خەبات: زانیار سە ردار قڕگەیی – سلێمانی:- دوژمنانی گەلی كورد هەمیشە هەوڵی سەركوتكردن و دامركاندنەوەی شۆڕش و ڕاپەڕینە یەك لەدوایەكە كانیان داوە، هیچ كات درێخییان نەكردووە و بە توندترین شێوە و بە دڕندانەترین رێگە بەرەنگاری شۆڕش و راپەڕینەكانی كورد بوونەتەوە و هەوڵی پیلانگێڕی و تیرۆركردنی سەركردەكانی كوردیان داوە، بەتایبەت هەوڵی تیرۆركردنی مستەفا بارزانی، چونكە بارزانی وەك كارێزمایەك و سیمبولێكی مەزنی ئەو شۆڕشانە دەركەوتووە، هەربۆیە دوژمنان بەردەوام پیلانیان لەدژی خۆی و نەوەكانی داڕشتووە، بەڵام هەموو ئەو پیلانانە شكستیان خواردووە و (بارزانی)ش بەسەلامەتی لێی دەرباز بووە، هیچ كاتێكیش پەنای نەبردووەتە بەر تۆڵەكردنەوە لەو كارە تیرۆرستییانەدا و بڕوای بەوە نەبووە هەڵە بەهەڵە چارەسەر بكرێت. لێرەدا و لەیادی كردەوە تیرۆرستییەكەی 1971/9/29دا، گەشتێك بەنێو رۆژژمێری كردەوە تیرۆرستییەكانی دەرهەق بە بارزانی دەخەینە روو، كە بەم جۆرە بوون:

  هەرچەندە لە ناوەڕاستی 1936دا، لەكاتی وتووێژدا هەوڵی تیرۆركردنی مستەفا بارزانی درابوو، ئەوكاتەی موتەسەڕیفی شاری مووسڵ ژەهری بۆ كردبووە ناو قاوە، بەڵام گیانی بارزانی سەلامەت بوو، لە 1961/12/17یش لە نزیك سەرسەنگ، عەبدولكەریم قاسم شاندی وتووێژی بۆ لای بارزانی ناردوو، فڕۆكەی جەنگیشی نارد تا بۆردومانی شوێنی كۆبوونەوەكان بكەن. لەگەڵ ئەو هەڵوێستانەی دەسەڵاتدارانی جۆراوجۆری عێراقیشدا، بەڵام بارزانی لە ساڵانی دواتری تێكۆشانیدا، هیچ كات وتووێژی ئاشتی رەت نەكردووەتەوە. هەر بۆیە لە كۆتایی ساڵی 1969دا، لەگەڵ بەعسییەكان وتووێژی دەست پێ كردووە، دوای ئەوەی بەعسییەكان نەیانتوانی شۆڕشی ئەیلوول بەشەڕ لە ناو ببەن.

  د. جەمال رەشید، لە وتارێكیدا لەسەر پیلانێكی رژێم لە دژی بارزانی لە شاری كەركووك، دەنووسێت: “ئەفسەرێك وەك (هیدایەت ئەرسەلان) دوای ئەوەی پیلانی تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێلەكەی سەرۆك بارزانی پێ بەدی نەهێنرا، لە بەردەرگای یانەی ئەفسەراندا دڵی وەستا و مرد.”

  بێرناد دۆرین، باڵوێزی فەرەنسا، دەڵێت: “بارزانی هەمیشە جەختی دەكردەوە، كە هەرگیز ڕوو لە تیرۆر ناكات، هەرچەندە بەدەیان و بگرە سەدان هەزار كورد لە بەغدا دەژیان، زۆر بە ئاسانی دەیانتوانی كاری تیرۆرستی بكەن، بەڵام بارزانی دەیگوت، ئێمە تیرۆرست نین، ئێمە پارتیزانین و دژی هاووڵاتییان شەڕ ناكەین و پەنا بۆ تیرۆر نابەین، ئێمە وەكوو باووباپیرانمان لەپێناو مافەكانماندا بە پاكی دەجەنگین”.

