گۆلە برنجەكانی باتاس.. هێمایەك بۆ خۆبژیوی و پاراستنی بەروبوومی خۆماڵی

0
145

خەبات: رانیار دڵشاد:- برنج خواردنێكی سەرەكیی دانیشتوانی كوردستانە، بۆیە بووەتە یەكێك لەو بابەتانەی بازرگانییەكی زۆری پێوە دەكرێت، بازاڕەكانی كوردستان پڕكراون لە برنجی جۆراوجۆر، یەكێك لە كێشەكانی بازاڕی كوردستان، خۆراكی ساختەیە، كە بەداخەوە هۆیەكی سەرەكیی نەخۆشییە، برنجیش وەك خواردنێكی سەرەكی، لە مەترسیی ساختەكاری بەدەر نییە، بۆیە هاووڵاتیان هەندێ جار، بە چاوی گومانەوە سەیری دەكەن، تەنانەت لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان ڤیدیۆی ساختەكاری، بڵاو دەبێتەوە و دەستا و دەستی پێ دەكرێت، لە بەرامبەردا برنجی كوردی هەڕمێنی پەیدا بووە، ئەمە لە كاتێكدایە، برنجی جۆراوجۆری هاوردەكراو، زۆرترین رێكلامی بۆ دەكرێت، بەڵام برنجی كوردی بەبێ دەنگی دەچێندرێت و دەگاتە دەستی هاووڵاتی بێ ئەوەی رێكلامی بۆ بكرێت.

ئاووهەوای كوردستان بۆ چاندنی برنج لەبارە، بۆیە لە هەموو پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان برنج دەچێندرێت. لە هەندێ ناوچەی كوردستان بەتایبەت پارێزگای سلێمانی پێی دەڵێن (مەرەزە)، بەڵام لە ناوچەكانی دی، بەتایبەت پارێزگای هەولێر و ئاكرێ لە پارێزگای دهۆك، پێی دەگوترێت (گۆلە برنج). بۆ بەسەركردنەوەی مەرەزە، یان گۆلە برنجەكان لە پارێزگای هەولێر، سەردانی (باتاس)مان لە ناحیەی هەریر كرد.

بۆ ئەم مەبەستە لە هەولێر بەرەو هەریر بەڕێكەوتین، هەر كە لە دەشتە بەناوبانگەكەی هەریر و باتاس نزیك دەبیتەوە، رووبەرێكی زۆری ئەو ناوەت دێتە بەرچاو كە كراوەتە برنج، گۆلە برنجەكانی باتاس سەوز دەچن، چەند مانگێك تەمەنیان بەڕێ كردووە.

*لە باتاس دوای پشوویەكی كورت، لەگەڵ نامق عەبدولخالق یەكێك لەو جووتیارانەی برنجییان چاندووە، روومان كردە ئەو رووبەرە زۆرەی بە برنج چێندراوە، سەرەتا لەبارەی ئەوەی ئاخۆ ئاو بەشی چاندنی برنج دەكات، گوتی:” بەڵێ لێرە ئاو باشە، یارمەتیدەرە بۆ چاندنی برنج، نەبۆتە گرفت، بۆیە ئەو دەشتە دەبینن، كە رووبەرێكی زۆر كراوەتە برنج”.

* لەبارەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و وەرزی چاندن، قسەی بۆ كردین و گوتی:”ڤایرۆسی كۆرۆنا نەبووەتە رێگر، ئەگەر لە كەرتی بازرگانی و بازاڕ بەشێوەیەكی گشتی، كۆرۆنا بووبێتە كۆسپ، ئەوا بۆ ئێمە بە پێچەوانە بووە، چونكە لە كاتی یەكەم كەرەنتین لە مانگی ئادار، وەرزی چاندنی برنجیش دەستی پێكرد. ئەگەرچی كەرەنتین و لە ماڵ مانەوە و قەدەغەی هاتووچۆ، بۆ هەموو خەڵكی كوردستان زەحمەت بوو، بەڵام ئێمە هەوڵمان دا دانەنیشین، روومان كردە دەشت و دەر، بۆ كێڵان و دروستكردنی گۆلە برنج”.

*تێبینیمان كرد، رووبەرێكی زۆری دەشتەكەی دامێنی باتاس كراوەتە گۆلە برنج، لە وەڵامی ئەوە ئاخۆ هۆی چییە برنج زۆر چێندراوە، نامق عەبدولخاق گوتی:”راستی لێرە ساڵانە برنج دەچێندرێت، بەڵام دەتوانم بڵێم، هیچ ساڵێك وەك ئەمساڵ برنج زۆر نەچێندراوە، ئێوە ئەم دەشتە دەبینن، كە رووبەرێكی زۆری گۆلە برنجە، ئەمەش بۆ دوو هۆ دەگەڕێتەوە، یەكیان ئەو بارودۆخەی داراییەی چەند ساڵێكە، بەهۆی بڕینی بودجەی هەرێمی كوردستان لە بەغدا، كە بووەتە هۆی ئەوەی مووچە دوا بكەوێت، لێرەش وەك ناوچەكانی دیكەی كوردستان، بێ ئیشی و نەبوونی مووچە، هەژاری و دەستكورتیی بەدواداهات، بۆیە خەڵكێكی زۆر برنجیان چاند. هۆی دووەمیش دەتوانم بڵێم ڤایرۆسی كۆرۆنا بوو، چونكە خەڵك لە كەرەنتین تۆقی، دەرچوونیش بۆ هیچ شوێنێك نەبوو، بۆیە بێ ئیشی و دەستكورتی و هەبوونی كاتێكی زۆر، زەمینەی رەخساند كە خەڵكێكی زۆر روو لە چاندنی برنج بكەن”.

