دوای كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 27/1/2019ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان باسی له‌ ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌كه‌ و چه‌ند بابه‌تێكی په‌یوه‌ست به‌ دۆخی عێراق و هه‌رێمی كوردستان و دوا پێشهاته‌كان كرد.

سه‌ره‌تا به‌ڕێزیان له‌ وته‌یه‌كدا گوتی “بابه‌تی یه‌كه‌می كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران هه‌ڵسه‌نگاندنمان بۆ په‌سه‌ندكردنی یاسای بودجه‌ی عێراق له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی عێراقه‌وه‌ كرد. سیاسه‌تی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌وه‌ بووه‌ كه‌ هه‌وڵێكی جددی بدات ئه‌و كێشانه‌ی ‌له‌ڕووی ئه‌منی و سه‌ربازی و بودجه‌ و پرسی نه‌وته‌وه‌ هه‌ن له‌ چوارچێوه‌ی ده‌ستووری عێراقدا به‌ لێكگه‌یشتن و گفتوگۆ چاره‌سه‌ر بكرێن. خۆشحاڵم ڕایبگه‌یه‌نم كه‌ له‌و چوارچێوه‌یه‌دا تا ئێستا هه‌نگاوی باشمان بڕیوه‌. له‌ ڕووی سه‌ربازییه‌وه‌ كۆبوونه‌وه‌كانمان له‌گه‌ڵ به‌غدا به‌رده‌وامن كه‌ هه‌ردوولامان دوژمنێكی هاوبه‌شمان هه‌یه‌ كه‌ ئه‌ویش داعشه. مه‌ترسیی سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی داعش هه‌ستی پێده‌كرێت، به‌تایبه‌تی له‌ ناوچه‌كانی دیاله‌ و مووسڵ و كه‌ركووك و ئه‌و شوێنانه‌. له‌مباره‌یه‌وه‌ هه‌ماهه‌نگییه‌كی باش له‌ڕووی ئاڵوگۆڕكردنی زانیاری له‌نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌غدادا هه‌یه‌ و ئه‌مانه‌ هه‌موو ئه‌و هه‌نگاوانه‌ن كه‌ سیاسه‌تی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وابووه‌ له‌ چوارچێوه‌ی ده‌ستووردا كێشه‌كان ورده‌ ورده‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا چاره‌سه‌ر بكات”.

به‌ڕێزیان ده‌رباره‌ی یاسای بودجه‌ گوتی: “ده‌مه‌وێ سوپاس و ده‌ستخۆشی له‌ به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق جه‌نابی د. عادل عه‌بدولمه‌هدی بكه‌م كه‌ هه‌ر له‌ بوونی به‌ سه‌رۆك وه‌زیران ئه‌و تێبینیانه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر یاسای بوجه‌ هه‌یبوو، زۆر به‌ گرنگییه‌وه‌ وه‌رگرت. به‌ڕێز وه‌زیری داراییی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌و تێبینییانه‌ی بۆ وه‌زاره‌تی داراییی عێراق نارد و جه‌نابی وه‌زیری داراییی عێراقیش به‌ سوپاسه‌وه‌ بۆ به‌ڕێز د. عادل عه‌بدولمه‌هدی نارد و ئه‌و تێبینییانه‌ به‌هه‌ند وه‌رگیران كه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان گرنگ بوون و خرانه‌ پرۆژه‌ یاسای بودجه‌وه‌ و بۆ په‌رله‌مان نێردران. ئه‌گه‌ر سه‌یری یاسای بودجه‌ی ئێستای عێراق بكه‌ین، كێشه‌كانی هه‌رێم له‌گه‌ڵ به‌غدا زۆرن، به‌ڵام هه‌میشه‌ وا به‌راورد ده‌كه‌م ده‌ڵێم ئه‌و دۆخه‌ی ئێستا هه‌یه‌ و ئه‌و بودجه‌یه‌ی ئێستا هه‌یه‌ ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ ساڵانی ڕابردوو به‌راوردیان بكه‌ین، ئایا باشتره،‌ یان خراپتره‌؟ پێتان ده‌ڵێم باشتره‌. له‌وانه‌یه‌ وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی هه‌موو هیواكانی ئێمه‌ نه‌بێت، به‌ڵام ئێمه‌ هه‌نگاوێك به‌ره‌و پێشه‌وه‌ ڕۆیشتووین له‌وه‌ی كه‌ هه‌وڵ بدرێت كێشه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا چاره‌سه‌ر بكرێن. هه‌موو لایه‌نه‌كان له‌و پرسه‌دا ئه‌وه‌ی بۆیان كرا ئه‌نجامیان دا، له‌ سه‌رووی هه‌مووشیانه‌وه‌ ده‌مه‌وێ سوپاسی وه‌زاره‌تی داراییی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بكه‌م كه‌ ئه‌وان هه‌ر له‌ ڕۆژی یه‌كه‌مه‌وه‌ شاند‌یان نارد بۆ به‌غدا و كاریان له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ كرد، له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانیشه‌وه‌ به‌ڕێز د. ئامانج و هاوكارانی زۆر به‌ جددی له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا كاریان له‌سه‌ر ئه‌م دۆسیایه‌ كردووه‌. ئه‌وه‌ی كه‌ دڵی خۆش كردووم و ده‌مه‌وێ سوپاسیان بكه‌م، هه‌ڵوێستی هه‌موو فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان بوو له‌ به‌غدا كه‌ به‌ڕاستی هه‌موویان یه‌كگرتوو و به‌یه‌كه‌وه‌ به‌رگرییان له‌ ده‌ستكه‌وته‌كانی هه‌رێمی كوردستان كرد و لێره‌وه‌ ده‌مه‌وێ سوپاسی یه‌ك به‌یه‌كی ئه‌و ئه‌ندام په‌رله‌مانانه‌ بكه‌م كه‌ بێ ئه‌وه‌ی ڕه‌چاوی ئه‌وه‌ بكه‌ن سه‌ر به‌ چ حزب و لایه‌نێكن، به‌یه‌كه‌وه‌ وه‌ك تیم كاریان كرد بۆئه‌وه‌ی مافه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌و یاسایه‌دا جێگیر بكرێت”.