  د. مەحموود عوسمان، لە دیدارێكی تەلەڤزیۆنیدا دەڵێت: “حكوومەتی عێراق وردە وردە خۆیان لە جێبەجێكردنی بەیانەكەی 11ی ئادار دزییەوە، ئیتر كێشە دروست بوو، ئینجا ئەوان لە بەغدا هەوڵی تیرۆركردنی (كاك ئیدریس)یان دا، پێش ئەوەش هەوڵی تێكدەرانەی تریان دا و كێشە لەنێوانمان دروست بوو، دواتریش هەوڵی تیرۆركردنی (بارزانی)یان دا”.

 د. عیزەدین مستافا رەسووڵ، لەدیدارێكی بەمجۆرە لە وریایی و زیرەكی بارزانی و كردەوە تیرۆرستییەكانی دەرهەقی دەكران دواوە: گەورە بەرپرسانی عێراق دەیانویست بارزانی بچێ بۆ بەغدا، بەڵام بارزانی هەرگیز نەدەچوو، دەبوایە ئەوان بهاتنایە بۆ لای بارزانی. عەبدولڕەحمان عارف، سەرۆك كۆمار بوو، ئەو خۆی دەهات بۆ لای بارزانی، بارزانی لە هیچ كات ‌و ساتێكدا نەدەچووە بەغدا، ئیتر ئەمەیش وریاییە، وریایی لە خۆپاراستندا زۆر زۆر هەبوو، لەو ڕووەوە زیرەك بوو، بەڵام بۆ جارێك ڕژێمی فاشستی بەعس ژوور ئەو وریاییەش كەوتن ‌و ئەو مەلایانەیان بۆمبڕێژ كرد ‌و ناردیانن ‌و بەو جۆرە بوو كە تەقینەوە ‌و بارزانییش سەلامەت بوو. ئەوەش چیرۆكیان درێژە، هەن دەڵێن هەموویان ئەمن بوون ‌و پیاوی موخابرات بوون، بەڵام هەن دەڵێن وانەبوو، ئەو دوو كەسەی دەرەوەی بارەگای بارزانی نەبێ كە لەگەڵ وەفدەكەدا بوون، دەیانزانی مەسەلەكە چییە لەگەڵ شۆفێرەكان (ئەمن) بوون، كە بە وەفدەكەیان گوتبوو دەنگی بارزانی بە نهێنی تۆمار بكەن، لەگەڵ داگیرساندنی تۆمارەكەدا تەقینەوە، بەڵام ئەوە ڕێككەوت بوو، كە چایچییەكە هاتبووە نێوان كەسی خۆكوژ ‌و بارزانی، هەر بۆیە چایچییەكە لەوێدا شەهید كرا، پاشان پارچەیەك لە شریتەكە دۆزرایەوە ‌و دەنگی بارزانی لەسەر تۆمار كرابوو. چونكە بەعسییەكان ئەزموونی فاشستی جیهانییان هەبوو. كەسانی ئەڵمانییایان زۆر لەبەردەستدا بوو، كاری لەو جۆرانەیان فێر دەكردن، بەداخەوە لە هەردوو ئەڵمانیاوە.‬مەبەستم ئەوەیە كە بارزانی لە خۆپارستندا زۆر وریا ‌و زیرەك بوو. ئەو زیرەكییە سروشتییەی كە تێیدا بوو، ئەزموونی كۆنی خۆی ‌و عەشیرەتەكەی ‌و ئەوانەی هەموو وەرگرتبوو. ‬

 د. شوكریە رەسووڵ، لە وتارێكیدا بەناوی (بارزانی و كێشەی كورد لەنێوان بەرژەوەندیی دەوڵەتە زلهێزەكان و دەوڵەتانی ناوچەییدا 1945- 1975)، سەبارەت بە هەوڵە تیررۆریستییەكان دژی بارزانی، دەنووسێت: “دانانی پیلان بۆ كوشتنی بارزانی، بەهۆی رۆژنامەنووسێكی كوردی سووریا (ئیبراهیم گاباری)، كە جانتاكەیان بەپێی پلان پڕ كردبوو لە كەرەستەی تەقینەوە، لەگەڵ پیلانێكی تری نەخشە بۆداڕێژراو، بۆ كوشتنی بارزانی لە 1971/9/29، كە نۆ پیاوی ئایینی بە دوو ماشێن هاتنە ناوپردان و، پشتێنی مەلاكان هەمووی پڕ دینامێت بوو و لەلایەن شوفێرەكانی دوو ماشێنەكە تەقێنرانەوە و هەموو مەلاكان كوژران و (بارزانی)ش بە ساغ و سەلامەتی رزگاری بوو”.

