خه‌بات: رۆشنا عەلی:– چەند پرسێك لەبواری خوێندن لە زانكۆو خوێندنی باڵا بابەتی دیمانەیەكی لاپەڕەی پەروەردەو خوێندن بوو لەگەڵ د. جەوهەر فەتاح سەعید سەرۆكی زانكۆی سەڵاحەدین بەوەكالەت ، پرسگەلی وەك چارەنوسی قوتابیانی پێشكەشكار و كاندیدان بۆ خوێندنی باڵا ماستەرو دكتۆرا ، كارو بەرنامەی ناوبراو وەك سەرۆكی زانكۆ و ئەو گۆڕانكارییانەی بە نیازە لە خودی زانكۆ بیكات ؟ كاری لە پێشینەیان لە بواری بەرزكردنەوەی ئاستی زانستی قوتابیان و كاركردن بۆ بەستنەوەی خوێندن بە بازاڕی كارەوە تاچەند ئەمانە لەبەرنامەی كارن و بۆچی تا ئێستا هەنگاو بۆ ئەنجامدانییان نەنراوە ؟ بۆچی زانكۆ بۆتە شوێنێك تەنها بۆ كەڵەكە كردنی بڕوانامە ؟ پەیوەندییەكانی زانكۆ لەگەڵ زانكۆ جیهانییەكان كەلە كۆڕو كۆنفڕانسەكان دەیبینین چی لێ‌ سەوز بووە ؟ چەندین پرسی دیكە لە بواری خوێندن ئامانجی ئەم دیمانەیەی لاپەڕەی پەروەردە بوو:

* خوازیارانی خوێندنی باڵا تاكەی چاوەڕێ‌ بن ئەنجامی وەرگرتنیان یەكلا بكرێتەوە ئایا هیچ ئاسانكارییەكیان بۆ ئەكرێت؟
سیاسەتی ئەمساڵی خوێندنی باڵا ئەوەبوو كە بتوانین زۆرترین ڕێژەی قوتابیانی خۆمان لە خوێندنی باڵا وەربگرین لە جیاتی ئەوەی بچنە دەرەوەی وڵات و پارەیەكی زۆر سەرف بكەن و لە كەس و كاریان دوور بكەونەوە ، بۆیە ڕێژەی پێشكەشكارانی ماستەرو دكتۆراو دبلۆمی باڵا ئەمساڵ یەكجار زۆر بوو كە تەنها لە زانكۆی سەڵاحەدین نزیكەی 3600 خوازیار داواكارییان بۆ خوێندنی باڵا پێشكەش كردووە دوای ئەوەی تاقیكردنەوەی توانست ئەنجامدرا پەڕاوی هەموو زانكۆكان گەشتە وەزارەت لیستی یەكەمی كاندیدان لەوەزارەتی خوێندنی باڵا دەرچوو دوای هەر لیستێك كە دەربچێت پێویستە لە لیژنەی گازاندە دروست بێت بۆ بەدواداچوون لەو حاڵەتانەی گازاندەیان لە ئەنجامەكان هەیە، لیژنەی گازاندەكە تا ئێستا بەردەوامە دوای تەواو بوونی كارەكانی ئەوان بە هەماهەنگی لەگەڵ زانكۆكان وەزارەت لیستی یەكەمی وەرگیراوان ڕادەگەیەنێت دواتر ئێمە بۆ ئاسانكاری لە ئەنجومەنی وەزارەت سێ‌ بڕیارمان دا كە ئاسانكارییەك بكەین بۆ ئەوەی بتوانین زۆرترین ڕێژەی قوتابیان وەربگرین یەكەمیان پڕكردنەوەی كورسییە واتە هەر كورسییەك بەتاڵ بێت بۆ ئەو قوتابیانەی دەرنەچوون بە پارالێڵ یان لەسەر میلاكی وەزارەت و زانكۆكان وەربگیرێن، خاڵی دووەم ئەوانەی لە توانست سەركەوتوو بوون ، بەڵام كورسی نەماوە وەزارەت فەرمانێك دەردەكات بۆ زیادكردنی ڕێژەی سەرپەرشتیكردنی مامۆستایانی زانكۆ بۆ قوتابیانی خوێندنی باڵا واتە ئەگەر مامۆستایەك توانای سەرپەرشتیكردنی سێ‌ قوتابی هەبێت ئەوا زیادی ئەكەین بۆ چوار تا پێنچ قوتابی كە بەمەش دەتوانین كورسی زیاد بكەین ، چونكە كورسی زیاد كردن بەبێ‌ بوونی سەرپەرشتیار ناكرێت كەواتە توانامان هەیە ڕێژەی كورسی زیاد بكەین چ لە ماستەر چ لە دكتۆرا ، بڕیاری سێیەم ئەگەر دووبارە ئەو كورسیانە بە قۆناغی یەكەم و دووەم پڕنەكرایەوە بە هۆی زیادكردنی كورسییەكان كورسی دیكە مایەوە بە تایبەتی لەو پسپۆڕییانەی زۆر كەمن دەتوانین ئەو قوتابیانەی كە دەرنەچوون نمرەكانیان نزیكە لە 10 لەسەر 30نمرە لیژنەیەك لە كۆلێژەكان دادەنرێت چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ دەكرێت ئەو نمرەیەی لەگەڵ نمرەی چاوپێكەوتنەكە كیبڕكێ‌ ئەكەن بۆ پڕكردنەوەی ئەو كورسییانە.

