هێمن، ڕچەشکێنی هێمن

0
496

کەریمخان گوندەژۆری
بەرگی ناسنامەی فەرهەنگیی هەر نەتەوەیەک هونەر و ئەدەبیاتی نەتەوەکەیە. ئەدەبیات ئاوێنەی چۆنیەتی ژیانی گەلێکە و قووڵایی تێگەیشتنی نەتەوەیەک دەپێوێت؛ کەواتا ئەدەبیات تەنیا تام و خۆشی کات نیە. زۆر لە دەوڵەتانی خۆپەرەست لە ڕێی ئەدەبیات نفووز دەکەنە ناو زەینی بەشێکی زۆری خەڵک، یان ئەدەبیاتی هەڵقوڵاوی ناو هزری ئازادیخوازان دەدەنە بەر مشاری شێواندن، لە بەرانبەردا گەلانێک هەن کە لە ڕێگەی ئەدەبیات نەمامی هەست و ئازادیی لە ناو ناخی گەلێک دەچێنن. نەتەوەی کورد لەو بارە پڕبارە و بۆیەش بناوانی نەتەوەگەرایی کوردی بە هەر لێمشتێک تێک ناچێت. نهێنی ئەم شتەش لە ناو هەناوی زمان شیاوی شی کردنەوەیە؛ هەروەها بەشێکی ئەم پتەوییە زیاتر بەرهەمی نوخبە ئەدەبیە ژیرەکانە کە بە چەکی نەرمی قەڵەم و هونەر، شۆڕشگێڕانە بوونە سەردەمداری نەتەوەیەکی بەشخوراو. یەکێک لەو ژیرمەردانە هێمن بوو کە بە هێمنی، قەڵەم بواری پێدا و خزمەتی بە واری وشیاریی نەتەوەیی نەتەوەکەی کرد. یەکەم دیدارم لە گەڵ م. هێمن لە ساڵی 1973 بوو لە شۆڕشی ئەیلولی پیرۆز لە باڵەکایەتی، ئەو کات هێمن کادری بەشی ڕاگەیاندنی شۆڕش بوو. ئەو کاتەی لە ورمێ بووم زۆرجار بە خزمەتی دەگەیشتین. لە بیرمە دوادیدارم لە خزمەتیان 26/2/1986 لە بڵاوکراوەی سەلاحەدینی ئەیووبی بوو؛ داخی گرانم، لە بارەگای سەرکردایەتی لە کاولان بووم کاتێک هەواڵی ماڵ لێنانی هێمنم بیست و سەخت ڕایچڵەکاندم چوونکە هێشتا بۆ هێمن زوو بوو، ئەو تازه لە بەهاری 65ەمینی تەمەنی دابوو کە لە ڕۆژی 17/4/1986 مەرگ لە دەرگایدا و نەیهێشت بەری زیاتر وەبەر بێنێ. مامۆستا هێمن لە کوردستانی گەورەدا ناسراوە بەتایبەتی لە باشوور و ڕۆژهەڵات. لە بیرمە جارێک لە زینوێ شێخ لە خزمەت شێخ مستەفا نەقشبەندی داوام لەم، خالید ئاغای حیسامی(هێدی) کرد کە لە شیعری «شینی هێمن» وشەی [موکریان] لە ناو بەیتی «ئەو کاتەی مهاباد لە تەمێدا ــ نەک مهاباد [موکریان] لە خەمێدا» بکاتە [کوردستان]؛ هێدی گەورەیی کرد و دڵی نەشکاندم.