هه‌ر له‌ به‌رده‌وامیی قسه‌كردن له‌سه‌ر بودجه‌، به‌ڕێزیان ڕایگه‌یاند “ئێمه‌ ئێستا چاوه‌ڕوانی جێبه‌جێكردنی ئه‌و یاسایه‌ین و دوو سێ هه‌نگاوی دیكه‌ی پێویسته‌ كه‌ یه‌كه‌میان ئه‌وه‌ ده‌بێت بۆ به‌ڕێز سه‌رۆك كۆمار بنێردرێ و ئیمزای بكات و دواتر ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق ڕێنمایی پێ ده‌ربكات و ئه‌مانه‌ ئه‌و هه‌نگاوانه‌ن كه‌ پێویسته‌ ئه‌نجام بدرێت، به‌ڵام به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی ده‌توانم بڵێم ئه‌م یاسایه‌ی ئێستا هه‌مانه‌ به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ یاساكانی پێشوو بۆ هه‌رێمی كوردستان باشتره‌ و دواتر ئه‌گه‌ر ژماره‌كان پێویست بوو ئه‌وا به‌ڕێز وه‌زیری داراییش ته‌شریفی لێره‌یه‌ و ده‌توانێت ورده‌كاریی زیاترتان بۆ باس بكات. سوپاسی وه‌زیری داراییی عێراق به‌رێز د. فوئاد حسێن ده‌كه‌م، هه‌روه‌ها سوپاسی وه‌زاره‌تی دارایی و ئه‌و تیمه‌ی له‌ به‌غدا كاریان له‌سه‌ر ئه‌م كه‌یسه‌ كرد، ده‌كه‌م.‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پشگیریی ته‌واوی خۆی بۆ كابینه‌ی به‌ڕێز د. عادل عه‌بدولمه‌عدی وه‌ك سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق و وه‌ك شه‌خسی خۆی دووپات ده‌كاته‌وه‌ و زۆر به‌ جددی ده‌یه‌وێت كێشه‌كانی خۆی له‌گه‌ڵ به‌غدا له‌ چوارچێوه‌ی ده‌ستووری عێراقدا چاره‌سه‌ر بكات”.

