مەحموود محەمەد گوتەبێژی فەرمیی پارتی بۆ KDP.info: هەموو ئەو رێکارانە دەگیرێنەبەر بۆ ئەوەی گرژییەکان نەمێنن

0
471

ئەمڕۆ بە سەرۆکایەتی سەرۆک مەسعوود بارزانی، مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبوویەوە، ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، سەبارەت بە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە پێوەندی بە گوتەبێژی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان مەحموود محەمەد کرد کە هاوکات ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتییە، کە لێرەوە تەوەرەی گفتوگۆکە و، تێڕوانینی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ دۆخی بەغدا و هەرێمی کوردستان دەخەیەنە ڕوو.

تەوەری گفتوگۆکانی کۆبوونەوەکە

گوتەبێژی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان مەحموود محەمەد، لە دەسپێکی لێدوانەکەیدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی خستە ڕوو و راگەیاند، کۆبوونەوەیەکی ئاسایی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان بوو، بە پێویست زانرا لەسەر ئەم بارودۆخ وپێشهاتانەی کە هەن ئەم کۆبوونەوەیە ئەنجام بدرێ لەسەر دوو تەوەری سەرەکی یەکەمیان بارودۆخی عێراق و پێکهێنانی کابینەی حکوومەتی عێراقی فیدراڵ، کە بەرێز مستەفا کازمی راسپێردراوە بۆ پێکهێنانی کابینە، هەروەها بارودۆخی نێوخۆی کوردستان و ئەو گرژیانەی لە رووی مێدیاییەوە پەیدابوونە، ئەوەی کوردستان هەوڵبدرێ بەرێگەی دیالۆگ چارەسەر بکرێ و بەیەکەوە وەک لایەنی سەرەکی بەشداربووی حکوومەت کێشەکان چارە بکرێن، ئەوەی بەغدا کە پشتیوانیمان دەربڕیووە وەک ئاگادارن کە بەرێز نیچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەراوێژ لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان پشتیوانی خۆی بۆ راسپێدراوی پێکهینانی کابینە بەرێز مستەفا کازمی دەربڕیوە و، ئێمەیش پشتیوانی دەکەین بۆ ئەوەی سەرکەتووبێ لە پێکهینانی کابینەکەی.

داواکارییەکانی کورد لە مستەفا کازمی و پێکهێنانی کابینە

مەحموود محەمەد ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، سەبارەت بە داواکاری هەرێمی کوردستان لە مستەفا کازمی و بۆ پێکهینانی کابینەی عێراق جەختی کردەوە کە،  ئەوەی ئێمە داوامان لە بەرێز مستەفا کازمی هەیە کە تایبەتمەندی کوردستان لەبەرچاو بگیرێ، لەرووی ژمارەو و هەم لەڕووی ئەوەی کە هەرێمی کوردستان دامودەزگای تایبەتی خۆی هەیە بۆ چۆنیەتی ئەو خەڵکانەی کە نوێنەرایەتی هەریمی کوردستان لە حکوومەتی عێراقی فیدراڵ دەکەن.

گرژییەکان بە دیالۆگ چارە دەکرێن

سەبارەت بە هەندێ گرژی سیاسی کە لە نێوخۆی هەرێمی کوردستان لە هەندێ مێدیا هەستی پێدەکرێ، گوتەبێژی فەرمیی پارتی دەڵێ، بەڵێ گرژیەک هەستی پیدەکرێ بە تایبەت لە سۆشیال میدیاو راگەیاندن، رەنگە هەندێ نیگەرانی لای خەڵک دروستکردبێ و خەڵکیش حەقیەتی نیگەران بێ، چونکە کیشەکان هەر لەو گرژیانەوەیە گەورەتر دەبن، بەڵام  وەک هەستکردن بە پرسیارێتی ئەم کۆبوونەوەیەی مەکتەبی سیاسی پارتی ئەنجام درا بە سەرۆکایەتی سەرۆک بارزانی، بڕیاردرا هەموو ئەو رێکارانە بگرینە بەر بۆ ئەوەی ئەم گرژیانە نەهێڵین و نەهێنە پێش، هەوڵەکانی هەموو لایەنە سیاسییەکان لەوە کۆبکەینەوە کە پشتیوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بین، بۆ سەرکەوتیان لەو ئەرکەی کە لە ئەستۆیانە لە رووبەڕووبونەوەی پرسە تەندروستییەکە و پرسی ئابووریدا لە جیاتی ئەوەی بە شتی لاوەکی خەریک بین و، وزەمان بەمە خەرج بکەین، پێویستە بۆ ئەمە هەوڵبدەین چۆن پشتگیری ئەم حکوومەتە بکەین.

