ساسان عەونی

كاتێك پەكەكە، سەختترین مەیدانی خەباتی چەكداری و فراوانترین مەیدانی كاری سیاسی و دیموكراسی لە باكووری كوردستان، شەرمەزارانە جێ دەهێڵێت و پێی وا بێت كە ڕاسپێردراوێتییەكەی بۆ دروستكردنی كێشە لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا كەس نایزانێت و خۆی لێ بێ دەنگ دەكرێت، ئەوەیە كێشەی پەكەكە.
كاتێك پەكەكە، مەیدانی ڕاستەقینەی كاركردنی خۆی چۆڵ دەكات و سەنگەری ناو شارەكان دەكاتە گۆڕستان، نەوەك بۆ دوژمنەكانی، بەڵكوو بۆ خەڵكی كوردی ئەو شارانە، پێشی وابێت دەبێت لە هەرێمی كوردستان ناوچەی تایبەتی هەبێت و حوكمڕانی تایبەتی هەبێت و ناو و ئاڵای تایبەتی هەبێت، خۆشی بەسەر خەڵكی هەرێم فەرز بكات و بەرانبەریشی بێ دەنگی لێ بكرێت، ئەوەیە كێشەی پەكەكە.
كاتێك پەكەكە، ناوی كوردستان دەگۆڕێت و ئاڵای كوردستان قەدەغە دەكات و خەباتی نیشتمانی و نەتەوەیی كوردستان دژایەتی دەكات و پێی وابێت مۆدێلی داتاشراوی خۆی بۆ سڕینەوەی هەست و خەباتی نەتەوەیی و كوردایەتی لە هەرێمی كوردستان دەسەپێنێت و لە جیاتی خاوەن ماڵ، ئەو دەبێتە بەدیل، ئەوەیە كێشەی پەكەكە.
كاتێك پەكەكە وا دەزانێت مجامەلەكردنی لەلایەن هەندێ لایەنی ناو هەرێم، بە مەبەستی ڕاگرتنی پارسەنگی ململانێیان لەگەڵ پارتی، شەرعییەتی پێدەدات بۆ ئەوەی مەیلە فراوانخوازی و پاوانخوازییە ڕاسپێردراوەكانی لە هەرێمی كوردستان جێبەجێ بكات و پێشی وابێت بۆی دەچێتە سەر، ئەوەیە كێشەی پەكەكە.
كاتێك پەكەكە لەگەڵ چەند لایەنێكی حەشد خۆی دەكاتە هاوپەیمان و بەهێزی بێگانە دەیەوێت لەسەر خەڵكی كوردستان سنگی خۆی دەرپەڕێنێت و خەڵكی ڕەسەن لە گەڕانەوە بۆ گوند و شارەكانیان بێ بەش بكات، كەسیش بەرانبەری نەوەستێتەوە، ئەوەیە كێشەی پەكەكە.
كاتێك پەكەكە لە خوێندنەوەی كارتەكان و دراوەكان، هەڵە دەكات و پێیان وایە دەتوانن لە بەڕی خۆیان زیاتر پێیان ڕابكێشن و بەرانبەری هێزی پێشمەرگە، كە سیمبۆڵ و شانازی خەڵكی كوردستانە، چەتەگەری بكەن و شەهیدیان بكەن و خەڵكیش بەرانبەریان بێ دەنگ دەبێت، ئەوەیە كێشەی پەكەكە.
كاتێك پەكەكە، مێژوو و تاقیكردنەوەكانی خۆی لەگەڵ حكوومەتی كوردستان و پارتی لەبیر دەكات و پێی وابێت ئەوەی لە ساڵانی نەوەدەكان نەیتوانی بیكات ، ئێستا پێی دەكرێت، ئەوەیە كێشەی پەكەكە.
-شاعیری گەورەی فارس (حافزی شیرازی) لە نیوەدێڕی شیعرێكی بەناوبانگیدا، سوودی لە پەندێكی جوانی عەرەبی وەرگرتووە و دەڵێت: (من جرب المجرب، حلت بە الندامە).

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

بابه‌تی تر

میدیای ئێران: زانایەکی بواری ئەتۆم لە تاران “تیرۆر” کرا

ئاژانسی فارس بڵاویکردەوە، موحسین فەخری زادە زانای ئەتۆمی ئێران تیرۆر کرا. بەگوێرەی ئاژانسە…