خەبات: هاوار مورتكه‌یی:- ماریا ئه‌نجێلیكا ئه‌و خانمه‌ شه‌تره‌نجزانه‌ی وڵاتی ڤه‌نزویللایه‌ كه‌ له‌به‌ر بارودۆخی وڵاته‌كه‌ی كۆچ ده‌كات بۆ په‌نه‌ما و له‌وێ كه‌ ده‌زانن كه‌سێكی به‌توانایه‌ له‌ شه‌تره‌نج داوای لێده‌كه‌ن وه‌ك یاریزانێكی په‌نه‌مایی یاری بكات و ئاڵای ئه‌و وڵاته‌ له‌ پاڵه‌وانێتییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان به‌رز بكاته‌وه‌، دواتر كه‌ پێشه‌نگی پاریزانانی ئه‌و وڵاته‌ ده‌گرێت، شه‌ره‌فی ئه‌وه‌ی پێده‌درێت یه‌كێك بێت له‌ ئه‌ندامانی هه‌ڵبژارده‌ی ئۆڵۆمپی بۆ ئۆڵۆمپیادی داهاتوو كه‌ بڕیاره‌ له‌ رووسیا به‌ڕێوه‌بچێت، ئه‌م خانمه‌ له‌ میانی دیمانه‌یه‌كدا باس له‌چیرۆكی خۆی ده‌كات و ئاماژه‌ به‌خۆشه‌ویستی خۆی بۆ شه‌تره‌نج ده‌كات كه‌ ئه‌و كاته‌ی كۆچیش ده‌كات ناتوانێت ده‌ستبه‌رداری ئه‌و یارییه‌ بێت.

كۆچ ناچاری كردم دووربكه‌ومه‌وه‌
ماریا ئه‌جێلیكا Maria Angelica Carrillo كه‌ له‌ساڵی 1991 له‌ وڵاتی ڤه‌نزویللا له‌دایك بووه‌، ماسته‌ری له‌ یاسای كاركردن هه‌یه‌ و ده‌ڵێت: سه‌ره‌تا زۆر له‌یارییه‌كانم ده‌كرد وه‌ك مه‌له‌وانی، تۆپی باله‌، گۆڕه‌پان و مه‌یدان، به‌ڵام شه‌تره‌نج رووبه‌ریكی گه‌وره‌تری له‌ ژیانم داگیركرد، له‌خیزانه‌كه‌مان كه‌س ئه‌و یارییه‌ ناكه‌ن، به‌ڵام به‌رده‌وام پشتگیری منیان كردووه‌ و ئه‌وان هانده‌رم بوونه‌، كاتێك ته‌مه‌نم ده‌بێته‌ 10 ساڵ و ده‌مبه‌نه‌ قوتابخانه‌یه‌كی شه‌تره‌نج و دوای ساڵێك له‌فێربوون به‌شداری پاڵه‌وانیتییه‌كانم كرد، تا ته‌مه‌نی 18 ساڵی به‌رده‌وام ركابه‌ریم له‌ پاڵه‌وانیتییه‌كان ده‌كرد، به‌ڵام دواتر بارودۆخی وڵاته‌كه‌م تێكچوو، ناچار كۆچم كرد به‌ره‌و وڵاتی په‌نه‌ما و له‌وێ بۆ ماوه‌یه‌ك له‌ شه‌تره‌نج دوور كه‌وتمه‌وه‌ و كاری دیكه‌م ده‌كرد.

ده‌رفه‌تم بۆ ره‌خساوه‌
ئه‌و خانمه‌ زیاتر ده‌ڵێت: له‌ په‌نه‌ما كه‌ زانیان له‌شه‌تره‌نج ئاستیكی باشم هه‌یه‌، ده‌رفه‌تیكیان بۆ ره‌خساندم كه‌ دووباره‌ ئه‌و یارییه‌ بكه‌مه‌وه‌، به‌ڵام مه‌رجی ئه‌وان ئه‌وه‌بوو كه‌ له‌مه‌ودوا به‌ئاڵا و ناوی په‌نه‌ما به‌شداری پاڵه‌وانیتییه‌كان بكه‌م، ئه‌وه‌بوو به‌رده‌وام بووم و خۆشبه‌ختانه‌ بڕوانامه‌ی راهێنه‌ری FIDEم بةدةستهێنا، له‌یاریكردنیش به‌شداری پاڵاوتنی ئۆڵۆمپیادم كرد و خۆشبه‌ختانه‌ پێشه‌نگی پۆلینه‌كه‌م به‌ده‌ستهێنا و شه‌ره‌فی ئه‌وه‌م به‌ركه‌وت وه‌ك ئه‌ندامێكی هه‌ڵبژارده‌ی ئۆڵۆمپیادی په‌نه‌ما به‌شداری له‌ ئۆڵۆمپیادی رووسیا بكه‌ین كه‌ له‌ داهاتوودا ئه‌نجام ده‌دریت، پێشتریش توانیبوومان بۆ ئۆڵۆمپیادی باتۆمی له‌ جۆرجیا سه‌ربكه‌وین و به‌شداربم.

شه‌ترنج ئومێدی پێ به‌خشییه‌وه‌
ماریا ئه‌نجێلیكا زیاتر باس له‌ ده‌سكه‌وته‌كانی له‌ یاری شه‌تره‌نج ده‌كات و ده‌ڵێت: له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك شه‌تره‌نجزانی به‌توانی ئه‌و وڵاته‌ به‌رده‌وامیم به‌خۆم دا بۆ راهێنان، زوو توانیم ئاستی خۆم پێش بخه‌م، ئه‌گه‌رچی ژیانی ئاواره‌یی و دوور له‌ خانه‌واده‌كه‌م بۆمن هێنده‌ قورس بوو به‌ڵام چۆكم دانه‌دا و به‌رده‌وامییم به‌خۆم دا و هه‌رگیز ئه‌وه‌ش له‌بیر ناكه‌م كه‌ بوومه‌ پاڵێوراوی Master Fide، باشترین ئه‌نجامیشمان به‌ده‌ستهێنانی پله‌ی سێیه‌م بوو له‌ پاڵه‌وانێتی گشتی ئه‌مه‌ریكا كه‌ له‌ ساڵی 2019 له‌ كۆستارێكا به‌ڕێوه‌چوو، خۆشه‌ویستیم بۆ شه‌تره‌نج راده‌به‌ده‌ره‌، بۆم ده‌ركه‌وت كه‌ شه‌تره‌نج بوو ئه‌و هێزه‌ی پێ به‌خشیم به‌ره‌نگاری ئه‌و نه‌هامه‌تییانه‌ی كۆچ و دوور له‌ خانه‌واده‌كه‌م ببمه‌وه‌، ته‌نها به‌وشه‌یه‌ك ده‌توانم وه‌سفی شه‌تره‌نج بكه‌م كه ئه‌ویش‌ (سۆز)ه‌.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

بابه‌تی تر

وەزیری پەروەردە: بەداخەوە هەندێ‌ جار ئەم پرسانە بۆ موزایەدە بەكار دەهێنرێت، دەیانەوێت موزایەدە بخەنە ناو كەرتی پەروەردە

خەبات: رۆشنا عەلی:- وەزیری پەروەردە لە میانەی كردنەوەی قوتابخانەی شاری مامۆستایانی بنەڕەتی…