ئەنجوومەنی وەزیران بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی چەند بڕیارێکی گرنگی دەرکرد

0
114

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە دەرهاویشتەکانی پەتای کۆرۆنا و دۆخی ئابووریی هەرێمی کوردستانی کرد و چەند بڕیارێکی گرنگی دەرکرد.

ئەمڕۆ سێشەممە 2020/3/10، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی جێگری سەرۆکی حکوومەت، سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە دەرهاویشتە و لێکەوتە ئابوورییەکانی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا و دۆخی ئابووریی هەرێمی کوردستانی کرد.

سەرۆکی حکوومەت سوپاسی لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا و دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی کرد کە بە شێوەیەکی پیشەییانە رێوشوێنی تەندروستیی پێویستیان گرتووەتە بەر و  داواشی لە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان کرد کە پابەند بن بە رێوشوێن و رێنماییە تەندروستییەکان.

سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بەوەشکرد، تەشەنەکردنی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا لە جیهان، تەنیا کێشەیەکی تەندروستی نییە، بەڵکو ”بەداخەوە دەرهاویشتەی نەرێنیشی لە سەر ئابووریی جیهان لێکەوتووەتەوە کە عێراق و هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە. بەتایبەتی بە هۆی دابەزینی خێرا و زۆری نرخەکانی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا“.

سەرۆکی حکوومەت روونیکردەوە کە هەر لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە، یەکێک لە کارە لە پێشینەکانی حکوومەت ئەوەیە و لە سەریشی بەردەوام دەبن کە ئابووریی هەرێمی کوردستان هەمەچەشن بکرێت و نابێت تەنیا پشت بە یەک سەرچاوەی داهات ببەسترێت. بۆ ئەم مەبەستەش ”دەستمان بە کۆمەڵێک رێکاری پێویست کردووە، بەڵام بێگومان جێبەجێکردنی ئەجێنداکە، پەیوەستە بە جێگیریی و سەقامگیریی دۆخی سیاسی و ئابووریی و ئاسایشی عێراق و ناوچەکە کە کاریگەرییەکی راستەوخۆی لە سەر هەرێمی کوردستانیش دەبێت“.

سەرۆکی حکوومەت داواشی لە لایەنە بەشدارەکانی حکوومەت و تەواوی لایەنە سیاسییەکان  و هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان کرد، بە هەستکردن بە بەرپرسیارێتی  لەگەڵ ئەم دۆخە هەستیارە و ئەو قەیرانەی هاتووەتە پێشەوە مامەڵە بکەن، بۆ ئەوەی بتوانرێت بە کەمترین زیان ئەو بارودۆخە سەختە تێپەڕێندرێت.

سەرۆکی حکوومەت جەختی لەوەش کردەوە کە بەردەوام دەبن لە جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی و ئاماژەشی بەوە دا، پێویستە لە گرتنەبەری رێکارە تەندروستیی و ئەو ئامادەکارییانەی بۆ دۆخی سەختی ئابووری لە عێراق و هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێت، بەرژەوەندیی گشتیی هاووڵاتیان لەبەرچاو بگیرێت.

لە کۆبوونەوەکەدا ، بڕیاردرا کە رێکار و رێوشوێنی پێویست بۆ کەمکردنەوەی خەرجییە ناپێویستەکانی وەزارەت و دامودەزگاکانی حکوومەت بەپێی رێنماییەکان و لە چوارچێوەی یاسای چاکسازی و کارنامەی کابینەی نۆیەم بگیرێتە بەر. هەروەها لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵیش لە بەغدا هەماهەنگی بکرێت و دانوستانەکان چڕبکرێنەوە بۆ تێپەڕاندنی ئەو دۆخە داراییە سەختەی رووبەڕووی عێراق و هەرێمی کوردستان بووەتەوە.

پوختەی بڕیارەکان:

• بڕیاردرا رێوشوێنی پێویست بۆ کەمکردنەوەی خەرجییە ناپێویستەکانی دامودەزگاکانی حکومەت بە پێی رێنماییەکان و لە چوارچێوەی یاسای چاکسازی  و کارنامەی کابینەی نۆیەم بگیرێتەبەر.

• لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا هەماهەنگی بکرێت و دانوستانەکان چڕبکرێنەوە بۆ تێپەڕاندنی ئەو دۆخە داراییە سەختەی رووبەڕووی عێراق و هەرێمی کوردستان بووەتەوە.

زیاتر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

بابه‌تی تر

48 كه‌سی دیكه‌ له‌ پارێزگای سلێمانی تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون

له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان تووشبوونی 48 كه‌سی د…