شەڕی کتێب، لە کۆشکی سپیدا

379

غازی حەسەن                      

کتێبەکەی (جۆن بۆلتن)، سەرەتای شەڕێکی گەورەی پێش ڕەشەبای هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکایە، کتێبەکەی بەناوی (ڕووداوەکانی نێو ژوورەکە  The Room Where It Happened)یە، ئاماژە بەڕەفتار و سیاسەت و هەڵچوون و لاوازیی مەعریفەی (دۆلاند ترەمپ) و کورتبینی و بادانەوەکانی و شێوازی هەڵبژاردنی کابینەی حکوومەت و دابەشکردنی دەسەڵاتەکان دەکات، (بۆلتن) پێی وایە (ترەمپ) لەسەر بنەمای گوێڕایەلی ستافی بەرێوەبردنەکەی بۆ خودی خۆی، خەڵک و کەسەکانی هەڵبژاردووە، نەک پسپۆریی و شارەزایی و توانای کەسەکان و ئینتما بۆ بەرژەوەندی گشتی ئەمەریکا. 

کۆشکی سپی داوای لەدادگا کرد، ڕێگەنەدەن ئەم کتێبە بڵاوبکرێتەوە، بەتۆمەتی بڵاوکردنەوەی شتی ناڕاست و ئاشکراکردنی نهێنی ئاسایشی نیشتیمانی، دادگاش بەپێچەوانەوە بڕیاری بڵاوکردنەوەی کتێبەکەی بە (بۆلتن) بەخشی و کتێبەکە لەکۆتایدا بەسەدان هەزار دانە بڵاوبۆوە. 

بڵاوبوونەوەی ئەم کتێبە یەکێکە لەو جەنگە سەخت و دیموکراسیانەی ئەمەریکا وەکو کەلتوور و ئازادی و بنەمای دیموکراسی، بناغەی کاری سیاسی لەسەر ڕۆنراوە. لەم کتێبەدا پەیوەندیی (ترەمپ( بە (ئەردۆگان) و ئەو سیاسەتە خراپەی ئەمەریکا لە سوریا و  مەسەلەی کورد و کێشەی ڕادەستکردنەوەی (گولەن) و کێشەی سزادانی هاڵکبانک، کە راستەوخۆ پەیوەندی بە بەرژەوەندییەکانی (ئەردۆگان)ەوە هەیە. سەرباری هەڵوێستی ئەمریکا بەرانبەر ئێران و ئیسرائیل و کۆریا و ڕووسیا و چین، ئەمە ئەو کێشانەن، نهێنییەکانی بڕیار و تێڕوانین و ناکۆکییەکان لەخۆگرتووە. کتێبەکە بەڕاشکاوی ڕەخنە لەلاوازی توانایەکانی  ترەمپ لە سەرکردایەتی و تێڕوانینە کەسییەکان و کاردانەوە خێرا و هەڵوێستە هەمیشە گۆڕاوەکانی (ترەمپ) دەکات. 

لەهەمان کاتدا هەر لەبارەی (ترەمپ)ەوە،  لەم ڕۆژانە کتێبەکی دیکە لەلایەن (ماریا ترەمپ) دەنگۆی لەچاپدانی لەئارا دایە، کە دەکاتە برازای ترەمپ. (ماریا) تەمەنی پەنجاو پێنج ساڵە و کچی برای (ترەمپ)ە، کتێبێکی نوێی لەبارەی پەیوەندییە خراپەکانی (ترەمپ) لەنێو خانەوادەکەیان ئامادەکردووە بۆ چاپ، بڕیارە لەکۆتایی مانگی تەموزدا بڵاوبکرێتەوە. دیسان (ترەمپ) داوای لەداگا کردووە، ئەم کتێبەش ڕێگە پێ نەدات، بەڵام دادگا وەکو کتێبەکەی (بۆلتن)، ئازادی بڵاوکردنەوەی بە (ماریا) بەخشیوە. لەم کتێبەکەدا (ماریا)  مامە (ترەمپ) بەمەترسیدارترین پیاو لەجیهان وەسف دەکات و گومان دەخاتە سەر داهات و توانا داراییەکانی. 

