ئەمڕۆ 46مین ساڵیادی لەسێدارەدانی لەیلا قاسم کچە تێکۆشەری کوردە

0
123

46 ساڵ لەمەوبەر و لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا 1974.5.12 لەیلا قاسم، کچە خوێندکار و تێکۆشەری کوردی خەڵکی خانەقین، بەهۆی بیروباوەڕی کوردایەتییەوە لەلایەن حکوومەتی دڕندەی بەعسەوە لەگەڵ چوار هاوڕییە دیکەی لەسێدارە دران.

لەیلا قاسم، ساڵی ١٩٥٢ لە گوندی (بامیل)ی سەر بە شاری خانەقین لە خێزانێكی هەژار و نیشتمانپەروەری كورد لەدایك بووە. قاسم حەسەنی باوكی لەیلا، كرێكاری كۆمپانیای پاڵاوگەی نەوتی “ئەلوەند” بوو. دوای ئەوەی قاسم خانەنشین كراوە، ساڵی ١٩٧١ لە خانەقینەوە ماڵیان گواستووەتەوە بۆ بەغدا.

لەیلا قاسم بۆ یەكەمجار لە ساڵی ١٩٥٨ لە شاری خانەقین چووەتە بەر خوێندن و قۆناغەكانی سەرەتایی و دواناوەندی لەم شارە تەواو كردووە. لەیلا لە ساڵی ١٩٧١دا لە بەشی كۆمەڵناسیی كۆلێژی ئادابی زانكۆی بەغدا وەرگیراوە. هەر لە تەمەنی منداڵییەوەی هەژاری و نەداری چەشتبوو، لەلایەكیش و زوڵم و زۆرداری ڕژێمی عێراق لەسەر گەلی كورد، بیری ئازادیخوازانە و خەبات و تێكۆشانی لەلای لەیلا قاسم دروست كردبوو.

لەیلا هەر زوو ئاشنایەتی لەگەڵ بزووتنەوە و ڕێكخستنەكانی نەتەوەكەیدا پەیداكرد. ساڵی ١٩٧٠ لە ڕێگای سەلام قاسمی برا گەورەكەیەوە پێوەندی بە بزاڤی سیاسیی نەتەوەكەیەوە كردووە و لەنێو ڕیزەكانی “یەكێتیی قوتابیانی كوردستان” خەبات و تێكۆشانی بەڕێوە بردووە. لەیلا ساڵی١٩٧٠ بوووەتە ئەندامی پارتی دیموكراتی كوردستان. لەیلا قاسم لەنێو خوێندكارە كوردەكانی زانكۆی بەغدا ڕۆڵێكی كاریگەری  لە وشیاركردنەوە و ڕێكخستنیاندا هەبووە.

لەگەڵ بەرفراوانبوونی شەڕەكان لە ساڵی ١٩٧٤، دەزگا هەواڵگرییەكانی ڕژێمی بەعس بەردەوام و زۆر بەتوندی چاودێری یەكە ‌بە یەكەی تاكەكانی كوردییان دەكرد. بۆیە ئەوەندەی نەبردووە لە ڕۆژی 28/4/1974دا لەیلا قاسم و چوار لە هاوڕێكانی بەناوەکانی (جەواد هەمەوەندی، نەریمان فوئاد، حەسەن حەمەڕەشید و ئازاد سلێمان میران) لە ئەنجامی هەڵمەتێكی بەرفراوانی هێزەكانی ئاسایش و سەربازیی ڕژێمی ڕووخاوی بەعس لە بەغدا دەستگیر كران.

لە کاتی وەڵامی پرسیارەكانی بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگری بەعسدا لەیلا قاسم كچێكی چاونەترس و زیرەك بووە بێباكانە ڕای گەیاندبوو: “بە كوشتنی من هەزاران كورد لە خەوی نەزانی وشیار دەبنەوە، زۆر خۆشحاڵ و سەربەرزم كە گیانم فیدای ڕێی ڕزگاری كوردستاندا دەكەم، هەموو ئازار و ئەشكەنجەیەك نەیتوانی بڕیاری پەشیمانی بە لەیلا دەربڕێت”.

رژێمی بەعس بە مەبەستی چاوترساندنی لاوان و قوتابیان و چینی ڕۆشنبیری كورد یەكسەر دوای دەستگیركردنیان دادگایەكی نادادپەروەرانی دژ بە لەیلا قاسم و هاوڕێكانی بەڕێوە برد و بڕیاری لەسێدارەدانیانی بۆ دەركرد. هێشتا دوو هەفتە بەسەر دەستگیركردنیاندا تێنەپەڕی بوو، كە كاتژمێر ٧ی سەرلەبەیانی ڕۆژی 12/5/1974 لەیلا قاسم و هەر چوار هاوڕێكەی لەسێدارە دران.

زیاتر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

بابه‌تی تر

هەولێر؛ دەوامی گشت دامودەزگا تەندروستییەکان ڕاگیرا

له‌ئاگادارییه‌كدا  به‌رێوه‌به‌رایه‌تى گشتى ته‌ندروستى هه‌ولێر رایده‌گه‌ێنێت ، دەوامی فەرمی…