 لە رۆژنامەی (ژین)، ژمارە (42)، رۆژی پێنج شە ممە 1971/10/7 دا، لە یەكەم لاپەڕە و مانشێتی یەكەم و دوای ماوەیەكیش لە لاپەڕە (6)دا، هەواڵێكی گرنگ باس دەكات، كە ئەویش هەواڵی تیرۆركردنی سەرۆك (مستەفا بارزانی)یە، بەم شێوەیە دەنووسێت: (كورتەی دەستدرێژیی تاوانباران بۆ سەر ژیانی سەرۆك بارزانی)، پاشان بەم جۆرە درێژە بە بابەتەكە دەدات: (عەسری ڕۆژی چوار شەممەی پێشووتر، كە ڕێكەوتی 1971/9/29ی كرد، وەفدێك لە بەغداوە گەیشتە حاجی ئۆمەران، كە (نۆ) كەس بوون لە دوو ترومبێلدا، یەكێكیان (تیۆتا- ستێشن) و ڕەنگی سپی بوو، ئەوی تریان لە جۆری (شۆڤرلێت) بوو، دووكەس لێی ئەخوڕین، كە گوایە شوفێرن. وایان دەرخست، كە وەفدێكن لە پیاوانی ئایینی، داوای بینینی (بارزانی)یان كرد و لیستێكیان بە ناوەكانی خۆیان و بە دەستوخەتی خۆیان ناساندبوو، ناوەكانیش ئەمانە بوون:

 -1 عبدالحسین دخیلی. 2- شیخ عبدالوهابی اعضمی. 3- شیخ عبدالجباری اعضمی. 4- شیخ ابراهیم غانمی خزاعی. 5- شیخ احمدی هیتی. 6- شیخ باقر مظفر. 7- شیخ نوری یاسین حسنی. 8- شیخ غازی دلیمی. 9- شیخ عبدالجلیل موسوی.

  چوار كەس لەوانە پێش دوو هەفتە چووبوون بۆ حاجی ئۆمەران و چاویان بە بارزانی كەوتبوو، بەوداوایەی، كە كۆمەڵێك لە پیاوانی ئایینی نیازی خزمەتی وڵاتیان هەیە و پەیوەندیی ئەبەستن لەگەڵ شوێنە كوردییەكان و كاربەدەستان، بەهیوای نزیككردنەوەی باری سەرنج و نەهێشتنی گومان و دوودڵی و جێبەجێكردنی ئەمن و ئاسایش. هەروەها ئەمجارەش، گوایە بۆ ئەو نیازە هاتوون و بە نووسین داخوازییەكانیان دەست بكەوێت.

   لە سەعات پێنجی ئێوارەدا بە دیداری بارزانی گەیشتن، لەو شوێنەی، كە بارزانی میوانەكانی ئەبینێ، لە ژوورێكدا بێجگە لە بارزانی، دكتۆر مەحموود عەلی عوسمان، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان و ئەندامانی وەفدە هەڵبەستراوەكەی، لێ ئەوانە هەردوو ترومبێلەكەیان، كە بەدەیان بۆمبا و كەرەستەی تەقینەوەی تێدا بووە، لە تەنیشت پەنجەرەی ژووری كۆبوونەوەكەوە دانابوو، لە ژێر چاودێریی هەردوو شوفێرەكەدا.