 (ماریا) دکتۆری دەروونناسییە، ئامادەیە ئازایانە نهێنییەکانی نێو خانەوادەی (ترەمپ) و سامان و چۆنیەتی دابەشکردنی میراتەکانی خانەوادەکەیان ئاشکرا بکات. ئەو تاکە کەسە بتوانێت لەنێو خانەوادەی (ترەمپ) ڕاستییەکان بڵێت، ئەو راشکاوانە دەربارەی یەکێک لەبەهێزترین خانەوەدەکانی جیهان قسە دەکات. ئەو دەیەوێت باسی (ڕاچلەکین و پەیوەندییە تێکشکێنراوەکان و پەیوەندییە ئازار بەخشەکان لەپشتگوێ خستن و سوکایەتی) بکات. ئەوەش ئاشکرا بووە، هەر (ماریا) سەرچاوەی ئەو ڕاپۆرتانەی ڕۆژنامەی (نیۆیۆرک تایمز) بووە، کە کاتی خۆی دەربارەی خۆدزینەوەی (ترەمپ) لەدانی باج بڵاویکردەوە. (ترەمپ)یش گوتیەتی (ماریا) مافی بڵاوکردنەوەی ئەم کتێبەی نییە، ئێمە کاتی خۆی بەپێی ڕێککەوتن چارەسەری کێشەی خۆی و براکەیمان کردووە. لەهەمان کاتدا دادوەری دادگای (کوینز) لە نیۆیۆرک ڕایگەیاند: “دادگا خاوەنی ئەو دەسەڵاتە نییە، بڕیار لەبارەی ڕێگەگرتن لەبڵاوکردنەوەی ئەم کتێبە بدات”.  

کتێب، هێزێکی گەورەی هەیە، لەهەژاندنی بەدەسەڵاترین دەسەڵاتدار، ئەم کتێبە شەڕی خستۆتە نێو کۆشکی سپی، لەکاتێکدا کۆشکی سپی وەکو ناوەندی بڕیاری جیهانی حیسابی بۆ دەکرێت و بۆچوون و سیاسەت و بڕیارەکانی کاریگەری ڕاستەوخۆی بەسر دونیاەوە هەیە، کەچی نەیتوانی لەململانێ و ڕکابەری بۆ پێشگرتن لەبڵاوکردنەوەی کتێبدا سەرکەوتوو بێت. ئەمەش نیشانی دەدات، کە دادگا و کتێب دەتوانن دادپەروەریی لەپێناو گەیاندنی زنیاریی و  مەعریفە و پەیوەندیکردن بەخوێنەر مسۆگەر بکەن، نەک دەسەڵات. 

من لام ڕوونە ناکۆکییەکانی ترەمپ لەگەڵ سیاسییەکان لەژێر هەژموونی کۆماریی و دیموکراتەکانە، لەگەڵ ئەوەشدا بەهۆی مەزاج و شێوازی کارکردن و تێڕوانینە ناڕۆشن و خێرا گۆڕاوەکان و بڕیارە کاتییەکانی (ترەمپ)، گریمانەی ئەوە دەکرێت هێزی کتێب دەسەڵاتدارە ناواقیعییەکان رابماڵێت.  (ترەمپ) لەکابینەکەیدا زۆرترین گۆڕانکاریی و لادان و دەست لەکارکێشانەوەی هەبووە، ئەو سیاسەت لەڕوانگە و ئامانجی بازرگانی بەرێوە دەبات، واتە سیاسەتی بە بازرگانی بەستۆتەوە، ئەمەش وایکردووە  لەئیدارەدانی ئەمەریکاش بەهەمان شێوە هەڵسوکەوت بکات، کە دەسەڵات و  سەرۆکایەتی ئەمریکا و حکوومەت وەکو کۆمپانیایەکی کەسی و خودیی ببینێت و چۆنی بووێت بەپێی مەزاج و خواستی خودی خۆی بڕیار بدات و ستافەکەی بەپێوەری خودی هەڵبژێرێت. نەک ڕەچاوکردنی توانا و پسپۆری و لێهاتوویی کارەکتەرەکان.

(بۆلتن) بەڕاشکاوی نیشانی دەدات، کە (ترەمپ) کورد بەشتێکی لاوەکی و لاواز نیشان دەدات، تەنیا دەڵێت “من حەز لە کوردەکان ناکەم لەبەردەم عێراقییەکان ڕادەکەن و لەبەردەم تورکەکان ڕادەکەن، ئەگەر فڕۆکەکانی ئێمە نەبێت هیچیان پێ ناکرێت”. پێشتریش لەڕاگەیاندنەکاندا گوتی (کوردەکان بەپارە ئیشمان بۆ دەکەن، پارەیان دەدەینێ و شەڕ دەکەن)، بۆیە  ئامادەبووە دەسەڵاتی تەواو بە (ئەردۆگان) بدات، ناوچەکە کۆنترۆل بکات و لەڕەشەکوژیش دژی کورد لە سوریا چاوپۆشی لەئەنجامەکان بکرێت. ئەم سیاسەتە لەنێو ڕووداوکانیشدا بەڕاشكاوی هەستی پێ دەکرا، بەڵام لەناکاو بەهۆی فشاری دژە (ترەمپ)یەکان  گۆڕا و دەسەڵات و هێزی سوپای تورکیا لەناوچەکەدا سنووردار کرا. (بۆلتن) لەکتێبی ڕووداوەکانی نێو ژوورەکەدا دەڵێت پێچەوانەی بیرکردنەوەی (ترەمپ) بەڕاشكاوی بەتورکیامان گوت ئەمەریکا پەلاماری کورد سنووردار دەکات و ئێمە بەرگرییان لێ دەکەین).

