كاروان محەمەد سینۆ
دەمێكە لە سۆشیال میدیا و میدیای فەرمی یەكێتی بە مەبەستێكی دیاریكراو پەلاماری پارتی دەدرێت و دژی هەموو هەوڵێكی پارتی دەوەستن كە هەنگاو دەنێ بە ئاراستەی یەكڕیزی ناوماڵی كورد و تەبایی و چاكسازی و رووبەڕوو بوونەوەی قەیرانی سیاسی و ئابووری و تەندروستی ئێستای كوردستان.

وێڕای ئەوەی ئێمە ئاگاداری دووبەرەكی هەموو ئەو ئەكاونت و ماڵپەڕانەین كە خزمەت بە بەرژەوەندی كورد ناكەن، بەڵام هەر لە پێناو پرۆسەی ئاشتی و تەبایی و هەماهەنگی نێوان پارتی و یەكێتی، هەرگیز خۆمان نەهێناوەتە ئاستی نزمی ئەكاونتەكانی سۆشیال میدیا و ماڵپەڕی فەیك, بەڵام كاتێك لەنێو لاپەڕەكانی رۆژنامەی كوردستانی نوێدا (وەكو زمانحاڵی یەكێتی) لەلایەن چەند كەسانێكی گومان لێكراو و قەڵەمی نەخۆشەوە پەلاماری پارتی دەدرێت، لێرە بە مافی خۆمانی دەزانین كە گڵەیی و گازندە لە هەڤاڵانی دەستەی نووسینی رۆژنامەی كوردستانی نوێ بكەین، كە چۆن خزاونەتە ژێر باڵ و فشاری گروپێكی هەرزەكار و هیچنەزان، ئەوانەی تاكو ئێستاشی لەگەڵدابێ هێشتا بەهای خیانەت و فرۆشتنی كەركوك و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستانیان وەرنەگرتووە؟! تەنانەت تاكو ئێستا داوای لێبووردنیان لە خەڵكی كوردستان و خەڵكی كەركوك و قەزا و ناحیە و گوندەكانی كەركوك نەكردووە و داوای لێبووردنیان لە خانەوادەی ئەو پێشمەرگانە نەكردووە كە لە رووداوە خیانەتكارییەكەی 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی 2017 بە دەستكێشی ئەوان، زنجیری دەبابەی داگیركەران تەرمی پیرۆزی پێشمەرگەیان شێلاوە.

ئێمە دەزانیین كە پەلاماردانی پارتی لەلایەن هەندێك كەسەوە (لەنێو لاپەڕەكانی رۆژنامەی كوردستانی نوێ) لە چ كەس و گرووپێكەوە ئاراستەكراون و نیاز و مەرامیان چییە و ئەجێندای كام وڵات پەیڕەو دەكەن، بەڵام هیچ حسابێك بۆ ئەو نووسین و موهاتەراتە ناكەین، چونكە (كاڵایان بەقەد باڵایانە). هەروەها ئێمە دەزانین لەم ئانوساتەدا، واتا لە سەرەتای مانگی (ئۆكتۆبەر)ی ئەمساڵ و لە سێیەمین ساڵیادی خیانەتكارییەكەی 16ی ئۆكتۆبەری 2017، لەچوارچێوەی ماددەی (140)ی دەستوری عێراقی فیدڕال، بەچاودێری نەتەوەیەكگرتووەكان و هاوپەیمانانی شەڕی دژی داعش، رێكەوتنی ئەمنی و كارگێڕی و ئاوەدانكردنەوەی شنگال لە نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق فیدڕالدا ئەنجام درا، وەك دەسپێكێك بۆ جێبەجێكردنی ماددەی (140) دەستور لە هەموو شار و ناوچە و دەڤەرە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم كە لە رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری2017 بە دەستكێشی ئەو باڵە داگیركراون. بێگومان ئەم رێككەوتنە دەبێتە هۆكاری مایەپووچی بۆ ئەو گروپەی كە بەربەرەكانی ریفراندۆمیان كرد و لە 16ی ئەۆكتۆبەری2017 دەستكێشییان بۆ داگیركەران كرد. هەروەها ئێمە دەزانین كە هەڵچوون و تەنگەنەفەسی و پەلەقاژە و نیگەرانییەكانیان لە چییەوە سەرچاوەی گرتووە، چونكە ئاساییكردنەوەی بارودۆخی شەنگال و دەركردنی میلیشیا سەرەڕۆكانی حەشدی شەعبی و پەكەكە لە شەنگال، دەبێتە هۆكاری بڕینی ئەوڕێگایەی كە (ئەودیوی سنووری عێراق) و بەغدا و دیمەشق و بەیروت بەیەكەوە دەبەستێت، ئەمەش ئۆقرەی لەو كوتلەیەو ئاغاكانیان بڕیووە. بۆیە لە بەرامبەردا پەلاماری پارتی دەدەن بۆ شاردنەوەی شكستەكانی خۆیان.

