بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی ڕایگەیاند، ئەم حەفتەیە گفتوگۆی كردەیی سەبارەت بە پێكھێنانی حكوومەتی تازە دەست پێدەكات و، حكوومەتی داھاتوویش لەسەر دوو بنەمای سەرەكی دروست دەكرێت. دەشڵێ ئەوانەی بەشداری دەكەن، پێویستە شەریكی راستەقینە بن، نەك بەشدار و ئۆپۆزسیۆنیش بن.

ھۆشیار سیوەیلی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: “پارتی ھەوڵ دەدات بە زووترین كات حكوومەتی نوێ دروست بكرێت، بۆ ئەوەی بتواندرێت سەقامگیریی زیاتر و خزمەتگوزاریی زیاتر بۆ خەڵكی كوردستان دابین بكرێت، هەرچەندە ھێشتا دانیشتنی فەرمی نەكراوە، بەڵام پارتی ڕایگەیاندووە كە ھێڵی سووری لەسەر ھیچ لایەنێك نییە و ئامادەی گفتوگۆیە لەگەڵ ھەموو لایەنە سەركەوتووەكاندا، بۆیە چاوەڕێ دەكرێت بە زوترین كات دانیشتن دەست پێبكات بۆ ئەوەی بتواندرێت كابینەی نوێ دروست بكرێت”.

سیوەیلی گوتیشی: “پارتی بە شێوەیەكی جیددی لەگەڵ یەكێتی گفتوگۆ دەكات بۆ پێكھێنانی حكوومەت و، لەگەڵ لایەنەكانی دیكەیش گفتوگۆ دەكەین، چونكە یەكێتی بۆ ئێمە و سەقامگیریی كوردستان گرینگە، بۆیە پێویستە یەكێتییش ئەوە بزانێت كە ئەوان خاوەنی ٢١ كورسین و پارتییش ٤٥ كورسیی بە دەست هێناوە، لەبەر ئەوە كە داوای شەراكەت دەكەن، پێویستە بەپێی كێشی سیاسیی خۆیان لەناو پرۆسەی سیاسیدا بەشداری بكەن، بۆیە پارتی وەك براوەی ھەڵبژاردن ئەوە دەزانێت پێویستە بە جیددی گفتوگۆ لەگەڵ یەكێتیدا بكات، بەڵام ناكرێت لەسەر بنەمای ٥٠ بە ٥٠ گفتوگۆ بكرێت و پێویستە بەپێی ژمارەی كورسی گفتوگۆی لەگەڵ بكرێت و لایەنەكانی دیكەیش بە ھەمان شێوە”.

دەشڵێ: “حكوومەتی داھاتوو لەسەر چەند بنەمایەك دروست دەكرێت، یەكێك لەوانیش ئیستحقاقی ھەڵبژاردنە، پارتییش ئەزموونی بنكەفراوانی تاقی كردەوە و سەركەوتوو نەبوو، بۆیە ئەمجارە زۆرینە دەبێت، چونكە ھەندێك لایەن لەپێناو دەستكەوتی حیزبی پارتییان جێ ھێشت، بۆیە ئەوەی بەشدار بێت، نابێً رۆڵی دووفاقی ببینێت و پێویستە بەشداری راستەقینە بێت، نەك بەشدار و ئۆپۆزسیۆنیش بێت”.

ئەو بەرپرسەی پارتی، هەروەها باسی لەوەش كرد، چاوەڕێ دەكرێت لەم حەفتەیەدا بە كردەیی كۆبوونەوە بۆ پێكھێنانی حكوومەتی تازە دەست پێبكات، بە تایبەت لە نێوان پارتی و یەكێتیدا.

بڵند ئیبراھیم

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

بابه‌تی تر

مه‌حمود محه‌مه‌د: پەكەكە بە لێدوانی بەرپرسانی و كردەوەكانی بووەتە مایەی سەرئێشە بۆ خەڵكی كوردستان

له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا مه‌حمود محه‌مه‌د، گوته‌بێژی پارتی دیموكراتی كورستان وه‌ڵامی به‌رپرسا…