ساسان دەروێش – هۆڵەندا

لە زەمەنێکدا دەژین، کۆچی ئازیزانمان یەک بەدوای یەکدا بوونەتە گەڵا ڕێزانی ئەم پایزە و وەیشومەی مەرگ و پەتای کۆڕۆنا و داخکردنی دڵمان، هەر ڕۆژە و پرسەیەک بۆ یەکێکیان دەگێڕین ، لە کەسایەتیەکانی شارو نێوکۆمەڵگەکەمان ، بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوەش شەوی 15/16 ی ئۆکتۆبەری 2020 ، ئەستێرەیەکی گەشی درەوشاوەی ئاسمانی کوردایەتی و هونەری ڕەسەن ، هونەرمەندی نیگارکێشی ناودار جەمال بەختیار لە تەمەنی 93 ساڵیدا لە ویلایەتی کالیفۆڕنیای ئەمەریکا کۆچی دواییکرد، لە دوای جێهێشتنی خەرمانێک لە بەرهەمەکانی لە شاکاری جوانی هونەری دەستو پەنجەی ڕەنگینی کە بوونەتە سەرماییەکی گەورەی هونەریمان .
نووسینی پەرتوکەکەم لەسەر باوکم گەیاندمیە جەمال بەختیار
لە دوای ڕاپەڕینی بەهاری ساڵی 1991 خولیایی ئەوەبووم هەموو ژیاننامەی باوکم وئازایەتی لە داستانی زەمبوور بکەمە پەرتوکێک ، بۆ ئەم مەبەستەش زۆر گەڕام بۆ زانیاری کۆکردنەوە وەک سەرچاوە ، لە کەسوکار بیستبووم کە جەمال بەختیار تابلۆیەکی بۆ ئەومەبەستە نەخشاندوە لەدوای هاتنەوەی لە ساڵی 1993 چوومە خزمەتی لە ماڵی خۆیان و گفتوگۆیەکی چڕمان لەو بارەیەوە کردوکردییە دیاری بۆم کە بیرۆکەکەی لەو داستانەوە وەرگرتبوو کە دواجار ساڵی 1995 تابلۆکەی بووە بەرگی ئەو پەرتوکەو سەرۆک مەسعود بارزانی پێشەکی بۆ نووسیوە . ئەم یەکتربینینە بووە هۆی پتەوکردنی پەیوەندیمان لە کۆنگرەی 11ی پارتیمان وکۆنگرەی 90 ساڵەی لەدایکبوونی بارزانیی نەمر یەکترمان بینوە تامن چوومە هەندەران وئەویش گەڕایەوە ئەمەریکا چەند جارێک بەتەلەفۆن قسەمان کردوەوپەرتوکەکەشم بەدیاری بۆ نارد بۆ ئەمەریکا زۆری پێخۆشبوو بەوکارەم کە دەستنووسێکی خۆشی تیادایە وەک بەڵگە بۆ تابلۆکەی .
جەمال بەختیاری هونەرمەندی گەورەی کورد ، کەسایەتیەکی نیشتیمانپەروەر و پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلوول بووە ، دۆست و هاوڕێی سەرۆک بارزانی و خۆشەویستی باوکی ڕۆحیمان بارزانیی نەمر بووە ، بەهۆیی دەست ڕەنگینی و تابلۆکانی کە گوزارشتیان لە شۆڕش و پێشمەرگە و کوردستان و سەرکردەکان کردوە و بۆتە ماییەی دەنگ و سەدای کورد لە دەرەوەی کوردستان و بەهۆی خزمەتەکانی بەهونەری کوردی وناساندنی کورد بەگەلانی ئەمەریکا بەڕیگەی چالاکییە هونەریی وفەرهەنگییەکانی ومێژووی پێشمەرگایەتی و بەشداربوونی لە شۆڕش لە کۆنگرەی 12ی پارتیمان میدالیای بارزانیی نەمر وەرگرتووە ، ساڵی 1946 دا لەکۆماری كوردستان له مەهاباد بەشداری کردووە و پێشەوا قازی محەمەد ناز ناوی بەختیاری داوەتێ.


