خەبات: ڕۆشنا عەلی:- نرخی كتێب لە قوتابخانە ناحكومییەكان جیاوازو جۆراو جۆرە،  لەهەر قوتابخانەیەك بە نرخێك دەدرێتە قوتابی كە هیچ كام لە نرخەكان لەیەكەوە نزیك نین، زۆربەی قوتابخانەكانیش ئەوەی ئێمە بەدواداچوونمان بۆكردووە نرخی كتێبەكان جیاوازە لە كرێی خوێندن  لەگەڵ جل وخواردن و هاتوو چۆ ، ئەمەش بارگرانی لەسەر كەس و كاری قوتابی دروستكردووە بەجۆرێك ئەگەر قوتابخانەیەك ناحكومی  نێودەوڵەتی بێت نرخی كتێبەكانی تا سێ‌ سەد دۆلار و زیاتریشە، بەدواداچوونەكەی ئێمە لەسەر ئەو قوتابخانە ناحكومیانەیە كەهەمان پڕۆگرامی وەزارەتی پەروەردە دەخوێنن  سیستەمی ئینگلیزی بێت یان كوردی ، لاپەرەی پەروەردە بە پێویستی زانی بەدواداچوونێك لەمبارەیەوە ئامادەبكات:   

دابینكردنی كتێب 

* پرسیاری سەرەكی لە بەدواداچوونەكەی ئێمە ئەوەیە كە كتێبەكان لە سەرچاوەی دابینكەرەوە بەچ نرخێك دەگاتە قوتابخانە ناحكومییەكان بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە سەردانی ئیسماعیل جەمیل بەڕێوەبەری دابینكردن (تەجهیزات) مان كرد لەوەزارەتی پەروەردە.        

* ئەو بەڕێوەبەرەی دیوانی وەزارەتی پەروەردە بۆخەبات ئاماژەی بەوەدا كەئەوان هیچ نرخێك لە قوتابخانە ناحكومییەكان وەرناگرن جگە لەو نرخەی لەپشتی كتێبەكان نوسراون ئیسماعیل جەمیل لەبارەی میكانیزمی دابەشكردنەكەوە وتی: ئێمە سێ‌ جۆر قوتابخانەمان هەیە كە بەشێكیان پرۆگرامیان حكومییە بە پرۆگرامی وەزارەتی پەروەردە ، قوتابخانەشمان هەیە نێودەوڵەتییە بەشێك لە كتێبەكان خۆیان دەیكڕن و بەشێكی لە رێگای ئێمەوە وەردەگرن كە چەند وانەیەكە،  بۆ هەریەك لەم قوتابخانانە بەو نرخە پێیان دەدەین كەلە پشتی كتێبەكان نوسراوە وە پێویستە لەسەریان بیدەن بە قوتابی بەبێ‌ بەرامبەر وە ئەگەر بە پارەش بدەنەوە قوتابی نابێت لەو نرخە زیاتر بێت، چونكە ئێمە خەزنیان لێ‌ وەرناگرین، ئەو كتێبە بەو نرخەی لەسەرێتی تەنها تێچووەكەیەتی، كە لە مەخزەن دادەنرێت تێچووەكەی زیاتر دەبێت نرخی گواستنەوەی دەچێتەسەر و دواتر دەگوازرێتەوە پەروەردە گشتییەكان و دواتر پەروەردەی قەزا كە ئێمە هیچ لەوانە حساب ناكەین كرێی سەیارەو داگرتن و ئیفادی فەرمانبەریش هیچی حساب ناكەین.   

* لەبارەی ئەوەشی كە ئایا گرانترین نرخی كتێب بۆ چ قۆناغێكە و نرخی چەندە ؟لەمبارەیەوە ئەو بەڕێوەبەرە وتی: گرانترینییان كتێبی قۆناغی 11 بە بەشی زانستی و وێژەیی كە ناگاتە 14 هەزاردینارە نرخەكەی 13370 هەزار دینارە لە 2019 -2020 تەنانەت بۆ پەیمانگا ناحكومییەكانیش لەو نرخانە زیاتر نییە. 

* لەبارەی بنەمای ئەو نرخانەی لەسەر پشتی كتێبەكانە ئەو بەڕێوەبەرە وتی: ئێمە ئێستا خەریكی تەندەر ئامادەكردنین بۆ چاپی كتێب بۆ ساڵی نوێ‌ لەو نرخەی ئێمە دایدەنێین دەبێتە كێبڕكێ‌ بەو نرخە ی دەردەچێ‌ دەبێتە بنەما بۆ نرخی كتێبەكان و بەو نرخەش دەیدەینەوە قوتابخانە ناحكومییەكان.

