كورد لە نێوان 100 ساڵی حوكمڕانی عەبدولرەحمان گەیلانی بۆ مستەفا كازمی

128

مستەفا قایتەوەنی- لەندەن
لە سەردەمی عەبدولرەحمان گەیلانی یەكەم سەرۆك وەزیرانی عێراق، كە ئەوكات حوكمی عێراق پاشایەتی بوو، تا ئەمڕۆ كە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراقە، كورد لەم 100 ساڵەدا لەدەسەڵات بوو بێت یان لەدەرەوەی دەسەڵات، ئۆپۆزسوێن بووە و هەندێ جاریش بە لەیاسا دەرچوو یان تێكدەر یانیش بەكرێگیراو لەقەڵەم دراوە!.

هەشتا و سێ ساڵ لەو 100 ساڵە كورد وەك یاخییەكی قەرزار بەیاسا نیشاندراوە، بەڵام دروست 17 ساڵە و لەدوای روخانی ڕژێمی بەعسەوە هیچ سەرۆك وەزیرانێكی عێراق بەبێ پشتیوانی و ڕازیبوونی كورد نەیتوانی لەسەر كورسی دەسەڵات دابنیشێت، بەڵام هەركەسێك بووبێت بە سەرۆك وەزیرانی عێراق دوای بەجێهێشتنی كورسیەكەی بۆ كورد سەرئێشەی ناوەتەوە، لەوانەش ئیبراهیم جەعفەری، ئەیاد عەلاوی، مالیكی، عەبادی، دوا سەرۆك وەزیر عادل عەبدولمەهدی بوو كە نزیكترین دۆستی كوردیش بوو، بەڕاگرتنی مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان كورسی دەسەڵاتی بەجێیهێشت ، ئێستاش لەسەد ڕۆژەی دەست بەكاربوونی مستەفا كازمیداین، لەم سەد ساڵەدا كورد 47 سەرۆك وەزیری بەڕێكردووە، هەموو سەرۆك وەزیرەكانی عێراق یان دۆستی كورد بوون یان هاوسۆز یان لەكورد نزیك بوون، بەڵام لەكۆتایدا كورد هەموویانی بەیەك چاو سەیر كردووە (ئەیاد عەلاوی و عادل عەبدولمەهدی) دوو كەسایەتی دیاری ناوگۆڕەپانی سیاسی عێراق بوون و زۆریش نزیك و دۆستی كورد بوون، دەشێ ئەوەندەیان پێ كرا بێت كە كردیان، بەڵام بەداخەوە زۆرێك لە سیاسییەكانی ئێمە بابەتەكان لەچاوی شەخس و كەس و لایەنێكدا دەبینن كە لەڕاستیدا ئەو بیركردنەوەیە نەك هەڵەیە، بەڵكو زۆریش ناتەندروستە، چونكە دۆخی عێراقی ئێستا لەگەڵ ساڵێك پێشتر بەراورد ناكرێت نەوەك بمانەوێ بەسەردەمێك بەراوردی بكەین كە كورد هێزو پێگەی هەبوو!

لەئێستادا پێگەی كورد لە عێراقدا زۆر لاوازو كەم هێزە، بەغداش ئەو راستییە دەزانێ و خۆشمان دانمان پێدا ناوە، ئەو هەموو پاشەكشەیەش یەك ڕەهەندی نییە، بەڵكو ڕەهەندی جۆراوجۆری هەیە و ڕەنگە بەشێكیشی ململانێی نێودەوڵەتی و هەرێمی بێت لەدەرەوەی دەسەڵاتی كوردیشدا بێت!

بەڵام لایەنە كوردی و كوردستانییەكان دەتوانن هەندێ لەو ریسانە بكەنەوە بە خوری و گڕوتینێك بدەنەوە بەر كوردو پێگە سیاسییەكەی لەبەغدا بەهێز بكەنەوە، ئێمە دەبێ راشكاوانە دان بەوەدا بنێین كورد خاوەنی ناوماڵێكی بڵاو و داپشكاوی سیاسیە و ئەو یەكگرتوویی و یەك گوتاری سیاسی جارانمان نەماوە، هەولێر ناتوانێ كاریگەرییەكەی ساڵانی ڕابردوو لەسەر بەغدا دروست بكاتەوە، بەڵكو ئەوە بەغدایە بووەتە دەم سپی و كاریگەری لەسەر هەولێرو سلێمانیش دورست كردووە.
عەرەبی سوننەو شیعەی عێراق وەك دوو دوژمنی هەزارو چوار سەد ساڵە سەیری یەك دەكەن، بەڵام كە دێتە سەر پرسی كورد هەموویان عەرەبن و بەیەك چاو سەیری كوردستان دەكەن بێ جیاوازی.