دواتر باسی سه‌ردانی شاندێكی دیكه‌ی هه‌رێمی كودستانى بۆ به‌غدا كرد و گوتی: “هه‌ر له‌م چوارچێوه‌یه‌دا ئێمه‌ شاندێكمان نارد به‌ سه‌رۆكایه‌تیی د. عه‌لی سندی وه‌زیری پلاندانانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان. خۆشبه‌ختانه‌ ئه‌وانیش شتی باشیان ئه‌نجام داوه‌ و كۆبوونه‌وه‌ی باشیان له‌ به‌غدا كردووه‌ و یه‌كێك له‌و بڕیارانه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌و بازگانه‌ی ئه‌مڕۆ له‌نێوان هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌كانی دیكه‌ی عێراقدا هه‌ن هه‌موویان هه‌ڵده‌گیرێن و بێگومان ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری له‌سه‌ر دۆخی بازرگانی و هێنانی گه‌شتیاری زیاتر و دۆخی هه‌رێمی كوردستان به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ده‌بێت. هیوادارم ئه‌مانه‌ هه‌موو ئه‌و خاڵانه‌ بن كه‌ بتوانن دۆخی هه‌رێمی كوردستان له‌ڕووی داراییه‌وه‌ باشتر بكه‌ن به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ ساڵانی ڕابردوو. دیسان لێره‌وه‌ سوپاسی خۆڕاگریی مووچه‌خۆران و به‌ڵێنده‌ران و خانه‌نشینانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌م كه‌ به ‌ڕاستی له‌م چه‌ند ساڵه‌ی ڕابردوودا ته‌حه‌مولێكى یه‌كجار زۆریان كردووه‌ و هۆكاری ئه‌وه‌ی كه‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بتوانێت بمێنێته‌وه‌، تێگه‌یشتن و خۆڕاگریی ئه‌و خۆشه‌ویستانه‌ بوو و ئه‌گه‌ر ئه‌و خۆڕاگری و تێگه‌یشتنه‌ بۆ دۆخی هه‌رێمی كوردستان نه‌بوایه‌، بێگومان ڕه‌وشه‌كه‌مان به‌و شێوه‌یه‌ی ئێستا نه‌ده‌بوو. سیاسه‌تی ئێمه‌ ڕوونه‌، ئه‌و مووچه‌یه‌ی كه‌ داومانه‌ به‌پێی ئه‌و داهاته‌ بووه‌ كه‌ له‌به‌ر ده‌ستماندا بووه‌ و بێگومان گه‌ر داهاتی زیاترمان بۆ بێت، كاری له‌پێشینه‌ی ئێمه‌ ئه‌وه‌ ده‌بێت پاشه‌كه‌وتی مووچه‌ هه‌ڵگرین و دوای قۆناغی ئیمزاكردنی بودجه‌ له‌لایه‌ن به‌ڕێز سه‌رۆك كۆماره‌وه‌ و ئه‌و ڕێنماییانه‌ی له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراقه‌وه‌ پێی ده‌رده‌چێت، ئه‌وله‌ویه‌تی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌وه‌ ده‌بێت چۆن بتوانین پاشه‌كه‌وتی مووچه‌ هه‌ڵگرین”.

سه‌باره‌ت به‌ خاڵێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی ئاشكرای كرد “خاڵێكی دیكه‌ كه‌ ده‌مه‌وێ باسی بكه‌م، هه‌روه‌ك ئاگادارن دوێنێ زۆر به‌داخه‌وه‌ شتێكی ناخۆش له‌ ده‌ڤه‌ری شێلادزێ ڕووی دا. ده‌مه‌وێ لێره‌ هاوخه‌می و هاوسۆزیی خۆم بۆ برینداران و كه‌سوكاری ئه‌و كه‌سه‌ی تیایدا بووه‌ قوربانی ده‌رببڕم و سه‌ره‌خۆشییان لێده‌كه‌م. بێگومان ئه‌وه‌ی ڕووی دا شتێكی زۆر ناخۆش بوو. سیاسه‌تی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌وه‌یه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك خاكی هه‌رێمی كوردستان بۆ دژایه‌تیكردنی هیچێك له‌ دراوسێكانمان به‌كار نه‌هێنرێت. ئه‌و هۆكارانه‌ی ده‌بنه‌ دروستبوونی ئه‌و كاره‌ساتانه ئه‌وه‌یه‌ كه‌ زۆر به‌داخه‌وه‌ ئه‌و حزبانه‌ سوود له‌ خاكی هه‌رێمی كوردستان ده‌بینن بۆ دروستكردنی كێشه‌ بۆ وڵاتانی درواسێ. ئه‌مه‌ له‌لایه‌ن حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك جێگه‌ی قبووڵكردن نییه‌. له‌ هه‌مان كاتدا ئه‌و خه‌ڵكه‌ مافی خۆیانه‌ خۆپیشاندان بكه‌ن و خۆپیشاندانیش به‌ یاسایه‌ك ڕێكخراوه‌ و دیاره‌ كه‌ به‌ چ شێوه‌یه‌كه‌، به‌ڵام خۆپیشاندانێكی ئاشتیانه‌ كه‌ هه‌وڵی بۆ ده‌درێت ڕێڕه‌وه‌كه‌ی بگۆڕدرێت و توندوتیژی لێ بكه‌ویێته‌وه‌، ئه‌مه‌ بۆ ئێمه‌ له‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك قابیلی قبووڵ نییه‌ و لیژنه‌یه‌كی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ پێكده‌هێنین و زۆر به‌ جددی له‌سه‌ری ده‌وه‌ستین بۆ ئه‌وه‌ی جارێكی دیكه‌ ئه‌م ڕووداوانه‌ دووباره‌ نه‌بنه‌وه‌”.

