کــاروان محەمەد سـینو

لەم نووسنەمدا هەوڵدەدەم هەندێك راستی حاشاهەڵنەگر بۆ خەڵكی كوردستان و هەموو لایەنە سیاسییەكانی بەشدار و ئۆپۆزسیۆنی حكومەتی مەسرور بارزانی بخەمەروو، بۆ ئەوەی چیدی لەلایەنە نەیارانی مەسرور بارزانییەوە یاری بەهەست و عاتیفەی خەڵكی كوردستان نەكرێ و چەواشەنەكرێن و خەڵك و شەقام لەخزمەتی ئەجیندا و مەرامی بەرتەسكی حزبایەتی خۆیان بەكاریان نەهێنن و سواری مەوجی خواست و داواكارییەسادە و رەواكانی خەڵكی كوردستان نەبن و لەبەرژەوەندی بەرتەسكی حزبایەتی خۆیان بەكاری نەهێنن، كە رۆژ نییە خواستەكانی شەقام نەكەن بە بنێشتەخۆشەی خۆیان و لە میدیا و ڕاگەیاندنە چاواشەكارەكانیان دەی جوون و دەی جوونەوە. راستییەكان دەخەمە روو بۆ ئەوەی چیدی ئەوانەی خۆیان بە نوێنەری كوردستان دەزانن لە پەرلەمانی عێراقدا پاشقوڵ لەسیاسەتی حكومەتی كوردستان نەگر و خۆیان و كورسی و پۆستەكانی خۆیان لە نێو پەرلەمانی عێراقدا نەخەنە بەر فرۆشتن و هەڕاج كردن بۆ ئەجندای لایەنەی سیاسییەكانی  ناو پەرلەمانی عێراق.

ئاشكرایە كە پاش ساڵێك لە حوكمڕانی حكومەتی مەسرور بارزانی (كابینەی نۆیەم)، كوردستان و عێراق و تەواوی جیهان دووچاری قەیرانێكی تەندروستی بوو (پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا) كە ئەمەش بووە ئەگەر داڕمانی پێشبین نەكراوی سیستمی تەندروستی و ئابووری هەموو وڵاتانی جیهان و بەتایبەت سێكتەری نەوت و ووزە و دابەزینی نرخی نەوت بۆ ئاستێك كە هەرگیز لە مێژوودا رووی نەداوە.

ئەمەش كاریگەری نەرێنی هەبووە لەسەر چەندین قەیرانی سیاس و ئابووری لە تەواوی وڵاتانی جیهان. بێشك كوردستانیش بەدوور نەبوو لەم قەیرانە ئابووری و سیاسیانە، بەتایبەت كە ئابوور و داهاتی هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی سەرەكی پشتی بەستووە بە بەرهەم هێنان و فرۆشتین نەوت، لەهەمان كاتیشدا حكومەتی فیدڕاڵی عێراق بەردەوام بووە لە بڕین و دواخستنی بودجە و مووچە و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان. ئەمەش ئاستەنگ و بەربەست و تەحەدایەكی گەورە بوو بۆ حوكمڕانی و دابین كردنی بژێوی ژیانی خەڵكی كوردستان لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە. بەڵام سەرەرای هەموو ئەم قەیران و ئاستەنگ بەربەستانە، بەپێی توانا و ئەو ئیمكانیاتانەی لەبەردەست دابووە، مەسرور بارزانی و حكومەتەكەی لەئاستی بەرپرسێتدا بوون بەرامبەر پاراستن و خزمەتكردنی خەڵكی كوردستان و بەردەوام بوون لە دابین كردنی مووچەی فەرمانبەران و جێبەجێ كردنی پڕۆژەی خزمەتگوزار و چاكسازی لە بوارە جیاجیاكاندا و رووبەروو بوونەوەی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا و گوفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ حكومەتی فیدڕال (بەغدا) بۆ دەستەبەركردنی ماف و شایستەكانی هەرێمێ كوردستان لەچوار چێوەی دەستوری عێراق دا.