* ئەمانەی باستان كرد چەند كاتی دەوێ‌ تا تەواو بێت بەم زوانە یەكلا دەبێتەوە؟
ئەمڕۆ لیژنەی گازاندە كارەكانی خۆی تەواو دەكات وەزارەت چەند جارێك زانكۆكانی ئاگادار كردووە كە بەزوترین كات ئەنجامی لیژنەی گازاندەكان بنێرنە وەزارەت ئەگەر ئەنجامی گازاندەی هەموو زانكۆكان گەشتە وەزارەت ڕاستەوخۆ فەرمانی وەزاری دەردەكات بۆ وەرگرتنی لیستی یەكەمی قوتابیانی خوێندنی باڵا ئەو لیستەی دەرچوو لەگەڵ پلانی وەرگرتنی هەر زانكۆیەك بەراورد دەكرێت بۆ جێبەجێكردنی ئەو سێ‌ بڕیارەی كە وەزارەت دەریكردووە.

* خوازیارێكی زۆر تا ئێستا چاوەڕێیە دووبارە دەرگای پێشكەشكردن بكرێتەوە ئایا ئەو دەرفەتە دەبێت بۆیان؟
بە بۆچوونی من بە هۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا ناتوانرێت هیچ كارێك لەو بوارەدا بكرێت، چونكە ئێمە بە نیازبووین لە مانگی شەش قۆناغی دووەمی پێشكەشكردن دەست پێبكەین ، بەڵام بە هۆی ئەم دۆخەوە توانا نییە جگە لەو ژمارەیە چونكە ئەوە ژمارەیەكی یەكجار زۆرە كە هێشتا دەستییان پێنەكردووە.

* چ دڵنیاییەك بە خوازیاران دەدەن كە بە هەقی خۆیان بە كورسی خۆیان دەگەن دوورلە دەستێوەردان؟
من هەموویان دڵنیا دەكەمەوە ئەوەندەی لە نزیكەوە ئاگادارم هیچ قوتابییەك بە پۆینتێك زەرەرمەند نابێت ، بۆ نموونە من دوو منداڵی خۆم پێشكەشییان كردبوو یەكێكیان لە كۆلێژی زانست ئەوی تریان لە كۆلێژی ئەندازیاری یەكێكیان لە توانستیش دەرچووە وەرنەگیراوە.

سه‌رۆكی زانكۆی سه‌لاحه‌ددین بۆ خه‌بات ده‌دوێ

* چەند ساڵێكە باسی كەمپی زانكۆ ئەكرێت لەو كاتەوە دەیان زانكۆو قوتابخانەی ناحكومی و كۆمەڵگای پەروەردەیی دروستكران ، بەڵام كەمپی زانكۆ تا ئێستا چارەنوسی نادیارە بەڕوونی كێشەی ئەم كەمپە چییە؟
بە پێی ئەو زانیاریانەی من هەمە دیزاین كراوە و قبوڵكراوە كێشەكە لەسەر جێبەجێكردنی دیزاینەكەیە تێچوویەكی زۆری ئەوێ‌ كەلە ملیارێك زیاترە تا ئێستا نەتوانراوە ئەو كولفە زۆرە دابین بكەن بیرۆكە هەبووە كە ئەو موڵكانەی زانكۆ وەك كۆلێژەكان لە سەر زانكۆی سەڵاحەدین تاپۆ بكرێت و زانكۆ بتوانێت بیان قرۆشێت و داهاتەكەی بۆ دروستكردنی كەمپەكە بەكار بهێنێت ، بەڵام ئەوەش تا ئێستا نەكراوە و پڕۆژەكەش وەك خۆی ماوە ئێمەش هیوادارین ئەو كەمپە بكرێت ،چونكە تەنها زانكۆی سەڵاحەدین كەمپی نییە.

