سیستەمی فیدراڵی لە ڕوانگەی پێكهاتەكانی عێڕاق

0
122

عەباس سوارە
فیدراڵیەت بەواتای یەكگرتن و پەیمان دێت لە نێوان ژمارەیەك لە نەتەوەی جیاواز لەڕووی زمان، مێژوو، كلتور، ئاین و مەزهەب. بۆ بەیەكەوە ژیانێكی ئاشتیانە لەسەر بنەمای دەستورێكی مۆدێرن كەڕەنگدانەوەی تایبەتمەندی وڵاتەكە بێت لە ڕووی سیاسی، دێموگرافیا، ئابوری و كلتوری و ببێت بە چەترێك و هەموان لە ژێری كۆببنەوە لەسەر بنەمای دابەشكردنی سەروەت و سامانی سروشتی و ناسروشتی وڵات و بەشداری هەموو پێكهاتەكان لە بەڕێوەبردن بەبێ پەراوێزخستنی هیج پێكهاتەیەك. ئەو كاتە وڵات ئارامی بەخۆیەوە دەبینێ و گەشەپێدان هەستی پێ دەكرێت بە مانا زانستیەكەی و ئارامی و ئاسایش باڵ دەكێشێ بەسەریدا. سیستەمی فیدراڵی ڕێگر دەبێت لەشەڕو كوشتار، بۆیە ئەو گەلانە پەنا بۆ فیدراڵیەت دەبەن كە قەیرانی بەیەكەوە ژیان یان هەیە، ئەوەش دەبێتە چارەسەرێكی مام ناوەند لە نێوان سەربەخۆیی تەواو و لە بەریەك هەڵوەشانەوەی وڵاتێك.

فیدراڵیەت دەكرێت بە دوو شێوەی سەرەكی پێك بێت، یان لەیەكگرتنی چەنددەوڵەتێكی سادە بۆ سیستەمێكی فیدراڵی، یان لە هەڵوەشانەوەی دەوڵەتێكی سادە بۆ ژمارەیەك هەرێم، كانتۆن یان ویلایەت لە پێناو بەدیهێنانی كۆمەڵێك ئامانجی دیاریكراو كە لەبەرژەوەندی پێكهێنەرەكانی بێت. مەرجی سەرەكی بۆ سەركەوتنی سیستەمی فیدراڵی هاوكاری و هاو ئاهەنگی پێكهێنەرەكانیەتی تا چ ئاستێك دڵیان پێی خۆش بێت كار بۆ سەرخستنی بكەن سەردەكەوێت و ڕۆژ دوای ڕۆژیش بەرەو پێشەوە هەنگاو دەنێت، بۆیە دەگوترێت یەكێتی ئارەزوومەندانە (اتحاد اختیاری). فیدراڵیەت ناكرێت بەشێوەی دیفاكتۆ (امرواقع) دروست ببێت ئەو كاتە پێكهاتەكان هاوكارو هاوئاهەنگ نابن لەگەڵ یەكترو كار بۆ سەركەوتنی ئەزمونەكەناكەن، كەواتە ڕۆژ دوای ڕۆژ بەرەولاوازی هەنگاو دەنێت سەرئەنجام ڕوبەڕووی شەڕو كوشتاری ناوخۆ دەبێتەوە بەهۆی قەیرانی سیاسی و ئابوری وڵات و دوای ئەوە كە پێكهاتەیەك یان چەند پێكهاتەیەك هەست دەكەن پەراوێز خراون و بەشیان نیە لە سەروەت و سامان و بەشداری ڕاستەقینە نین لە بەڕێوەبردنی وڵات.

ئەزمونی سەركەوتووی فیدراڵی لە جیهاندا زۆرە كە توانیویانە كەڵكی لێ وەربگرن و كۆمەڵێك ئامانجی گەورەش بەدی بهێنن بەتایبەت ئارامی و خۆشگوزەرانی تەواو بۆ هاوڵاتیانیان وەك ئەزمونی فیدراڵی سویسرا، بەلجیكا، ئەڵمانیا. سەركەوتووترین ئەزمونیش وڵاتانی یەكگرتووی ئەمریكایە كە سیستەمی فیدراڵی نەك ویلاتەتێك بەڵكوو كیشوەرێكی بەیەكەوە گرێداوە و سەركەوتنی بۆ بەدیهێناوە. هۆكارەكەشی ئەوەیە كە یەكێتیەكی ئارەزومەندانەیە و لێكتێگەیشتنی تەواو لە نێوان پێكهێنەرەكانی سیستەمەكەدا بەرجەستە بووە.