دواتر له‌ وه‌ڵامی پرسیارێكدا سه‌باره‌ت به‌ پابه‌ندكردنی هه‌رێمی كوردستان به‌ ناردنی 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی ڕۆژانه‌ و ئه‌گه‌ره‌كانی جێبه‌جێنه‌كردنی ئه‌وه‌ی له‌ ‌یاسای بودجه‌دا هاتووه‌ له‌ ئه‌نجامی نه‌ناردنی ئه‌و بڕه‌ نه‌وته، هه‌روه‌ها ده‌رباره‌ى‌ پاشه‌كه‌وتی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی گوتی “هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا كێشه‌ی زۆریان له‌سه‌ر نه‌وت هه‌یه‌ و پێمانوایه‌ به‌ جێبه‌جێكردنی یاسای ئێستای بودجه‌ یه‌ك ساڵ ده‌رفه‌تمان ده‌بێت تاكو له‌گه‌ڵ به‌غدا به‌ جددی بكه‌وینه‌ گفتوگۆ بۆ چاره‌سه‌ركردنی كۆی ئه‌و كێشانه‌ی په‌یوه‌ندییان به‌ نه‌وته‌وه‌ هه‌یه‌. كێشه‌كانی نه‌وت هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ نییه‌ ئه‌وه‌نده‌ به‌رمیله‌ نه‌وته‌ ڕاده‌ست بكه‌ین. ئێمه‌ كێشه‌ی جددیمان هه‌یه‌ و له‌ مانگی 2ی 2014ه‌وه‌ حكوومه‌تی عێراق یه‌كلایه‌نه‌ به‌شه‌ بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستانی بڕیوه‌ و هیچی نه‌ناردووه‌. حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش بۆ دابینكردنی بودجه‌ی خۆی بۆ ئه‌وه‌ی مووچه‌ بدات به‌و شێوه‌یه‌ی كه‌ تا ئێستاش خه‌رج كراوه‌، ناچار بووه‌ نه‌وت بفرۆشێت، ئه‌گه‌ر حكوومه‌تی عێراق پابه‌ند بوایه‌ پێویستی به‌وه‌ نه‌ده‌كرد ئێمه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان ئه‌وه‌ بكه‌ین. ئێستا ئه‌وه‌ی گرنگه‌، دانیشتنی جددییه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا و هه‌ردوولامان دانیشین و سه‌یری ژماره‌كان بكه‌ین و چه‌ند نه‌وت فرۆشراوه‌ و چی كراوه‌ و هه‌موو ئه‌و دۆسیایانه‌ ده‌ربهێنین و له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ له‌و یه‌ك ساڵه‌دا ئه‌و كێشانه‌ی هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا چاره‌سه‌ر بكه‌ین. پێموایه‌ ئه‌و نیه‌ته‌ی كه‌ ئێستا له‌ جه‌نابی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق به‌ڕێز د. عادل عه‌بدولمه‌هدی ده‌یبینم، نایه‌وێت ئه‌مه‌ ببێته‌ كێشه‌ له‌نێوان هه‌ردوولاماندا، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ نیازی ئه‌و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانه‌ و ئێمه‌ش زۆر به‌ ڕێز و پێزانینه‌وه‌ سه‌یری ئه‌مه‌ ده‌كه‌ین و وه‌ك هه‌رێمی كوردستانیش ئه‌م ده‌رفه‌ته‌ له‌ده‌ست ناده‌ین تاكو بتوانین ئه‌م كێشانه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا چاره‌سه‌ر بكه‌ین. سه‌باره‌ت به‌ پاشه‌كه‌وتی مووچه‌ش، كاری له‌پێشینه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پرسی هه‌ڵگرتنی پاشه‌كه‌وتی مووچه‌یه‌ و گه‌ر بتوانین له‌ قۆناغی یه‌كه‌مدا ئه‌مه‌ جێبه‌جێ بكه‌ین، بێگومان بیر له‌وه‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌ پاشه‌كه‌وته‌كه‌ چاره‌سه‌ر بكرێت ئه‌گه‌ر بتوانین، چونكه‌ وه‌ك گوتم به‌پێی داهاتی خۆمانه‌”.

