سەرۆك بارزانی، لە گوتارێكیدا لە میانەی كردنەوەی پێشانگای نێودەوڵەتیی هەولێر رایگەیاند، كات و دەرفەتی زۆریان بە لایەنەكان داوە، بەڵام لەمڕۆوە یەك چركەش چاوەڕێ ناكەن و بە زووترین كات حكوومەت پێك دەهێنن.
سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند: زۆر ئاراممان گرت و دەرفەتی زۆرمان دا بە هەموو لایەنەکان بۆ ئەوەی حکوومەت لە هەموو لایەنە براوەکانی هەڵبژاردن پێکبێت.. تا ئێستا ئەو هیوایەمان هەیە کە حکوومەت لەلایەنە جیاوازەکانی براوەی هەڵبژاردن پێکبێت، بەڵام بە روونی دەیڵێم لە ئەمڕۆوە یەک چرکەی دیکە چاوەڕێ ناکەین و پشتیوان بەخوا بەمزووانە حکوومەتی نوێ پێکدێت.
ئەم وتانەی سەرۆک بارزانی لە وتارێکدا هات ڕۆژی چوارشەممە ٣ـی٤ـی٢٠١٩ لەدوای کردنەوەی چواردەیەمین پێشانگای نێودەوڵەتیی کتێب لە هەولێر پێشکەشی کرد.
سەرۆک بارزانی لە سەرەتای قسەکانی رایگەیاند: “کردنەوەی پێشانگای کتێب ساڵانە لە هەولێر جێگای شانازییە و هەولێریش شانازی بەم پێشانگایەوه‌ دەکات. “
سەرۆک بارزانی جارێکی تر سەرەخۆشیی ئاراستەی کەسوکاری قوربانیانی ڕووداوی نقوومبوونی “بەلەمی مەرگ” لە مووسڵ کرد و لە بارەی کێشەکانی شاری مووسڵ، ڕایگەیاند: ” ئەو کارەساتەی مووسڵ هۆکارەکەی خراپیی ڕەوش و  نەبوونی ئاسایش و سیستەمێک بوو، بەتایبەت دوای رزگارکردنی شارەکە، بەداخی زۆریشەوە زۆر لەو خێزانانەی کە دوای داگیرکردنی شارەکە بەهۆی تیرۆرستان ئاوارەبوون، بە هیوا و موژدەوە گەڕانەوە، بەڵام دوای ماوەیەک ئاوارەبوونەوە، بەتایبەت کە بینییان نە خزمەتگوزاری نە ئاسایش و نە سیستەمێک هەیە لە شارەکە، بۆیە دووبارە گەڕانەوە کەمپەکان”.
سەرۆک بارزانی ئاماژەی بە مەترسیی تیرۆر کرد و ڕایگەیاند: “بەڵێ داعش گورزی بەهێزی بەرکەوتووە و تووشی شکستی زۆر بووە، هەروەها ئەو ناوچانەشی لەدەست داوە کە داگیری کردبوون چ لە عێراق چ لە سووریا، بەڵام مەترسی داعش کۆتایی نەهاتووە، خەلافەتە ساختەکەی داعش کۆتایی هات، بەڵام ترسەکەی کۆتایی نەهاتووە، داعش هێشتا هەڕەشەیەکی راستەقینە و جددیە و بنەبڕکردنی داعشیش پێویستە بە هاوئاهەنگی بێت لەنێوان عێراق و سووریا، ناکرێت لە وڵاتێکدا داعش بنەبڕ بکرێت، بەتایبەت لە نێوان عێراق و سووریا لەلاکەی دیکە هەلی ئەوە هەبێت داعش سەرهەڵ بداتەوە و دروست بێتەوە… خەلافەتە ساختەکە رووخا و  رەنگە کۆتایی هاتبێت، بەڵام هۆکارەکانی سەرهەڵدانی داعش هێشتا ماون، بۆیە ناکرێت بڵێین داعش کۆتایی هاتووە و نەماوە، ئەوانەی وادەڵێن پێش هەمووان ناڕاستیی بە خۆشیان دەڵێن و بۆ مەبەستی سیاسی و شتی دیکە وادەڵێن”.
سەرۆک بارزانی لەبارەی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا رایگەیاند، پێشێلکردنی دەستوور زۆر هەلی باشترکردنی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدای لەناو برد، بەڵام ئێستا کەشوهەوایەکی نوێ هەیە بۆ ئەوەی بتوانین چارەسەری کێشەکان بکەین.
