ئەمڕۆ هەینی مەهاباد قەرەداغی نووسەر و شاعیر و چالاکوانی کورد پاش چەند ڕۆژێک مانەوەی لە نەخۆشخانە بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە کۆچی دوایی کرد

مەهاباد قەرەداغی، 22-01-1966 لە ساڵیادی دامەزراندی کۆماری کوردستان لە شارۆچکەی کفری لە گەرمیان لەدایک بووە هەر بەو هۆیەوە ناونراوە مەهاباد، لە تەمەنی 12 ساڵییەوە دەستی بە نووسینی شیعر کردووە.

ئەمەی خوارەوە چەند وێستگەیەکە لە ژیانی مەهاباد قەرەداغی:-

1978 لە تەمەنی 12 ساڵییەوە دەستی بە نووسینی شیعر کردووە.
1980 لە ئاداری ئەو ساڵەدا یەکەمین بەرهەمی شیعری لە هەفتەنامەی هاوکاری بڵاوکراوەتەوە.
1980 لە 27ی نیسانی هەمان ساڵدا لە لایەن رژێمی بەعسی عێراقەوە لە سۆنگەی شیعری بەرگری زیندانی دەکرێت. لە ئەشکەنجەخانەکانی ئەمنی کفرییەوە بۆ بەعقوبە و لەوێشەوە بۆ زەعفەرانییە و دواتر بۆ ئەمنی عامەی بەغدا دەگوێزرێتەوە.
1981 لە دادگای سەورە لە بەغدا حوکمی ساڵێک زیندانی بەسەردا دەدرێت.
1982 لە رێکخستنە نهێنیەکانی کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان درێژە بە تێکۆشانی سیاسی دەدات. لە رۆژنامە و گۆڤارەکانی ناو شاردا بە ناوی مەهاباد قەرەداغی شیعر و نووسینەکانی بڵاو دەکاتەوە، لە گۆڤارەکانی شاخیش بە ناوی خوازراوی هەتاو گەرمیانی، ژاڵە، بەردەوام، ئاڵا و هتد.
1984 لە پەیمانگای هونەری کەرکوک، بەشی ژمێریاری وەردەگیرێت و لە 1987 تەواوی دەکات.
1985 یەکەمین کۆڕی شیعری لە هەولێر و سلێمانی پێشکەش دەکات و بۆ یەکەمین جار لە تەلەفیزیۆنی کوردی کەرکووک چاوپێکەوتنێکی ئەدەبی لەگەڵ دەکرێت.
1991 بەشداری کارا لە ڕاپەڕین و کۆڕەودا دەکات. یەکەمین موژدەی ئازادکردنی شاری کفری لە 10ی ئازاردا بە بڵندگۆ دەدا بە گوێی خەڵکی شارەکە.
1991 لە کۆنگرەی ڕاپەڕیندا دەبیتە ئەندامی یەکێتیی نووسەرانی کورد.
1992 لەگەل مستەفا گەرمیانی شاعیر و نووسەر هاوسەرگیری دەکات.
1993 ڕوو لە سوێد دەکات و لەوێ نیشتەجێ دەبێت.
1994 دەست بە چاپکردنی بەرهەمەکانی دەکات کە چەندین کتیبی شیعر و چیرۆک و لیکۆڵینەوە و ڕۆمان بوون و لەسەردەمی بەعسدا لەبەر سانسۆر رگەی چاپکردنیان نەدەدان.
1998 بەرنامەی پانۆراما لە تەلەفیزیۆنی میدیا ئامادە و پێشکەش دەکات.
1999 لە یەکی حوزەیرانی ئەو ساڵەدا کچە تاقانەکەی شاکار لە دایک دەبێت.
2001 لەگەڵ دوو خانمی تردا شنە هیدایەتی و مونیرە موفتیزادە، رێکخراوی پرۆژەی ژنی کورد دادەمەزرێنن و داخوازینامەی ژنی کورد بەرهەم دەهێنن و جەندین کۆنفرانسی نەتەوەیی و نێونەتەوەیی بۆ دەگرن کە سەرەتا و راگەیاندنەکەی لە هۆڵیکی پەرلەمانی بەریتانیا دەبێت.
2003 دەبیتە ئەندامی یەکیتی نووسەرانی سوید.
2004 لە باڵەخانەی پەرلەمانی کوردستان کۆنفرانسی ‘داخوازینامەی ژنی کورد’ ساز دەکەن و داخوازینامەکە پیشکەش بە پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکریت.
2004 کۆلێژی پەروەردەی زانکۆی ستۆکهۆڵم تەواو دەکات، لێکۆلینەوەکەی دەربارەی دەروونناسی پەروەردە دەبیت لە ژێر ناویزمان، ڕامان و ناسنامە’.
2005 لەسەر داخوازی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆک وەزیرانی ئەو کاتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەگەڕیتەوە کوردستان و دەبیتە راوێژکاری سەرۆکوەزیران بۆ کاروباری ئافرەتان و یەکسانی. بە پرۆژەی سیاسەتی یەکسانی و دامەزراندنی دەزگای یەکسانی لە ئەنجوومەنی وەزیران دەست بە کار دەبێت.
2008 دەبێتە ئەندامی لیژنەی باڵای هەموارکردنی یاسای باری کەسێتی بە بڕیاری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران.
2010 دەبێتە ئەندامی دەستەی باڵای یەکێتی نووسەرانی کورد.
2012 دەبیتە بەڕێوەبەری پەیمانگای یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان بۆ پرسە کۆمەڵایەتییەکان.
2013 دەست بە پرۆژەی گۆڤاری هزری وەرزی شیکار دەکات و لە هەمان پەیمانگا ژمارە سفری لە 25 ی نۆڤەمبەردا چاپ و بڵاو دەبێتەوە.
2013بەشی ئینگلیزی لە کۆلێژی پەروەردەی زانکۆی سابیس تەواو دەکات.
2018 دەبیتە ئەندامی دەستەی رێکخراوە جەماوەری و پیشەییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان.
1991 تا 2019 ژمارەی بەرهەمە چاپکراوەکانی دەگاتە 34، کە بریتین لە کۆمەڵە شیعر، کۆمەڵە چیرۆک، ڕۆمان، بیرەوەری، لێکۆڵینەوەی کۆمەڵناسی و دەروونناسی، وەرگێران و کتێبی پەروەردەیی.