سه‌باره‌ت به‌ كاتی لادانی پاشه‌كه‌وتی مووچه‌ و ئه‌گه‌رى بڕینی دووباره‌ی به‌شه‌ بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌كاتی دروستبوونی كێشه‌ی سیاسی له‌نێوان هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تى فیدراڵدا و ئاخۆ هیچ گارانتییه‌ك له‌مباره‌یه‌وه هه‌یه‌‌، به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان ڕایگه‌یاند “هه‌روه‌ك باسم كرد كاری له‌پێشینه‌ی ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌ پاشه‌كه‌وتی مووچه‌ نه‌هێڵین و نامه‌وێت پێشبینیى خه‌ڵك به‌رز ببێته‌وه‌. ده‌مه‌وێ له‌م پرسه‌دا ڕاستگۆیانه‌ له‌گه‌ڵ خه‌ڵك قسه‌ بكه‌م. گه‌ر دڵنیابام ئه‌م پاره‌یه‌ دێت به‌و شێوه‌یه‌ی ڕێككه‌وتنمان له‌سه‌ر كردووه‌، ئێستا پێمده‌گوتن كه‌ بڕیارمان داوه‌ جێبه‌جێی بكه‌ین. ئه‌مه‌ دوو ـ سێ هه‌نگاوی دیكه‌ی ماوه‌، با ئه‌و هه‌نگاوانه‌ ته‌واو ببن، بێگومان هه‌روه‌ك وتم كاری له‌پێشینه‌ هه‌ڵگرتنی پاشه‌كه‌وتی مووچه‌ ده‌بێت. هیوادارم هه‌ردوولامان چ هه‌ولێر و چ به‌غدا، وانه‌یه‌كمان له‌ ڕابردوو وه‌رگرتبێت و ئه‌و وانه‌یه‌ ببێته‌‌ هۆكاری ئه‌وه‌ی تێبگه‌ین كێشه‌كان ته‌نیا به‌ دیالۆگ و له‌ چارچێوه‌ی ده‌ستووری عێراقدا له‌گه‌ڵ یه‌كتری ده‌بێت چاره‌سه‌ر بكه‌ین. پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستمانه‌ له‌ چوارچێوه‌ی عێراقدا پێكه‌وه‌ بژین، ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه‌ كورد خۆی به‌ هاووڵاتیی عێراق بزانێت؟ ده‌بێت به‌غدا كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكات و به‌ جددی وه‌ریگرێت. ئێمه‌ هیچ نیه‌تێكی باش له‌ به‌غداوه‌ ڕه‌تناكه‌ینه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كێشه‌كانی خۆمان له‌گه‌ڵیان به‌ دیالۆگ چاره‌سه‌ر بكه‌ین”.

سه‌باره‌ت به‌ دامه‌زراندنی یه‌كه‌مه‌كانی زانكۆش به‌ڕێزیان ئاشكرای كرد” خه‌ریكین لێكۆڵینه‌وه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌ ده‌كه‌ین، چونكه‌ دامه‌زراندنی یه‌كه‌مه‌كان ته‌نیا هی ئه‌مساڵ نین، به‌ڵكو هی ساڵانی پێشووتریشن. سه‌یری ده‌كه‌ین بزانین ده‌توانین چیان بۆ بكه‌ین. تا ئێستا ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بڕیارێكی له‌مباره‌یه‌وه‌ نه‌داوه‌.”

هه‌ر ده‌رباره‌ی مه‌ترسیی وه‌ستاندنی به‌شه‌ بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان و ناردنی شایسته‌ داراییه‌كانی جووتیارانی هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن به‌غداوه‌، به‌ڕێزیان گوتی “ئه‌وه‌ی له‌ په‌رله‌مانی عێراق چی گوتراوه‌، ئه‌وه‌یان شتێكی دیكه‌یه‌، به‌ڵام له‌ ئه‌نجامدا پڕۆژه‌ی یاسای بودجه‌ په‌سه‌ند كراوه‌ و ئێمه‌ پشت به‌وه‌ ده‌به‌ستین كه‌ په‌سه‌ند كراوه. سه‌باره‌ت به‌ شایسته‌ داراییه‌كانی جووتیارانیش، ئه‌م بابه‌ته‌ كاری له‌سه‌ر ده‌كرێت و ئه‌وه‌ به‌ڕێز د. عه‌لی سندی لێره‌یه‌ كه‌ چوبووه‌ به‌غداش كاریان له‌سه‌ر پرسی پاره‌ی جووتیاران كردبوو و كاری جددیان كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی پاره‌ی جوتیاران بدرێته‌وه‌.”

له‌ وه‌ڵامی پرسیارێكی دیكه‌دا سه‌باره‌ت به‌ دامه‌زراندنی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی ئاشكرای كرد “لایه‌نه‌كان خه‌ریكن و شتێكی وا نییه‌ كه‌ نائاسایی بێت. پێكهێنانی حكوومه‌ت هه‌روا بووه‌ و به‌ شه‌و و ڕۆژێك پێكناهێنرێت و دروست نابێت، به‌ڵام ئێستا گفتوگۆی جددی هه‌یه‌ له‌نێوان یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان، هه‌روه‌ها پارتی دیموكراتی كوردستان و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، ڕۆژی سێشه‌مه‌ش دیسان كۆبوونه‌وه‌یه‌كی دیكه‌ ئه‌نجام ده‌درێت و هه‌نگاوه‌كان به‌ كرداره‌كی بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێ ده‌ستیپێكردووه‌ و به‌رده‌وامیش ده‌بێت تا پێكهێنانی.”

بەڕێز سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، سەبارەت بە شەهید و برینداربوونی هەندێ هاووڵاتیی ناوچە سنوورییەکانی کوردستان لە ئەنجامی بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا، ئەوەی دووپات کردەوە “ئەو بۆردومانانە لەو شوێنانە کرا کە پەکەکەى لێیه‌. پەکەکە هۆکاری ئەو بۆردومانانەیە. وەڵامەکەی ئەوە نییە کە هێرش بکەیتە سەر سەربازگەکانی تورکیا لەو سنوورانە. ئەوانە دەبێ لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان قسە بکەن. بۆیە دەبێ ئەو هۆکارانە چارەسەر بکەین کە دەبنە هۆی بۆردومانەکان. ئەگەر بوونى پەکەکە لەو شوێنانە نەبێ، هیچ هۆکارێک بۆ بۆردومانی تورکیا نامێنێت.”