لە بواری چاكسازیدا مەسرور بارزانی چی كردووە؟

چاكسازی دەستەواژەیەكی گشتگیرە و چەندین بەش و سێكتەر و بوار و تەوەر لەخۆی دەگرێت، دەكرێ چاكسازی حكومەتی مەسرور بارزانی لە دوو بەشی سەرەكیدا بخەینەروو، یەكەم چاكسازی داریی، دووەم چاكسازی كارگێری.

یەكەم: چاكسازی دارایی، لەبواری چاكسازی دارییدا حكومەتی مەسرور بارزانی هەڵساوە بە پێكهێنانی لیژنەیەكی باڵا بۆ بە پێداچوونەوە و بەسیستماتیك كردنی چۆنیەت وەرگرتنی باج بە شێوەیەكی دادپەروەی و گرتنەبەری رێكارە یاسایی و كارگێڕییەكان بۆ رێگری كردن لە خۆدزینەوە لە پێدانی باج، ئێستا لیژنەباڵاكە و چەندین لیژنەی لاوەیكی لەبواری كاركردندان و هەڵساون بە دانانی باج لەسەر كۆمپانیاكانی پەیوەندی و ئینتەرنێت (كۆڕەك، ئاسیاسێل، زین ئەل عێراق..هتد) و كۆمپانیاكانی گەیاندن و هەروەها پڕۆژەكانی وەبەرهێنان. شایانی باسە تاكوئێستا 49كۆمپانیای بواری گەیاندن و كۆمپانیای فڕۆكەونی عێراق ئاگادار كراون كە پابەندبن بە پێدانی باج و 7كۆمپانیای دیكەش لەسەر پێنەدانی باج دراونەتە دادگا. هەروەها گەورە كۆمپانیاكانی بواری (نەوت، كارگەكانی چیمەنتۆ،ئاسن، وێستگەكانی وەبەرهێنانی كارەبا و پەیوەندی و گەیاند) هەموویان پابەندكراون بە پێدانی باج لەسەر بنەمای بڕی بەرهەم هێنان و فرۆشتن و بڕە قازانج كردنیان.

لەلایەكی دیكشەوە حكومەتی مەسرور بارزانی هەڵساوە بە هەڵوەشاندن و ڕاگرتنی هەموو ئەو فەرمان و نوسراوانەی (لێخۆشبوونی باج) لە هەرسەرچاوەیەك دەرچووبن. بەم شێوەیە كۆكردنەوە و وەرگرتنی باج دەبێتە ئەگەری داهاتێكی بەرچاو بۆ حكومەتی هەرێم كە بتوانێ لە بوارەكانی خزمەتگوزاری و دابینكردنی بژێوی ژیانی خەڵكی كوردستاندا خەرج بكات.

هەروەها حكومەتی مەسروربارزانی هەڵساوە بە رێكخستن و پێداچوونەوەی كاروبار و گرێبەستەكانی گومرگ و دەروازەكانی سنور و نەهێشتنی دیاردەی قاچاغی لە دەروازەسنوورییەكاندا و چاكسازی لە بورای رێكخستنەوە و زیادكردنی داهات و كەمكردنەوەی خەرجییەكان بەگشتی و چاكسازی لەخەرجییەكان و مووچە و خانەنشین و بەخشینی ئیمتیازات بەپێی یاسای (ژمارە2 ساڵی2020)، وێرای چاكسازی لە بواری كەمكردنەوەی خەرجییەكانی كۆمپانیاكانی نەوت و خەرجییەكانی بەكاربردن (تشغیلی).

دووەم: چاكسازی كارگێڕی، لە بواری چاكسازی كارگێڕیدا حكومەتی مەسرور بارزانی هەڵساوە بەكردنەوەی چەندین فەرمانگەی خزمەتگوزاری پێویست لە شوێنی پێویست و پێداچوونەوەی پەیكەری سەرجەم وەزارەت و دامودەزگاكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و بچوك كردنەوە و داڕشتنەوەی قەبارەی یەكە كارگێرییەكان بەرەچاو كردنی سروشتی كار و چالاكییەكانیان و هەڵوەشاندنەوە و یەكخستن و پێكەوە لكاندنی ئەو یەكە ئیدارییانەی كە ئەرك و چالاكییەكانیان هاوشێوەن، ئەم هەنگاوانە بوونە ئەگەری رێكخستنەوەی كاروچالاكی و كەمكردنەوەی خەرجییەكان.