* تاچەند پێتان وایە گۆڕانكاری لە پۆستەكان تەنها بە واتای گۆڕانكاری نییە لە كەسەكان بەڵكو واتایەكی تری هەیە كە ئەویش گۆڕانكارییە لە بەرنامەو شێوازی كاركردن و پلانی كاركردن؟
هەردەم گۆڕانكاری كارێكی زۆر باشە ،چونكە كەسێك كە دە گۆڕێت بەو مانایە نییە كە كارێكی خراپی كردووە ، بەڵكو پێویستە بوار بدرێت بە كەسانی تریش بێن كەلەوانەیە بیرۆكەی باشتریان هەبێت ئەو بیرۆكەیە ببێتە سوود بۆ ئەو شوێنە؟.

* كەواتە ئێستا بیرۆكەو بەرنامەی ئێوە چییە بۆ زانكۆ بە چ ئاڕاستەیەك دەتانەوێ‌ جیاواز لە سەرۆكی پێشووی زانكۆ كاربكەن؟
ئێمە هەموو چالاكییەكانمان و هەموو تواناكانمان لە زانكۆ بەرزكردنەوەی ئاستی زانستی زانكۆو ئاستی زانستی قوتابیانە بەرزكردنەوەی ئاستی زانستی بەچەند چالاكییەك دەبێت توێژینەوەی مامۆستایان و قوتابیان سەنتەری توێژینەوەكان بە پێش بخەین هانیان بدەین ، بەشداری و پەیوەندی هەبێت لە نێوان زانكۆكانی عێراق و ناو هەرێمی كوردستان و دەرەوە و زانكۆكانی جیهان تا ئێمە سوودیان لێوەربگرین پلە بەندی زانكۆ هەیە كە ئەم پلە بەندییانە زانكۆ هان دەدات بۆ ئەوەی هەوڵ بدات پلەیەكی باش بەدەست بهێنێت كە ئەویش بەو چالاكییانە دەبێت كە زانكۆ دەیكات.

* تاچەند زانكۆی سەڵاحەدین سوودی لە و لێكگەشتنانە وەرگرتووە كەلەنێوان زانكۆكەو زانكۆكانی جیهان ئیمزا دەكرێت ؟
دەتوانم بڵێم هیچ زانكۆیەك وەك زانكۆی سەڵاحەدین سوودی لێوەرنەگرتووە لەبەر ئەوەی ئێمە پەیوەندیمان یەكجا زۆرە لەگەڵ زۆربەی زانكۆكان چ لە ئاستی ناو هەرێمی كوردستان و عێراق و وڵاتانی دەروروبەرمان وەك ئێران و توركیا وڵاتە عەرەبییەكان و زانكۆكانی قوبرس و وڵاتانی ئەوروپا بە تایبەتی ئەڵمانیا و وڵاتانی دیكە پەیوەندی بەهێزمان هەیە سودمان زۆر بینیوە ساڵانە چەندەها قوتابی و مامۆستامان دەڕۆن چ بۆ بینینی خول وئەنجامدانی توێژینەوە وقوتابی خوێندنی باڵای وڵاتان دینە ئێرەو هاوكارییان دەكەین.

* تاكەی زانكۆی سەڵاحەدین بیر لە جۆرێكی تری خوێندن ناكاتەوە كە هاو گونجاو بێت لەگەڵ بازاڕی كار لە هەرێمی كوردستان كە خوێندن چیتر بڕوانامە كەڵەكە كردن نەبێت بە واتایەكی تر قوتابی دوای خوێندنە بازاڕ سوودی لێوەربگرێت؟
ئەوە یەكێكە لەبەرنامەكانی داهاتوومان كە دەبێتە یەكێك لە هەنگاوەكانی سیستەمی خوێندنی باڵا لە زانكۆی سەڵاحەدین ، بتوانین ئەو پسپۆڕییانە پەرە پێبدەین كە پەیوەندی ڕاستەو خۆی بەبازاڕو پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە بزنس هەیە ، بۆ نموونە ئەو بەشانە دەكەینەوە كە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە بازاڕ هەیە ئەو بەشانە زیاتر قوتابی خوێندنی باڵای لێوەردەگرین كە پەیوەندی هەبێت بە بازاڕ وەزیاتر گرنگی بەو بەشانەش دەدەین كەلەو بوارەدا پێویستن بۆ نموونە كۆلێژی پەروەردەی بنەڕەتیمان هەیە كە دەردەچن دەبنە مامۆستای بنەڕەتی ئەو كۆلێژە دەرچووەكانیان ڕاهێنان دەكەن لە باخچەو قوتابخانە بنەڕەتییەكان مامۆستاكانیان ساڵانە دەچنە دەرەوەی وڵات خول دەبینن تاوەكو سوود لە زانستی وڵاتانی دەرەوە وەربگرن بۆ ئەوەی كاتێك دەردەچن ڕێنمایی پەروەردەیی پێویستیان هەبێت چ ئەوانەی دەبنە مامۆستای باخچە یان بنەڕەتی یان ئەوانەی پەروەردەی تایبەتن تا ڕێنمایی پێویست بخوێنن لە بواری خۆیان.

