گوتەبێژی فراكسیۆنی پارتی: خەڵكانێك هەن لە مەیدانی سیاسیی عێراقدا كە بڕوایان بە دەستوور و مافە رەواكانی خەڵكی كوردستان نییە

0
213

گوتەبێژی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئارام باڵەتەیی دەڵێت، لە چەند ساڵی رابردوودا حكوومەتی عێراق چەندین قەرزی دەرەكی وەرگرتووە و ئەو قەرزانەیش لە پەسەندكردنی بوودجەدا بە سیادی هەژماركراون و لە هەرێمی كوردستانیش بڕدراون، بەڵام هەرێمی كوردستان بە هیچ شێوەیەك سوودمەند نەبووە لەو قەرزانە و هیچ بڕە پارەیەك لەو قەرزانە نەگەیشتووەتە دەست حكوومەتی هەرێمی كوردستان. باڵەتەیی راشیگەیاند كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەیە هەموو دۆسیەی نەوت رادەستی حكوومەتی فیدراڵ بكات و لەبەرامبەردا حكوومەتی فیدراڵ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم رەوانە بكات.
ئارام باڵەتەیی لەبارەی دانووستانەكانی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵ لە بەغدا قسەی بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاندووە: چەندین شاندی هەرێمی كوردستان بە زنجیرەیەكی سەرەدانكردن لەگەڵ بەرپرسانی حكوومەتی عێراق كوبوونەتەوە بۆ چارەسەركردنی هەموو كێشە هەڵواسراوەكانی بەینی هەردوولا و حكوومەتی هەرێم هەموو داتایەكانی لە بارەی فەرمانبەرانی هەرێم و دۆسیەی نەوت و غاز و هەموو ئەو بابەتانەی كە كێشەلەسەرە پێشكەش بە حكوومەتی عێراق كردووە و عێراقیش تا ئێستا نە ئەم داتایانەی رەتكردوونەتەوە و نە بڕیاری كۆتایشی داوە، ئێمە چاوەڕێی بڕیاری كۆتایی بەغداین چونكە ئێستا چەندین بژاردە هەن و بڕیاری كوتایی بۆ هەڵبژاردنی یەكێك لە بژاردەكان بەدەست بەغداوەیە.
گوتەبێژی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئارام باڵەتەیی لەبارەی بژاردەكان بۆ چارەسەركردنی كێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم گوتی: ناتوانین باسی ژمارەكان بكەین چونكە هێشتا ژمارەیەكی دیاریكراو دەستنیشان نەكراوە، یەكێك لە بژاردەكان ئەوەیە كە ئەگەر حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەموو داهاتی مەرزەكان و داهاتی ناوخۆ و داهاتی نەوت هەمووی بداتە دەست بەغدا لە بەرامبەردا بەغدا چەند پارە بۆ هەرێم رەوانە دەكات، بژاردەیەكی تریش ئەوەیە كە ئەگەر حكوومەتی هەرێم نیوەی ئەم داهاتانە لەگەڵ 250 هەزار بەرمیل نەوت رۆژانە بداتە دەست بەغدا لە بەرامبەردا بەغدا چەند پارە بۆ هەرێم رەوانە دەكات. لەئێستادا ئەم هەردوو بژاردەیە هەن و هەردوو لا لەسەر دیاریكردنی گوژمەیەكی پارە رێكنەكەوتوون، بەڵام حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێویستی بە 895 ملیار دینار هەیە تەنها بۆ دابینكردنی مووچەی فەرمانبەرانی جگە لە چەندین خەرجی تر. لەهەر حاڵەتێكدا حكوومەتی ناوەندی عێراق ئامادەیی خۆی دەرنەبڕیوە بۆ پێدانی ئەم بڕە پارەیە بە حكوومەتی هەرێمی كوردستان.
ئارام باڵەتەیی لە بارەی بەربەستەكان بۆ رێكنەكەوتنی هەرێم و بەغدا گوتی: رەنگە بەربەستی سیاسیی یەكێك لە هۆكارەكانی رێكنەكەوتن بێت چونكە زۆرێك لە لایەنە سیاسییەكان و لایەنە دەرەكییەكان فشار لەسەر سەرۆكوەزیران دروست دەكەن و هەندێك كات بابەتی تەكنیكی دەبنە بەربەست. لە لایەكی تریشەوە ئێستا عێراق خۆی لە قەیران دایە و زۆر زەحمەتە بۆ حكوومەتی عێراق لە ئێستادا پارەی پێویست بۆ خەرجییەكانی عێراق دابین بكات.