لە 14 مانگی تەمەنی خۆیدا، چۆن حكومەتی مەسرور بازانی دوانزە 12 بەسەر فەرمانبەرانی كوردستان دابەش كردووە؟!

بێگومان بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت لەسەر ئاستی جیهان و نەناردنی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان لەلایەن حكومەتی فیدڕاڵییەوە بووە ئەگەری ئەوەی كە كوردستان و حكومەتی مەسرور بارزانی رووبەرووی دۆخێكی سەختی دارایی و ئابووری ببێت، بەڵام هەر لەسەرەتای دەستپێكی حوكمڕانی خۆیدا حكومەتی مەسرور بارزانی لە هەڵمەتێكی رووبەرووبوونەوەی قەیراندا و لە چوارچێوەی پرۆسەی چاكسازیدا دەستی كرد بە كەمكردنەوەی خەرجییەكان و زیادكردنی داهات بە ئاراستەی پشت نەبستن بە تاكە سەرچاوەی داهات (نەوت) و گرنگیدان بە سێكتەرەكانی كشتوكاڵ و پیشەسازی و گەشتوگوزار و هاندانی وەبەرهێنانی ناوخۆیی و بیانی، هەڵبەت ئەم هەنگاوەی مەسرور بارزان بۆ دابینكردنی مووچەی فەرمانبەران بوو. بۆیە لەم  بارودۆخە نالەبارەدا حكومەتی مەسرور بارزانی سەركەوتوو بووە لە دابین كردنی مووچەی فەرمانبەران و تاكو ئێستا (نوسینی ئەم گوتارە) لەماوەی چواردە مانگی تەمەنی خۆیدا (كەلە 18ی7ی2019دەست بەكاربووە) حكومەتی مەسرور بارزانی توانیویەتی دوانزە مووچە بەسەر فەرمانبەراندا دابەش بكات، شەش مووچە لە ساڵی 2019 و شەش مووچەی دیكە لە ساڵی2020دا (بۆ زیاتر بەرچاو روونی بڕوانە خشتەكە)، هەروەها بڕیارە لەم هەفتەیەشدا مووچە دابەشبكرێ. سەرەڕای ئەوەی ئێستاش بودجە و مووچەی هەرسێ مانگی (پێنج و شەش و حەوت) لەلای حكومەتی فیدڕالییەوە بۆ هەرێمی كوردستان نەنێردراوە، كەچی حكومەتی مەسرور بارزانی بەم شێوەی خوارەوە دوازنزە مووچە بەسەر فەرمانبەرانی حكوومەتی كوردستان دابەش بكات:

لە دەستپێكی حوكمڕانی حكومەتی مەسرور بارزانی 3 مووچەی پێشتر نەدرابوو ، ئەم 3 مووچەیە بە قەرز مانەوە. حكومەتی مەسرور بارزانی كە لە ناوەڕاستی مانگی 7ی 2019 دەستبەكاربوو، ئەوكات حكومەتی هەرێم سێ مانگی مووچەی پێشووتر بە قەرز و لەسەری مابووەوە، چونكە حكومەتی عێراق (ئەوكات) پاشگەز ببووە وپابەند نەبوو بەناردنی مووچە و بودجەی ئەو سێ مانگەی هەرێمی كوردستان. شایانی باسە ئەوەی عێراق دەشینارد، تەنیا %51ی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بووە، نەك تەواوی مووچە.

