لەیادی ریفراندۆمە پیرۆزەكەی كوردستاندا، دەبێ چاوەڕێی دەرفەتێك بكەین

141

نیان ئەحمەد
25\9\2017 رۆژێكی مێژوویی بوو بۆ نەتەوەی كورد لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردوو لە داگیركاری و دابەشكردن و لەخاچدانی خاكی كوردستان لەلایە دەوڵەتە زلهێزەكانی جیهان، پەیماننامەی سایكس بیكۆ لە پەیماننامەی لۆزاندا كە بەتەواوی چووە بواری جێبەجێكردنەوە، ریفراندۆم یاخود گشتپرسی مافی هەموو نەتەوەو و میللەتێكە كە بیەوێت دەوڵەتی هەبێت و دەوڵەتخواز بێت، میللەتی كوردیش وەكو هەر نەتەوەیەكی ئەم سەر زەمینە خاوەنی خاك و نیشتمان و ئاڵا و زمان و كەلتوور زاراوەی جیاجیا و چەند ئایینێكی رەسەنی خۆی هەیە بە هەموو پێوەرە نێو دەوڵەتییەكان كورد مافی خۆیەتی داوای سەربەخۆیی بكات.

ریفراندۆم وەرچەرخانێك بوو پاش 100 ساڵ بۆ كوردستانی باشوور لەماوەی ئەم هەموو شۆڕش و خەبات و قوربانیدانە كە توانی پاش شەڕێكی نەگریسی داسەپاوی داعش كورد خۆی ڕێكبخاتەوەو یەكدەنگ بێت لەسەر مافی چارەی خۆنووسین، خەڵكی كوردستان بە هەموو پێكهاتەو ئایینەكانەوە لە تەواوی خاكی كوردستان بە ناوچە كێشە لەسەرەكانیش دەنگیان بە بەڵێ دا بۆ سەربەخۆیی كوردستان، كە 93% دەنگی بەڵێی بەدەست هێنا، لەم ڕۆژە پیرۆزو هەستی بەرزی نەتەوایەتی و جۆش و خرۆشی كوردستانیان، ئەگەرچی دەنگێكی نەزۆك و نەشاز بەبێ شەرم گوتیان نەخێر، هەرچەندە دەنگێكی كەم و حساب بۆ نەكراو بوو، بەڵام ریفراندۆم دەریخست كە هێشتاش خەڵكێك هەیە ئەڵقەلەگوێی دوژمنانن، كە ئەمجۆرە كەسانە لەهەموو كات و ساتێكدا بۆ كورد بوون بە( بەڵا)، دوای سێ ساڵ واخەریكە خەڵكێكی دیكەمان بۆ دەردەكەوێ تانەو تەشەر لە ریفراندۆم دەدەن و داوای دادگایكردنمان لێدەكرێت، لەكاتێكدا ریفراندۆم كارتێكی گوشار و تابۆیەكی یاسایی و شەرعییە بە دەست كوردەوە، هەر ئەم گشتپرسییەش بوو وایكرد كوردستان بچێتە قۆناغێكی دیكەی نێودەوڵەتییەوە، لەبەر ئەوەی وا تەماشا دەكرا كێشەی كورد كێشەیەكی ناوخۆییە، بەڵام ریفراندۆم زیاتر ساغیكردەوە كە كێشەی كورد كێشەیەكی ناوخۆی عێراق نییە، بەڵكو كێشەی داگیركار و دابەشكردن و لەتكردنی كوردستان و نەتەوەی كوردە بەسەر دەوڵەتێكی نەخوازراوە.

هەربۆیە ئەم گشتپرسیە وایكرد چەند جارێك كۆبوونەوەی نەتەوەیەكگرتووەكان و ئاسایشی نێودەوڵەتی ئەنجام بدرێت و قسە لەسەر ریفراندۆم و كێشەی كورد بكەن، زیاتر تێگەیشتنیان بۆ كێشەكانی نەتەوەی كوردو خاكی كوردستان هەبێت.وەك وڵاتی كۆسۆڤۆ چۆن لەساڵی 1992 ڕیفراندۆمیان بۆ سەربەخۆیی كرد، ئەوكاتەش وڵاتان و نەتەوە یەكگرتووەكان دژی گشتپرسی كۆسۆڤۆ بوون، بەڵام كۆسۆڤۆ لەفرسەتێك گەڕا تا ساڵی 2008 ئەوكاتە باشترین فرسەت بوو بۆ دروستكردنی دەوڵەت و نەتەوە یەكگرتووەكان و زۆرینەی وڵاتانی جیهان دانیان پێدانا، دەبێت كوردیش بۆ فرسەتێك بگەڕێ ئەم هەموو بیانوو و بودجە و مووچەبڕین و تەعریبكردنی ناوچە كێشە لەسەرەكان و ئەو بیانوانەی كە لەلایەن حكوومەتی عێراق و حزبی مەزهەبیی شیعی بەكوردی دەكەن، ببێتە كارتێك و دەرفەتێك بۆ ڕاگەیاندنی دەوڵەتی كوردستان.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

بابه‌تی تر

شێوەکار رێژنە حەمید: هونەر لە کۆمەڵگایەکی داخراوی وەک کۆمەڵگای کوردی قورسە

خەبات: پەریهان عومەر:- شێوەکار رێژنە حەمید مستەفا لە دایکبووی ساڵی 1984 لە قەزای رانیە، دە…