كۆنفڕانسی نێودەوڵەتیی ئاشتی لە هەولێر بەڕێوە دەچێت

0
138

لە كۆنفڕانسی نێودەوڵەتیی ئاشتیی هەولێر، كە رێكخراوی سپارك بە هاوكاریی وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندا سازی كردووە، نوێنەرانی چەندین وڵات و كەسایەتیی حكوومی تێیدا بەشدارن.

ئەمڕۆ لە هۆتێل رۆتانای شاری هەولێر، رێكخراوی سپارك بە هاوكاریی وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندا، سەبارەت بە توندوتیژی و توندڕەوی كۆنفڕانسێكی ساز كرد، كە لە چوار پانێڵ پێك دێت و تێیدا چەندین لێكۆڵینەوە لە لایەن لێكۆڵەران و بەرپرسانی حكوومی و نێودەوڵەتی سەبارەت بە توندوتیژی و چارەكردنیان دەخرێنە روو.

سەفین دزەیی، گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە سەرەتای كۆنفڕانسەكەدا ئاماژەی بە گرینگیی كۆنفڕانسەكە كرد، كە هاوكاتە لەگەڵ تێپەڕبوونی چەند ساڵێك بەسەر هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی توندڕەوی لە هەرێمی كوردستاندا. ئەوەیشی نەشاردەوە كە بەدەستهێنانی میانڕەوی لە كوردستان هەڕەمەكی و ئاسان نەبووە، بەڵكوو پلانیان بۆ داڕشتووە، تا ئەو كەشە خوازراوەی ئەمڕۆ لە هەرێمی كوردستاندا هەیە، هاتووەتە دی.

دزەیی، لە بەشێكی دیكەی گوتارەكەیدا، ئاماژەی بەوەش دا، كە هەرێمی كوردستان بە درێژایی مێژوو قوربانیی دەستی توندڕەوی بووە، هەر بۆیەشە كاریان بە پلانی تۆكمە كردووە بۆ خوڵقاندنی كەشێكی میانڕەوی، گوتیشی: “ئەم هەرێمە شوێنی لەخۆگرتنی هەموو ئەو كەسانەیە، كە دید و بۆچوونی جیاوازیان هەیە، زیاتر لە ملیۆنێك و 800 هەزار پەنابەر و ئاوارە روویان لێرە كردووە، ئەوەش دەریدەخات هەرێمی كوردستان بیروڕای جیاواز لە خۆ دەگرێت”.

لە كۆتاییدا گوتەبێژی حكوومەتی هەرێم، توندڕەویی بە گەورەترین مەترسییەكانی جیهان ناو برد، كە ئەمڕۆ تیرۆر لە ژێر ناوی ئایینی ئیسلام ئەنجام دەدرێت، بەڵام بە مایەی خۆشحاڵیی زانی، كە نەتەوە یەكگرتووەكان رایگەیاندووە، نابێت تیرۆر بە هیچ ئایین و گرووپێكەوە ببەسترێتەوە، ئەوەیشی گوت، كە لە هەرێمی كوردستان مامۆستایانی ئایینی دەتوانن هەماهەنگیی لایەنەكان بكەن و هەوڵەكانیان چڕ بكەنەوە تا بەر بە بیروباوەڕی توندڕەوی بگرن.

دواتر وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان گوتارێكی پێشكەش كرد و رایگەیاند، تیرۆر بووەتە دیاردەیەكی جیهانی و هەڕەشەیەكی جیددییشە لەسەر دیموكراسی و مافی مرۆڤ و ئاشتی و ئاساییش و سەقامگیری و هەموو بەهاكانی گەلان، هاوكات هەرێمی كوردستانیش. نموونەیشی بە دوای پرۆسەی ئازادكردنی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ هێنایەوە، كە هەرێم بوو بە ئامانجێكی راستەوخۆی گرووپە توندڕەو و تیرۆریستییەكان.

وەزیری ناوخۆ باسی لە تێكچوونی رەوشی ئەمنیی عێراقیش كرد، كە تیرۆریستان مەبەستیان بووە رەوشی هەرێمی كوردستانیش تێك بدەن و بیكەنە ژینگەیەكی لەبار بۆ تیرۆر لە رێگەی ناردنی چەكداری مەشقپێكراوی خۆیان بۆ ناو هەرێم، تا بناغەی تیرۆر و شانەی تیرۆریستی تێدا دروست بكەن، بەڵام خۆشبەختانە كۆمەڵگەی كوردستان خۆڕاگر بووە و بە هەموو شێوەیەك بیری توندوتیژی و تیرۆریان رەت كردووەتەوە.

كەریم شنگالی، سەركەوتنی دەزگا ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستانی بەسەر تیرۆر و توندڕەویدا، بۆ خۆڕاگری لە كۆمەڵگەی كوردستان گەڕاندەوە، كە لە رێگەی هەماهەنگی و هاوكاریی بەهێزی نێوان هاووڵاتیان و دامەرزاوەكانی ئاساییش و هێزەكانی ناوخۆ بووە، هاوكات سیاسەت و بەرنامەی ئەرێنیی حكوومەتی هەرێم، بۆ بەرەوپێشبردنی دادپەروەری و مافەكانی مرۆڤ و پێكەوەژیانی ئاشتیانە هەنگاوی ناوە و كاری كردووە.

خێڵان بەختیار

زیاتر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

بابه‌تی تر

ئەنجوومەنی وەزیرانی کوێت: شێخ نەواف ئەلئەحمەد ئەلجابر ئەلسەباح میری کوێتە

دوای کۆچی دوایی شێخ سەباح ئەلئەحمەد ئەلجابر ئەلسەباح میری کوێت، ئەمڕۆ سێشەممە (29/ 9/ 2020…