* دەربارەی ئەوەشی كە ئایا چاپە ئینگلیزییەكانیش هەمان نرخە ؟ وتی : پێشتر كە لە لوبنان چاپدەكرا چاپە ئینگلیزییەكە پۆلی 1-3 بە 15$ بوو پۆلی  4-10 بە 20$ بوو پۆلی 11-12  بە 25 $ بوو،  بەڵام ئێستا كە ماوەی چوار ساڵە خۆمان چاپی دەكەین  2000 دینار تێچوونەكەیەتی هەر بەو نرخە دەدرێتە قوتابخانە ناحكومیەكان هەر قوتابخانەیەكی ناحكومی لە بازاڕ بیكرێت غەدری لە قوتابی كردووە هەرچەند لە بازاریش ئەگەر هەبێت بەو نرخە دەفرۆشرێت كەلەسەر كتێبەكەیە كە هەندێك كەس كۆپی دەكەن لە راستییا بە و نرخانەی ئێمە كتێب دەدەینە ناحكومییەكان پێویستە بە خۆرایی بدرێتە قوتابی. 

* دایكی قوتابیەكی قوتابخانەیەكی ناحكومی بۆ خەبات لەبارەی نرخی كتێب لەو قوتابخانەیە وتی: من 100 دۆلارم یاوە تەنها بە كتێب كە بەراستی نرخەكەی زۆرە ئەوە بێجگە لە كرێی خوێندن و خواردن و هاتووچۆ داوا دەكەم هیچ نەبێت نرخی كتێبەكان كەم بكەنەوە هەموو دەزانین دۆخەكە چۆنە، من خۆم فەرمانبەرم ناتوانم مناڵەكانم لە قوتابخانەی حكومی دانێم و مووچەش نییە دوو منداڵم بە ناچاری بردۆتە ناحكومی بەس كتێبەكان 200 دۆلارە هەزار.

دایكێكی تر بۆ خەبات وتی: سێ‌ منداڵم لە قوتابخانەیەكی ناحكومین هەموو ساڵێك یەكەو شەست دەدەمە كتێبەكانیان تەنها بۆ كتێب بەداخەوە هەر قوتابخانەیەك و نرخێك دادەنێت. 

نرخی كتێب لە قوتابخانەیەكی تر كە خۆمان وەك خەبات بەدواداچوونمان بۆ كرد 70$ بوو لە قوتابخانەیەكی تر 50$ بوو لەیەكێكی تر 100 هەزار بوو.  

دایكی قوتابییەك ئاماژەی بەوەدا ئەو كتێبانەی لە قوتابخانە ناحكومییەكە وەریگرتووە مندالەَكەی بایی 200 $ بووە، بەڵام هەمان ئەو كتێبانە لە بازاڕ كڕدراوە نرخەكەی 25000 دینار بووە.

* بەپێی ئەو لێكدانەوانەی بۆ ئەم بەدواداچوونەمان كردووە نرخی كتێبەكانی قۆناغی یەكەمی بنەڕەتی  كەلە قوتابخانەیەكی ناحكومی 70 $ تەنها بە 4441 هەزار دینار لە وەزارەتی پەروەردە وەرگیراوە،  پۆلی حەوت كە كتێبەكانی لە قوتابخانەیەكی ناحكومی 50000 هەزارە بە 6768 دینار لە وەزارەتی پەروەردە كڕدراوە قۆناغی ئامادەیی بە هەمان شێوە پۆلی 12 بە زانستی و وێژەیی 12653 دینارە و لە قوتابخانە ناحكومییەكان تا 60000 هەزار دینار نرخەكەیەتی. 

* نرخی كتێبەكانی قوتابخانەیەكی تر 75 هەزار دینارەو لە قوتابخانەیەكی تركە هەمان پڕۆگرامی خوێندنی حكومەتی هەرێمە نرخەكەی 150$ كە تەنها دوو وانەی زیاتر دەخوێنن.  

* شایانی وتنە سەرجەم ئەو نرخانەی ناومان هێناون ، نەمان ویستووە ناوی قوتابخانەكان ببەین و سەرجەم ناوەكان لای ئێمە پارێزراون هەرچەندە پرسیارمان لەچەند بەرێوەبەرێك كرد بۆ هۆكاری بەرزی نرخی كتێب لە قوتابخانەكەیان، بەڵام ئامادە نەبوون هیچ ڕوونكردنەوەیەك لەو بارەیەوە بدەن.

ئیسماعیل جەمیل بەڕێوەبەری پێداویستی کەل و پەلی قوتابخانەکان بۆ خەبات دەدوێت

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

بابه‌تی تر

ئایا دەوڵەتی شکستخواردووی عێراق لەسەر دووڕیانە؟

د. سـامان سـۆرانی ئەزموونی حوکمڕانی عیراقی پاش ساڵی ٢٠٠٣ نزیکە لە ئەزموونی حوکمڕانی ئەڵمان…