لەوبارەیەوە سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند: “ناکۆکی و کێشە لەنێوان هەولێر و بەغدا دروست بوو، ئەگەر دەستوور وەکو خۆی جێبەجێ کرابا، ئەو کێشانە ڕوویان نەدەدا، بەڵام ئێستا بە خۆشحاڵییەوە هەموو گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی کە گفتوگۆ و دیالۆگ و هاوکاری، تاکە هۆکاری سەرکەوتوویی چارەسەرکردنی کێشەکانە نەک بەپێچەوانەوە”.
ڕاشیگەیاند: “ئێمە هەرگیز رۆژێك لە رۆژان جگە لە تێگەیشتن و گفتوگۆ بژاردەی دیکەمان نەبووە، ئەگەر بەناچاری ڕێگەی دیکەمان گرتبێتەبەر، ئەوه‌ بێ گومان لەسەرمان سەپێندراوە”.
جەختیشی کردەوە: “ئەمڕۆ کەشێکی نوێ و هەلێکی نوێ دەبینین، هەروەها خواستێک هەیە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، وای دەبینین کە بوونی بەڕێز عادل عەبدولمەهدی لە سەرۆکایەتیی حکوومەت هەلێكی نوێیە، رەنگە دوایین هەلیش بێت بۆ چارەسەری کێشەکان، بۆیە بە هیچ جۆرێک نابێت ئەو هەلە لەدەست بدرێت و هاوکاری برام عادل عەبدولمەهدی دەکەین، هاوکار دەبین بە شێوەیەکی جددی بۆ چارەسەری هەموو کێشەکان نەک تەنیا لە هەرێمی کوردستان، یان لە نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا، بەڵکو چارەسەری ئەو کێشانەی تایبەتن بە هەموو هاووڵاتیانی عێراق”.
لەبارەی بارودۆخی ھەرێمی كوردستان سەرۆك بارزانی رایگەیاند: “ھەرێمی كوردستان ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی بە سەركەوتوویی بەڕێ كرد، ئەنجامەكانیش دەركەوتوون و زۆر چاوەڕێمان کرد، ھەلی پێویست دراوە بە ھەموو لایەنەكان، بەڵام ئێستا گەیشتووینەتە قۆناخێك كە چیتر چاوەڕێ نەكەین و پەرلەمان دەست دەكات بە كارەكانی بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆكی ھەرێم و ئاسانكاری بۆ پێكھێنانی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان”.
لە کۆتاییشدا سەرۆک بارزانی جەختی کردەوە: “هیواخوازین و تا ئێستا ئەو هیوایەمان هەیە کە حکوومەت لەلایەنە جیاوازەکانی براوەی هەڵبژاردن پێکبێت، بەڵام بە روونی دەیڵێم لە ئەمڕۆوە یەک چرکەی دیکە چاوەڕێ ناکەین و پشتیوان بەخوا بەمزووانە حکوومەتی نوێ پێکدێت”.
چواردەیەمین پێشانگای نێودەوڵەتیی کتێب لە هەولێر، بە بەشداری زیاتر لە ٣٠٠ خانەی وەشاندن لە ٢١ وڵاتی عەرەبی و بیانی و هەروەها ٤٢ خانەی وەشاندن لە هەرێمی کوردستان و زیاتر لە ١٠٠ کەسایەتیی رۆشنبیر و ئەکادیمی لە ناوەوە و دەرەوەی هەرێمی کوردستان و عێراق کراوەتەوە و ماوەی ١١ ڕۆژ بەردەوام دەبێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

بابه‌تی تر

سەرۆک بارزانی لە سێیەمین ساڵیادی داستانی پردێ دا تویتێکی بلاوکردەوە

سەرۆك مەسعود بارزانی، لە سێیەمین ساڵیادی داستانی پردێ دەڵێ: “ئەمڕۆ وەکوو دوێنێ نییە،…