بەڕێزیان هەر لەوبارەیەوە ڕێنوێنیی بەڕێوەبەرانی ئیداریی ناوچە سنوورییەکانی باس کرد کە “هەمیشە داوایان لە خەڵک کردووە لەو هێڵە سنوورییانە نزیک نەبنەوە، چونکە ئەگەری بۆردومان هەیە، کە بەداخەوە بەهۆی پابەندنەبوونی هەندێ کەس بەو ڕێنماییانه‌وە، ئەو جۆرە کێشانە ڕوودەدەن. لەگەڵ تورکیا بەردەوام دەبین و هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی ئەمانە نەبێت”.

بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەبارەت بە مەترسییەکانی سەرهەڵدانەوەی داعش، دووپاتی کردەوە “داعش دوژمنی هەموو لایەکمانە، دوژمنی بەغدا و هەولێر و وڵاتانی دیکەشە. لەمڕووەوە هەرێمی کوردستان هەماهەنگی و هاوکارییەکی تەواوی لەگەڵ بەغدا هەیە، لەڕووی زانیارییەوە هاوکاریمان زۆر لە جاران باشترە، هەروەها لەڕووی جێبەجێکردنی پرسی ئەمنیی ئەو ناوچانه‌وه‌ کە داعشى لێیه‌. بە هەوڵی هەموو لایەک، بە خۆڕاگری و خوێنی شەهیدانی ئێمە، شەهیدانی سوپای عێراق، شەهیدانی حەشدی شەعبی، پۆلیسی عێراق و بە پاڵپشتیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەو مەترسییە کەم بووەتەوە کە داعش شارەکانی بەدەستەوە بێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا داعش لەم وڵاتە کۆتایی نەهاتووە.”

سەبارەت بە بوونی هێزەکانی ئەمه‌ریکا لە کوردستان، بەڕێز سەرۆک وەزیران، بۆچوونی حکوومەتی هەرێمی خستەڕوو و گوتى: “هەتا داعش لەم وڵاتە هەبێ کە ئێستا هەیە و جددیشە، هێزەکانی ئەمه‌ریکا بۆ یارمەتیدانی هێزەکانی عێراقی پێویستە لەم وڵاتە بمێننەوە لە چوارچێوەی بەرژەوەندیی عێراق بۆ نەهێشتنی داعش، چونکە خوانەکردە ئەگەر جارێکی دیکە داعش بەو شیوەیەی جاران سەرهەڵبداتەوە، کێشەیەکی گەورە بۆ عێراق دروست دەبێ. نابێ لەبیرمان بچێت، داعش تا دەروازەی بەغدا هات، هەروەها زۆر نزیک بووەوە لە هەولێر، بۆیە یارمەتیی هێزەکانی هاوپەیمانان بوو لەسەروویانەوە ئەمه‌ریکا کە بووە هۆی شکستی داعش. مەترسیی داعش کۆتایی نەهاتووە و پێمان وایە هەتا نەمانی مەترسیی داعش، عێراق پێویستیی بەوە هەیە کە هێزەکانی هاوپەیمانان لەم وڵاتە بمێننەوە”.

دەربارەی ئەگەری هاتنی هێزەکانی ئەمه‌ریکا لە سووریاوە بۆ هەرێمی کوردستان، بەڕێز سەرۆک وەزیران گوتی: “تا ئێستا هیچ هێزێک بە شێوەی هێزێکی گەورە لە سووریاوە هاتبێتە هەرێمی کوردستان، هیچ کەسێک نەهاتووە، هەرچەندە زۆر قسە لەسەر ئەم بابەتە دەکرێت، بەڵام هەتا ئێستا سەربازانی ئەمه‌ریکا بۆ هەرێمی کوردستان نەهاتوون”.

