كەركووكییەكان: 16ـی ئۆكتۆبەر خیانەتێكی جەرگبڕ بوو.. كەركووك لە جەستەیەكی مردوو دەچێت

0
1,639

 

ڕۆژی 16ـی ئۆكتۆبەری ساڵی ڕابردوو، هێزەكانی عێراق و میلیشیاكانی حەشدی شەعبیی، بە هاوكاریی باڵێكی حزبێكی كوردستان هێرشیان كردە سەر كەركووك و خورماتوو، كە بە هۆی پاشەكشەپێكردنی بەشێك لە پێشمەرگەكانی یەكێتی، شاری كەركووك و دووزخوورماتوویان داگیركرد و سەدان هاووڵاتیی سڤیل و پێشمەرگە شەهید بوون.

سەبارەت بە بەعەرەبكردنی كەركووك و ناچاركردنی كوردەكان بە بەجێهێشتنی زێدی خۆیان لە ڕێگەی دروستكردنی نائارامی و توندوتیژی بەرانبەریان، كەركووكییەیان دەڵێن: “ساڵێكە ئێمە ناتوانین بە ئاسوودەیی ژیان بكەین و هەموو ڕۆژێكمان مردنێكە”.

چالاكوانی سیاسی، سلێمان حەمەساڵح، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: “لە دوای 16ـی ئۆكتۆبەر هێزە عێراقییەكان بە بەرنامە كار بۆ بەعەرەبكردنی شارەكە و بێزاركردنی هاوڵاتیانی كورد بۆ بەجێهێشتنی شارەكەیان دەكەن، كە بە بیانووی جۆراوجۆر شەوان هێزە میلیشیاكان هەڵدەكوتنە سەر ماڵەكان و پشكنین دەكەن، هەروەها دۆخی ئەمنیی شار تەواو خراپە و تەقینەوە و دزی و پیاوكوشتن بەردەوام لە فراوانبوونە، بە مەبەست هێزە سەربازییەكان نایانەوێت ئارامی بۆ كەركووكییەكان دابین بكەن، بۆئەوەی شارەكەیان بەرەو هەرێمی كوردستان بەجێ بهێڵن”.

لەگەڵ داگیركردنی شاری كەركووكدا، سەددان هاووڵاتیی كوردی كەركووك ئاوارەی شارەكانی كوردستان بوون و، تا ئێستاش بەشێكی زۆر لە ئاوارەكان نەگەڕاونەتەوە شارەكانیان، بە تایبەت ئەندام و لایەنگرانی پارتی دیموكراتی كوردستان.

هەڵۆ لەكی ڕۆژنامەنووس لە شاری كەركووك، لەسەر هەمان پرس، هێما بۆ ئەوە دەكات: “16ـی ئۆكتۆبەر خیانەتێكی جەرگبڕ بوو لە مێژووی گەلی كورددا، كە باڵێكی سیاسیی حیزبێكی كوردی هاوكاریی دوژمنیان كرد تا كەركووك داگیر بكەن، ئامانجیش ئەمانە بوون، عەرەباندنی كەركووك و دەستبەسەرداگرتنی ئابووریی كەركووك و هەڵوەشاندنەوەی ئیدارە كوردییەكەی و درووخستنەوەێ ڕێژەیەكی زۆر لە كورد لە دامودەزگاكانی كەركووك هەروەكوو ڕژێمی پێشووی سەددام حوسێن بەرانبەر كورد كردی”.

ئیدارەی سەربازیی سەپێندراو لە كەركووك، ئامادە نییە هیچ خزمەت گوزارییەك بۆ شارەكە جێبەجێ بكات، بە تایبەت گەڕەكە كوردییەكان، لەكی دەڵێ: “ماوەی ساڵێكە ئیدارەی سەپێندراوی كەركووك هیچ پڕۆژەیەكی خزمەتگوزاری لە شارەكەدا ئەنجام نەداوە و ڕۆحی ئەو شارەیان كێشا و لە جەستەیەكی مردوو دەچێت، چەند هەڵوێستێكیش هەیە بۆ خۆپیشاندان دژی سوپای عێراق لەم كات و ساتەدا و بە تایبەت لە یادی داگیركردنی كەركووكدا كە ساڵێكی بەسەردا تێپەڕیوە، چونكە كەركووك گۆمێكی مەنگە لە چاوەڕوانی ئازادبوون و ڕزگاریدایە جارێكی تر”.

