەو پرسە تێكەڵ بە ململانێی سیاسی كرا و دەستێك بە ئەنقەست بۆ گوشار دروستكردن لەسەر حكوومەت و دروستكردنی قەیرانی تر، هانی خەڵكی دا پابەندی رێنماییە تەندروستییەكان نەبن تا دواجار كۆمەڵگە دیسانەوە باوەشی بۆ كۆرۆنا كردەوە، ئێستاش وێڕای ئەوەی شەپۆلی دووەمی بە توندی ناوچەكانی كوردستانی گرتووەتەوە، كەچی لە سنووری پارێزگای سلێمانی هێزگەلێك هەن لە گەمەیەكی نوێدا هانی خەڵكی دەدەن ئەو قەدەغەیەی ئێستاكە بشكێنن، بۆ ئەوەی خۆپیشاندان و بژێوی خەڵك وەك كارتی سیاسی بەكاربهێنن.

راستە خەڵكی كەمدەرامەت بەهۆی قەدەغەی هاتوچۆوە زیانمەندیی ئابووری دەبن، لەگەڵ ئەوەدا هیچ شتێك بۆ مرۆڤ لە تەندروستییەكی باش گرنگتر نییە، تۆ با هەر پارەت هەبێت، كاتێك كۆرۆنا یان هەر جۆرە پەتایەكی كوشندە ژیانت دەخاتە مەترسییەوە، ئەوكات پارە فریات ناكەوێت، وەك ئەوەی ئێستا رۆژانە بە هەزاران كەس لەسەر ئاستی جیهاندا بەهۆی كۆرۆناوە گیانلەدەست دەدەن و زۆربەیانیش پارەدارن و ئەگەر مەسەلەكە پارە بێت، دەیانتوانی زۆرترین بڕی پارە لەپێناو تەندروستییاندا خەرج بكەن، كەچی بەهۆی كۆرۆناوە گیانلەدەست دەدەن و پارەش فریایان ناكەوێت!

گرنگە خەڵكی هەرێمی كوردستان دۆخی تەندروستی خۆی لە سەرووی گەمە سیاسییەكانەوە دابنێت و ئەو رێكارانەی حكوومەتیش راستەوخۆ پەیوەندییان بە تەندروستیی گشتییەوە هەن، كەوایە ئەو هێز و لایەنە سیاسییەی لەژێرەوە و بە ناڕاستەوخۆ بە پاساوی وەستانی بازاڕ و خراپی ژیانی كەمدەرامەتان هانی خەڵك دەدەن بۆ پابەند نەبوون بە رێنماییەكان و چوونە سەر شەقام، ئاشكرایە ئەوانە گیان و تەندروستیی خەڵكیان بەلاوە گرنگ نییە و حەز دەكەن رۆژانە بە سەدان كەس لە هەرێمی كوردستان بەهۆی پەتاكەوە گیانلەدەست بدەن تا گیانلەدەستدانی خەڵكەكە لە گەمەیەكی سیاسیدا لە دژی حكوومەت بەكاربهێنن، كەوایە پێویستە خەڵكی كوردستان هۆشیاری تەواوی هەبێت و ئەودیوی رووداوەكان بخوێنێتەوە و بەو ئاسانییە بە گوێی كەسانێك یان لایەنێكی سیاسی نەكەن بە تایبەتی ئەوانەی دەڵێن كۆرۆنا نییە یان هێندە مەترسیدار نییە، ئەو جۆرە لە گوتارە مەبەستدارە تەنیا زیانی بۆ هاووڵاتییان دەبێت و ئەو بەرپرس و سەركردەی حیزبانەش كە لەپشتی ئەو گوتارەوەن لە ژوورەكانیان نایەنە دەرێ و خۆیان تووشی پەتاكە نابن، بەڵكوو تەنیا ئەوانەی پابەند نابن و بە گوێی هەندێ سیاسی و لایەن دەكەن، تووش دەبن!

ئۆپۆزسیۆن و بەشێك لە سەركردەی ئەو حیزبانەی بەشداری حكوومەتن، نایانەوێ حكوومەت بە ریتمی ئاسایی خۆی چاكسازی و كار بكات و كێشە و قەیرانەكانیش چارەسەر بكات، هەر ئەوەشە وایكردووە هەموو دەرفەتێك بقۆزنەوە بۆ دژایەتیكردنی حكوومەت، ئێستا دەیانەوێ كۆرۆنا و قەیرانی دارایی وەك گەمەی سیاسی بەكاربهێنن، كە بەشێكی پەیوەندی بە دابەزینی نەوت و بەشە سەرەكییەكەشی راستەوخۆ هۆكارەكەی بۆ سیاسەتی بەغدا دەگەڕێتەوە بەوەی مووچە و بوودجەی كوردستانی بڕیوە، هەروەها ئەوەی زیاتریش ئەو تایپە لە ئۆپۆزسیۆن و بەشێك لە سەركردەی حیزبەكانی نیگەران كردووە، سەركەوتنی حكوومەت بوو بەسەر كەیسی كۆرۆنادا، هەر ئەوەشە ئێستا دەیانەوێ خەڵكی هان بدەن تا پایەند نەبن و بەهۆیەوە رێژەی تووشبوونە بە پەتاكە زیاد بكات و بارگرانییەكی دیكە بكەوێتە سەر شانی حكوومەت.

زیاتر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

بابه‌تی تر

لەکەشی خۆپارێزی کۆرۆنادا ١٤٤ هەزار قوتابی لە هەرێم چوونە هۆڵی تاقیکردنەوەکان

ئەمڕۆ شەممە ١١ی تەموز تاقیکردنەوەکانی پۆلی ١٢ لەسەرتاسەری هەرێم بە بەشداری ١٤٤ ھەزار و ١٤٢…