نەم کتێبە نهێنی زۆری ژووری ئاپەراسیۆنی ئامادەکردنی بڕیارەکانی (ترەمپ)ی لەخۆگرتووە، (ترەمپ) دەیەوێت بڕیاری دەرچوون لە سوریا و ئەفغانستان بدات، بەڵام نازانێت سەرکەوتووانە مامەڵە لەگەڵ دەریچەکان باکات و کێشەی هاڵکبانکی تورکی و پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئەمەریکا کێشەیەکی دیکە بوو، لەلایەک بە (ئەردۆگان) دەڵێت “دۆستە چاکەکە”، کەچی دواتر دەڵێت سزایەک دەدرێیت نەتبینێت. دیارە ئەمەش پەیوەستکراوە بەکێشەی (ڕادەستکردنەوەی گولەن و هێزە کوردییەکان لە سوریا و سزاکانی هاڵکبانک و مەسەلەی ئازادکردنی قەشە ئەندرۆ برۆنسون).     (ترەمپ) لەنیگای هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و بەدەستهێنانی متمانەی دەنگدەر ئەم کارانە دەکات، بەپێی زانیارییەکان ئەم قەشەیە سەر بە کەنسیەی ئەنجیلییە، ئەوانە لەنێو ئەمەریکا بەڕێژەی ٪٢٦ دەنگدەریان هەیە، ئەمە دەبێتە زامنێکی گرنگ بۆ بەرزکردنەی ڕێژەی دەنگەکانی (ترەمپ). لەهەمان کاتدا نهێنییەکی (ترەمپ)ی ئاشکراکردووە، کە ئارەزووی ئەوە دەکات ترەمپ بۆ جاری سێیەمیش خۆی هەڵبژێرێتەوە، ئەو کات دەبێت دەستووری ئەمەریکا بگۆڕدرێت. (ترەمپ) ئەو کاتەی لەکۆششی دیبپلۆماسی لەپێناو ئازادکردنی قەشە (ئەندرۆ) بێ ئومێد دەبێت، پەنا وەبەر بیرۆکەی سزادانی ئابووریانەی تورکیا دەبات، لەم بارەیەوە سەرکەوتوو بوو، هەر بۆ مەبەستی هەڵبژاردن لەکۆشکی سپی پێشوازی لەقەشە ئازدکراوەکە کرد، ئەویش نوێژی بۆ بۆ گیانی (ترەمپ) کرد. 

(ئەردۆگان) بەگرنگی و حەسایەتییەکی زۆرەوە پێداگری لەسەر داخستنی دۆسیەی هاڵکبانک لەدادگاکانی ئەمەریکا کردووە، ئەو لەپەراوێزی کۆبوونەوەی هیلینسکی بە (ترەمپ)ی گوتووە، ئەم مەسەلەی بۆ یەکلایی بکاتەوە، چونکە مەسەلەکە پەیوەندی بە خانەوادەکەیەوە هەیە، بەتایبەتی، کە (بەیرەقی) زاوای پەیوەندی بەم کێشەیەوە هەبوو، کە بریتی بوو لەپێشێلکردنی سزای دارایی ئەمەریکا دژی ئێران و دواتریش زاواکەی خۆی کردە وەزیری دارایی. 

(ئەردۆگان) وای مەبەستبووە، چۆن ئەو لەساڵی ٢٠١٤دا دۆزی گەندەڵی میلۆنەها دۆلاری لەئاسانکاریی بازرگانی لەگەڵ ئێران داخست، دواتر بەناوی کودەتا ئەوانەی هەموو ڕاونا و سزای دان، کە لەدۆسیەکە ناویان هەبووە.  واتە داوای کردووە، (ترەمپ)یش هەر بەتەنیا دۆسیەی هاڵکبانک لە ئەمەریکا دانەخات، بەڵکو ئەو کەسانەش سزا بدات، کە دژی (ئەرۆگان) هەڵوێست دەنوێنن. هێزی ئەم کتێبە لەوەدایە نهێنی نێو (مێشک و دەروون و شێوازی بیرکردنەوەی) کەسانێکی وەکو (ئەردۆگان و ترەمپ) و دەوروپشتەکانیان و دۆخی (بازرگانی و شێوازی بڕیاردان) ئاشکرا دەکات. 

