شاندێكی هاوبەشی پارتی سۆشیال دیموكراتی سوید و وەزارەتی وزە و دەزگای ئۆلف پالمە، سەردانی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستانیان كرد و، پاڵپشتیی پارتەكەیان و هاوكاریكردنی گەلی كوردستانیان دووپات كردەوە.

لە مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان، پێشوازی لە شاندێكی سویدی كرا كە پێك هاتبوو لە خاتوو ئەڤین ئینجیر، جێگری بەرپرسی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانی پارتی سۆشیال دیموكراتی سوید و سامی ماشیڵ، گوتەبێژی وەزارەتی وزە و هەماهەنگیی سیاسی لە وەزارەتی وزە و، سانا ئیلیاسون بەرپرسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دەزگای لیێكۆڵینەوەی ئۆلف پالمە.

سەرەتا بە ناوی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە، پیرۆزبایی لە پارتی سۆشیال دیموكرات كرا بۆ سەركەوتنیان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەو وڵاتە و ئومێدی بەردەوامی لە هەماهەنگی و بەرەوپێشەوەچوونی پەیوەندییەكانی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و پارتی ناوبراو كرا.

لەلای خۆیەوە، خاتوو ئینجیر پیرۆزبایی لە سەركەوتنەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان كرد لە هەردوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق.

لە درێژەی ئەو دیدارەدا، باس لە پەیوەندییەكانی هەردوو پارتی سیاسی و گەلی كوردستان و سوید كرا و، ئەوە خرایە ڕوو كە پارتی سۆشیال دیموكراتی سویدی لە هەموو قوناغەكاندا پاڵپشتێكی بەهێزی گەلی كوردستان بووە.

لەو دیدارەدا، ئەوەیان دووپات كردوە كە بەردەوام دەبن لە پاڵپشتیكردنی گەلی كوردستان لە نێو حكوومەتی وڵاتەكەیان و یەكێتیی ئەورووپا و، بەردەوامیش لە گفتوگۆدان لەگەڵ حیزبەكانی دیكەی نێو سۆشیال ئینەرناشناڵ، هەرچەندە ئیستا حیزبەكەیان لەو رێكخراوە نەماوە، بەڵام پەیوەندییەكی بەهێز و كاریگەریان ماوە و كار دەكەن بۆ دووبارە چالاككردنەوەی كۆمیتەی كوردیی نێو ئەو رێكخراوە.

خاتوو ئەڤین، مەبەستی سەردانی شاندەكەیانی بۆ هەرێمی كوردستان خستە ڕوو كە، بریتییە لە نزیكەوە گفتوگۆكردن لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی كوردستان و دروستكردنی هەماهەنگیی زیاتر بۆ چارەكردنی گرفتەكان. ئەوەشی خستە ڕوو كە پارتی سۆشیال دیموكرات لە بەرنامەیدایە كۆنفڕانسێكی چەندڕۆژە لە هەرێمی كوردستان سازبكات كە هەموو پارتە سیاسییە كوردییەكان لە خۆ بگرێت، ئەمەش پاش گفتوگۆ و هەماهەنگی لەگەڵ پارتە سیاسییەكان دێت. ئەگەر ئەم بەرنامەیە سەری گرت، ئەوا لە میانەی كۆنفڕانسەكەدا خولێكی راهێنان دەربارەی كاری سیاسی و هەماهەنگی و دیالۆگ و پێكەوەكاركردن بۆ گەییشتن بە ئامانج بە شێوەیەكی سیاسی و ئاشتیانە دەكەنەوە.

مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان، سوپاسی هاوكاریی بەردەوامی پارتی سۆشیال دیموكراتی كرد و ڕاشیگەیاند كە، هەموو هاوكاری و ئاسانكارییەكیان بۆ دەكەن بۆ ئامادەكردنی كار و بەرنامەكانیان لە هەرێمی كوردستان، هەروەها داوای پاڵپشتیی زیاتری دۆزی ڕەوای گەلی كوردستانی لە نێو ناوەندە جیهانییەكان و پارتە دەستەخوشكەكانی پارتی سۆشیال دیموكرات كرد.

هەردوولاش بە ئومێدەوە لە داهاتووی پەیوەندییەكان دەڕوانن و كاری بەردەوام بۆ سەقامگیری و بەرەوپێشەوەچوون، بنەمای هەماهەنگیی نێوانیان دەبێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

بابه‌تی تر

سەرۆک بارزانی لە سێیەمین ساڵیادی داستانی پردێ دا تویتێکی بلاوکردەوە

سەرۆك مەسعود بارزانی، لە سێیەمین ساڵیادی داستانی پردێ دەڵێ: “ئەمڕۆ وەکوو دوێنێ نییە،…