قەوارەی هەرێمی كوردستان قەوارەیەكی دەستووری و یاساییە

0
467

كاكەمین نەجاڕ
ماوەیەكە لە ئەنجامی ململانێی ناوخۆیی و كۆك نەبوونی پەیوەندییە نێوخۆییەكان ژمارەیەك پەرلەمانتاری كوردستانی لە عێراق و هەرێمی كوردستان باسی هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی هەرێمی كوردستان دەكەن، كە لای ئەوان باشترین چارەسەر بۆ دەرباز بوونی ئەم دۆخە هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی هەرێمی كوردستانە.

بێ ئەوەی بزانن ئەم قەواریە چۆن هاتۆتە بوون و چۆن دەكرێ پارێزگاری زیاتری لێ بكرێت نەوەك هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی بدەن، ئەم قەوارەییە بەرهەمی خوێن و فرمێسك و خەبات و شەونخونی میللەتێكی زووڵم لێكراوە . ئەوانەی باسی هەڵوەشاندنەوەی دەكەن دەبێ ئەو ڕاستیە بزانن وێڕای خەبات و قوربانیدان بۆ هاتنە بەرهەمی ئەم دەسكەوتە گەورەیە ئەوا پەرلەمانی كوردستان لە ساڵی 1992 فیدڕاڵی هەرێمی كوردستانی پەسند كردووە، دوایی ڕووخانی دیكتاتۆرییەت لە عێراق لە ساڵی 2003 لە دەستووری عێراق بوون و فیدڕالییەتی هەرێمی كوردستان بە یاسا و دەستوور چەسپێنرا، كەواتە ئەوانەی باسی هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی هەرێمی كوردستان دەكەن ئەو مافەیان نییە و ناتوانن بە ئارەزووی ئەوان یاری بە مافی گەلەكەمان بكرێت . ئەوەی جێگای تێڕامان سەر سوڕمانە ئەوەیە كە پەرلەمانتاری كورد لە عێراق لە جیاتی داكۆكی سەر سەختانە لە مافی گەلەكەی بكات و دەچێ هەوڵەكانی چڕ دەكاتەوە بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆی مافەكانی گەلەكەی هەرزان فرۆش دەكات.

ئەوانەی خەڵكی كوردستان دەنگی پێدان و بوونە پەرلەمانتار بۆ ئەوە خەڵك دەنگی پێدان تا مافەكانیان بپارێزن نەوەك ببنە بەڵایەكی گەورە بۆ سەر مافە دەستووری و یاساییەكانیان . ئەو چەند پەرلەمانتاری باسی هەوڵوەشاندنەوەی قەوارەی هەرێمی كوردستان دەكەن دەبێ شەرم لە خەبات و خوێنی ئەم گەلە نەكەن دەبێ چۆن بتوانن ڕووبەڕووی منداڵ و كەس و كاری شەهیدان ببنەوە، یا ئەوانە با كیان بەهیچ نییە تەنیا خۆیان و بەس.

ئێمەش دەزانین دۆخی ئابووری مووچە خۆران و فەرمانبەران و هاونیشتیمانیانمان خراپە . بەڵام خراپ بوونی دۆخی ئابووری مانای ئەوە نییە مافەكانی گەلەكەمان بخرێتە ژێر هەڕەشە و مەترسی گەورە . ئەوانەی بە بەهانەی خراپی دۆخی ئابووری دەیانەوێ قەوارەی هەرێمی كوردستان نەمێنێ گەر بەڕاستی لە خەمی خەڵك و مافەكانیان دان بابێن پێكەوە شەڕی گەڕاندنەوەی مافی مووچە خۆران لە بەغدا بكەین.