لەساڵانی پێشووتریش حكومەتی فیدڕال  بە هیچ شێوەیەك تەواوی مووچەی فەرمانبەرانی كوردستانی نەناردووە نەناردووە. ئەو پەڕی 450 ملیار دیناریان ناردووە، دواتر لە مانگی 4 دوای مانگێك دواخستن  بڕی مووچەی كەرناردیان كردیان بە 400 ملیار دینار و دواتریش كردیان بە 320 ملیار دینار لەكاتێكدا حكومەتی هەرێمی كوردستان مانگانە پێویستی بە 893,908,000,000 هەشت سەد و نەوەت و سێ ملیار و نۆسەد و هەشتا ملیۆن دینار هەیە تەنها بۆ مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان، بێجەگە لە خەرجییەكانی دیكەی حكومەت لە هەموو و بوار و كەرت و سێكتەرەكانی چالاكییەكانی حكوومەت و پێشكەش كردنی خزمەتگوزاری بۆ هاوڵاتیانی كوردستان لە هەموو بوری . وەكو لەسەرەوە دەبینین  دەبوایە حكومەتی فیدڕاڵ (بەغدا) هێشتا رێژەی(%51)ی دیكەی مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان دابین بكات، بەڵام نەیكردووە، تەنانەت 3 مانگ هەر بە تەواوی مووچەی نەناردووە. واتە مووچەی مانگەكانی 5، 6،7ی ساڵی 2020یان بەتەواوی نەناردووە. ئەمەی ئێستاش دەنێرێت لە 450 ملیار دیانەوە كەمیان كردووەتەوە بۆ 320 ملیار دینار، بەڵام حكومەتی هەرێم تاكو ئێستا 12 مانگ مووچەی دابەشكردوو بەسەر فەرمانبەرانی كوردستاندا بە پشت بەستن بە داهاتی ناوخۆ. شایانی باسە حكومەتی هەرێم مانگانە پێویستی بە 893,908,000,000 هەشت سەد و نەوەت و سێ ملیار و نۆسەد و هەشتا ملیۆن دینار بۆ دابەشكردنی موچەی فەرمانبەرانی كوردستان.

لە رووبەرووبەروو بوونەوەی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا، مەسرور بارزانی چی بۆ خەڵكی كوردستان كردوو؟

ئاشكرایە هەرلەسەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستاندا،بەسەرپەرشت و چاودێری راستەوخۆی مەسرور بارزانی، حكومەتی هەرێم دەستی كرد بە جێبەجێ كردنی رێكار و رێنماییەكانی خۆپارستن لە پەتای كۆرۆنا، بە گەواهی و ستایشی رێكخراوی تەندروستی جیهانی و زۆرێك لە رێكخراوەكانی جیهانی و ناوخۆیی پەیوەنداری ، هەڵمەتەی حكومەتی مەسروربارزانی زۆر سەركەوتوو بووە لە رووبەرووبوونەوەی بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستاندا. بەڵام بەداخەوە چەند لایەنێكی سیاسی (نەیار بە حكومەت و خەڵكی كوردستان) دەستیان كرد بە سیاسی كردنی هەڵمەتی حكومەتی مەسروربارزانی دژی پەتای كۆرۆنا و هاو ئاراستە بە ئەجیندا و مەرامی سیاسی و حزبی خۆیان دەستیان كرد بە چەواشەكردنی خەڵك و شەقامی كوردستان، كە لە ئەنجامدا هەرخەڵك باجی چەواشەكاری ئەوان دایەوە و ئێستا ڤایروسی كۆرۆنا بەشێوەیەكی بەربڵا و مەترسیدار لە كوردستان بڵاو بوویەوە و تاكو ئەمرۆش (كاتی نوسینی ئەم بابەتە) رێژەیەكی زۆری خەڵكی كوردستان باجی رەفتاری ئەو تاقمە سیاسییە نەیارە دەدەن و رۆژانە ئازیزانمان لە كوڕ و كچ و گەنج و پیر گیان لەدەست دەدەن و دەبنە قوربانی هەڵوێستی نەیاری ئەو تاقمە گێرەشێوێن و چەواشەكارە، بۆیە ئەمڕۆ پێویستە پەرلەمانی كوردستان و داواكاری گشتی و لایەنە یاسایی و پەیوەندی دارەكان ئەو تاقمە چەواشەكار و گێرەشێوێنە بخاتە بەر باری لێكۆڵینەوە و لێپرسینەوە و بەرپسیارەتی هەڵوێستە كوشندەكانیان دژ بەخەڵكی كوردستان.

