شاندێكی یەكێتیی ئەورووپا، لە دیدارێكیاندا لەگەڵ سەرۆك بارزانی، ڕایانگەیاند كە هەرێمی كوردستان لەسەر ڕێگەیەكی دروست هەنگاو دەنێت، هیوایشیان خواست هەرێم ببێتە نموونەیەك بۆ شوێنەكانی تری ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

سەرۆك مەسعوود بارزانی، ئەمڕۆ چوارشەممە 30ـی 1ـی 2019، لە سەڵاحەددین پێشوازی لە شاندێكی یەكێتیی ئەورووپا كرد، كە پێك هاتبوو لە جێن كریستۆڤ بێڵاڕد جێگری ئەمینداری گشتیی یەكێتیی ئەورووپا بۆ كاروباری سیاسی و، ڕامۆن بلیكۆ باڵیۆزی یەكێتیی ئەورووپا لە عێراق و، كلاریس پاسۆری بەرپرسی نووسینگەی یەكێتیی ئەورووپا لە هەولێر.

لە دیدارەكەدا، بارودۆخی سیاسیی ناوچەكە و پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و هەروەها پڕۆسەی سیاسیی هەرێمی كوردستان تاوتوێ كرا و، جێگری ئەمینداری گشتیی یەكێتی ئەورووپا بۆ كاروباری سیاسی، وێڕای ئاماژەدان بە ڕۆڵ و پێگەی سەرۆك بارزانی لە پڕۆسەی سیاسیی عێراقدا، ئەوەی خستە ڕوو كە كەشێكی ئیجابی لە نێوان هەولێر و بەغدادا هاتووەتە ئاراوە و یەكێتیی ئەورووپا سەقامگیریی هەرێمی كوردستان و باشتربوونی پەیوەندییەكانی لەگەڵ بەغدا، بە لاوە گرینگە.

پەیوەست بە هەڵبژاردنەكان و پڕۆسەی سیاسیی هەرێمی كوردستان، جێگری ئەمینداری گشتیی یەكێتیی ئەورووپا بۆ كاروباری سیاسی، ڕایگەیاند كە هەرێمی كوردستان لەسەر ڕێگەیەكی دروست هەنگاو دەنێت و هیوای خواست كە هەرێم ببێتە نموونەیەك بۆ شوێنەكانی تری ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

جەختیشی لەوە كردەوە كە یەكێتیی ئەورووپا ئامادەیە بۆ یارمەتیدان و هاوكاری و پێدانی ڕاوێژ بە هەرێمی كوردستان لە بوارەكانی كارگێڕی و چاكسازی و داراییدا.

هەڕەشەكانی تیرۆر لەسەر ئاساییشی ناوچەكە، تەوەرێكی دیكەی ئەو دیدارە بوو و سەرۆك بارزانی وێڕای ئاماژەدان بە قوربانیدانی خەڵكی كوردستان لە شەڕی تیرۆر، ئەوەی دووپات كردەوە كە ئەوە پێشمەرگە بوو كە بە قارەمانێتی و گیانفیدایی ئەفسانەی داعشی شكاند. ڕایشیگەیاند كە داعش لە ڕووی سەربازییەوە تێك شكاوە، بەڵام مەترسییەكانی لە عێراق و سووریادا هەر ماون.

لە بەشێكی دیكەی ئەو دانیشتنەدا، ڕۆشنایی خرایە سەر بارودۆخی سووریا و ئاییندەی گەلی كورد لەو وڵاتە و سەرۆك بارزانی نیگەرانییەكانی خۆی لەبارەی ئاییندەی كورد و هەروەها بۆچوون و پێشنیازەكانی لەبارەی چۆنیەتیی چارەكردنی كێشەكانی گەلی كورد لە سووریا و پێشهاتە تازەكان، بە شاندی میوان گەیاند.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

بابه‌تی تر

پۆلیسی دهۆك ره‌تیكرده‌وه‌ له‌ ده‌ستگیركردنی تۆمه‌تباراندا پێشێلی مافه‌كانیان كرابێت

به‌ڕێوبه‌رایه‌تی پۆلیسی پارێزگای دهۆك له‌ روونكردنه‌وه‌یه‌كدا، كه‌ وێنه‌یه‌كی بۆ “كو…