لامەركەزییەت لە كارنامەی مسرور بارزانیدا

0
732

كاروان محەمەد سینو

بێگومان كارنامەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەسەرۆكایەتی رێزدار مسرور بارزانی پڕە لە كار و چالاكی لە پێناو بەهێزكردنی هەرێمی كوردستان و دابینكردنی خۆشگوزەرانی بۆ تەواوی خەڵكی كوردستان لە میانەی كاركردنی لە چەندین سێكتەری جودا جودای پەیوەست بە ژیانی خەڵك و سەروەری قەوارەی هەرێمی كوردستان، وەكو سێكتەرەكانی (چاكسازی، خزمەتگوزاری،پەیوەندیی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقی فیدراڵ، ئازادی و دیموكراسی و پێكەوە ژیان، پەیوەندییەكانی هەرێم لە سەر ئاستی هەرێمی ونێودەوڵەتی، بواری ئابووری و داراییدا و بواری كارگێری – واتا ئیدارەدانی دامودەزگاكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە پێناو چەسپاندنی لامەركەزیەتی ئیداریی پارێزگاكان كە گونجاو بێت لە گەل سیستەمی یاسایی و كارگێڕی هەرێمی كوردستان و شۆركردنەوەی دەسەڵاتەكان و دابەشكردنی ئەرك و بەرپرسیاریەتی بە پێی یاسا، لە ژێر چاودێری سەرۆكایەتی حكومەت).
هەموومان بینیمان.. دەسپێكی كاری حكومەتی هەرێمی كوردستان (كابینەی نۆیەم)، ئاسایی و ئاسان و گوڵڕێژ نەكرابوو!. بەڵكو هەر لە دەسپێكی كاریخۆیدا، حكومەتی هەرێمی كوردستان دووچاری چەندین ئاستەنگ و بەربەست هات، كە یەكێیان بەربەستێكی لەناكاوی سروشتی چاوەڕوان نەكراوبوو، ئەویش بەربڵاو بوونی ترسناكانەی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان و سەرانسەری جیهان. هەڵبەت رووبەرووبوونەوەی ئەم پەتایە بووە ئەگەری ئەوەی كە حكومەتی هەرێمی كوردستان كات و توان و شیان و پارەیەكی زۆر خەرج بكات، ئەمەش بووە ئەگەری ئەوەی توان و شیانەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە جێبەجێ كردنی كارنامەی ڕاگەیاندراوەكەی خۆی، تاڕادەیەك سنورداربێت.
لەلایەكی دیكەشەوە چەندین بەربەست و ئاستەنگ و قەیران و رێگری و پاشقوڵی سیاسی لەلایەن (هەندێك هاوكار؟!) و ناحەزانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆخودی سەرۆك وەزیران و كارنامەی حكومەت دروستكران؟!. وێڕای هەموو ئەمانەش، بڕینی مووچەی فەرمانبەران و بودجەی هەرێمی كوردستان لەلاین حكومەتی مەركەزی عێراق و داتەپینی نرخی نەوت بەشێوەیەكی دراماتیكی كە بۆماوەی یەك هەفتە نرخی نەوت لە(سفر دۆلار چەقی بوو) ئەمەش پێشینەیەكی مێژووی بوو لە داكەوتنی نرخی نەوت كە هەرگیز هیچ كەس و هیچ تیۆرێكی ئابووری ئەم پێشبینیەی بەخەونیش نەیاندیتبوو. ئا ئەمانە كاودان و بارودۆخی دەسپێكی كاروچالاكییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بوو.
بەڵام سەرەرای هەموو ئەمانەش، حكومەتی هەرێمی كوردستان بەسەرۆكایەتی رێزدار مسرور بارزانی زۆر سەركەوتووانە توانی سەرەدەری لەگەڵ ئەم قەیران و بەربەست و پاشقوڵەسیاسییانە بكات و ئێستاش لە هەوڵێكی زۆر جدی دایە كە كارنامەی خۆی لەكاتی خۆیدا و وەكوخۆی پەیڕەو و جێبەجێ بكات بەلەبەر چاو گرتین بارودۆخە سیاسی و ئابوورییە هەنووكەییەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق، لەكاتێكدا هەموومان چاك ئاگاداری بارودۆخی سیاسی و عەسكەری حكومەتی نوێی عێراقین (كە ئیرەیی پێ نابردرێ). هەروەها (لەم سەروبەندەی ئێستایدا)! تەنانەت ئومێدیش لە حكوومەتی ناوەندی عێراق چاوەڕوان ناكرێ كە ئەم حكومەتە بتوانێ كێشە و گرفتەكانی خۆی لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان بەپێی دەستوور و لەئاست خواست و ئارەزووی هەردوولا چارەسەر بكات.
بۆیە پێویستە حزب و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان (بەدۆست و ڕكابەرانی حكوومەت و پارتی) لە ئاستی بەرپرسێتی و نیشتیمان پەروەریدابن و هەموو ناكۆكیی و ڕكابەرییەكانیان (لەئێستادا!) وەلا بنێن و دەست لەناودەست لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان هاوكار و هەماهەنگ بن، بۆ ئەوەی ئەزموونی سەركەوتووی هەرێمی كوردستان (كەهیواو ئاواتی هەموو خەڵكی هەرچوارپارچەی كوردستانە) لە نێو دەریاری هەڵچوو و شڵەژاوی سیاسەتی رۆژهەڵاتی ناوەراست و عێراق رووەو كەنارێكی ئارام ئاراستە و لەنگەر بكرێ، كە ئەمە لە بەرژەوەندی تەواوی خەڵكی كوردستان و هەموولایەنە سیاسییەكانی كوردستاندایە. بەپێچەوانەوە لێدانی دەهۆڵی داگیركەران و جێبەجێ كردنی ئەجیندای دوژمنان لە دووپارچەیی و دووبەرەكی و دوو ئیدارەیی و هەڵوەشاندنەوەی قەواری هەرێمی كوردستان، هەموو ئەمانە تەنها خواستی دوژمن و داگیرگەرانی كوردستانە و لەكۆتاییدا تەنها رووڕەشی و شەرمەزاری بۆ دهۆل لێدەران و پێڕەوانی ئەم سیاسەتەی داگیركەران دەهێڵیتەوە.

زیاتر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

بابه‌تی تر

له‌ پارێزگای دھۆك دەوامی فەرمیی له‌ دامودەزگاكانی حكوومەت راده‌گیرێت

جێگری پارێزگاری دھۆك، رایگەیاند، دەوامی فەرمیی دامودەزگاكانی حكوومەت لە تەواوی سنووری پارێ…