بۆ رووبەرووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا حكومەتی مەسرور بارزانی چەندی بڕیار و رێكار و چالاكی ئەنجام داوە لەوانە: خەرج كردنی زیاتر لە 28ملیار دینار (تاكو ئەمڕۆ) بۆ رووبەروو بونەوەی پەتای كۆرۆنا و 159ئامێری هەناسەی دەستكرد ئێستا لە كاردایە و 27ئامێری دیكە ئامادە كراون و 85 ئامێری ڤێنتەلەیتەری (ئامێری هەناسەی دەستكر) نوێ كڕدراون.

لەلایەكی دیكەشەوە 40شوێنی تایبەت لە نەخۆشخانەكان جیاكراونەتەوە و ئامادەكراون بۆ چارەسەركردنی توشبووانی كۆرۆنا لەگەل دابین كردنی ئامێری پێویست و كەلوپەلی پێویست بۆ دكتۆر و ستافی نەخۆشخانەكان. هەروەها حكومەتی مەسرور بارزانی هەڵساوە بە ئامادە كردنی 3400 بوتڵی پلازمای وەرگیراو بۆ چارەسەر كردنی توشبووانی كۆرۆنا و رۆژ دوای رۆژ ئەم بڕەی پلازما زیاتر وەردەگیرێ، شایانی باسە هەر بوتڵێكی پلازما بڕی 400000دینار خەرجی پێویستە.ئەمە و رۆژانە چەندین هەڵمەتی هۆشیار كردن و رێنمایی و فلیم و ڤیدیۆی بینرا و بیسترا و پۆستەر لەلایەن حكومتەوە ئامادە و بڵاو دەكرێنەوە كە بڕێكی زۆری خەرجی تێدەچێت. بۆ پێشخستنی كەرتی تەندروستی بۆ رووبەرووبوونەوەی پەتای كۆرۆنا، حكومەتی مەسرور بارزانی بەردی نەخۆشخانەی (هیتوتێ)لە قەزای ئامێدی داناوە بە گوژمەی 43ملیۆن دۆلار، بڕی 23000000دینار خەرج كراوە بۆ دابین كردن و چاككردنەوەی ئامێرە پزیشكییەكان، بڕی 40ملیار دینار خەرج كراوە بۆ كڕینی دەرمان و پێداویستی نەخۆشییەكانی شێرپەنجە و كەمكردنەوەی نرخی نەخۆشخانە تایبەتەكان بەڕێژەی 25%..

حكومەتی مەسرور بارزانی بەردەوامە لە پرۆژەی خزمەتگوزاری و ستراتیجییەكان

وێرای قەیرانی دارای و ئابووری، بەڵام حكومەتی مەسرور بارزانی بەردەوامە لە پێشكەشكردنی پڕوژی خزمەتگوزاری و ستراتیجی بۆ خەڵكی كوردستان و هەمەجۆر كردنی سەرچاوەكانی داهات دوور لە پشتبەستن بە بەرهەمی نەوت وەك تاكە سەرچاوەی داهاتی هەرێمی كوردستان، لەم رووەوە حكومەتی مەسرور بارزانی چەندین پڕۆژەی ئەنجام داوە. لەوانە دروست كردنی چەند ناوچەیەكی پیشەسازی خۆراك بەهاوكاری كەرتی تایبەت لە شاری دهۆك بە گوژمەی 70ملیار دینار و كاركردن بۆ دروستكردنی 11ناوچەی پیشەسازی هاوشێوەی ناوچەی پیشەسازی دهۆك لە شارەكانی هەولێر، سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و كاركردن بۆ دروستكردنی 5سایلۆی گلدانەوەی دانەوێڵە لە شارەكانی دهۆك و هەڵەبجە و زاخۆ و كفری و هەریر كە هەر سایلۆیێك نزیكەی 20ملیار دیناری تێدەچێت.