  رۆژنامەكە لەدرێژەی بابەتەكەیدا دەنووسێت: دوای چارەكە سەعاتێك، كە هەموویان خەریكی قسە و گفتوگۆ ئەبن، تاوانبارەكان دەستیان كردووە بە هێرشبردن بە بۆمبای دەستی و كەرەستەی تەقینەوە، كە خۆیان هەڵیان گرتوون و بە شێوەیەكی هونەری بەخۆیانەوە بەستووەتەوە، ئەیانویست دەستبەجێ بارزانی لەناوبەرن، هەندێكیان هەر لەوێدا بەبۆمباكانی خۆیان لەناوچوون، دوای بەیەكدادانێكی سەخت لەنێو ئەوان و پاسەوانەكانی بارزانیدا و تاوانبارەكان، دەیان بۆمبا و كەرەسەی تەقینەوە و بۆمبای كاتییان بەكارهێنا، تا هەموویان لەناوچوون، سەرەڕای ئەو ڕەنجەی، كە پاسەوانەكان دایان بۆ گرتنیان، هەروەها دوو شوفێرەكەش بەگەرمی بەشدارییان كرد، دەستبەجێ بارزانی شوێنی كۆبوونەوەكەی بەجێهێشت، تاوانبارەكان، كە زانییان مستەفا بارزانی سەلامەتە و ماوە، یەكێكیان بۆمبێكی دەستیی بۆ هاوێشت و لە نزیكیەوە كەوت، بەڵام خودا ویستی بارزانی بپارێزێت. لەئەنجامدا دوو پێشمەرگەی پاڵەوان شەهید بوون و چواردەش بریندار بوون، كە برینی دووانیان زۆر سە خت بوو. لە كاتی بەیەكدادانیشدا یەكێك لە ترۆمبێلەكان تەقییەوە و زۆر شوێنی خانووەكەی وێران كرد، بەڵام ترۆمبێلەكەی تر هەر ماوە و بەشێكی زۆری لە بۆمبا و كەرەستەی تەقینەوەكان بە ژێر سكیەوە، بەشێوەیەكی هونەریی ورد چەسپ كراوە. لێكۆڵینەوەش بەردەوامە بۆ دۆزینەوەی هۆی راستەقینە و دەستی چڵكنی بەڕێوەبردن”.

  لەم رووەوە و لە كتیبی (بارزانی و بزاڤی رزگاریخوازی كورد)، نووسینی (مەسعود بارزانی)دا، بەم شێوەیە ئەو كارەسات و كردەوە تیرۆرستییە نووسراوە: “سەرنەگرتنی هەوڵی تیرۆركردنی بارزانی، لە 29ی ئەیلوولی 1971دا سەرچاوە باوەڕ پێكراوەكان لە واشنتۆن، ماوەی بۆ (مۆنیتۆر) رەخساند، كە ئاگاداری ڕای كوردەكان بێت لە بارەی رووداوەكەوە، كە ئەویش بەم جۆرەیە : دوو هەفتە پێش رووداوە كە، شاندێكی پێكهاتوو لە چوار زانای ئایینی لە بارەگاكەی خۆی لە حاجی ئۆمەران لە پارێزگای هەولێر، سەردانی (بارزانی)یان كرد، لە  29ی ئەیلوول لەگەڵ پێنج كەسی تر و دوو شوفێر گەڕانەوە و دوو ئۆتۆمبێلەكە لە نزیك پەنجەرەكانی ژووری میوان راگیران و  هەردوو شوفێرەكەش لای ئۆتۆمۆبێلەكانیان مانەوە، كاتێكیش بارزانی بەوە رازی بوو چاوی پێیان بكەوێت، بڕیاری جێبەجێكردنی پرۆسەكەیان دا و (دە) دەقیقە دوای دەسپێكردنی دیدارە كە، بۆمبێكی دەستی (یان بۆمێكی تەوقیتكراو) كە بە یەكێكیان بوو، تەقی و كوژرا و دەستدرێژیكەرەكانی تر رایان كرد بۆ ژووری پێشوازیكردن، بارزانی فەرمانی كرد نەیانكوژن، بەڵام بۆمبێكی تر بۆ بارزانی هاوێژرا و پاسەوانەكەی كوشت و لە ماوەی شەڕەكەدا، كە لە دوای ئەوە هات، سەربازە كوردەكان هەر (11) پیلانگێڕەكەیان كوشت و دوو كەسیش لەوان كوژران و 14شیان بریندار بوون، دوای ئەوە یەكێك لە دوو ئۆتۆمۆبێلەكە تەقییەوە، ئینجا ئۆتۆمۆبێلەكەی تر پشكنرا و سەد كیلۆ مادەی تەقەمەنی و دوو مووشەكیان تێدا دۆزییەوە. هەردوو ئۆتۆمبێلەكان بەشێوەیەكی هونەری و بەشارەزایی، بە تەقەمەنی چێنرابوون، ئەمەش بەلای كەمەوە، لای بەشێك لە كوردەكان ئاشكرا بوو، كە گرووپێكی وەكو ئەوانە ناكرێ بەبێ پشتیوانی لێكردنی هەندێك لایەنی حكوومی، پوولدار بكرێن و رابهێنرێن و بە چەند خاڵێكی پشكنیندا تێ بپەڕن”.