هەر سەبارەت بە ڕووداوەکەی ناوچەی شیلادزێ، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی پشتڕاستی کردەوە کە پەیوەندیی تەلەفۆنی لەنێوان بەڕێزیان و وەزیری دەرەوەی تورکیا بووه‌ و لەو بارەیەوە گوتی: “ئێمە لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا جه‌ختمان لەسەر ئەوە کردەوە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو ڕێگەیەکی یاسایی دەگرێتەبەر بۆ دادگاییکردنی هەر کەسێک کە ویستوویانە خۆپیشاندانەکە کە لە دەستپێکردندا  زۆر بە هێمنی بووه‌ و مافی خۆیان بووە بۆ دەربڕینی ئیدانەکردن ئەم کارە بکەن، بەڵام دوایی هەندێک کەس لەناو ئەوان ئاراسته‌كه‌یان گۆڕیوە، بۆیە جه‌ختم کردەوە کە بە جددی ئەم هەوڵە دەدەین و لێکۆڵینەوە دەکەین. بەداخەوە هەندێ لایەنی ئۆپۆزسیۆنی وڵاتانی دراوسێی ئێمە بەبێ ڕەچاوکردنی بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان و هاووڵاتییان، خاکی هەرێمی کوردستان بەکار ده‌هێنن بۆ ئەوەی هێرش بکەن و کێشە بۆ وڵاتانی دراوسێ دروست بکەن. لە چ وڵاتێک، بە چ لۆژیكێك، کێ ئەمە قبووڵ دەکات؟ ئێمە خۆمان لە جێی ئەوان دابنێین، مەعقوولە تۆ ڕەچاوی ئەوە نەکەیت بێی خاکی هەرێمی کوردستان وەک ناوچەیەکی ئارام بۆ خۆت بەکار بهێنی، خۆت پەروەردە بکەیت، ڕاهێنان بکەیت و بچیت کێشە بۆ وڵاتێکی دراوسێ دروست بکەیت، ئینجا باجەکەی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بیدەن. شیلادزێ هەروایە، سنووری ئێران لە ناوچەی سلێمانیش وایە. بۆیە ئێمە باجی ئەوە دەدەین کە نە تیایدا بەشدارین و نە دەمانەوێ بەشداریش بین. دەبێ سنوورێک بۆ ئەم ڕه‌فتارانه‌ دابنرێت. ناکرێ و نابێ خاکی هەرێمی کوردستان بەکار بێت بۆ دژایەتیکردنی دراوسێکان. بۆیە، لەسەر ئەم پرسە جددین و زۆر بەداخیشەوە لەو چوار پێنج ساڵەی کە مەشغوڵی داعش بووین، لەم مەسەلەیەدا هەندێ شت کراوە کە سوودیان لەو دەرفەتە وەرگرتووە و ئەمان هەموویان کێشەیان بۆ هەرێمی کوردستان دروست کردووە.”

هەر سەبارەت بە ڕووداوەکەی شیلادزێ، بەڕێز سەرۆک وەزیران وێڕای ئاماژه‌دان بە بەیاننامەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، جارێکی دیکە دڵگرانیی خۆی و حکوومەتی دووپات کردەوە کە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دەکرێنە ئامانج و شەهید دەبن، بۆیە جارێکی دیکە جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە “بۆچی ئەوە ڕوویداوە و لە چ شوێنێک ڕوویداوە؟ گوندێکیان بۆردومان کردووە؟ نەخێر! لە ناوچەیەک ڕوویداوە کە قایمقام و ئیدارەی ناوچەکە هەموو جارێك بە خەڵکەکەیان گوتووە نابێ لەو سنوورە زیاتر تێپەڕن، چونکە مەترسیی ئەوە هەیە بۆردومان بکرێن، بۆچی بۆردومان دەکرێت؟ چونکە پەکەکە لەو شوێنانە هەیە. پەکەکە بۆچی لەو شوێنانە هەیە؟ چونکە بەکاری ده‌هێنێ بۆ ئەوەی ڕاهێنانی خۆی بکات و بچێتە ناو تورکیا، کێشە بۆ تورکیا دروست بکات و بەداخەوە خەڵکەکەی ئێمەش باجەکەی بدەن.”

دەربارەی دەستبەسەرداگرتنی کەلوپەلی دەزگایەکی ڕاگەیاندن، بەڕێز سەرۆک وەزیران ڕایگەیاند کە وەک بنەما، لەگەڵ ئەوە نین هیچ کەناڵێک و هیچ تەلەڤزیۆنێک کێشەی بۆ دروست بکرێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا گوتی: “دیموکراسی و ئازادییش سنووری خۆی هەیە، بەلاى ئێمەوە ئاسایشى هاووڵاتییان زۆر گرنگترە لەو شتانەی کە باسی لەسەر دەکرێت، هەندێجار بە ئەنقەست ئەو سنوورە تێدەپەڕێنن، ئەوکات بە دڵنیاییه‌وه‌ حکوومەتی هەرێم زۆر بە توندی ڕەفتار لەگەڵ ئەو لایەنانە دەکات کە دەیانەوێ ئاسایشى هەرێمی کوردستان تێپەڕێنن، بۆیە لە هەر لایەنێک بێت یان هەر کەناڵێکی تەلەڤزیۆن بێت، قبووڵ ناکرێت”.

لە بەشێکی دیکەی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەیدا بەڕێز سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕەتی کردەوە کە ڕێگری کرابێت لە هاتنی بەڕێز سەرۆک کۆماری عێراق بۆ هەولێر و لەو بارەیەوە گوتی: “گومان لەوەدا نییە کە پێشتر کێشەیەک هەبووە لەو پرسەدا و کێشەکەش پەیوەندی بە شەخسەوە نەبووە. ئێمە کێشەمان لەگەڵ هیچ شەخسێک نەبووە.”

