فازڵ میرانى، سكرتێرى مه‌كته‌بى سیاسى پارتى دیموكراتى كوردستان، رایگه‌یاند، پارتى چاوه‌ڕێى په‌سندكردنى ئه‌نجامه‌كانى هه‌ڵبژاردن ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ى گفتوگۆ بۆ پێكهێنانى حكومه‌ت بكات. 

میرانى ره‌تیكرده‌وه‌، كه‌ نێوانیان له‌گه‌ڵ یه‌كێتى ئاڵۆز بێت و گوتى” یه‌كێتى به‌ هاوبه‌شى خۆمان ده‌زانین. پارتى و یه‌كێتى ناتوانن په‌یوه‌ندییان نه‌بێت. ئاماژه‌شى بۆ ئه‌وه‌ كرد، كورد له‌ به‌غدا جێگرى سه‌رۆك وه‌زیران و وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ وه‌ربگرێت باشه‌. له‌ باره‌ى پۆستى سه‌رۆك كۆماریشه‌وه‌ گوتى: ئه‌وه‌ بابه‌تێك بوو روویدا و پێویست ناكات ببینه‌ دیلى ئه‌و رووداوه‌ و زۆر لێكى بده‌ینه‌وه‌.

له‌ میانى گفتوگۆیه‌كدا له‌گه‌ل كوردستان24 له‌ پیشانگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى كتێب له‌ شارى هه‌ولێر، فازڵ میرانى گوتى” پارتى ئومێدى به‌هێزه‌. خاوه‌ن ئیراده‌ى خۆیه‌تى. چاوى له‌ ئاستێكى به‌رزه‌. به‌ هۆى ئیراده‌، مێژوو، سیاسه‌تى بووه‌ته‌ جێى متمانه‌ى هاووڵاتیان. پارتى له‌ شۆڕش، له‌ هۆشیارى نه‌ته‌وه‌یى، له‌ پاراستنى ده‌ستكه‌وته‌كان و پارێزگارى له‌ مافى كوردستان، ئاستێكى به‌رزى پێشكه‌شكردووه‌. ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ خه‌ڵك متمانه‌ى پێ بدات. ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌ى ده‌نگیشیان به‌ پارتى داوه‌ هه‌موویان ئه‌ندامى پارتى نین، بۆیه‌ پارتى حزبێكى جه‌ماوه‌رییه‌.

سه‌باره‌ت به‌ پرۆژه‌ى پارتى بۆ حكومه‌تى داهاتوو، فازڵ میرانى رایگه‌یاند، پرۆژه‌ى حكومه‌تى داهاتوو، سه‌رۆكى حكومه‌ت و لایه‌نه‌ به‌شداربووه‌كانى حكومه‌ت دایده‌نێن. پارتى به‌شێكى ئه‌و پرۆژه‌یه‌ گه‌ڵاڵه‌ ده‌كات. پێشتریش هه‌ر وامان كردووه‌. چونكه‌ حكومه‌ت پرۆژه‌كه‌ جێبه‌جێ ده‌كات.

له‌ باره‌ى پێكهێنانى حكومه‌تیشه‌وه‌ گوتیشى: تا ئێستا گفتوگۆمان نه‌كردووه‌، چونكه‌ چاوه‌ڕێى په‌سندكردنى ئه‌نجامه‌كانى هه‌ڵبژاردن ده‌كه‌ین.

له‌ باره‌ى په‌یوه‌ندى پارتى و یه‌كێتییه‌وه‌ گوتى: په‌یوه‌ندییه‌كه‌ به‌و گه‌رموگوڕییه‌ى جاران نییه‌، به‌ڵام ماناى ئه‌وه‌ نییه‌ پچڕاوه‌. هه‌ر دوێنێ له‌گه‌ڵ قوباد تاڵه‌بانى و حاكم قادر قسه‌مان كردووه‌. په‌یوه‌ندیم به‌ مه‌لا به‌ختیاره‌وه‌ كردووه‌ جوابى نه‌داوه‌ته‌وه‌. پارتى و یه‌كێتى ناتوانن په‌یوه‌ندییان نه‌بێت. به‌ڵێ ناكۆكییه‌ك ده‌بێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ كۆتایى تونێله‌كه‌ نییه‌. قه‌ده‌رى ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌. ئه‌م وڵاته‌مان پێكه‌وه‌ ئاوه‌دانكردووه‌ته‌وه‌. شه‌هیدمان داوه‌، شه‌ڕى داعشمان پێكه‌وه‌ كردووه‌. ته‌نیا هه‌ڵوێستى ئه‌مڕۆى یه‌كێتى له‌به‌رچاو ناگرین. ئێمه‌ له‌ پێش چاومانه‌ یه‌كێتى له‌ شه‌ڕى داعش هاوبه‌شمان بوو. كاتێك خه‌ڵكێك له‌ حكومه‌ت كشانه‌وه،‌ ئه‌وان حكومه‌تیان به‌جێنه‌هێشت. هه‌میشه‌ یه‌كێتیمان به‌ شه‌ریكى خۆمان زانیوه‌. ئه‌مه‌ ئه‌ركه‌ و له‌سه‌ر شانى ئه‌م دوو حزبه‌یه‌. ده‌بێت ئه‌ركى خۆیان ئه‌نجام بده‌ن.

