گوتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ: سەقفی باجەكانمان بەرزكردەوە تا گرنگی بە بەرهەمی ناوخۆ بدەین

0
216

خەبات: فاتیح بەرزنجی:- بەگوتەی حوسێن حەمە كەریم گوتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، بەئامانجی زیاتر پێشخستنی كەرتی كشتوكاڵ و بووژاندنەوەی زیاتری ئەو كەرتە و هەمەجۆركردنی سەرچاوەكانی داهاتی كوردستان لەلایەن (حكوومەتی هەرێمی كوردستان)ـەوە بۆردی پەرەپێدانی كەرتی كشتوكاڵ بە سەرپەرشتی (سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان) گرنگی تەواو بەو بۆردە دەدات.

حوسێن حەمەكەریم گوتیشی: ئەو هەنگاوە گرنگە بەپێی كارنامەی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە، كە ئەو كارنامەیە لەچەندین خاڵ پێكهاتووە، دیارە ئەو كارنامەیە زۆر تەواو بەكەرتی كشتوكاڵ دەدات تاوەكو كەرتێكی ژێرخانی ئابووری بەگرنگییەوە كاری لەسەر بكرێت و  تەنیا متمانە نەكرێتەسەر كەرتی نەوت و وزە، بەڵكو كەرتی كشتوكاڵیش لەپاڵ كەرتەكانی (پیشەسازی و گەشتوگوزار) كاری لەسەر بكرێت، سەبارەت بەو بۆردە و وردەكاری كارەكانی دیكە، وەك  (خەبات) سەردانی (وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو)مان كرد.

دروستكردنی بۆردی پەرەپێدانی كشتوكاڵی لەكوردستان

«حوسێن حەمە كەریم» گوتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ، دەربارەی وردەكاری ئەو بۆردە روونیكردەوە: بۆ بەرەو پێشبردنی ئەو كەرتە ئەو لایەنانەی كەپاڵپشتی دەكەن بریتین لە: (وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی و وەزارەتی دارایی و وەزارەتی پلان دانان و دەستەی وەبەرهێنان) و هاوكاری و هەماهەنگی تەواوی (وەزارەتی كشتوكاڵ )دەكەن بۆ بەرەو پێشبردنی كەرتی كشتوكاڵ و لەهەمان كاتیشدا گرنگی دراوەبە كەرتی تایبەت تا رۆڵێكی گرنگ بگێڕێ‌، شانبەشانی وەزارەتی كشتوكاڵ لەو ڕوانگەیەوە حكوومەتی هەرێم بۆ یەكەمینجارە بڕیاری ئەوەی داوە بۆردێك دروستبكرێت بەناوی (بۆردی باڵای پەرەپێدانی كشتوكاڵ لە هەرێمی كوردستان) و ئەو بۆردە بەسەرپەرشتی (سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان)  كە سەرۆكی بۆردەكەیە لەگەڵ (جێگری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و وەزیرەكانی كشتوكاڵ و پلان دانان و دارایی و بازرگانی و پیشەسازی و سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان)  دیارە ئەو وەزارەتانە ئەندامی ئەو بۆردەن و ئەركی سەرەكی ئەو بۆردە بریتییە لە چارەسەركردنی هەموو ئەو كێشەو ئاریشانەی كە دێنە بەردەمی ئەو كەرتەو چارەسەری دەكەن و لەلایەكی دیكەیش كارەكانی كەرتەكە بەپێی یاساو رێنمایی دەبێت، تا زیاتر بەرەو پێشەوە هەنگاو بنێت لە رووی هەمواركردنی یاساوپێدانی رێنمایی لەهەمووی گرنگتر دابینكردنی بودجەیە بۆ ئەو بۆردە و پرۆژە گرنگ و ستراتیژیەكان و هاندانی كەرتی تایبەت، تا بە هەموو لایەك بتوانین هەنگاوی كردەنی بۆ بەرەو پێشبردنی زیاتری كەرتەكە بهاوێژین، جگە لەوەش بەپیشەسازیكردنی بەرهەمە كشتوكاڵییەكان و بەبازاڕكردنی بەرهەمە كشتوكاڵییەكانە، ئەوانە ئەو خاڵانەبوون كە كاری لەسەر دەكەین بۆ ئەو بۆردە و لای هەمووانیش ئاشكرایە كە كەرتی كشتوكاڵ كەرتێكی فرە رەهەندە، بۆیە پێویستی بەكاركردن و پاڵپشتی تەواو و بەدواداچوونی بەردەوام هەیە تا بەكەمترین رۆتین و بەپێی یاساو رێنمایی كاری لەسەر بكرێت.

