شانۆكار ئەحمەد سیروان: داستان و شۆڕشى میللەتی كورد پڕە له‌ دەقی خۆماڵی زۆر باش

0
191

خه‌بات: بەرهەم شێخ عزەدین-سلێمانی:- ئەحمەد سیروان، دەرچووی بەشی شانۆ لە پەیمانگای هونەرە جوانەكانی شاری كەركوك، لە ئێستادا قوتابی بەشی شانۆ و سینەما لە كۆلێژی هونەرە جوانەكانی هەولێر، بەژداری چەندین شانۆ و كورتە فیلم و زنجیرە درامای كردووە هەروەها ڕێكخەری چەندین ڤیستیڤاڵی هونەری بووە و بەژداربووە لە بەڕێوبردنی چەندین فیستیڤاڵی هونەری نێودەوڵەتی لە شاری كەركوك.لەم دیمانەیە قسەی لەسەربواری شانۆو سینەمابۆخەبات كرد:

ئاستی دەرهێنەرانی كورد بەبەراورد لەگەڵ دەرهێنەرانی بیانی چۆن دەبینی؟
ئەگەر بەراوردێك بكەین لە نێوان دەرهێنەرانی كورد بە بەراورد بە دەرهێنەرانی جیهان خۆشبەختانە بە شانازییەوە ئەتوانین بڵێن میللەتەكەمان دەرهێنەری زۆر باشی تێدایە چی لە پێشوو چی لەم سەردەمەش دەرهێنەری گەنجی زۆر لێهاتوو و زیرەك و پڕۆفیشناڵمان هەیە كە دەكرێت پشتیان پێ ببەسترێ و سەپۆرتی فیلم و زنجیرە دراماكانیان بكرێ بۆ نموونە (م. ناسر حسن، جیهاد دڵپاك، جەلیل زەنگەنە، بەهمەنی قوبادی، شوان عەتوف) هتد… بەڵام ئەوەی وایی كردووە كە دەرهێنەرانی بیانی زیاتر ناوبانگ و ڕكابەری بە دەست هێنانی خەڵاتی ئۆسكار بكەن بوونی هاوكاری لۆجیستی و مەعنەوییە سپۆنسەری زیاتر و پارەی باشترە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا فیلمی زۆر باشی كوردی هەن كە بە كوالێت و كەرەستەی پێشكەوتوو بەرهەم هێنراوە و چۆتە نێو پێشبڕكێ بەدەست هێنانی پلەی باش.

دەرهێنەرانی كورد تاچەند سوودیان لە تەكنەلۆژیا وەرگرتووە بۆ یٔەوەی شان بەشانی هونەری وڵاتانی دی كاری جوان و پوخت پێشكەش بكەن؟
سوود وەرگرتن لە تەكنەلۆژیا و چۆنیەتی بەكار هێنانی هونەرە و پەیوەستە بە خودی كەسەكە كە چۆن بتوانێ بەكاری بهێنێت، خۆشبەختانە بە شێوەیەكی گشتی زۆر باش بەكار هێنراوە و بەرهەمی زۆر باشیش لێ درووست كراوە.

ئێستا زۆرجاران باس لەلاوازی كارە خۆماڵییەكان دەكرێن، هۆكاری ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی دەقی باش،یان ئەكتەری بەتوانا یان ئا مێرو تەكنەلۆژیای پێویست؟
میللەتی كورد پڕە لە چیرۆكی هەمەڕەنگ و داستان و شۆڕش كە دەكرێت بكرێت بە دەقی خۆماڵی زۆر باش و كاریگەر، هەروەها ئاكتەری ئەكادیمی زۆر باشیشمان هەن، ئامێر و تەكنەلۆژیا تا ڕادەیەك كەرەستەی باش بوونیان هەیە، بەڵام كێشەكە لە نەبوونی سپۆنسەر و هاوكاری داراییە كە بەداخەوە بۆتە هۆكاری لاوازی كارە خۆماڵییەكان.

دەرهێنەرانی كورد تا چ ئا ستێ توانیویانە بەبەرهەمەكانیان چاوی بینەری كورد تێر بكەن و بەلای بەرهەمی خۆماڵیان ڕابكێشنەوە؟
لە 15 ساڵی ڕابردوودا زنجیرە دراما و فیلم و كورتە فیلمی زۆر باش بەرهەم هێنراوە و دووبارە بینەریان بە بەرهەمە خۆماڵی كوردییەكان شاد كردۆتەوە و ئومێد ئەكەم لە ماوەی چەند ساڵێكی كەم ئاستی بینەر بۆ فیلمە كوردییەكان ڕوو لە زیادبوون و هەڵكشان بكەن و تاكو دێت خواستی بینەر بۆ فیلمە كوردییەكان زیاتر دەكات.

هۆكارچیە كەبینەر لەدرمای كوردی تۆراوە؟
ساڵانێكی زۆر بوو بەرهەمی درامای كوردی بوونی نەمابوو و بەشێك لە كەناڵەكان پەخشی دراما بیانیەكانیان ئەكرد، ئەمەش بۆیە هۆكارێك كە بینەر بتۆرێ و گلەیی و گازندە بگات بە لوتكەی تۆران، بەڵام ئێستا دووبارە دەرهێنەرانی كورد لە هەوڵی ئەوەدان دووبارە درامای كوردی بەرهەم بهێنن و چیدیكە بینەران لە خۆیان نەڕەنجێنن.