پارتی و یەکێتی و گۆڕان و بەرپرسیارێتی لە دۆخەکە

مەحموود محەمەد دەڵێ،  لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان رێککەوتنی سیاسی و ئیداریمان هەیە، ئەو رێککەوتنانە واژۆ کراون و پێویستە بۆیان بگەڕێینەوە و لەکوێ کێشەیەک هەیە بە دیالۆگ چارەی بکەین، لێکتێگەیشتن بۆ چارەکردنی ئاڵۆزی و کێشەو گرفتەکان بکەین، نەوەک لەرێ سۆشیال و مێدیا و راگەیاندن، کێشەکان دەبێ بە دانیشتن و تەفاهوم پێکەوە چارە بکەین، بەرپرسیارێتییەکی گرینگی ئەم قۆناغە لەسەر ئەستۆی هەموومانە، هەموومان بەرپرسیارین و دەبێ ئەم بەرپرسیارە بەشێوەیەکی باش و سیاسییانە ئەدا بکەین، هەوڵبدەین سەرکەوتنی حکوومەتەکەمان کە سێ لایەنی سەرەکی پارتی و یەکێتی و گۆڕان لەخۆ دەگرێ، سەرکەتوو بێت، ئەو کارنامەی کە هەموو لایەنەکان رێککەوتنی لەسەرکراوە وابکرێ کە جێبەجێ بکرێت، ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە ئێمە لەڕووی سیاسییەوە کۆمەڵێک هاوکاریمان هەبێ بۆ حکوومەت بۆ ئەوەی حکوومەتێکی بەهێز و سەرکەتوو هەبێ.

سەبارەت بە دستپێشخەری بۆ کۆبوونەوەی سێ قۆڵی نێوان پارتی و یەکێتی و گۆڕان کە پێشوەختە هەندی ئاماژەی وا دراون کە بەزەروور بزانرێ ئەم کۆبوونەوەیە بکرێ؟
مەحموود محەمەد دەڵێ، لە راستیدا هەرپێشتریش ئەنجامدانی ئەو کۆبوونەوە سێ قۆڵییە زەروور بوو، بەڵام هەندێ بارودۆخ و دواتریش ئەو رێکارانەی تەندروستی هاتنە پێش، هەندێ پێشهات هاتن و لەیەکتر دوورکەوتینەوە، بۆ پرسی سێ قۆڵی پێشوتریش ئێمە و یەکێتی و گۆڕان باسمان لەو بابەتە کردبوو، پێویست دەکات کە ناوەناوە کۆببینەوە، چونکە ئێمە پێکهێنەری سەرەکی ئەو حکوومەتەین، هەم لە پەرلەمان و هەم لە حکوومەت و هەمیش لە سەرۆکایەتی هەرێم، کەواتە زۆرجار پێویستە ئەم کۆبوونەوانە بکرێن، بۆ ئەم بابەتە ئێمە لەگەڵ دیالۆگین، لەگەڵ ئەوەین ئەم دیالۆگە بەزووی بکرێ، ئەو کێشەو گلیانەی کە هەن و ئەم گرفتانەی کە هەیە وردە وردە چارەسەر بکرێن، ئێمە دوو حزبی لەیەک جیاوازین، رەنگە ئایدیاو بیرکردنەوەی جیاوازمان هەبێ هەتا بۆ چارەسەری کێشەکانیش رەنگە پێشنیاری جیاجیامان هەبێ، بەڵام کۆمەڵێک شتی هاوبەشی گەورەترمان هەیە لەو کیشانەی هەن، لێرەو لەوێ لە راگەیاندن هەندی کێشە دروست دەبن، بەڵام ئەو شتەی هاوبەشە بەرژەوەندی سەرەکی هەرێمی کوردستانە و ئەم هاوبەشیەیش گەورەترە لەو کیشانەی لیرەو لەوێ دێنە پێش، ئەمە بەرسیارێتی پارتی و یەکێتی و گۆڕانە، بە خەمی ئەو باردوخەوە بن هەوڵبدەن کە هەرگرفێتک بێتە پێش، بە تەفاهوم و لێکتێگەیشتن و یەکترقبووڵکردن کێشەکان چارە بکەن، هەوڵبدەین لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان وەک ئەوانیش باسیان کردووە ئەو کێشانەی هەمانە باسی بکەین و هەمیش رێگەچارەیان بۆ دابنێین.

زیاتر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

بابه‌تی تر

هەولێر؛ دەوامی گشت دامودەزگا تەندروستییەکان ڕاگیرا

له‌ئاگادارییه‌كدا  به‌رێوه‌به‌رایه‌تى گشتى ته‌ندروستى هه‌ولێر رایده‌گه‌ێنێت ، دەوامی فەرمی…