بەپێی زانیارییەکان لەپێناو لێدانی (گولەن) لەڕێگەی کۆمپانییەکی ڕاوێژکاری هاوبەشی ئەمەریکی و تورکی، لەهەڵبژاردنەکانی ٢٠١٦دا سەرمایەداری تورک (ئەکیم ئەلب تەکین) بڕی ٥٠٠ هەزار دۆلاری وەکو پاڵپشتی هەڵبژاردن پێشکەشی کەمپینی (ترەمپ) کرد، بۆیەش (ترەمپ) هەمیشە دەڵێت: ئەردۆگان دۆستێکی چاکە.

نووسەرێکی عەرب بەناوی (مەمدوح ئەلمهینی) دەڵێت: کێشە ئەوەیە (بۆلتن) کەسێکی بە‌هێزی خاوەنی بیروباوەڕی خۆیەتی لەبارەی ڕۆڵی ئەمەریکا لەئاستی جیهاندا، (ترەمپ) لەکەسایەتی ئەو پیاوە نەگەیشتووە. (ترەمپ)یش دەڵێت: (بۆلتن) کەسێکی نەزان و گەمژەیە و کتێبەکەی پرە لەدرۆ و دەیەوێت نهێنی ئاسایشی نیشتیمانی ئاشکرا بکات.  نووسەرێکی دیکەی عەرەب پێی وایە ئەمە تەنیا ژاوەژاوێکی نێو کۆشکی سپییە و چی دیکە نییە، (بۆلتن) تووشی گرێکوێرەی ئێران بووە. 

بەکورتی دەتوانین بڵێین کتێبەکەی (بۆلتن) و ڕەنگە دواتریش ئەوەی (ماریا)  ئەوە ئاشکرا بکەن، کە (ترەمپ) لەبارەی زانیاریی جوگرافی کەسێکی نەزانە، (ترەمپ) لەپێناو خۆ کاندێکردنەوەی بۆ خولێکی دیکەی سەرۆکایەتی و بەدەستهێنانەوەی متمانەی خەڵک ئەو شتانە دەکات، نەک بوژاندنەوە و بەهێزکردنەوەی ئەمەریکا.

بەواتای ئەوەی (بۆلتن)، کە یەکێکە لەشارەزایە جدیی و بەهێزەکان و خاوەنی بیروڕای چەسپوی ڕاشکاوی خۆیەتی لەبارەی سیاسەتی نێودەوڵەتی و گرفتەکانی جیهان بەلێکدانەوەی توندؤل بەشداری لە خۆسازکردن و بڕیاتدان دەکات، پێی وایە نابێت سەرۆکی وڵات، لەپێناو بەرژەوەندی کەسی خۆی هەڵسوکەت بکات، نابێت لەڕوانگەی بەدەستهێنانەوەی دەنگی خەڵک بۆ مسۆگەرکردنی کورسی سەرۆکایەتی، بەم جۆرە ئەمەریکا تووشی قەیران بکرێت و دۆستەکانیشی تووشی بێ ئومێدی و شکان و پاشەگەردانی بکرێت. (بۆلتن) ڕاشکاونە دەڵێت دوای پشتکردنە کورد دەبێت (ترەمپ) پشت لەکایە دۆستی ئەمەریکا لەجیهان بکات؟. ئەو دەڵێت تورکەکان ئەوکاتە کوردیان خۆش دەوێت، مەگەر کوردەکە مردوو بێت.  

شەڕی کتێب، هیچ لەشەڕی لەشکرەکان و شەڕی دەنگدەر و شەڕی دژ بەڕەگەزپەرەستی و ململانێی توندی نێودەوڵەتی نێوان وڵاتە زلهێزەکانی کەمتر نییە. کتێبێک دەتوانێت بە بەهێزترین شێوە دەسەڵاتی بەهێزترین کۆشکی جیهان بهەژێنێت. پێش دەچێت ئەم کتێبانەی دەردەچن، جەنگێکی قورس بن دژی (ترەمپ) و  چانسەکانی بەدەستهێنانەوەی متمانە و دەنگی خەڵکی لاواز بکەن. ئەگەر وابێت (پیرە پیاوە خەوتووەکە) دەبێتە براوەی سەرۆکی ئەمەریکا.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

بابه‌تی تر

ئایا دەوڵەتی شکستخواردووی عێراق لەسەر دووڕیانە؟

د. سـامان سـۆرانی ئەزموونی حوکمڕانی عیراقی پاش ساڵی ٢٠٠٣ نزیکە لە ئەزموونی حوکمڕانی ئەڵمان…