* باسی دەچوون یەكێكە لە بابەتە گەرمەكانی ئەمڕۆ پرسیارەكە ئەوەیە بۆچی مامۆستایانی زانكۆ تا ئێستا ناتوانن ئەم باس كڕین و راپۆرت كڕینە بنەبڕ بكەن و قوتابی چیتر پەنا بۆ كڕینی باسی دەرچوونی ئامادەكراو نەبات یان زانكۆ ئاگاداری ئەو كێشەیە نییە؟
من بۆچوونێكی جیاوازترم هەیە لەو بابەتە زانكۆی سەڵاحەدین 85 بەشی هەیە هەربەشەی چوار قۆناغە لەهەر قۆناغێكیش چەند پسپۆڕی و وانە هەیە نزیكەی 3000 پسپۆڕی جیاواز هەیە زۆر زەحمەتە هیچ توانایەك هەبێت لە بازاڕ 3000 ڕاپۆرت و باسی دەرچوونی جیاواز ئامادە بكات و قوتابی بیكڕێت ئەو زەحمەتە بۆیە من بەهیچ شێوەیەك لەگەڵ ئەوە نیم قوتابی سوود لە دەرەوە وەربگرێت بەڵام %100 نییە، دواتر مامۆستا ڕۆڵی هەیە و باش هەست پێدەكات ئەگەر لە دەرەوە هێنابێتی ئەگەر لە هۆڵێك 30 قوتابی هەبێت ئەوا مامۆستا 30 ناونیشانی جیاواز دەداتە قوتابییەكان هەندێ‌ جار دەیكاتە پرسیار نایكاتە ناونیشان وەپەیوەندیداریشە بەوەی كە خوێندوویەتی دواتر هەڵسەنگاندنی ڕاپۆرتەكەش بەفۆڕمی تایبەتە و هەموو لایەنەكان لە خۆ دەگرێت هەم لە لایەنی زانستییەكەو هەم لە لایەنی هونەری ئەوانە هەموو زۆر زەحمەتە لە بازاڕ بكرێت.

* ئەگەر بزانرێت قوتابییەك ئەم كارەی كردووە چی لەبەرامبەر دەكرێت و ئایا مامۆستاكانیش هۆكار نین بۆ ئەم بابەتە؟
بزانرێ‌ خۆی و ئەو كەسەی ئەوەی كردووە لێپێچینەوەی لەگەڵ دەكرێت و ڕێنمایی یاسایی لەسەر جێبەجێ دەكرێت ، ئێمە متمانەی تەواومان بە مامۆستایانی خۆمان هەیە هیچ پەیوەندی بەوانەوە نییە مامۆستای زانكۆ لەوە گەورەترە كە خیانەت لەگەڵ قوتابی خۆی بكات.

* ئەگەر بارودۆخی كۆرۆنا هەر بەم شیچوەیە بێت چ پێشنیازێك هەیە بۆ دەسپێكی نوێی ساڵی خوێندن؟
لە ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا لیژنەیەك پێكهاتووە ئەو لێژنەیە لەو ڕۆژانە دەست بەكار دەبێت بۆ ئەوە ی دراسەی پلانی خوێندنی 2021-2020 بكات لە ئێستاوە ئەو لیژنەیە كاردەكەن و بۆ دانانی پلان لەئەگەری بەردەوامی ئەم بارودۆخە بڕیار دەدەن .

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

بابه‌تی تر

ئایا دەوڵەتی شکستخواردووی عێراق لەسەر دووڕیانە؟

د. سـامان سـۆرانی ئەزموونی حوکمڕانی عیراقی پاش ساڵی ٢٠٠٣ نزیکە لە ئەزموونی حوکمڕانی ئەڵمان…