لەلایەكی دیكەشەوە حكومەتی مەسرور بارزانی گرنگی داوە بە سەرچاوە ئاوییەكانی كوردستان و بۆ ئەم مەبەستە نزیكە 33ملیار دیناری تەخان كردووە بۆ تەواوكردنی 12پڕۆژەی بەنداو لە هەرێمی كوردستاندا، هەروەها وێستگەی هەڵمی بۆ بەرهەم هێنانی كارەبا لە شارۆچكەی خەبات خاوەتەكار كە بەهۆیەوەی 843 مێگاواتی كارەبای هەرێمی كوردستان زیاد بووە.

ئەمە و پڕۆژەی شەقامی سەدمەتری شاری سلێمانی بەدرێژایی 146كیلۆمەتر گوژمەی 400ملیار دینار خراوەتە واری جێبەجێ كردن و هەروەها لە ئێستادا كاردەكرێ لەسەر پڕۆژەی شەقامی 150مەتری شاری هەولێر و رێگای جوتسایدی هەولێر/دهۆك (گۆپاڵ) بەدرێژایی 60كیلۆمەتر كەلەقۆناغی كۆتایدایە، لەهەمان كاتدا كاردەكرێ لە دروستكردنی ڕێگای كەلار/سلێمانی و تاكو ئێستا رێژەی 36%ی ئەم رێگایە جێبەجێ كراوە، وێڕای ئەوەی نوژەنكردنەوەی تەواوی رێگاوبانەكانی هەرێمی كوردستان هەر لەزاخۆە تاكو گەرمیان كە 79پڕوژەی لەخۆگرتبوو بە گوژمەی 43ملیار دینار و تەواوكردنی 22پڕۆژەی دیكەی بە بڕی 110ملیار دینار.

لەرووی دانوستان و بەدەستهێنانی مافەدەستوورییەكانی خەڵكی كوردستان، مەسرور بارزانی چی كردووە؟

بێگومان دانوستان و گفتوگۆ لەگەڵ حكومەتی فیدڕال (بەغدا) ئەركێكی نیشتمان پەروەری و خەزمەتێكی دیكەی مەسرور بارزانییە بۆ بەدەستهێنانی مافەدەستوورییەكانی خەڵكی كوردستان لەپێناو دەستەبەركردنی مافی سیاسی  و شایستە داراییەكانی خەڵكی كوردستان كە مەسرور بارزانی و حكومەتەكەی ئەنجامی دەدەن.

لەم رووەوە هەر لە دەسپێكی دەستبەكاربوونییەوە مەسرور بارزانی جەختی لەسەر گفتوگۆ و دانوستانی كردووە لەگەڵ بەغدا و دەستەبەر كردنی مافە سیاسی و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان، بۆ ئەم مەبەستەش تاكو ئێستا چەندین جار خودی مەسرور بازانی و شاند و لێژنەی حكومەتی كوردستان سەردانی بەغدایان كردووە. وێرای داواكردنی بودجە و مووچە و شایستەدارییەكانی هەرێم، هەروەها مەسرور بارزانی جەختی كردووە لەسەر جێبەجێ كردنی مادەی 140ی دەستوری عێراق و دانوستان لەسەر چارەنووسی و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان و نەهێشتن و بەبەرەكانی كردنی تەعریب كردنی كەركوك و ناوچەكوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و داگیركردنی خانوو و كێڵگەی جوتیارانی كورد و ئاسایی كردنەوە دۆخی عەسكەرتاری كەركوك و دەستەبەر كردنی بودجە و مووچەی پێشمەرگەكانی كوردستان وەك بەشێك لە سیستەمی سەربازی حكومەتی فیدڕال.

ئەمانە تەنها مشتێك بوون لە خرواری كار و چالاكییەكانی مەسرور بارزانی و حكومەتەكەی كە وەك ئەرك و بەرپرسێتی و خزمەتكردنی گەل و وڵات ئەنجامیان داوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

بابه‌تی تر

وەزیری پەروەردە: بەداخەوە هەندێ‌ جار ئەم پرسانە بۆ موزایەدە بەكار دەهێنرێت، دەیانەوێت موزایەدە بخەنە ناو كەرتی پەروەردە

خەبات: رۆشنا عەلی:- وەزیری پەروەردە لە میانەی كردنەوەی قوتابخانەی شاری مامۆستایانی بنەڕەتی…