لە زانكۆی كەركووك، جیاوازیی زۆر لە نێوان قوتابیانی كورد و نەتەوەكانی تردا دەكرێت و، چەندین قوتابیی كورد لەلایەن هێزە سەربازییەكانەوە دەستگیر كراون لەسەر ئاڵای كوردستان و یادكردنەوەی بۆنە كوردییەكان. سەربەست شوانی، قوتابیی زانستە سیاسییەكان لە زانكۆی كەركووك، گوتی: “جیاوازیی زۆر لە نێوان قوتابیانی كورد و قوتابیانی توركمان و عەرەبدا دەكرێت، ئێستا ئێمەی قوتابیانی كورد لە زانكۆی كەركووك بە پلە سێ تەماشا دەكرێین، ڕێگە نادرێت لە هیچ بۆنەیەكی كوردیدا ئاهەنگ بگێڕین و یادی بكەینەوە، لەسەر هەڵكردنی ئاڵای كوردستانیش لە ڕۆژی ئاڵادا لەلایەن قوتابیانی نەتەوەكانی عەرەب و توركمان هێرشمان كراوەتە سەر و لەلایەن هێزە ئەمنییەكانیش چەندین قوتابیی كورد گیراون و سوكایەتییان پێ كراوە”.

ئەو قوتابییە هێما بۆئەوە دەكات: “هێزە میلیشیاكانی عێراق هیچ كات حیساب بۆ حەرەمی زانكۆ ناكەن و بە هەمەڕ و چەكی جۆراوجۆر دێنە زانكۆوە، هیچ كەسیش بۆی نییە لێپیچینەوەیان لەگەڵدا بكات، هەروەها لە شاری كەركووك تەواوی ڕەمزەكانی كورد سڕاونەتەوە و، بە بەرنامەیش كار دەكەن بۆ سڕینەوەی ڕەمزەكانی كورد، كە بێگومان تەواوی مەینەتیی كەركووكییەكان ئۆباڵەكەی دەكەوێتە ئەستۆی ئەو خۆفرۆشە كوردانەی كە كەوتنە پێش هێزە داگیركارەكان و شارەكەمانیان پێیان فرۆشت”.

كەركووكییەكان دەڵێن، تەنیا ئومێدیان بە سەرۆك بارزانییە كە كەركووك بگێڕێتەوە بۆ هاووڵاتیانی كەركووك، عادل كەركووكی، چالاكی كۆمەڵی مەدەنی بڕوای وایە: “تاكە هیوا و ئومێد تەنیا سەرۆك بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستانە ئەم دۆخەی كەركووك چارە بكات و پێشمەرگەی كوردستان بە شكۆ و كەڕامەت و هێزەوە بگەڕێتەوە ئەو شارە بۆ بەرگریكردن لە تەواوی پێكهاتەكانی كەركووك بێ جیاوازی.”

كەركووكی گوتی: “حاڵەتی دزی و كوشتن بە ڕێژەیەكی بەرچاو زیادی كردووە و هیچ كەسێك ناتوانێت شەوان بە ئارامی لە ماڵی خۆی بخەوێت، لە ڕووی دارایی و ئابوورییەوە ئەو شارە بەرەو ڕووخان و لەناوچوون دەڕوات، لەلایەكی تریش بەشیعەكردنی هاووڵاتیان دەستی پێ كردووە”.

هێڤیار هەڵەبجەیی

زیاتر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

بابه‌تی تر

48 كه‌سی دیكه‌ له‌ پارێزگای سلێمانی تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون

له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان تووشبوونی 48 كه‌سی د…