* لەبارەی بەكارهێنانی تەكنەلۆژیا و پاكیی برنج لە بەرد، ئەو جووتیارە گوتی”: ساڵانە برنج لە باتاس چێندراوە، بەڵام راستییەك هەیە پێویستە باسی بكەم، ئەویش ئەوەیە جاران پاش دروێنە، كە بە دەست دەكرا، شوێنێك ئامادە دەكرا و بە تراكتۆر چوون و هاتن لەسەر برنجەكە دەكرا، قۆناغی پێش تراكتۆریش بە وڵاخ گێرە بۆ دانەوێڵە بەگشتی دەكرا، بەمەش برنجەكەمان لە سەردەمی پێشوو، رێژەی بەرد تیایدا زۆر بوو. بەڵام ئێستا دروێنە بە دەراسە دەكرێت، زۆر بە ئاسانی دان و پووشەكەی لێك جیا دەكرێتەوە، قۆناغی دواتریش ئاشە، كە لێرە هەمانە. بەڵام وەك باسم كرد، بەهۆی ئەوەی دەڕاسە لە دروێنەی برنج بەكاردێنین، برنجەكەمان لەچاو جاران زۆر پاكە.

* لەبارەی جۆری برنجی باتاس گوتی:”برنج سێ مانگی و شەش مانگیی هەیە، هەروەها برنجی سەدریش لێرە دەچێندرێت، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی لە باتاس هەموو جووتیارەكان، برنجی شەش مانگی دەچێنن، كە لە بەهارەوە دەچێندرێت و لە وەرزی پایز دەدروێتەوە”.

* یەكێك لە گرفتە سەرەكییەكانی بەروبوومی كشتوكاڵ لە كوردستان، بە بازاڕكردنە، كە ساڵانە جووتیارەكانی كوردستان، دەبنە قوربانیی بێ بەرنامەیی حكوومەت و جووتیار، كە ئەنجامەكەی بەوە دەگات، جووتیار زەرەر بكات، ئەمەش هۆیەكی سەرەكیی پاشەكشەی بەروبوومی خۆماڵییە. بەو پێیەی لە باتاس رووبەرێكی زۆر كراوەتە برنج، بۆیە ئەو پرسیارەمان لێ كرد، ئاخۆ ترسی ئەوەتان نییە وەك بەروبوومی تەماتەی ئەمساڵ، نەتوانن برنج لە بازاڕ ساغ بكەنەوە و زیانتان پێ بكەوێت؟ لە وەڵامدا گوتی:”ئێمە ئەو مەترسییەمان نییە، لەبەر دوو هۆ، یەكیان ئەوەیە دەتواندرێت برنج بۆ ماوەیەك هەڵبگیرێت، دووەم هۆ ئەوەیە، برنجی باتاس ناوبانگی هەیە، وێڕای ئەوەی بۆ خۆمان بەكاری دەهێنین، لە هەمان كاتدا داواكاری زۆر لەسەر برنجەكەمان هەیە، شوكور بۆ خوا كڕیار خۆی دێتە باتاس و برنج دەكڕێت، برنجی باتاس لە كوردستان ناوبانگی هەیە و لە زۆربەی شارەكان، بەتایبەتیش سلێمانی و كۆیە و هەولێر و رواندز و شەقڵاوە، كڕیار دێن و دەیكڕن، چونكە ئێستا لە چێشتخانەكانیش برنجی كوردی بەكاردەهێندرێت”.

* ئاو هۆیەكی گرنگ و سەرەكیی چاندنی برنجە، لە كوردستان ئاو زۆرە، لەلایەكی دیكەش برنج خواردنێكی سەرەكییە، بۆیە برنج تووشی قەیرانی تەماتە نابێت، بەڵام مادام زەوی بەراو و هۆی دیكەی سەركەوتنی ئەو بەروبوومە هەیە، پێویستە وەزارەتی كستوكاڵ، بەرنامە و پلانی بۆ چاندنی برنج و زیادكردنی رووبەری چێندراو هەبێت. لە لایەكی دیكەیشەوە، پێویستە دامودەزگای راگەیاندن، لەژێر كاریگەریی بازرگانان نەبن و تەنیا رێكلام بۆ كاڵا و بەروبوومی دەرەوە بكەن، بەڵكو ئەركێكی نیشتمانییە، كە گرنگی بە بەروبوومی خۆماڵی بدەن.

زیاتر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

بابه‌تی تر

كڵۆپ: وەرزی داهاتووی پرێمەرلیگ قورس دەبێت

خه‌بات: هاوار مورتكه‌یی:- یۆرگن كڵۆپ، راهێنەری یانەی لیڤەرپوول پێشبینی دەكات، وەرزی داهاتو…