ئەمساڵ 34 بەهاری خەزەڵوەرئاسا بە سەر ئاوابوونی ئەستێرەی ئەدەبیاتی کوردیدا تێدەپەرێ و تروسکاییەکەی لە ئاسمانی هونەردا هەر بە درەوشاوەیی دەمێنێتەوە. بەڵام لە سەر زەوی هێشتا هەندێک کەس بە چاوی لادەر سەیری دەکەن. جیاوازی کۆمەڵگایەکی پێشکەوتووی وەک فەڕەنسا لە گەڵ ئێمە ئەوەیە کە گرینگی بە ڕەفتار و بۆچوونی تایبەتی کەسێکی وەک ژان ژاک ڕۆسۆ نادەن کە چبوە و چی کردوە بەڵام کتێبی «پەیمانی کۆمەڵایەتیە»کەی بە ئینجیلی دووەم دادەنێن؛ بە داخەوە لە کوردستان زیاتر سەیری بابەتە تایبەتی و کەسیەکەی کەسێک دەکرێ نەک قەڵەم و بارە ئەدەبیەکەی، تەنانەت وای لێهاتوە سیاسیەکان سەرمایەی گەورەی ئەدەبی و هونەرییش دابەش بکەن، لە کاتێکدا ئەمانە هەموویان سەرمایەی نەتەوەیەکن کە فەرهەنگ و ناسیۆنالیزمی کوردی پێ پتەو و دەوڵەمەند بووە. یەکێک لەو کەسانە هێمنە کە وەک پێویست نازی نەگیراوە، بۆ وێنە لە بەر ئەوەی یەکێک بوە لە سەرکردەکانی گروهی حەوت نەفەریی پەیڕەوانی کۆنگرەی 4ی حزبی دێموکرات ئێشاندیان. لە لایەکی دیکە ئەوانەی لە باشوور بەرهەمەکەی لە چاپ دەدەنەوە کەمتر ورد دەبنەوە و جاری وایە سەنعەتە شیعریەکەشی دەشێوێنن؛ ڕەنگە پێیان وابێ بۆی ڕاست دەکەنەوە. هێمنێک کە هەڵقووڵاوی زاراوە و فەرهەنگی موکریانە و بە قەولی هێدی «وشە وەک مێو لە دەستیدا نەرم بوو»، لە باشوور دیوانەکەی بە هەڵە و پەڵە چاپ دەکرێت. بۆ وێنە لە چاپێکی «دیوانی هێمن موکریانی، 2005»، کە پێ دەچێ لە چاپخانەیەکی ژێرزەمینی چاپ کرابێت، نووسیویانە: «ئەو کەسەی بمژێ خوناوەی گەردەنێ ـــــــ کوفرە یەک قەترە شەڕابی …دەنێ». لە کاتێکدا قافیەی هەردوو میسرەعەکە بە سەنعەتی جیناس خەمڵاو و دەوڵەمەند کراوە و دەبێ هەردووکیان وشەی «گەردەنێ» بن کە بە ڕواڵەت هاوشێوەن، بەڵام هەر یەکە و مانایەکی جیاوازی هەیە. لێرە حیساب بۆ هیجا نەکراوە و واجناسی نەناسراوە و ئاواناسی و موسەوەت نەبینراوە و کێشیش شکاوە. بەڵام لە ڕۆژهەڵات م. محەمەدسەعیدی نەجاڕی (ئاسۆ)، کە مەسنەویی «ناڵەی جودایی» زۆر بە جوانی کردۆتە فارسی و تەنانەت لە ناو وەرگێڕاندا ئاوا و سەنعەتە شیعریەکەشی موبەمو پاراستوە، بە گوتەی خۆی بۆ وەرگێرانی باری هونەریی ئەم دوو وشەیە بە ڕۆژ و مانگ بیری کردۆتەوە تاکوو ئاوای چنیبوو: «می مکد آن کو ز گردن شبنمی _ کفر محض است می داد در شبنمی» لە جیاتی دوو وشەی «گەردەنێ» دوو واژەی «شبنمی» داناوە کە هەمان بارە ئارایشیەکەی هەیە.