 لە درێژەی باسەكەیدا لە كتیبی (بارزانی و بزاڤی رزگاریخوازی كورد) دەڵێت: “حكوومەت دەستەیەكی لێكۆڵینەوەی پێنج كەسی بە سەرۆكایەتیی (حەمید عانی) بریكاری وەزارەتی ناوخۆ پێكهێنا، بۆ لێكۆڵینەوە لەم رووداوە، بەڵام ئەم دەستەیەش وەك دەستەكانی تر، سەفەری كرد بۆ باكوور، بۆ دڵنیاكردنەوەی كوردەكان، كە ڕقیان بووەتەوە و زۆریان پێ ناخۆش بووە” .  

(11 ) كەسی چەكدار بە بۆمبی دەستی (نارنجۆك) و تەقەمەنی هەوڵی تیرۆركردنی مەلا مستە فای بارزانی، پێشەوای كوردیان دا، لە بارەگای سەركردایەتیی خۆی لە باكووری عێراق، بارزانی لەو هەوڵدانە بە بریندارییەكی كەم دەرچوو، بەڵام دووان لە پاسەوانەكانی كوژران و هەموو پیلانگێڕەكانیش لەنێو چوون. دوای بیستنی  هەواڵی هەوڵدانەكە، سەركردایەتیی قوتڕی حزبی بەعسی فەرمانڕەوا، برووسكەنامەیەكی بۆ بارزانی نارد و لەو برووسكەنامەیەدا پێناخۆشبوونی خۆی سەبارەت بەم هەوڵە دەربڕی و پیرۆزبایی رزگاربوونی لێ كرد، لە برووسكەنامەكەدا هاتبوو: ” هەوڵدانەكە تەنیا مەبەستی ژیانی ئێوە نەبوو، بگرە مەبەستیشیان زیانگەیاندن بووە بە بەیاننامەی 11ی ئاداری 1970) ،كە كۆتایی بە جەنگی ناوخۆیی نێوان كورد و حكوومەت هێنا. 

 (العالم العربی) باسی لەوە كردووە، كە دەسەڵاتدارێتی هەوڵی پێڕەوكردنی سیاسەتێك دەدات، كە ئاشتی و دیموكراتی و چارەسەركردنی ئاشتییانەی كێشەی كورد لە رێگەی بەیاننامەی 11ی ئادارەوە وەدی بێنێ، كە دان بە ئۆتۆنۆمیدا دەنێت بۆ كورد. (العالم العربی) لە ژمارەی رۆژی یەكەمی ئۆكتۆبەر نووسیویەتی، وا پێشبینی دەكرێت،  هەندێك (رەگەزی) كوردی مونافەسەكار ئەو  هەوڵەیان دابێت، بەڵام ئەو وەڵامی برووسكەنامەیەی، كە بارزانی بۆ حزبی بە عسی ناردووە و گێڕانەوەی كوردەكان لەبارەی رووداوەكەوە، بایەخی خەڵكی رادەكێشێت بۆ بابەتەكە .

  وەڵامی برووسكەنامەكەی بارزانی:

 سوپاسی هەستتان دەكەین.. بێ گومان ئەو هەوڵدانە ئامانجی زیانگەیاندن بوو بە بەیاننامەی ئادار و لێكهەڵوەشاندنی ریزی نیشتمانیی گەلی عێراقمان، بەلەبەرچاو گرتنی ئەوەی، كە دەستدرێژیكاران لە بەغداوە هاتبوون و (دە) خاڵی پشكنینی حكوومەتیان بە دوو ئۆتۆمبێلی بارگاویكراو بە ئامرازی تاوان بڕی بوو، ئەوانە لە خەڵكی ناوچەكە نەبوون، لەبەرئەوە كاری لێكۆڵینەوە بۆ دەسەڵاتدارانی پەیوەندیدار جێدەهێڵین و دەسەڵاتدارانی لێكۆڵینەوەش لە هەر زانیارییەك پێمان بگات ئاگادار دەكەینەوە ..چاوەڕوانی هەوڵ و تەقەڵاتانین.