بەرهەمە چاپکراوەکانی مەهاباد قەرەداغی:
ژانری شیعر:
-نەخشەی دواڕۆژ- 1991 کوردستان
– پانۆراما- 1993 سوید
– شاخ کێڵگەی گەنمەشامییە/ 1994 سوید
– میدالیا/ 1995 سوید
-هاژەی رۆح- 1997 کوردستان
– باڵندە بەفرەکان/ بە زمانی سویدی/ 1998 سوید
-دیوانی مەهاباد قەرەداغی/ 2013 کوردستان.
ژانری چیرۆک، ڕۆمان و بیرەوەری:
– کۆچ/ ڕۆمان/ 1993 سوید
-ئەڤین ئاوی ژیانە/ ڕۆمانە شیعر/ 1996 سوید و کوردستان
-مەرگی مرۆڤ و نیوێک/ کورتە چیرۆک/ 2004 کوردستان.
-ساڵێک لە دۆزەخ/ بیرەوەری زیندان/ 2005 کوردستان.
-چلچرا/ بیرەوەری/ 2006 / کوردستان.
-زەنگدانەوە/ ڕۆمان/ 2007/ کوردستان.
-لەتێ پیاو/ کورتەچیرۆک/ 2012/ کوردستان.
-فاتیلا/ ڕۆمان/ 2017/ کوردستان.
ژانری لێکۆڵینەوە:
-لە پێناوی ژیانەوەی ئافرەتدا/ 1994 سوید.
-ئازادکردنی مێژوو/ 2002/ سوید و کوردستان.
-شەرەفنامە، شەرف کۆدێکە بۆ کۆیلەکردنی ژن/ 2003 سوید و کوردستان.
-زمان، ڕامان و ناسنامە/ 2005 کوردستان
-کارەساتی ئەنفال، کاریگەرییە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکانی/ 2003 سوید.
-ژن و کۆمەڵگە لە قۆناغی باڵندەیی شێرکۆ بێکەسدا / 2004 کوردستان.
-وشەباران/ دیداری رۆژنامەوانی/ 2011/ کوردستان
-لە فێمینیزمەوە تا هیومانیزم/ 2013 کوردستان
-ئافرەتیزم، مێژووی سەدساڵ تێکۆشان بۆ مافی یەکسان لە باشووری کوردستان/ 2018 کوردستان.
ژانری وەرگێڕان:
-شیعر هەناسەی گەردوونە/ هەڵبژاردەیەک لە شیعری هاوچەرخی جیهان/ 1995 سوید.
-دانپێدانانێکی پیاوانە/ هەڵبژاردەیەک لە چیرۆکەکانی د. نەوال سەعداوی/ 1996 سوید.
-نانی ژەهراوی/ شانۆنامە لە نووسینی ڤیسیلین هانچێڤ/ 1996 سوید.
-جینۆساید/ هۆلۆکۆست، کۆکوژی جولەکەکان لە لایەن ئەڵمانیای نازییەوە. نووسینی: ئارێل هوروتز. 2017 کوردستان.
-جینۆساید/ کۆمەڵکوژی لە خاکی هەزار گرددا، ڕواندا 1994. نووسینی بنیامین نیوبێرگەر. 2018 کوردستان.
-جینۆساید/ کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان، لە یادکراو و نکۆڵیلێکراو. نووسینی پرۆفیسۆر یایر ئاورۆن. 2018 کوردستان.
-جینۆساید/ ڕامان لە وێنانەکراو، ڕووە تیۆرییەکانی لێکۆڵینەوە لە جینۆساید. نووسینی: یایر ئاورۆن. 2019 کوردستان.
ژانری کتێبی پەروەردەیی:
-گەرمیان
-باوەگوڕگوڕ
-دیلان
کتێبی خوێندنەوە بۆ فێربوونی قوتابیانی کورد لە سوید.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

بابه‌تی تر

مه‌حمود محه‌مه‌د: پەكەكە بە لێدوانی بەرپرسانی و كردەوەكانی بووەتە مایەی سەرئێشە بۆ خەڵكی كوردستان

له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا مه‌حمود محه‌مه‌د، گوته‌بێژی پارتی دیموكراتی كورستان وه‌ڵامی به‌رپرسا…