سـەردار حوسـێن

چەند رۆژێكە سایتی PUKمیدیا و رۆژنامەی كوردستانی نوێ هێرشێكی بێسانسۆر دەكەنە سەر پارتی دیموكراتی كوردستان، هەڵبەت لە سۆشیال میدیاش تەقسیریان نەكردووەو ئەوەی لە شەڕیشدا كەس نەیگوتووە، ئەوان لە ئاشتەواییدا دەیڵێن، بەڵام ئێمە هەندەمان كات لەبەردەست نییە وەڵامی سۆشیال میدیا بدەینەوەو بەگرنگیشی نازانین، ئەوەی جێگەی نیگەرانییە بەلامانەوە رۆژنامەیەكی موعتەبەری وەك كوردستانی نوێ (كە ئێمە بەڕێزەوە لێی دەڕوانین و زمانحاڵی فەرمی یەكێتی نیشتیمانی كوردستانە) بێتە ئەو ئاستە نزمەی، دەرگا بۆ چەند فەریكە نووسەرێكی سمۆڵ بكاتەوە، ئەوانیش بە ئارەزووی خۆیان پەلاماری پارتی بدەن.

وتار و نووسینەكانی ئەو نووسەرە سمۆڵانە، ئەگەرچی لە شەتاحەت و قسەی بێبنەماو هەرزەگۆیی زیاتر شتێكی دیكە نییە، وەلێ مادام لە زمانحاڵی فەرمی و بە مەبەست بڵاودەكرێنەوە، ناچارین پێیان بڵێین: ستۆپ، ئەگینا بەبێ ئەوەی لە لووتكە دابەزینە لێرەوارەكانی ئەوان، نهێنی بڵاوكردنەوەو ئامانج و مەبەستەكانیان بۆ خۆیان و خوێنەر ئاشكرا دەكەین.

ئەگەرچی كاتێك مانگ لە چواردەبێت، پێویست بە ئاماژە ناكات، وەلێ بۆ ئەوانەی خۆیان دەخەڵەتێنن، ناچارین بەبیریان بهێنینەوە كە پارتی دیموكراتی كوردستان، پێویستی بە من و هیچ كەسێك نییە پێناسەی بكات و شیكردنەوە بۆ چالاكی و هەنگاوەكانی دوێنێ و ئەمڕۆ و سبەی بكات، بەپێی ئیستیحقاقی هەڵبژاردن پارتی لە لووتكەی هەڕەمی دەسەڵاتە لەم هەرێمەی خەڵكێك هەوڵی لەناوبردنی دەدات، كارەكتەرە سەرەكییەكانی پارتی و تەواوی ئەندامەكانیشی لەژێر یەك چەتری گشتگیردا كۆبوونەوەتەوەو هەر هەموویشیان تەواوكەری یەكتر و ركابەری یەكترنین، ئەو چەترەی سەرۆك مسعود بارزانی جێگەی هەموو كوردستانییەكی تیادا كردۆتەوەو كەسیش لەسایەیدا پریشكێكی گەرمی بەرناكەوێت، ئەوەی نووسەرە سمۆڵەكانی ئەوان باسی لێوەدەكەن، بەدەقیقی وەسفی حزبەكەی خۆیان و ئەو گەڕەلاوژەییەیە كە بەهۆی فرەباڵییەوە بەرۆكی گرتوون، نەك پارتی.

ئێمە لە كاتێكدا دەزانین كە بڵاوكردنەوەی ئەو جۆرە خیتابە بەفیتی كێ و بۆ چ مەبەستێكە، بەڵام ناشتوانن سەرقاڵمان بكەن بەوەی نەپرژێینەسەر قسەكردن لەسەر خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەری سێ ساڵ پێش ئێستا، ئاخر لە سەروبەندی یادكردنەوەی ریفراندۆمیش هەر ویستیان سەرقاڵمان بكەن، وەلێ ئێمە و كوردستانیان وەك چۆن بەوپەڕی شكۆوە یادی ریفراندۆممان بەرز راگرت، بەوپەڕی ئەسەف و ئیحراجیشیەوە باسی 16ـی ئۆكتۆبەر هەر دەكەین، بۆیە باشتربوو ئەو جۆرە وتارە لەو میدیا فەرمیانەی ی.ن.ك بڵاونەكرێنەوەو ئەگەر ناتوانن پاساوێك بۆ 16ـی ئۆكتبەر بدۆزنەوە، بێدەنگبوونایەو پەلاماری پارتی و سەركردەو ئەندامەكانی نەدەن، چونكە ئەوەی لە 16ـی ئۆكتۆبەر كراوە، ئەگەر هیچ كوردێكیش باسی نەكاتەوە، دواجار حەسەن پلایسەكان لەبیریان نەچووەو وەك شانازییەك باسی لێوە دەكەن.

پارتی دیموكراتی كوردستان وەك هەمیشە هەوڵیداوە تەبایی و یەكڕیزی نێوماڵی كورد بەرقەراربێت، زیاتر لەوەش هەوڵیداوە یەكڕیزی نێو حزبەكانیش بەرقەراربێت و هیچ حزبێك لە تەنگژەدا نەبێت، بەڵام ئەوەی لەو زمانەی ئێستای میدیای فەرمی ی.ن.ك و هەندێك لە نووسەری سمۆڵ و سەركردە تەرەفگیرەكانیان دەبیندرێت، پێش ئەوەی پەلاماردانی پارتی بێت، خۆشكردنی ئاگری دووبەرەكی نێو ریزەكانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستانە، بەوەی هەمیشە خیتابەكانیان بە ئاراستەی ستایشكردن و پیاهەڵدان و بەرزنیشاندانی یەكێك لە جەمسەرەكانی حزبەكەیانە و بە پێچەوانەیشەوە نزم و بچووك و تانەگرتنە لە جەمسەرەكەی دیكە، بۆیەش حەزێكی كۆن و خواستێكی ئێستایانە كە پارتیش دووچاری هەمان ئەو تەكەتولبازییە بكەن، كە خۆیان بەدەستییەوە دەناڵێنن، بەڵام بەری خۆر بە بێژینگ ناگیرێت و خۆری پارتی هەمیشە لە هەڵاتن و مۆمی هەندێك كوتلەو دەستەو تاقمی ئەوانیش لە كوژانەوەیە.!

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

بابه‌تی تر

وەزیری پەروەردە: بەداخەوە هەندێ‌ جار ئەم پرسانە بۆ موزایەدە بەكار دەهێنرێت، دەیانەوێت موزایەدە بخەنە ناو كەرتی پەروەردە

خەبات: رۆشنا عەلی:- وەزیری پەروەردە لە میانەی كردنەوەی قوتابخانەی شاری مامۆستایانی بنەڕەتی…