لەوبارەیەوە بەڕێزیان وەک پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند کە “میکانیزمی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمارمان پێ دروست نەبووە. ئەوەی ئێمە دەمانویست ئەوە بوو کە سەرۆک کۆمار پێویستە لە چوارچێوەی فراکسیۆنە کوردستانییەکاندا هەڵبژێردرێت، نەک لە دەرەوەی فراکسیۆنە کوردستانییەکان. چونکە ئەمە دەستپێکردنی خراپە بۆ هەرێمی کوردستان، لە داهاتووش لەوانەیە کەسێکی دیکە دەڵێت من کوردم، بڕا بە عەرەبەکان بهێنێت و بە دەنگی ئەوان دەبێتە سەرۆک کۆمار. ئیمە پێمان باش بوو وەک حکوومەت و وەک پارتی، ئەم هەڵبژاردنە لەناو فراکسیۆنە کوردستانییەکاندا بکرێت و هەر کەسیش بردییەوە، لەوێ کاندید بێت بۆ ئەوه‌ى ببێتە سەرۆک کۆمار. شیعەکان وایان کرد، ئەمە بۆ ئێمە جێی ناڕەحەتییە، نەک ئەوەی کە جەنابی د. بەرهەم کە بووەتە سەرۆک کۆمار لەگەڵ ڕێزم، ئێمە هیچ کێشەیەکی شەخسیمان لەگەڵ ئەو بەڕێزە نییە.”

دەربارەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێم و کاریگەری بەسەر ژیانی هاووڵاتییانه‌وه‌، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی گوتی: “کاری حکوومەت ئەوەیە خزمەتی خەڵک بکات و بارگرانیی سەر هاووڵاتییان کەم بکاتەوە. ئەم حکوومەتە و حکوومەتی پێشتر و حکوومەتی داهاتووش لەسەر ئەم سیاسەتە بەردەوام دەبێت”. بەڕێزیان وه‌ك بەراوردێک لەنێوان ئێستا و ساڵانی پێشتردا، باسی لەو چوار ـ پێنج ساڵە کرد کە زۆر بە سه‌ختى بەڕێ کران، لەکاتێکدا بودجە نەمابوو، هەزار کیلۆمەتر شەڕی داعش هەبوو، هەزار و هەشتسەد پێشمەرگە شەهید و دە هەزار پێشمەرگە بریندار ببوون، لەگەڵ ڕووتێکردنی یەک ملیۆن و هەشتسەد هەزار ئاوارە و پەنابەر بۆ هەڕێمی کوردستان، ئەوەش وەک سەرۆک وەزیران گوتی: “ئەوە هەر هەرێمی کوردستان و بە سوپاسەوە تێگەیشتنی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانە کە بووەتە هۆکاری ئەوەی ئەم حکوومەتە ئەسڵەن هەر ماوە، ئەگەرنا، دەبوایە هەر نەمێنێت. به‌دڵنیاییه‌وه‌ ڕیفۆرمی زۆر جددیی حکوومەت لە سێکتەری کارەبا بەڕێوەیە بۆ نەهێشتنی کێشەی کارەبا، بەڵام لە هەموو ئەو قەیرانانەدا، ئێمە هەندێجار ئەولەوییه‌ت دادەنێین. ئەولەوییه‌تی یەکەمی ئێمە لەم چوار ساڵەدا ئەوە بووە چۆن خۆمان لە بەرامبەر داعش ڕابگرین، چۆن نەهێڵین داعش شوێنەکانی ئێمە بگرێت، چۆن بتوانین لانیکەم هەندێ پارە بدەین، هەر ناویشمان نەناوە مووچە، چونکە کەمتر بووە لەو مووچەیەی کە شایانى بوون وەریبگرن. لەمەودوا به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئەولەوییه‌ت دەگۆڕدرێت. پێمگوتن ئێمە لەناو تونێلێکی تاریک و داخراودا بووین، ئێستا لە کۆتایی ئەم تونێلە ڕووناکی دەبینم، دەبینم ڕۆژە سەختەکان خەریکە تێدەپەڕن، بەڵام ئەمە ئاسان نییە کە بە شەو و ڕۆژێک هەموو ئەو شتانە بگۆڕیت و کاتی دەوێ”.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

بابه‌تی تر

پۆلیسی دهۆك ره‌تیكرده‌وه‌ له‌ ده‌ستگیركردنی تۆمه‌تباراندا پێشێلی مافه‌كانیان كرابێت

به‌ڕێوبه‌رایه‌تی پۆلیسی پارێزگای دهۆك له‌ روونكردنه‌وه‌یه‌كدا، كه‌ وێنه‌یه‌كی بۆ “كو…