كێشەی كوردیش ئەوەیە هیچ رەنگدانەوەیەكی یەكڕیزی لە سەر شانۆی سیاسی نابینرێت، حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەبێ پشتگیری حزبەكان بەرامبەر بەغدا وەستاوە و هەر حزبەو بۆ پەیوەندی لەگەڵ بەغدا ئەسپی خۆی تاو دەدا.

هەرێمی كوردستان لەبەردەم تەحەدیاتی گەورەدایە كە بۆی بووەتە دووڕیانێك هەڵبژاردنی هەریەكێك لەو ڕێگایانە كوردستان لەقاڵب دەدا، یەكەمیان رادەستكردنەوەی هەموو شتە بە بەغدا ، دووەم بەرگەگرتنە لەبەردەم فشارەكانی بەغدا و هەرێمایەتی و ئەم برسێتی و بێ مووچەیەی ئێستایە.

پێموایە هەردوو بژاردەكە هەریەكەیان مەترسی خۆی هەیە، بەڵام ئەگەر بە لۆژیك لێكی بدەینەوە بژاردەی یەكەم لەپێناو مووچەو ئیمتیاز كوردستان خۆی ڕادەستی بەغدا بكات، خەبات و قوربانی 100 ساڵی ڕابردوومان دەبێتە چیرۆكێكی ساردوسڕی بێ ئەنجامی بەر ئاگردان و لەناو عێراقیبووندا دەتوێینەوە.

هەرچی بژاردەی دووەمە پێویستی بە یەككڕیزی نیشتیمانی و پێكەوەی و تەبای هەیە بۆ بەرگە گرتنی فشارەكان كە پێموایە ئەوەیان بژاردەیەكی دروست ترە ، بەڵام بەو مەرجەی پارتی كە دەسەڵاتی زیاتری لایە و یەكێتیش هێزی دووەمە لەكوردستان و دوای ئەوانیش بزووتنەوەی گۆڕان و لایەنەكانی تریش بەپێی پێگەو قورسایی خۆیان شان بدەنەبەر بەرپرسیارەتی مێژوویی، بەتایبەتیش بەرپرسیارەتی پلە یەك لەسەر پارتی و یەكێتیە، چونكە دوو لایەنی خاوەن هێزو ئیمكانیەتی زەبەلاحن، دڵنیام ئەگەر ئەو هەنگاوانە بنێن هەموو خەڵكی كوردستان پشتیوانتان دەبێ و ئیرادەی میللی و شەقام لە هەموو پشتیوانییەكی دەرەكی بەهێزترە.

هیچ هێزێكی دەرەكی و هەرێمی ناتوانێ ئیرادەی گەلان بشكێنێت، خەڵكی كوردستانیش قوربانی زۆری داوە لەبەرز ڕاگرتنی كەرامەت و هەڵگرتنی ناسنامەی كورد بووندا، ئەو هەموو شەهید و قوربانی و ماڵ وێرانی و ئەنفال و جینۆسایدو كیمیا بارانە لەپێناو ڕاگرتنی شكۆی كورد بون و كەرامەتدا بوو.

لە47 سەرۆك وەزیری عێراق لە عەبدولرەحمان گەیلانی بۆ مستەفا كازمی كورد لە نەهامەتی و ماڵ وێرانی زیاتر هیچی نەچنیەوە، ئێستا كاتی ئەوەیە بەیەككڕیزی و تەبایی بەرەنگاری فشارەكان ببنەوە، حكوومەتیش پلانێكی تۆكمەی هەبێ بەرانبەر نەوت غاز و پشت بە كەرتی كشتوكاڵ ببەستێ و بەروبومی خۆماڵی بەكار بهێنێ و سوود لەئەزمونی وڵاتانی ئابڵۆقەدراو ببینین، كوردستانیش ناوچەیەكی دەوڵەمەندو بەپیتە و كەشوهەوایەكی لەباریشی هەیە بۆ كەرتی كشتوكاڵ و سروشتێكی جوان و دڵڕفێنی هەیە بۆ رێخستنەوەی كەرتی گەشتیاری و خاكەكشمان پڕە لە كانزای بەنرخ هاوشێوەی نەوت و گاز، تەنها حزب و لایەنە كان پشتیوانی حكوومەت بن و واز لە ئەجندای حزبی بهێنن. شەپۆلەكانی دەریا مەترسی گەورەن بۆ سەر ئەو كەشتییەی ناوی كوردستانە ئەگەر ژێر ئاو كەوت كەسمان سەلامەت دەرناچین و ئۆقیانووسیش بەمەلەوانی نابڕدرێ.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

بابه‌تی تر

چارلێز ڤان زێل لەدیدارێکدا بۆ خەبات: دەمەوێت ناسنامەی WGM لە ئۆڵۆمپیادی داهاتووی رووسیا بەدەست بێنم

خەبات: هاوار مورتكەیی:- چارلێز ڤان زێلی خانمە شەترەنجزانی هەڵبژاردەی خوارووی ئەفریقا لە لێ…