هەر وێژەر و هۆنەرێک ڕێچکەیەکی هەیە و هەندێکیان ڕێچکەشکێنن یان ڕسکێنەر و سەرکاروانی گۆڕانێکن لە مەیدانی ئەدەبدا. پێش هاتنی سێ کوچکەی موکریان، شیعر و ئەدەب تەنیا تەکنیک و زمانێک بوو بۆ خەڵکی خوێندەوار و ئاستی سەرەوەی کۆمەڵگا، بەڵام هێمن فەهمی هونەریی هەمەفەهم کرد و خزاندیە ناو هەستی خەڵکی ئاسایی و هەوڵیدا وشەی قورس و عەرەبی بەکار نەهێنێت بۆیەش هەواداری زیاتر بوون. هێمن پەرۆشی ئەوە بوو کە زمانی کوردی ئازاد بکرێت، چوونکە پێی وابوو ئەگەر زمان تواوە نەتەوەش دەبێتە هەڵمی هەوا. لە ڕووی سیاسی زۆری هەوڵدا مادەی 15ی دەستووری کۆماری ئیسلامی ئێران کە تایبەتە بە ئازادیی زمان کارا بکرێت. ئەڵبەتە هێمن وەک ناوەکەی هێمن بوو، توندڕەو نەبوو؛ ئەو دەیویست هەموو زمانەکانی سەرپۆشکراو ئازاد بن و مافی هەموو گەلێکی بە ڕەوا دەزانی؛ ئەم هەستە مرۆڤایەتیە لە شیعری «کورد و ئازەرباییجانی» جوان دیارە. هێمن بە سادەسازیی شیعر زمانی کوردی شیرینتر کرد بۆ ئەوەی بە هیچ ڕەشەبایەک زمانی کوردی ڕانەقەنێ و هەڵنەقەنێ. هەروەها یەکێک لەو کەسانەیە کە لە ئەدەبیاتدا خەلاقیەتێکی گەورەی خولقاند، ئەویش تێکەڵاوکردنی «عەشق و ئازادی» بوو. لە شیعری «ناڵەی جوادیی» کە لە سەر کێشی مەسنەوی مەولانای ڕۆمی ڕۆیشتوە و هەندێک بەیتی مەولاناشی تێهەڵکێشاوە، ئاراستەی ئەو بەیتانەشی لە عێرفان بۆ خۆشەویستی وڵات گۆڕیوە، لە کاتێکدا مەولانا جەلالەدین موتەسەوفێکە کە مەبەستێکی زاهیدانەی ئاسمانی هەبوە، بەڵام هێمن دایدێگێرێتەوە ناو ناسیۆنالیزم. هێمن هات و ڕچەشکێنی کرد و بەپێی ئەوەی کە ناسینی لە سەر کۆمەڵگای کوردی ورد بوو بە زمانێکی سادە لە ناو قالب و ئەبحاری کلاسیکدا شیعری چنی. بە واتایەکی دیکە زمانی شیعری کلاسیکی لە تێگەیشتنێکی نوخبە هێنایە ناو زمانی خەڵکی ئاسایی، بۆیە کاریگەری پتری هەبوو لە ناو کۆمەڵگای سادەی کوردەواری. ئەگەر ورد بینەوە دەبینین ئەو بە تەکنیکی سادەسازیی ڕەوتێکی نوێی دایە شیعری کلاسیکی و لە گەڵ وڵاتپەرەستی تێکەڵی کرد و باری هونەریی دایە ناسیۆنالیزمی کوردی و ناخ و هەستی خەڵکی ئاسایی پێ دواند.

هێمن هۆیەک بوو بۆ ئەوەی نووسین بە کوردی لە ناو ڕۆژهەڵاتی کوردستان بڵاوتر و بەهادارتر بێت. ئەو وشەناسێکی کەم وێنە بوو، دەچوو لە ناو دڵی کۆمەڵگای دێهاتیی ڕیشەی وشەی ڕەسەن و پەتیی کوردی دەدۆزیەوە و ئێدیۆم و زەربولمەسەلی خۆماڵی دەهێنایە ناو زمانی نووسین؛ ئەم وشانەی لە ناو هەموو زاراوەکانی کوردیدا ڕاو کردن و مەسیحائاسا ڕووحی وەبەر هێنانەوە. بۆ وێنە لە ناو کەلهور و کرمانجی سەروو چەندین وشەی هێنانە ناو ئەدەبیات؛ لە گوندەکانی باڵەکایەتی و مەنگوڕایەتی و… چەندین وشەی لە مرانەوە و مردن ڕزگار کردن و بەرگی هونەریی دەبەر گوتە کۆنەکان کرد. یەکێک لە هیوایەکانی هێمن کارکردن بوو بۆ دانانی زمانی یەکگرتوو. کاتێک بە خزمەتی دەگەیشتم زۆر جار دەیفەرموو دەکرێ زمانی یەکگرتوو لە ناو بۆکان تا باڵەکایەتی هەڵێنجین، چوونکە دەکەوێتە سەر سنووری هەموو زاراوەکانی دیکە. ئێمە وای لێ تێگەییشتین کە ئەم کۆمەڵە زاراوەیە لە ڕووی پێکهاتەی زمان لە زاراوەکانی دیکە نزیکە چ بە گەز و چ بە ڕەگەز؛ واتا هەموو زاراوەکانی دیکە بە ئاسانی فێرە ئەم زاراوەیە دەبن و لە داهاتووشدا دەتوانین ئەم زاراوەیە بکەینە زمانی زانست و خەڵکی بیانی دەتوانن فێری کوردی بن لە ڕێی ئەم زاراوەیە.