كارو بەرنامەی كشتوكاڵ لە وەزارەتی كشتوكاڵ 

گوتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ گوتی: ئێمە وەكو وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو پلانێكی فراوان و تۆكمەو داڕێژراومان پێشكەش بە ئەنجوومەنی وەزیران كرد كە بریتیبوو لە: سێكتەری ئاو و كشتوكاڵ و ئاژەڵداری وپەرەپێدانی بەنداوەكان، تا بەپێی ساڵەكان لەلایەن حكوومەتی هەرێمەوە كاری لەسەر بكرێت، بەڵام بەداخەوە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و قەدەغەی هاتوچۆوە كارەكان سستیان تێكەوت، بەڵام كارەكانی ئێمە هەر بەردەوام دەبێت و لەو ماوەیەش كۆمەڵێك هەنگاومان ناوە و ژمارەیەك یاساش پێشكەشكراوە بە سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران كە هەموو یاسای بنەڕەتین بۆ رێكخستنەوەی بازاڕ و چارەسەركردنی كێشەی زەوی و دابینكردنی زەوی بۆ پرۆژە كشتوكاڵیەكان و سەرپەرشتیكردنی پرۆژە كشتوكاڵیەكان، ئەو یاسایانە زۆر پێویست و گرنگبوون، بۆیە وەك وەزارەتی كشتوكاڵ دامانڕشتبوو  كاری باشی لەسەر كراوە و هەنگاوی باشی ناوە، بە ئومێدی ئەوەین كە لەداهاتوویەكی نزیكدا هەموو ئەو یاسایانە لە پەرلەمانی كوردستان دەربكرێن و بچنە واری جێبەجێكردنەوە، یەكێك لەو ئەركانەی كە ئێمە كارمان لەسەر كردووە هەمواركردنەوەی رێنماییەكان بووە، هەموو ئەو رێنماییانەی كە كاری پێدەكەین لە هەموو بوارەكاندا و هەموارمانكردۆتەوە، تا بەكەمترین رۆتین كارەكانمان چارەسەر بكەین.

دواتر (گوتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ) باسی لە بواری وەبەرهێنان و بە پیشەسازیكردن كرد و گوتی: ژمارەیەك پرۆژەی زۆرمان پێشكەشی دەستەی وەبەرهێنان و وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی كرد، كە  بریتی بوون لە چەندین پرۆژەی گرنگ، دەكرێ‌ بكرێنە ژێرخانێكی گرنگ بۆ كەرتی كشتوكاڵ، وەكو گرنگیدان بە (گەنجینەی ساردەكەر) و دروستكردنی سایلۆ و كارگەی بەپیشەسازیكردنی بەرهەمە كشتوكاڵیەكان و رێكخستنەوەی عەلوەكان ئەوانە هەمووی ژێرخانی گرنگن بۆ كەرتی كشتوكاڵ و كاریشی لەسەر كراوە، یەكێك لەو پرۆژە گرنگانەی كەلەو ماوەیە كارمان لەسەر كردووە بۆ یەكەمینجارە و بریتییە لە كڕینەوەی گەنم لەلایەن حكوومەتی هەرێمەوە و پرۆژەكەمان پێشكەش كرد، بەڵام بە هۆی ڤایرۆسی كۆڕۆناو راگرتنی دەوام پرۆژەكە دواكەوت، ئەگەرچی هەركاری لەسەر كراوە و لەقۆناغی كۆتاییدایەو كارەكان هەمووی تەواو بوون و گەڵاڵە كراوە، ژمارەیەك كۆمپانیای ناوخۆش ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە تا 500  هەزار تەن گەنم بكڕێنەوە لەناوخۆ، ئەمە جگەلەو بڕەی كە حكوومەتی عێراقی وەریدەگرێت، ئەگەر ئەو پرۆژەیە بچێتە بواری جێبەجێ‌ كردنەوە ئەوا دەبێتە هەنگاوێگی گرنگ لەبواری بەبازاڕكردنی گەنم و بەپیشەسازكردنی گەنم و گرنگی تەواوی بۆ بەرهەمەكانی دیكەی وەكو (ساوار و قەرەخەرمان و بڕوێش و ماكەڕۆنی) و كارگەی زۆری دیكەیش دابنرێت، ئەوا دەرفەتی وەبەرهێنان زیاتر لەو بوارانە دروستدەكات.

پێداچوونەوەبە لیستی باج

هەر لەدرێژەی قسەكانیدا، گوتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ دەربارەی پێداچوونەوە بە لیستی باج گوتی: ئێمە بەسەر لیستی باجدا چووینەتەوە، سەقفی باجەكانمان بەرزكردەوە تا بتوانین گرنگی بەبەرهەمی ناوخۆ بدەین و بەرهەمی هاوردە نەتوانێ‌ ركابەری  بەرهەمی ناوخۆ بكات، ئەوەش هەنگاوێكی گرنگە بۆ زیاتر بەرەو پێشەوە بردنی بەرهەمی ناوخۆ و دڵخۆشكردنی برا جووتیارەكان.

زیاتر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

بابه‌تی تر

بەڕێوەبەری ئاوی سۆران: هەر هاوبەشێك پێوەری ئاوی نەبەستبێت، لەم مانگە بە دواوە مانگانە پسوولەی 100 هەزار دیناری بۆ دێتەوە

خەبات: رەنجبەر بەرزنجی – سۆران:- ئەگەرچی ماوەی چەندین ساڵە لە لایەن حكوومەتی هەرێمی كوردست…