ئێستگەی بە غدا- بەشی دەرەوە – 4ی ئۆكتۆبەر.

 لە كاتێكدا ڕژێمی بەغدا، لە ڕێگەی چەند مەلایەكەوە، كە هەموو گیانیان كەرەستەی تەقینەوە بوو، پیلانی كوشتنی (بارزانی)ی دانا، خودا زوڵمی ناحەق قبووڵ ناكات و زانیی بارزانی كوردپەروەر و خاوەن ئیمان و باوەڕە، كەرەستەی تەقینەوەكە بەسەر مەلاكاندا تەقییەوە و تەنیا بارزانی و دكتۆر مەحموود عوسمان بەشێوەیەكی سەرسوڕمان ڕزگاریان بوو. مەكتەبی سیاسی بڕیاری تۆڵە سەندنەوە و شەڕهەڵگیرسانی دا، بەڵام بارزانی ڕازی نەبوو شەڕ لەسەر ئەو بكرێت و دەڵێت: (ئەگەر لەسەر من شەڕ دەكەن مەیكەن، لەسەر كەركووك شەڕ بكەنەوە). ئاوا ڕژێم ویستی لە ژێر پەردەی ئایینەوە، ئەو ڕابەر و سەركردە و مرۆڤە كوردپەروەر و ئاشتیخواز و لە خودا ترسە لە ناو ببات، نەی زانی حەق و ڕاستی و عەدالەت لای بارزانییە .

  هەر لەو سەروبەندەدا دەبێت، كە رۆڵەكانی گەلی كورد دڵتەنگی و ناڕەزایەتیی خۆیان بەرامبەر بەو كردەوەیە دەردەبڕن و ئیدانەی دەكەن، لە نێویشیاندا چەند شاعیرێك، بە چەند چامە و بە هۆنراوەكانیان وەڵامی دوژمنانی گەلی كورد دەدەنەوە و هەوڵی پیلانگێڕی و هەوڵی تیرۆركردنی بارزانی شەرمەزار و پرۆتستۆ دەكەن، بۆ نموونە، لەوكاتەدا ئەحمەد شوكری، ناسراو بە (دكتۆر شۆ)، كە شاعیر و ئەدیبێكی ناسراوی شاری سلێمانی دەبێ، بە ناوی (مژدە بۆ گەلی كوردستانی خۆشەویست)، شیعرێكی دوورودرێژ بەم جۆرە دەنووسێت، كە لێرە دا بە شێكی دەخەینە روو:

مژدەبێ‌ لە گەل لە هەموو              كاكی مەزن ڕزگاری بوو

مستەفا هیچی بۆ نەبوو                پیلانگێڕی بێ‌ ئابڕوو

خۆیان پێ‌ گۆڕ بە گۆڕ بوو

هات لە بەغدا زەمینەوە              (نۆ) كەس بەناوی دینەوە

بە مێزەر و ئایینەوە                بە لەشی ئاگرینەوە

بەخۆیانا تەقینەوە

بخۆن ئاوا دەردیان بێ‌               ناپاك ئەبێ‌ هەروای لێ‌ بێ‌

دیارە چەپەڵ خۆی تووش ئەبێ‌       بەدخوو هیچی بە هیچ نابێ‌

دەخەڵ ئەبێ‌ دەربەدەربێ‌

لە خوێنی خۆیانا گەوزان          بەدەسی خۆیان خۆیان تۆپان

هەموو پوخڵە شەهیدكران             ڕووە و جەهنەم نێرادران

ئەمەش پاداشتی خائینان

داوەشێ‌ باشە ئەو لەشە              كە كرداری غەل و غەشە

لای وایە وا ئەكات گەشە             ڕەنگە نەزانێت ڕوو ڕەشە

پاشە ڕۆژیشی بێ‌ بەشە

مستەفا سەربەست بە و هەڕۆ        یەزدان ئەتپارێزێ‌ ئەتۆ

دوژمنی تۆ نابات پەتۆ             بەدكردە خوا ئەیخات لە گۆ

هەر ڕاستی گرەو ئەباتۆ

نەك تەنها بۆ كاكی ناودار            لەناو بەرن ئەی بەد ئەتوار

بۆ تێكچوونی یازدەی ئازار         ڕووداتەوە ئێش و ئازار

شەڕ و شۆڕ بێتەوە كار

ئەو كارەساتەی كە كرا            ئەوی لەگەڵتا بوو كوژرا

فیدای تۆ بوو خوێنی پژرا          بە بێ‌ تاوان شەهید كرا

قەت خوێنی ون ناكەین برا

دوو لاوی شیرین زبانی            شەریف و سەلیم بارزانی

خزمەتگوزار بوون بە جوانی       نەك ئەوان كەس نەیدەزانی

لێ‌ یان ئەبوو سبای پەنهانی

ئیش نابێ‌ بكرێ‌ بە پەلە         خوێنیش بڕوا وەك جۆگەلە

لە دەس دەرناچێ‌ ئەم هەلە        بە ڕزگار بوونت ئەم گەلە

لە خۆشیا كەوتە هەل هەلە

قەت مەكەن كاری بێ‌ ڕاوێژ        بەوردی بیكەن واڵا بێژ

تا چڵكاوخۆرانی خوێن ڕێژ        تەواو شوێنیان پێ‌ بكەین لێژ

كەمترن لە لام لە (گوێ‌ درێژ)

باوەڕی من بە حەق وایە        مستەفا هیچی لێ‌ نایە

ئەو گشتە شەڕ و بەڵایە        كە تووشی بوو لەم دونیایە

پاراستویە ئەو خوایە

ئەو ئەو هەموو بگرەو بەردە       دووچار بوو لەم شاخ و هەردە

ئەو گشت فەلاكەت و دەردە        كــۆڵـی نـەداوە بـەم مـەردە

دوژمن دە بەرۆكمان بەردە….

 هەروەها مامۆستا شێركۆ بێكەس، شاعیری بەناوبانگی نەتەوەكەمان، بۆ ئەو پیلانە نەگریسە، بە هۆنراوە ناوەزە و پڕ بەرهەم و سۆزداریییەكەی، تووڕەیی و بێزاریی خۆی دەردە بڕێ و وەڵامێكی توندیان دەداتەوە و خۆشەویستیی خۆی بەڕادەی بێ وێنە پیشان دەدات و سۆزی خۆی و گەل و نەتەوەكەی بەرامبەر بارزانی دەدركێنێ.

  مامۆستا شێركۆ بێكەس، لە دیدارێكیدا سەبارەت بەو شیعرەی ساڵانی رابردووی كە بۆ بارزانی نووسیوە و ئەو كردەوە تیرۆرستییەی دەرهەق بە بارزانی ئەنجامدراوە، دەڵێت: لەو سەردەمەدا، تیرۆركردنی بارزانی، یانی تیرۆركردنی شۆڕشەكەی بوو، كوشتنی بارزانی، كوشتنی گەورەترین سیمبولی ئەوكاتە بوو. بۆیە منیش هەر دوابەدوای ئەو ڕووداوە، شیعری (بۆ بارزانی)م نووسی. ئەم بەرهەمە، قسە و بڕوای ناو دڵ و فیكری میللەت بوون و من كردبووم بە شیعر، لە وەرچەرخانە سیاسییەكانی ساڵانی دواتردا، زۆرجار لێیان ئەپرسیم، لەو شیعرەت پەشیمان نیت؟! من ئەوسا و ئێستا و بۆ داهاتوویش هەر ئەڵێم: نەخێر پەشیمان نیم، چونكە ئەو شیعرە ئاوێنەی ڕاستەقینەی ئەو ڕۆژگارە بووە، كە خۆم و میللەتەكەمی تێدا ژیاوە.