جگە لە بارە ئەدەبیەکەی، ئەوەی کە بۆ من جێی سەرنج بوو کەسایەتی خۆی بوو، هێمن لە بنەماڵە گەورەکانی موکریان بوو بەڵام هەروەک کەسانی وەک فوئاد مستەفا سوڵتانی لایەنگری چینی هەژار بوو و خۆشی ڕەنجدیدە بوو. لە شیعری «کوردم ئەمن» ڕەنجی خۆی وێناکردوە؛ لە شیعری «شەنگەبێری» دەڵێ: «چەک دادەنێم گۆچانەکەی جارانم هەڵدەگرمەوە» ناڵێ دەبمە نابەرپرس و وڵات تاڵان دەکەم. هەروەها لە سەردەمێکدا کە لە زۆر وڵاتی جیهان ژن مافی دەنگدانیشی نەبوو، لە ناو کوردی بێ دەوڵەت کەسێکی وەک هێمن جاڕی مافی ژنی لێدا و لە شیعری «یادگاری شیرن» هانی دەدان شانبەشانی پیاو بەرەو یەکسانی و زانست هەنگاو بنێن؛ بە واتایەکی دیکە هێمن سەدەیەک زووتر لە دایک بوو و بیری ئەو لە پێش بیری کۆمەڵگاکانی دواکەوتوو بوو؛ ئەو لە سەدەی بیستەم فێمێنیستێکی پڕ لە هەست و پێشکەوتووخواز و زانستخواز بوو؛ ئەو دەم هێمن بەهای بۆ ژن دادەنا و ئافرەتی بە ئافرێنەر دادەنا، هێشتا دەنگی ژنانی دادگەر لە ناو کورددا گڕ نەببوو. ڕاستە هێمن بۆ گەلەکەی بە باوەڕەوە تێدەکۆشا بەڵام ئەو کەسێکی موتەعەسیب نەبوو بەڵکوو تەنها مافی ڕەوای کوردی دەویست و مامۆستایەکی زۆر دیموکراسیخواز بوو. ئەگەر بمانەوێ بیر و کەسایەتی هێمن لە ناو جیهانی دیموکراسی بە شیعرێکی خۆی پێناسە بکەین شیعری «شیوەنی من شیوەنی ئینسانیە ــ بانگی ئازادی و گڕووی یەکسانیە» دەبێتە تابڵۆی هێمن. لە سەردەمێکدا کە دونیای پیشەسازی سینگی ژینگەی ڕەش کردبوو هێمن شیعری «بەهاری کوردستان»ی لە وەسفی ژینگە دەگوت.

هێمن تەنیا شاعیر نەبوو بەڵکوو پێشمەرگە بوو؛ بۆ وڵاتی خۆی دەربەدەری و ئاوارەیی هەڵبژارد. دەردی دڵی هێمن لە شیعری «ئێوارەی پاییز و فرمێسکی ڕنوو»دا جوان دیارە. هەر لە سەردەمی کۆمار تا (گۆڤاری سروە) ئەو لە خزمەتکردن بە گەل و وڵاتەکەی نەسرەوت. هەروەها وەک کەسایەتیەکی ڕووناکبیر و شاعیر کەوتە سەر هێڵی کاری سیاسی ئەگەرچی لە مەیدانی سیاسیدا تەنها شیعری سیاسی گوتبا باشتر بوو، چوونکە لە واری سیاسی زانستەکەی سنووردار بوو؛ هەرچەندە لە سەردەمی کۆمار و دواتریش کورد زانای سیاسیی کەم بوو بۆیە هەر کەس کە خوێندەوار یان ئەدیب و شاعیریش با دەچوە ناو جغزی سیاسی.

دوای هێمن، ئەوەی کە جێگەی ئومێدە ئەوەیە کە قوتابخانەی هێمن و هەژار و هێدی ئێستا پڕە لە قووتابی زۆر لێوەشاوە و زانا و بەبەهرە و بەبەرهەم. ئەوان جگە لەوەی کە ئیلهام و ودم لەم پیاوە بەرزانە وەردەگرن لە ڕووی زانستی ئەدەبی جیهانییش دەوڵەمەندن و شارەزای تەکنیکی ئەدەبیاتی گەلانی دیکەن و بە شێوەیەکی ئاکادیمی توانیویانە زانستی زمانناسی و ئەدەبیاتی جیهان بخوێنن و بە شێوەیەکی ئامانجدار خزمەت بە کورد و کوردستان بکەن. هیوادارم ڕۆژێک دابێت نرخی ئەم لاوە لێوەشاوانە بزانین.

زیاتر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

بابه‌تی تر

خەبات … چیرۆكی كڕین و فرۆشتنی باسی دەرچوون و ڕاپۆرت لەلایەن ئامادەكاران و كڕیارانەوە دەگێرێتەوە

خەبات: ڕۆشنا عەلی:- لەكارێكی مەیدانیدا لاپەڕەی پەروەردەو خوێندن بەدواداچونێكی بۆبابەتی ئام…