چەند وێستگەیەکی ژیانی هونەرمەند جەمال بەختیار
هونەرمەندی نیگارکێش جەمال حامید ئەسعەد ناسراو بە ( جەمال بەختیار ) لە ساڵی 1927 لە سلێمانی لە دایک بووە،چونکە حامید ئەسعەدی باوکی فەرمانبەری حکوومەت بووە ، لە تەمەنی سێ ساڵییەوە لە هەڵەبجە ژیاوە و لەوێ خوێندنی سەرەتایی خوێندوە ، هەر لە سەرەتای منداڵییەوە ، ناوبراو خولیای وێنەکێشان بووە ولەگەڵ هەڵكشانی تەمەنی ئەو بەهرەیەی گەشەی سەندوە ، دوای تەواوکردنی خوێندنی سەرەتایی بەڕاسپاردەی مامۆستا گۆران شاعیری ناسراوی کورد کە پورزای بووە ویستویانە ڕەوانەی پەیمانگای هونەرە جوانەکانی بەغدادی بکەن ، ناوبراو بەرلەچوونی بۆ بەغدا لە سلێمانی ، ساڵی 1942 چووەتە ڕیزی کۆمەڵەی هیوا و بەهۆی هاوکاریی کردنی لەگەڵ ئەو کۆمەڵەیە وازی لە خوێندن وچوون بۆ بەغدا هێناوە ، بەمشێوەییە نەیتوانیوە پلەکانی خوێندن ببڕێت و ئەکادیمیانە پەرە بەشاکارە هونەرییەکانی بدات ، ئەوەی کردویەتی بە خۆشەویستی یەکی بێ وێنەوە بۆ هونەری شێوەکاری خۆڕسکانە بووە ، ئەگەر سەیری کارەکانی بکەین زۆربەیان لە هەناوی کوردەواری یەوە سەرچاوەی گرتووە ئەمەش دەگەڕیتەوە بۆ خۆشەویستی ئەم هونەرمەندە مەزنە بۆ خاک و نیشتیمان و سروشتی دڵڕفێنی کوردستان و هەردوو شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان و سەرکردەکانی ، لە ساڵی 1940 دەستی داوەتە کاری هونەری و توانایەکی زۆرباشیشی لە خۆشنوسین دا هەبووە ، وەک خۆی دەڵێت لە تەمەنی 8 ساڵیەوە بەهرەی وێنەکێشانم تیادەرکەوتووە ، بەشێوەی ڕیالیست کارەکانی بەرهەم هێناوە ، لە ساڵی 1943 لە ئیدارەی گومرگی قەڵادزێ دامەزراوە ، ساڵی 1944 بەهۆی گوشاری ڕژێمی پاشایەتی سەبارەت بەچالاکییەکانی لە کۆمەڵەی هیوادا بەناچاری وازی لە کارەکەی هێناوە و گەڕاوەتەوە بۆ سلێمانی و بۆ بژێوی ژیانی کاری نیگارکێشیی کردوە ،
ڕۆژی 20/6/1946 جەمال بەختیار تابلۆیەکی لە پێشەوا قازی محەمەد وسەلاحەدین ئەیوبی دروست کردوە ، سەرۆک بارزانیی نەمر لەگەڵ خۆی بردویەتیە لای پێشەوا قازی محەمەدی نەمر وتابلۆکەی پێشکەشکردوە لەوبارەیەوە گوتویەتی ئەو ڕۆژەی کەمن بەیاوەریی ژەنەڕاڵ بارزانی دیارییەکەم بردە خزمەت پێشەوای نەمر ، سەتۆپی سەرکەوتنەکانی ژیانم بوو ، پێشەوا قازی تابلۆکەمی زۆر بەسەنگینی پەسەند کرد و فەرمووی دەستت خۆش بێت ، کارێکی نازدارە ، دواڕۆژ هونەرمەندێکی بەختیارت لێ دێت بۆ خزمەت کردنی گەلەکەت ، لەمەوە بەختیار بووە نازناوم .


لە دوای گەڕانەوەی سەرۆک بارزانی لە یەکێتی سۆڤیەتەوە بۆ عێراق لە 6/10/1958 دا ، لە نیوەی دووەمی ئەو مانگەدا سەردانی هەولێروسلێمانی کردوە وجەمال بەختیارتوانیویەتی لە ماڵی شێخ لەتیفی حەفید لەگەڵ مامۆستا گۆرانی شاعیر چاوی بە سەرۆک بارزانی بکەوێتەوە لە ڕۆژی 20/10/1958 .
لە دوای هەڵگیرسانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول ، جەمال بەختیار سەرلەنوێ پەنای بۆ خەباتی نهێنی بردۆتەوە بەنەخشاندنی پۆستەری سیاسی ونوسینی سەرمانشێتی بڵاوکراوەکانی ڕزگاری بۆ لوی چوار ومەشخەڵ بۆ لقی سێی پارتی هاوکاری شۆڕشی کردوە وبۆتە پێشمەرگە ولە دوای جێبەجێنەکردنی بەیاننامەی 11ی ئازار لەلایەن ڕأێمی بەعس ، بەتەواویی لەناوپردان ماوەتەوە .
لە 17/6/1976 بەڕاسپاردەی سەرۆک مەسعود بارزانی بە بنەماڵەوە چووەتە ئەمەریکا ، لە تاراوگەش پەرەی بەهونەرەکەی داوەوبۆتە باڵیۆزی کورد و ناساندنی زیاتری دۆزی کورد بەهۆی تابلۆکانی ونمایشکردنیان لە پێشانگاکاندا کە بوونەتە سەرنجی دەستەڵاتدارانی سیاسی ئەو وڵاتە وهاوکاریکردنی بۆ بەردەوامی وناوبراوهەرلەوێ کۆمەڵەی هونەرەجوانەکانی کوردستانی دامەزراندوە لەو ڕێگایەشەوە زیاتر بەشداری بۆنەکانی کردوە .
لە ماوەی ژیانیدا لە ئەمەریکا ، جەمال بەختیار توانیویەتی دووجار بچێتە کۆشکی سپی وتابلۆکانی پێشکەشیان بکات ، ساڵی 1994 تابلۆیەکی بۆ بیل کلینتۆن سەرۆکی ئەمەریکا دروست کردوە وبەناوی نەتەوەی کورد پیشکەشی کۆشکی سپی کردوە ، هەروەها ساڵی 2003 بەدوای ڕزگاربوونی عێراق تابلۆیەکی تری بۆ جۆرج بوش سەرۆکی ئەمەریکا دروست کردوە وگەیاندۆتە دەستی ، لە ژیانی هونەری خۆیدا زیاتر لە هەزار تابلۆی ڕۆنی نەخشاندوە و چەندان بەرهەمی هێڵکاریشی هەیە وبەرهەمەکانی لەلای خانەوادەکەی پارێزراون هەرچەندە کۆمەڵێکیشی فەوتاون لەنێو شۆڕش تەنها بەکۆپی هەیەتی ،