 لەم بارەیەوە حەیدەر جەوهەر ئەحمەد، لە كتێبە بەنرخ و نایابەكەی خۆیدا بەناوی (ڕەنگدانەوەی كەسایەتیی بارزانیی مستەفا لە شیعری چەند شاعیرێكی كورددا)، ساڵی 2009، بەم چەشنە دەنووسێت: شیركۆ لە شیعری (بارزانی)دا، كە بە بۆنەی هەوڵی تیرۆركردنی بارزانی لە رۆژی 1971/9/29، بە هەستێكی نەتەوەییانە نووسیویەتی، خۆشەویستیی خۆی بۆ بارزانی، وەك سەركردەیەكی نەتەوەیی ڕادەگەیەنێت. لە كاتێكدا شاعیر ستایشی بارزانی دەكات، ئەو ستایشە هەر لە ڕوانگە یەكی تاكە كەسییەوە نەبوو، بەڵكوو كۆدەنگیی لەسەر بووە، هاوكات شاعیر هەڵوێستی خۆی لە نێو بۆتەی شیعر بەرامبەر بە دوژمن ڕاگەیاندووە، ئەو شیعرەیشی بە تیرێكی ژەهراوی بۆ سەر دڵی دوژمن داناوە، هەروەك مامۆستا شێركۆ خۆی دەڵێت: (پیاهەڵدانی من پیاهەڵدانی میللەت بوو، پیاهەڵدانی  هەزاران  هەزار پێشمەرگە بوو، لەو ڕۆژگارەدا ئەو شیعرە تیرێكی ژەهراوی بوو بۆ سەر دڵی دوژمن و گۆرانییەكی ڕاستگۆیانەی سەرزاری فراوانترین رووبەری جەماوەر بوو، كە تا ئەو رۆژە و تائێستەش وێنەی نەبینراوە ) شیركۆ لە سەرەتای شیعری (بارزانی)دا دەڵێت:

خۆشمان ئەوێی

بەقەد ڕقی شمشێری ناوچاوی ئەوان 

خۆشمان ئەوێی

 بەقەد پیتی داخ لە دڵی ناو ڕۆژنامە 

زەردەكانی ئەو ساو ئەمڕۆ. 

خۆشمان ئەوێی

بەقەد كینەی گوللە تۆپ ‌و 

كوێرە بۆمبا فڕۆكەیان.. خۆشمان ئەوێی

بەقە بێشەڵانی بوغزی سەری سونگی سوپاكانیان: 

خۆشمان ئەوێی.

بەقەد داوی پیلانی ژێر مێزەر ‌و جبەی پێراریان: 

خۆشمان ئەوێی.

بەقەد.. بەقەد 

ژمارەی چاوی جاسووسی سەروو ‌و خواروو 

ڕۆژهەڵات ‌و ڕۆژئاوایان.. خۆشمان ئەوێی.

چەندیان ناوەكەت خۆش ناوێ‌: 

خۆشمان ئەوێی.

ئەمانەوێی، 

وەك گوللە بۆ چەكەكانمان، ئەمانەوێی. 

وەك چەك بۆ پێشمەرگەكانمان.. ئەمانەوێی. 

وەكو پێشمەرگە بۆ كەژو كێوەكانمان .. ئەمانەوێی 

بۆت ئەگەڕان، بینیانی: 

چیرۆكێكی دەماودەم ‌و لوتكەی شاخەكان: 

ئەتگێڕنەوە. 

لق ‌و پۆپی درەختەكان بەگۆرانی:

ئەتلێنەوە. 

بینیانی:

تابلۆیەكیت گڕ ئەتكێشێ‌ ‌و

 خانەقین ئەتكا بە سنگی

كەركووكەوە.

بینیانی: لەناو چاوی مناڵانی گوندەكانا،

 بینیانی: لە ڕەشەبای هەردەكانا،

بینیانی: لە لافاوی چەمەكانا،

بینیانی ئەی بارزانی..

***

ئەی بارزانی:

لەگەڵتاین چۆن بنار لەگەڵ لوتكە دایە.

لەگەڵتاین، چۆن چاوت

لەگەڵ سەرنجتایە.

هەناسەت،

لەگەڵ سیتایە.

دەنگت،

لەگەڵ گەرووتایە.

لەگەڵتایە

چۆن خەنجەرەكەت،

لەگەڵتایە

ئەی بارزانی…

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

بابه‌تی تر

مۆمشێل زلاتكۆڤ بۆ خەبات: شانازی بەدەسكەوتەكانمەوە دەكەم‌ كە لەسەر ئاستی بولگاریا و ئەوروپا و جیهان بەدەستم هێناون

خەبات: هاوار مورتكەیی:- مۆمشێل زلاتكۆڤ شەترەنجزانێكی لاوی بولگاریایە، تەمەنی هیشتا نەبۆتە …