دڵشاد مستەفا وەسانی
یەكڕیزی بابەتێكی گرنگ و پەیوەستە بە ئەمڕۆ و سبەینێی كوردستان، بەڵام ئەوەی مایەی سەرنج و تێڕامانە، یەكڕیزی بووەتە كەرەستەیەكی حزبی بۆ هەندێ كات كە حزب بە پێویستی دەزانێ، یەكڕیزی چارەنووسسازە بەڵام كۆسپ و تەگەرەی بۆ دروست دەكرێت، هەلومەرجی ناوخۆیی رێگەی بۆ هۆكاری دەرەكی خۆشكردووە بە پێی ویستی خۆی مامەڵە لەگەڵ یەكڕیزی بكات، ئاشكرایە دەوڵەتانی دەوروبەر رۆڵی دیاریان لە تێكدانی یەكڕیزی هەیە، هەندێ جاریش ئەو دەوڵەتانە بەرژەوەندیی خۆیان لەوەدا دەبیننەوە، لێنەگەڕێن ئەو حزبەی بۆ دەستێوەردانی كوردستان هاوكاریانە بكەوێت، بەردەوام كار بۆ یەكڕیزیی ناوحزب دەكەن و رێگە لە پارچە پارچە بوونی دەگرن.

دوای ئەوەی لە 16ی ئۆكتۆبەری 2017 هەوڵی تێكدانی یەكڕیزی درا، حزب بەرژەوەندیی خۆی لەگەڵ بەرژەوەندیی ئەو هێز و لایەنانەی خێریان بۆ كوردستان ناوێ تێكەڵ كرد، لە هەموویشی سەیرتر ئەوانەی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەریان كرد بڵێن پارتی یەكڕیزیی تێكداوە، بەڕاستی یەكڕیزی لە قەیرانێكی گەورە دایە.

یەكێتی بە پێی كاتی پێویست باسی یەكڕیزی دەكات، لە رۆژانی 16ی ئۆكتۆبەر و دواتر، كاتێ فەرمانیان بۆ پێشمەرگە دەركرد لە هەموو سەنگەرەكان بكشێنەوە، سەیری دیمەنی رووداوەكانیان دەكرد، لە میدیاشەوە هاوكاری پەلاماردەران بوون، چاوەڕوانی گرتنی هەولێر و دهۆك بوون، نازانم كامەیان خۆی بۆ ئەوە حازركردبوو شەڕەفی خوێندنەوەی فاتیحای لەسەر پارتی پێببڕێ، لێ بەگشتی لە دوای 16ی ئۆكتۆبەرەوە، نەك هەر رۆڵی بینەریان هەبوو، بەڵكو لە حەشد بە پەلەتر بوون، لەم رۆژانە كەسێك نووسیبووی شەڕی پردێ داستان نەبوو، ئەوەی روویدا هەوڵی سەپاندنی یاسا بوو، بەڵام پارتی شارۆچكەی پردێی تۆپباران كرد.

بۆیە نابێ یەكڕیزی ئامرازی حزب بێت، كەی ویستی تێكی بدات و كە بۆ بەرژەوەندیی حزب بەكەڵكی زانی باسی بكات، ئاخر بە سوك سەیركردنی یەكڕیزی بۆ پێش 16ی ئۆكتۆبەر دەگەڕێتەوە، كاتێ هەندێ لە بەرپرسانی یەكێتی وەك خۆی سەیری رێككەوتننامەی ستراتیژیی پارتی و یەكێتییان نەكرد، هەندێكیان لێرە و لەوێ توانجیان تێدەگرت و رایاندەگەیاند ئەو رێككەوتنە كۆتایی هاتووە، كەچی دوای قەباحەتی 16ی ئۆكتۆبەر و بەتایبەتیش بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، گەڕابوونەوە بۆ رێككەوتننامەی ستراتیژی و دەیانگوت بە پێی ئەو رێككەوتنە سەرۆك كۆمار بۆ ئێمەیە.

پێم سەیرە هەندێ بەرپرس و میدیاكاری یەكێتی، لە كۆی سێ چوار رستەدا، هەم باسی یەكڕیزی و هەم هەڕەشەی ئەوە دەكەن ئەگەر یەكێتی وەك جاران لە حكوومەت شەریك نەبێ خەتەرە، ناكرێ پاراستنی یەكڕیزی بە مەرجی وەرگرتنی دەسكەوتی حزبی ببەسترێتەوە، نابێ یەكڕیزی بۆ بەرژەوەندیی حزبی بەكار بێت، ئەگەر یەكڕیزی لە پێناوی نیشتمان و بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەكان نەبێت، پێویست ناكات بكرێتە بابەتی رۆژ بۆ داپۆشینی خیانەت و تۆمەتباركردنی بەرامبەر و چنینەوەی دەسكەوتی حزبی لەو نێوەدا، پێویستە لە دوای 16ی ئۆكتۆبەرەوە، جارێكی دی یەكڕیزی پێناسە بكرێتەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

بابه‌تی تر

شێوەکار رێژنە حەمید: هونەر لە کۆمەڵگایەکی داخراوی وەک کۆمەڵگای کوردی قورسە

خەبات: پەریهان عومەر:- شێوەکار رێژنە حەمید مستەفا لە دایکبووی ساڵی 1984 لە قەزای رانیە، دە…