ئەمەش بەشێکی کەمی ناوی سەرتابلۆکانیەتی
تابلۆی پێشەوا قازی محەمەد وسەلاحەدین ئەیوبی مەهاباد 1946.
تابلۆی کچە کوردێکی سلێمانی 1954.
تابلۆی سەمای شەهرەزاد سلێمانی 1955 ئەم بەرهەمە داروە بە یۆنسکۆ .
تابلۆی ڕاپەڕین سلێمانی 1956 دراوە بەئەرشیفی لاوانی یەکێتی سۆڤیەت لە لێنینگراد .
تابلۆی کیژی هەورامان سلیمانی 1958 دراوە بەپارێزگاری ئەوکاتی سلیمانی .
تابلۆی کورد وشۆڕشی عەبدوڵکەریم قاسم ساڵی 1958 دراوە بەکۆشکی سەرکۆماری عێراق لە بەغدا.
تابلۆی ڕزگاری بەغدا 1959 ئەم بەرهەی لای ڕەشید عارفە .
تابلۆی نازداری جاف سلێمانی 1967 کە بەکۆپی لە زۆربەی ماڵاندابوونی هەیە .
تابلۆی کیژۆڵەی شەقلاوە ساڵی 1968 ئەم بەرهەمەش زۆری لێ چاپکراوە بۆ فرۆشتن .
تابلۆی جوانی لادێ ساڵی 1968 ئەم بەرهەمەش چاپکراوە بۆ فرۆشتن .
تابلۆی مەم وزین سلێمانی 1963.
تابلۆی ژینۆسایدی ئەرمەنەکان 1969 دراوەتە کەنیسەی ئەرمەنەکان لە بەیروت .
تابلۆی شەهید عەزیز ئەتروشی 1972 لەلای سەرۆک مەسعود بارزانییە .
تابلۆی کارەساتی بۆمبارانی قەڵادزێ ، ناوپردان 1974 لە ئەورووپا بەچاپی زۆر بڵاوکراوەتەوە .
تابلۆی پەناهەندەیی ، کاشان 1975 دراوە بە جاچی سووری .
تابلۆی بەرەوئازادی بۆ کوردستان 1976 ناشڤیل ، بیرۆکەی ئەم تابلۆیەم لەسەر داستانە گەورەکەی لێدانی بیرەنەوتەکانی زەمبوورە 1965 بە فەرماندەیی محەمەد دەروێش نادر .
تابلۆی هەزرا شەو شەوێک بسمارک 1978 ئەم تابلۆیە دراوەتە ڕۆڵاند گۆردەر لەبەرامبەردا داهاتێکی باشی پیشکەشکردوە کە ژیانی تاراوگەی پێ گۆڕیوە .
پۆرترێتی ئارسەرلینگ بسمارک ساڵی 1979 لە بارەگای پایتەختی نۆرس داکۆتایە .
تابلۆی شۆڕشی گوڵان ناشڤیل 1984 ، ژمارەیەکی زۆر لەوتابلۆیە چاپ ولەجیهاندا بڵاوکراوەتەوە .
تابلۆی ڕەوی مستەفا بارزانیی نەمر بۆ یەکێتی سۆڤیەت لە 1947 دا ئەم تابلۆیە پێشکەش بە سەرۆک مەسعود بارزانی کراوە .
تابلۆی کلینتۆن و پاراستنی ئاشتی ودیموکراسی 1994.
تابلۆی چاوەڕوانی هەڵۆی بەبەزەیی 2003 بۆ جۆرش بوش .
نەخشەسازی لۆگۆی پارتیمان .

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

بابه‌تی تر

مه‌حمود محه‌مه‌د: پەكەكە بە لێدوانی بەرپرسانی و كردەوەكانی بووەتە مایەی سەرئێشە بۆ خەڵكی كوردستان

له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا مه‌حمود محه‌مه‌د، گوته‌بێژی پارتی دیموكراتی كورستان وه‌ڵامی به‌رپرسا…