هەموو ئەوانەیش لەكاتێكدایە كە هەرسێ سەرۆكایەتییەكانی هەرێمی كوردستان لە كۆبوونەوەی بەردەوامدان بۆ رێگریكردن لە تەعریبكردنی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان، كە بە ئاشكرا هەوڵی گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچە دەدرێت، بەلایەنی كەمەوە دەبوو ئەو میدیایانە بەشێكبن لە پشتگری سەرۆكایەتییەكانی هەرێمی كوردستان، نەك بەشێكبن لە درووستكردنی پشێووی و ئاستەنگ لەبەردەم یەكڕیزی ناوماڵی كورد.

لێرەدا ئێمەپابەندین بە رێنماییەكانی سەركردایەتی پارتی و دەزگای رۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتیمان كە بەئاراستەی رێككەوتن و دانوستانەكانی پارتی و یەكێتی بین لە نووسین و گوتارەكاندا و نەبینە هۆكاری ناخۆشكردنی زەمینەی یەكڕیزی نێوماڵی كورد و سازانی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان، ئەگینا زۆر شت هەیە پێویستە روونكردنەوەی لەسەر بدەین، بەڵام ئێمە خۆمان ناهێنینە ئاستی نزمی ئەو گرووپ و دەستەی ناو یەكێتی كە هەموو هەوڵێكیان بۆ جێبەجێكردنی ئەجێندای بێگانەیە و بۆ خۆ دەرخستن و ڕەپێشكردنی پێگەی خۆیانە و كۆكردنەوەی پارە و قاچاغچیاتی سنوور و بەرژەوەندی كەسایەتی خۆیانە لەسەر حیسابی تەبایی و یەكڕیزی ناوماڵی كورد، بەڵام كاتێك رۆژنامەی كوردستانی نوێ دەخزێتە نێو موهاتەراتی سیاسی دەستە و تاقمیێكی دیاریكراوی ناو یەكێتی، ئینجا مافی ئەوەمان هەیە كە گلەیی لە رۆژنامەی كوردستانی نوێ بكەین (وەكو زمانحاڵی یەكێتی) كە رێگەی داوە ئەم جۆرە گوتار و نووسینانە لە نێو لاپەڕەكانیدا بڵاو بكرێتەوە، كە دەبنە مایەی تێكدانی زەمینەی تەبایی و یەكڕیزی ناوماڵی كورد و دواجار تەنیا دوژمنان و داگیركەران سوودی لێ وەردەگرن.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

بابه‌تی تر

وەزیری پەروەردە: بەداخەوە هەندێ‌ جار ئەم پرسانە بۆ موزایەدە بەكار دەهێنرێت، دەیانەوێت موزایەدە بخەنە ناو كەرتی پەروەردە

خەبات: رۆشنا عەلی:- وەزیری پەروەردە لە میانەی كردنەوەی قوتابخانەی شاری مامۆستایانی بنەڕەتی…