ئەو پەرلەمانتارانە خۆشیان باش دەزانن ئەم دۆخە ئابوورییە ئەمڕۆ سەرتاسەری جیهانی گرتۆتەوە بە هۆی بڵابوونەوەی پەتای كۆڕۆنا كە ئابووری زۆر ووڵاتی گەورەی خستۆتە مەترسیەوە . بۆ كوردستان یش دابەزینی نرخی نەوت و بڕینی بەشە بوودجە و شایستە داراییەكانمان لە بەغدا و كەمبوونەوەی داهاتی ناوخۆ هۆكاری سەرەكی دواكەوتنی مووچە و زەحمەت بوونی ژیانی خەڵكە، ئیدی چۆن دەكرێ بەم پاساوە هەوڵی لە باربردنی دەسكەوتێكی گەورەی وەك هەرێمی كوردستان بدرێ، بە درێژایی مێژوو گەلەكەمان خەباتی كردووە و قوربانی بێ شوماری داوە ئەم خەبات و قوربانیدانە تەنیا بۆ مووچە نەبووه‌، ئێمە كێشەی خاك و ئازادی و زمان و بوونی نەتەوەیەكمان لە گەڵ داگیركەرانی كوردستان هەیە نەوەك تەنیا مووچە: لە پێناو ئەم ئازادییە سەدان هەزار شەهید و قوربانیمان داوە سەدان هەزار هاونیشتیمانی بێ تاوانمان ئەنفال و زیندە بە چاڵكران تەنیا تاوانیان كورد بوون بوو، شۆڕشەكانی ئەیلول و گوڵان تاكە ئامانج و داواكارییان ڕزگاری خاك و خەڵكی كوردستان بووە لە دەست ستەمی داگیركاری، شۆڕش مان كرد تا نەوەكانی داهاتوومان بە ئازادی و سەربەستی شادبن . نەوەك خەڵكانێك بێنە سەر خوانی ئامادە و بە ناوی گەلی كوردستانەوە لە بەغدا بڕیار لە سەر بوون و مافی ئێمە بدەن.

ئەوە ئێمەین خۆمان بڕیار دەدەین و دەسكەوتەكانمان دەپارێزین گەر ئەو پەرلەمانتارانە دەیانەوێ خزمەتی خاك و خەڵكی كوردستان بكەن لە پەرلەمانی عێراق بابچن شەڕی مافەكانی گەلی كوردستان بكەن، بابچن بە یاسا رێگری لە بە عەرەبكردنی كەركوك و ناوچە كوردستانییەكان بكەن، بابچن داوای جێبەجێ كردنی مادەی 140 و گەڕاندنەوەی ماف بۆ خەڵكی كوردستان لە بەغدا بكەن.

ئیدی كاتی ئەوەیە خەڵكی كوردستان بەوانە بڵێ بووەستن ئێوە نوێنەری خۆتانن نەوەك ئێمە ئێوەی شەڕ بۆ خۆتان و گیرفانتان دەكەن نەوەك بۆ خاك و خەڵكی كوردستان، لێرەوە گرنگە دەزگاكانی ڕاگەیاندن هۆشیارانەتر ئەو ووتار و لێدوانانە بڵاو بكەنەوە كە خەڵكانێكی بەرژەوەندی خواز لە ڕێگای پەیامەكانیان دەبنە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نیشتیمانی، لە هەموو ووڵاتان ئەوەی هەوڵی لە ناوچوون و سڕینەوەی خاك و نیشتیمانەكەی بدا ئەوا بە تۆمەتی خیانەتی نیشتیمانی سزا دەدرێت، ئەمڕۆش لە كوردستان كاتی ئەوەیە بە یاسا رێگری لە فرۆشتنی خاك بگیرێت.

با بەیاسا ڕێگری بكەین لە وانەی بە ناوی گەلی كوردستانەوە لێدوان دژی خاك و مافەكانی گەلی كوردستان دەدەن،قەوارەی هەرێمی كوردستان قەوارەیەكی دەستووری و یاساییە و دان پێدانانی نێودەوڵەتی هەیە و بە هیچ كەس و گروپێك لە بەریەك هەڵناوەشێتەوە.

زیاتر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

بابه‌تی تر

بەڕێوەبەری ئاوی سۆران: هەر هاوبەشێك پێوەری ئاوی نەبەستبێت، لەم مانگە بە دواوە مانگانە پسوولەی 100 هەزار دیناری بۆ دێتەوە

خەبات: رەنجبەر بەرزنجی – سۆران:- ئەگەرچی ماوەی چەندین ساڵە لە لایەن حكوومەتی هەرێمی كوردست…