وەزیری بەرگریی فەرەنسا، ئێوارەی دوێنێ گەیشتە بەغدا و، دەبێتە دووەم وەزیری فەرەنسی لە ماوەی شەش هەفتەدا سەردانی عێراق بکات، دوای کۆبوونەوەکانیشی لەگەڵ بەرپرسانی عێراق، دێتە هەولێر و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە.

نووسینگەی راگەیاندنی فلۆرانس پارلی، وەزیری بەرگریی فەرەنسا ئاشکرای کرد، ئەو وەزیرە فەرەنسییە ئێوارەی دوێنێ گەیشتووەتە بەغدا و ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 27-8-2020) دەست بە کۆبوونەوەکانی دەکات. بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24، فلۆرانس پارلی ئێوارەی ئەمڕۆ دەگاتە هەولێر و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە.

لە کۆبوونەوەکانیدا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق و هەرێمی کوردستان، پارلی گفتوگۆ لەبارەی ئەو بابەتانە دەکات، کە جان ئیڤ لودریان، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا پێشتر لەماوەی سەردانەکەیدا لەگەڵ بەرپرسان تاوتوێی کردبوون، لەوانەش: شەڕی دژی داعش و بابەتی سەروەریی عێراق.

هەمان سەرچاوە باسی لەوە کردووە، پارلی لە گفتوگۆکانیدا “دەستوەردانەکانی تورکیا” لە خاکی عێراق تاوتوێ دەکات، بەتایبەتی هێرشەکانی ئەم دواییەی تورکیا لەدژی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لەسەر خاکی هەرێمی کوردستان.

سەرچاوەکەی هێزەکانی فەرەنسا گوتوویەتی “گەیشتووینەتە ئاستێکی ترسناک لە پێشێلکردنی سەروەریی عێراق… فەرەنسا بەتەواوی پاڵپشتی سەروەریی عێراق دەکات لە چوارچێوەی هاوسەنگییەکی هەرێمیی ئاڵۆزدا”.

فەرەنسا بەردەوام هۆشداری دەداتە وڵاتان لەوەی ئامادەییان بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش کەمنەکەنەوە، لەکاتێکدا ناکۆکییەکانی ئەمەریکا و ئێران لەلایەک و قەیرانی تەندروستی بەهۆی پەتای کۆرۆناش لەلایەکی دیکەوە، ئەمساڵ شەڕی داعشیان کردووەتە بابەتی دووەمی باسەکان.

سەردانەکە لەکاتێکدایە ناکۆکییەکانی نێو ئەو هاوپەیمانییەی فەرەنسا بەشێکییەتی، زیاد دەبن. ئەوروپییەکان، واشنتن تۆمەتبار دەکەن بەوەی: مەترسی لەسەر هێزە ئەورووپییەکانی دژی داعش زیاد دەکات، لەڕێگەی ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانیی تاکلایەنە لەدژی هێزە هاوپەیمانەکانی ئێران لە عێراق.

K24

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

بابه‌تی تر

وەزارەتی دارایی عێراق : مووچه‌ی ئه‌م مانگه‌مان نییه‌

وەزارەتی دارایی عێراق لەبارەی هۆكاری دواكەوتنی دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەران راگەیەندراوێك…