له‌ باره‌ى په‌یوه‌ندى پارتى و عادل عه‌بدولمه‌هدى، فازڵ میرانى گوتى: عه‌بدولمه‌هدى دۆستى كوردو، سه‌رۆك بارزانى و پارتییه‌، پێویست بوو هاتبا، به‌ڵام په‌یوه‌ندى به‌ جه‌نابى سه‌رۆك بارزانییه‌وه‌ كردووه‌. قسه‌ كراوه‌. هوشیار زێبارى چووه‌ له‌گه‌ڵ عادل عه‌بدولمه‌هدى كۆبووه‌ته‌وه‌. دوێنێش فوئاد حوسێن به‌ ته‌له‌فۆن قسه‌ى له‌گه‌ڵ كردووه‌. بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و سه‌ركه‌وتوو بێت ده‌بێت هه‌مووان پشتگیرى بكه‌ین، چونكه‌ كاره‌كه‌ى ئه‌ویش ئاسان نییه‌.

سه‌باره‌ت به‌ پۆستى پارێزگارى كه‌ركووكیش، فازڵ میرانى گوتى: ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌داین پارێزگارى كه‌ركووك كورد بێت. به‌ڵام ئه‌مه‌ ماناى ئه‌وه‌ نییه‌ مافى پێكهاته‌كانى دیكه‌ پێشێل بكرێت.

فازڵ میرانى له‌ باره‌ى هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆكى كۆمارى عێراقه‌وه‌، گوتى: پۆستى سه‌رۆك كۆمار نه‌ كاریگه‌رى سلبى و نه‌ ئیجابى له‌سه‌ر پرسى كورد نه‌بووه‌. مادده‌ى سه‌د و چل جێبه‌جێ نه‌كرا، ئه‌و هه‌موو هێرشه‌ كرانه‌ سه‌ر كورد هه‌ڵوێستى نه‌بوو. ئه‌مه‌ى ئێستا نازانین چۆن ده‌بێت. ئێمه‌ و یه‌كێتى هه‌ردوولا كه‌مته‌رخه‌م بووین. كۆبوونه‌وه‌ى زۆرمان كرد. ئه‌و پرسه‌مان یه‌كلا نه‌كرده‌وه‌. له‌ چركه‌ ساته‌كانى دواییدا به‌ جۆرێك له‌ جۆره‌كان رێككه‌وتنێك بوو، په‌شیمان بوونه‌وه‌. بۆیه‌ پێم باشه‌ ئه‌و بابه‌ته‌ زۆر لێك نه‌ده‌ینه‌وه‌. بابه‌تێك بوو روویدا و سه‌رۆك كۆمار بووه‌ سه‌رۆكى عێراق و خاڵ و سه‌رى دێڕ. ناكرێت ببینه‌ دیلى ئه‌و رووداوه‌.

ئاماژه‌شى بۆ ئه‌وه‌ كرد، بۆ كورد وا باشه‌ جێگرى سه‌رۆك وه‌زیران و وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى عێراق وه‌ربگرێت و ئه‌وه‌ ماناى وایه‌ هاوبه‌شى راسته‌قینه‌ هه‌یه‌.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

بابه‌تی تر

نێچیرڤان بارزانی پەیامێکی بە بۆنەی یادی له‌دایکبوونی پێغه‌مبه‌ری ئیسلام بڵاو کردەوە

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بە بۆنەی یادی له‌دایکبوونی پێغه‌مبه‌ر ئی…