سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، شاندێکیان بۆ دانوستان لەگەڵ لایەنەکان دروست کردووە بۆ پێکھێنانی حکوومەتی نوێی ھەرێمی کوردستان و ھەوڵ دەدرێت حکوومەتی ئەمجارە بنکەفراوان نەبێت، چونکە لە حکوومەتی بنکەفراوان زەرەریان کردووە و ئەوەی ئەمجارە لە حکوومەت بەشدار بێت، پێویستە بەڵێن بدات لە خۆشی و ناخۆشیدا بەشدار بێت.

دوای کۆبوونەوەی ھەردوو شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانیی کوردستان لە سلێمانی، عارف تەیفوور، سەروکی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان سلێمانی _ ھەڵەبجە، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی ھاوبەشدا لەگەڵ حاکم قادر حەمەجان، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕایگەیاند: “لە حکوومەتی بنکەفراوان زیانمان کردووە و ئێمە و یەکێتی بەتەنھا ماینەوە و ئەوانەی بەشدار بوون لە کاتێکی زۆر نارەحەت بەجێیان ھێشتین، کە شەڕی داعش ھەبوو و قەیرانی دارایی بوو و ئێمەش بەردەوام بووین تا ھەڵبژاردنی ئێستا کرا، بۆیە ئەوەی ئەمجارە لە حکوومەت لەگەڵ ئێمە بێت پێویستە لە خۆشی و ناخۆشیدا لەگەڵ ئێمە بێت و بۆ ئەم مەبەستەش بەڵێن بدات، بۆیە ئومێدەوارین لە ماوەیەکی نزیکدا حکوومەت دروست بکرێت و ئێمەش لیژنەیەکمان دروست کردووە و سەردانی لایەنەکان دەکەین، لەوانە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ ئەوەی بگەینە ئەنجامێک.”

عارف تەیفوور گوتیشی: “ئێمە ٤٥ کورسیمان لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەدەست ھێناوە و ئەمجارەش دەمانەوێت حکوومەت لەسەر بنەمای ئیستحقاقی ھەڵبژاردن دروست بکرێت و ھەرکەسە و بە پێی مافی خۆی مافی پێ بدرێت، وەکو ئەوەی بەغدا بە خاڵ بێت، ھەر یەکە و بە پێی خاڵ وەزارەتی پێ بدرێت و ئەم جارە نیسابکردنی یاسایی بۆ ئێمە ئاسانە، بەڵام ئێمە پێویستمان بە یەکێتی ھەیە و نامانەوێ بەبێ یەکێتی بەتەنھا حکوومەت دروست بکەین، بۆیە ھەوڵ دەدەین پێکەوە و لەگەڵ لایەنەکانی دیکە بە زووترین کات حکوومەت دروست بکەین.”

تەیفوور باسی لەوەش کرد: “ئەگەر لایەنەکانی دیکە ئامادە نەبوون بۆ بەشداریکردن لە حکوومەتی نوێ ئێمە و یەکێتی حکوومەت دروست دەکەین و ئەوانیش دەتوانن ببنە ئۆپۆزسیۆنی بنیاتنەر و ئازادیی تەواویان ھەیە.”

قادر حەمەجان، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێیتی نیشتمانیی کوردستان، لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا گوتی: “یەکێتی و پارتی دوو ھێزی سەرەکیی کوردستانن و ئێمەش بە پێی پێگەی خۆمان ئامادەین بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ پارتی بۆ پێکھێنانی حکوومەتی نوێی ھەرێمی کوردستان و ھەوڵ بدەین حکوومەتێکی شەفاف و حکوومەتێکی تەندروست و حکوومەتی خەڵک بێت، بۆیە ئێمەش شاندی خۆمان بۆ گفتوگۆ ئامادە کردووە و ھەر نیگەرانییەکیش ھەبێت لای ئێمە قابیلی چارەسەرکردنە و ھەر نیگەرانی و کەموکووڕییەک لە نێوان ئێمە و پارتیدا ھەبێت بە گفتوگۆ چارەسەر دەکرێت، لەبەر ئەوەی ئەرکی سەرەکی لە کوردستان لەسەر شانی پارتی و یەکێتییە.”

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

بابه‌تی تر

ڕوونکردنەوەیەک لە نووسینگەی (د.ڕۆژ نووری شاوێس) وە

  ماوەیەکە لە ڕێگای سوشیالمیدیا و چەند ماڵپەڕێکی فەرمی و نافەرمییەوە باس لە ڕەوشی تەندروست…