تاچەند درمای تیجاری یان باشتر بڵێین یٔەوفلیمانەی كە لەهەندێك كەناڵ یان لەسینەماكان دەكرێت خزمەتی هونەری كوردیدەكەن؟
بەداخەوە ئەو جۆرە دراما و فیلمانە شیرازەی خێزانەكانیان تێكداوە و لایەنی كۆمەڵایەتی بەرەو داڕمان بردووە چونكە ئەم جۆرانە لەگەڵ كەلتووری ئێمەدا ناگوونجێ و لە زەرەر زیاتر هیچ خزمەتێك ناگەیەنێ بە نەتەوەكەمان.

چەندفلیمێك كران واتاچەند زنجیرەیەكی تەلەفیزوێنی،دەنگوی دروست كردو ڕەخنەیان لێ گیرا بۆ؟
بوونی دەقی گونجاو و شێوازی كار كردنی دەرهێنەر زۆر گرنگە كە بزانێ بینەرت كێیە و لە چ ژینگەیەك و لە چ كلتوورێك ئەو جۆرە زنجیرە بەرهەم ئەهێنی و بینەرت ئاستی قەبوڵ كردنی تاكو چ ڕادەیەكە واتا دانانی پێوەرێك بۆ ستایلی ئەو جۆرە فیلم و زنجیرانە لەگەڵ ئاستی كۆمەڵگە، چونكە هەموو میللەت و وڵاتێك پەیوەستە بە كەلتوورەكەیەوە، زیادەڕۆی كردن لە هەندێك بوار و لایەنەوە زیانی زیاترە لە قازانج، بۆیە پێویستە بەپێ ئەو سەردەمە زنجیرەكان بەرهەم بهێندرێت و ڕەچاوی لایەنی كۆمەڵایەتی و كەلتووری بكرێت، هەروەها گرنگە چیرۆك و شێوازی بەرهەم هێنانی زنجیرەكان كۆپی وڵاتانی دیكە نەبێ و برەو بە بیرۆكە و شێوازی كوردیانە بگیرێتەبەر لە پێناو وانە فێربوون و خزمەتكردن بە كۆمەڵگە.

چی دەربارەی فلیمی دۆبلاژكراو دەڵێی كەلەكەناڵە كان پشان دەدرێت؟
كۆمەڵێك فیلم و زنجیرە بوونیان هەیە كە مێژووین و سوودیان هەیە بۆ بینەر چونكە بینەرێكی زۆر هەن ئارەزوویان لە چیرۆكە ڕاستەقینە مێژوویەكان هەیە، بەندە یەكێكە لەو كەسانە و سوودم زۆر لە دۆبلاژكراوەكان بینیوە كە چیرۆكی مێژووین.

دەبێت چی بكرێت بەبۆچوونی تۆ هەتا بینەرو درامای كوردی ئاشت بكرێنەوە؟
ئومێدەوارم حكومەتی هەرێمی كوردستان بە گشتی و وەزارەتی ڕۆشنبیری بە تایبەتی هاوكار و سەپۆرتی دەرهێنەرانی كورد بن و برەوی زیاتر بە فیلم و زنجیرە فیلمی مێژووی و ڕاستەقینەی شۆڕش و چیرۆكە كاریگەرەكانی میللەتەكەمان بەرهەم بهێنرێت و لە ڕووی هونەرەوە وڵاتەكەمان بە جیهان بناسێندرێ و بینەرانی كوردیش بە كارە خۆماڵییەكان شاد بكرێنەوە و دووبارە هۆڵی سینەماكان پڕ بن لە بینەر.

بۆدرامای كوردی زۆربەرەوپێش ناچێت؟
هۆكارەكەی دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی سەپۆرت كردن و نەبوونی پارەی گونجاو و پێویست.

دواپرۆژە و كاری هونەریتان چیە؟
لە ئێستادا لە هەوڵی ئەوەدام لەگەڵ كۆمەڵێك گەنجی هەرێمی كوردستان چەند ڤیدیۆیەكی وشیاری تەندرووستی و ژینگەی ئەنجام بدەین بۆ ڕووبەڕووبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، هەروەها ئامادەكاری بۆ گەورەترین ڤیستیڤاڵی هونەری هەمەڕەنگی فرە نەتەوەكانی نێو هەرێمی كوردستان كە لە دوایی تەواوبوون و ئاسایی بوونەوەی ژیان دوایی ڤایرۆسی كۆڕۆنا كاری لەسەر ئەكەین و ئەنجام دەدرێ لە هەرێمی كوردستان.

زیاتر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

بابه‌تی تر

كڵۆپ: وەرزی داهاتووی پرێمەرلیگ قورس دەبێت

خه‌بات: هاوار مورتكه‌یی:- یۆرگن كڵۆپ، راهێنەری یانەی لیڤەرپوول پێشبینی دەكات، وەرزی داهاتو…