گوتەبێژی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئارام باڵەتەیی لەبارەی دۆسیەی نەوتیشەوە گوتی: ئێستا لە هەر كاتێك زیاتر حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەیە هەموو دۆسیەی نەوت بداتە دەست حكوومەتی عێراق، بەڵام ئەو راستییەی كە زۆر باس ناكرێت ئەوەیە كە حكوومەتی عێراق خۆی ئامادە نییە هەموو دۆسیەی نەوتی هەرێم وەربگرێت، چونكە ئەم دۆسیەیە قەرزی لەسەرە، پێش چەند رۆژێكیش لە كۆبوونەوەیەكی لیژنەی نەوت و غازی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەگەڵ وەزیری نەوتی عێراق، وەزیری نەوت خۆی دانپێدانی كرد كە لە بەرژەوەندی عێراقدا نییە هەموو دۆسیەی نەوتی هەرێم وەربگرێت.
ئارام باڵەتەیی لەبارەی پەسەندكردنی یاسای قەرزی دەرەكی لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە گوتی: پەسەندكردنی ئەم یاسایە لە بەرژەوەندی هەرێمی كوردستانیش دایە، بەڵام لە چەند ساڵی رابردوودا حكوومەتی عێراق چەندین قەرزی دەرەكی وەرگرتووە و ئەو قەرزانەیش لە پەسەندكردنی بوودجەدا بە سیادی هەژماركراون و لە هەرێمی كوردستانیش بڕدراون، بەڵام هەرێمی كوردستان بە هیچ شێوەیەك سوودمەند نەبووە لەو قەرزانە و هیچ بڕە پارەیەك لەو قەرزانە نەگەیشتووەتە دەست حكوومەتی هەرێمی كوردستان.
گوتەبێژی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەبارەی پەسەندكردنی بوودجەی گشتیی ئەمساڵ ئاماژەی بەوە دا كە دوو بۆچوون هەن بۆچوونێك ئەوەیە كە عێراق بوودجەی هەبێت، بەڵام ئەم بۆچوونە لەئێستادا واقیعی نییە، چونكە ئێستا ئێمە لە مانگی حەوت داین و لەبەر بابەتی كۆرۆنا كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی نوێنەران ئاسان نین، بۆچوونێكی تریش ئەوەیە كە ئەمساڵ عێراق بوودجەی نەبێت و حكوومەتی عێراق لەسەر بنەمای یەك لەسەر دوانزدە پارە خەرج بكات تا كۆتایی ئەمساڵ و خۆی ئامادە بكات و بوودجەی ساڵی 2021 بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رەوانە بكات.
ئارام باڵەتەیی لە كۆتایی قسەكانیشیدا گوتی: ئێمە وەك نوێنەرانی خەڵكی هەرێمی كوردستان بە ئومێدین كە هەموو كێشەكانی بەینی حكوومەتی فیدراڵ و حكوومەتی هەرێمی كوردستان چارەسەربكرێن، هەروەها ئێمە پێگیرین بە دەستووری عێراق و ئێمە لەوبڕوایەداین ئەگەر پێگیری بە دەستووری عێراق بكرێت هەموو كێشەكان چارەسەر دەكرێن، بەڵام یەكێك لە كێشەكان ئەوەیە كە خەڵكانێك هەن لە مەیدانی سیاسیی عێراقدا كە بڕوایان بە دەستوور نییە و بڕوایان بە فیدراڵییەت نییە و بڕوایان بە مافە رەواكانی خەڵكی كوردستان نییە، ئەمەیش دەبێتە هۆی دروستبوونی بەربەست لە بەردەم دانووستانەكانی هەولێر و بەغدا.

زیاتر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

بابه‌تی تر

لە هەرێمی کوردستان ٢١ تووشبووی دیکە بەهۆی پەتای کۆرۆناوە گیانیان لەدەست دا

وەزارەتی تەندروستی حكومەتی ھەرێمی كوردستان ئاماری نوێی كۆرۆنای بڵاوكردەوە و ئاشكرای كرد لە…