نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە پەیامێكی ڕای دەگەیەنێت، دەبێت هەموو هێزە ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق، هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق و حەشدی شەعبی، هەوڵەكانیان بكەنە یەك بۆ ڕێگرتن لە هەموو كارێكی تێكدەرانە.

دەقی پەیامەکەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان:

کاتژمێر ۸:۳٠ی شەوی ڕابردوو گرووپێکی تێکدەر شەش مووشەکی لە ناوچەی بەرتڵەی پارێزگای مووسڵەوە، ئاراستەی بنکەی هاوپەیمانان لە هەولێر کرد، خۆشبەختانە هیچ زیانێکیان نەبوو.

لە کاتێکدا ئەو هێرشە بە دەستدرێژی بۆ سەر خەڵکی هەرێمی کوردستان و هاوپەیمانەکانی لە شەڕی دژی تیرۆردا دەبینین، لە هەمان کاتدا لەو باوەڕەداین كه‌ دەبێت هەموو هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق، هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق و حەشدی شەعبی، هەوڵەکانیان بکەنە یەک بۆ ڕێگرتن لە هەموو کارێکی تێکدەرانەی هەموو گرووپە ئاژاوەگێڕ و تێکدەرەکان.

دەبێت قوربانییەکانی پێشمەرگە و هەموو هێزە عێراقییەکان و هاوپەیمانان هاندەرمان بن بۆ پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی هەموو عێراق و هەموو باڵیۆزخانە و نوێنەرایەتییەکانی جیهان لە عێراق، هەروەها دەبێت بە باشترین شێوە هەوڵی هێنانەکایەی سەقامگیری بدەین لەو دۆخە خراپە ئابوورییەی بەهۆی په‌تاى ڤایرۆسى کۆرۆناوە بەسەر خەڵکی وڵاتەکەمان و جیهاندا هاتووه‌.

ئەوانەی هێرشی تێکدەرانە ئەنجام دەدەن دوژمنی هەموو عێراقن و دەبێت هەموو هێزە عێراقییەکان بە یەکدەستی به‌ره‌نگاریان ببنەوە و ڕووبه‌ڕووى یاسا بكرێنه‌وه‌، ئێمەش بەمەبەستی دروستکردنی ئەو هەماهەنگییە له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق به‌ڕێز مسته‌فا كازمى ئامادەی هەموو هاوکارى و پشتگیرییەکین كه‌ دڵنیاین له‌پێناو ئارامى و سه‌قامگیردا هه‌موو هه‌وڵێك ده‌دات.

نێچیرڤان بارزانی

سەرۆکی هەرێمی کوردستان

1/10/2020

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

بابه‌تی تر

پۆلیسی دهۆك ره‌تیكرده‌وه‌ له‌ ده‌ستگیركردنی تۆمه‌تباراندا پێشێلی مافه‌كانیان كرابێت

به‌ڕێوبه‌رایه‌تی پۆلیسی پارێزگای دهۆك له‌ روونكردنه‌وه‌یه‌كدا، كه‌ وێنه‌یه‌كی بۆ “كو…