به‌ سه‌رۆكایه‌تیى نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان،  كۆبوونەوەی ھەرسێ سەرۆكایەتی ھەرێمی كوردستان و لایەنە سیاسییەكان و شاندی دانووستانكاری هه‌رێمی كوردستان بۆ به‌غدا ئه‌مرۆ لە ھەولێر كۆبوونه‌وه‌.

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 24/2/2020 به‌ سه‌رۆكایه‌تیى به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و به‌ ئاماده‌بوونى به‌ڕێزان سه‌رۆكى په‌رله‌مانى كوردستان و سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان و سه‌ركرده‌ى لایه‌نه‌ سیاسییه سه‌ره‌كییه‌كان، به‌ به‌شداریى شاندى دانوستانكارى هه‌رێمى كوردستان بۆ پێكهێنانى كابینه‌ى داهاتووى حكوومه‌تى فیدرالى عێراق، كۆبوونه‌وه‌یه‌ك ئه‌نجام درا.

كۆبوونه‌وه‌كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ خستنه‌ڕووى ده‌ره‌نجامه‌كانى سه‌ردانى شاندى لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان بۆ به‌غدا و گفتوگۆ و كۆبوونه‌وه‌كانى له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌ عێراقییه‌كان و به‌ڕێز محه‌مه‌د عه‌للاوى، ڕاسپێردراو بۆ پێكهێنانى حكوومه‌تى داهاتوو.

دواى گفتوگۆ و هه‌ڵسه‌نگاندنى ئه‌نجامى سه‌ردانى شانده‌كه‌، له‌ ڕوانگه‌ى په‌رۆشى بۆ دۆزینه‌وه‌ى چاره‌سه‌ر بۆ دۆخى ئێستاى عێراق و به‌شدارییه‌كى كارا له‌ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان، كۆبوونه‌وه‌ گه‌یشته‌ ئه‌م ده‌ره‌نجامانه‌ى خواره‌وه‌:

1- كار بۆ پێكهێنانى حكوومه‌تێك ده‌كه‌ین كه‌ تواناى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى ئێستاى عێراقى هه‌بێت و كارى جددى بۆ گێڕانه‌وه‌ى سه‌قامگیرى بۆ عێراق و ئاماده‌كارى بۆ هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خت بكات و جێگه‌ى بڕوا و متمانه‌ى سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانى گه‌لى عێراق بێت.

2- ئه‌و هه‌نگاوانه‌ى تا ئێستا له‌لایه‌ن به‌ڕێز عه‌ڵلاوییه‌وه‌ نراون بۆ زۆرێك له لایه‌ن و پێكهاته‌كانى گه‌لى عێراق جێگه‌ى دڵنیایى و متمانه‌ نین، بۆیه‌ داوا ده‌كه‌ین كه‌ پێویسته‌ پێداچوونه‌وه‌ به‌ شێوازى كار و به‌رنامه‌كه‌یدا بكرێته‌وه‌ به‌ جۆرێك كه‌ حكوومه‌تى ئاینده‌ داخوازیى هه‌موو پێكهاته‌كانى عێراق، بهێنێته‌ دى.

3- داكۆكى و پێداگرى له‌سه‌ر پاراستنى قه‌واره‌ى ده‌ستووریى هه‌رێمى كوردستان و ده‌سته‌به‌ركردنى سه‌رجه‌م مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانى هه‌رێم و ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان ده‌كه‌ینه‌وه‌‌، پێكهاته‌كانى كوردستان و دامه‌زراوه‌ فه‌رمییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان، ته‌نها لایه‌نى شه‌رعیى بڕیارده‌رن له‌ ده‌ستنیشانكردنى نوێنه‌رانى هه‌رێمى كوردستان له‌ حكوومه‌تى فیدرالى له‌سه‌ر بنه‌ماى هاوبه‌شیى ڕاسته‌قینه‌ى نیشتمانى و هاوسه‌نگى و سازان.

4- ئێستا عێراق ڕووبه‌ڕووى ته‌حه‌دیاتى گه‌وره‌ى ناوخۆیى و ده‌ره‌كى بووه‌ته‌وه‌ و به‌ وه‌رچه‌رخانێكى مه‌ترسیدارى مێژووییدا تێده‌په‌ڕێت، بۆیه‌ داوا ده‌كه‌ین كه‌ پێویسته‌ سه‌ركرده‌ سیاسییه‌كانى عێراق له‌سه‌ر مێزى گفتوگۆ دابنیشن و بگه‌نه‌ بڕیارێكى یه‌كگرتووى نیشتمانى.

5- له‌پێناو هێنادى ئه‌م ئامانجانه‌دا، شاندى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانى دیكه‌ى عێراق، له‌ گفتوگۆ و ڕاگۆڕینه‌وه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

بابه‌تی تر

مه‌حمود محه‌مه‌د: پەكەكە بە لێدوانی بەرپرسانی و كردەوەكانی بووەتە مایەی سەرئێشە بۆ خەڵكی كوردستان

له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا مه‌حمود محه‌مه‌د، گوته‌بێژی پارتی دیموكراتی كورستان وه‌ڵامی به‌رپرسا…