بەپێی ئەو پێوەرانە كە دەبێت هەبن بۆ دروست بونی سیستەمێكی فیدراڵی دەكرێت بڵێین عێڕاق وڵاتێكی فیدراڵیە و مقوماتی فیدراڵیەتی تێدایە، ئایا پێویستە دڵمان بەئایندەی ئەو وڵاتە خۆش بێت؟، ئایا بەیەكەوە ژیانی ئاشتیانە هەستی پێ دەكرێت لەو وڵاتەدا؟، ئایا شەراكەتی نیشتمانی ڕاستەقینە بونی هەیە لە عێڕاقدا؟، ئایا دەستور بۆتە كۆكەرەوەی هەموان و بۆتە چەترێك كە هەموو پێكهاتەكانی عێڕاق لە ژێر سێبەریدا پشوو بدەن؟. بێ گومان نەخێر!؟. یەكێك لە هۆكارە سەرەكیەكانی نە چەسپانی سیستەمی فیدراڵی لە عێڕاق قەیرانی لەیەكتر حاڵی بوونە بەو پێیەی كە هەموو پێكهاتەكانی ئەو وڵاتە تێڕوانینیان وەك یەك نیە بەرامبەر بە شێوازی بەڕێوەبردنی وڵات و ئایندەی ئەو وڵاتە هەتا ئێستاش هەوڵی زۆر هەیە بۆ هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی فیدراڵی و هەمواركردنەوەی دەستور لەگەڵ ئەوەدا كە دەستوری عێڕاق جامدە و شێوازی هەمواركردنەوەی زەحمەتە. زۆر ڕێكار هەستی پێ دەكرێت كە لایەنەكانی عێراق پەنای بۆ دەبەن كە ڕەنگە هاندانی دەوروبەریشی لە پشت بێت، ئەوە دەسەلمێنێ كە دەیانەوێت جارێكی دیكە عێڕاق بەرەو وڵاتێكی سادە و مەركەزی ببەنەوە. بۆیە پیلانەكان ئاشكران و تەواو هەستیان پێ دەكرێت ئەگەر گەلی كورد یەكگرتوو نەبێت زۆر دەستكەوت لە دەست دەدات.

ئەوەشیان تەنها لایەنێك یان ناوچەیەك لە كوردستان لێی زیانمەند نابێت. بەداخەوە بەهۆی كێشەو ململانێی ناوخۆ خەریكە كێشە سەرەكیەكانمان بیر بچێتەوە كە خۆی لە كێشەی گەلێكی ستەم دیدەدا دەبینێتەوە كە خەباتی زۆر و قوربانی بێ شوماریان بۆ دراوە و مێژوویەكی هەیە لە ناوچەكە داواكاریەكانیش ڕەوان ئەگەر هەوڵیان بۆ نەدرێت بەدی نایەن و دەرفەتەكانیش لە دەست دەچن. یەكێك لە بنەماكانی فیدراڵی دابەشكردنی سەروەت و سامانی وڵاتە لە نێوان پێكهێنەرەكانی، ئایا لە عێڕاق دادپەروەری هەیە لە دابەشكردی سامانی وڵات. ئایا پێویستە قوتی هەرێمێك ببڕێت وساڵانەش بەردەوام دانوستان بێت بۆ وەرگرتنی پشكێكی بچوك، لەكام سیستەمی فیدراڵیدا ئەوە بەدی دەكرێت؟!. هێزی سەربازی لە عێڕاق وەك هەرێمی كوردستانە لە ڕووی موچە و چەك و پێداویستی سەربازی؟. بێ گومان نەخێر!.

لەگەڵ ئەوەدا كە دەبێت پێشمەرگە پشكی تەواوی هەبێت لە میزانیەی سەربازی فیدراڵی، بەڵام نایدەن لە كاتێكدا پێشمەرگە قوربانی بێ شوماری داوە لە پێناو ئارامی و ئاسایشی عێڕاق ئەوە نیەتی خراپی پێكهاتەكانی دیكەی عێڕاق بەرامبەر بە كورد دەسەلمێنێ ئەوەش لەوە سەرچاوە دەگرێت كە باوەڕیان بە فیدراڵیەت نیە و كار بۆ سەركەوتنی ناكەن!.

لە سیستەمی فیدراڵیدا دەستور ماف و ئەركی هەموانی دیاری كردووە، حوكمیش بەپێی دەستور بەڕێوە دەبرێت زەمانی مانەوەی وڵاتیش بە یەكگرتوویی جێبەجێ كردنی دەستورە. بەڵام جگە لە كورد پێكهاتەكانی دی باوەڕیان بە دەستور نیە، تەنها ئەو بەندانەی دەستور داوا دەكەن جێبەجێبەجێ بكرێت كە لە بەرژەوەندی ئەواندایە!. لێرەدا باس لەسەر ئەزموونی فیدراڵی عێڕاقە، كە بۆچی سەركەوتوو نیە، بۆچی ئەو وڵاتە ئارامی و ئاسایش بەخۆیەوە نابینێ؟. هۆكارەكەی نیەتی خراپی پێكهاتەی زۆرینەی ئەو وڵاتەیە كە كەوتۆتە ژێر كاریگەری خەونی زۆرینە و لە هەوڵی ئەوە دان هەموو وڵات بخەنەوە ژێر دەستی خۆیان بە پشتیوانی دەرەكی و لە هەوڵی جێبەجێكردنی ئەجێندای دەرەكی دان و هەوڵ بۆ بەدیهێنانی و ئارامی و ئاسایش و پاراستنی سەروەت و سامانی وڵات نادەن.

كەواتە پێكهاتەكانی عێڕاق باوەڕیان بە سیستەمی فیدراڵی نیە و كاریش بۆ سەركەوتنی ناكەن. بۆیە پێویستە هەموو لایەنەكانی كوردستان بەتایبەت و گەلی كورد بەگشتی نیەتی ئەوان بزانن و چی دیكە یەكتر تاوانبار نەكەن، چونكە كار گەیشتۆتە ئەوە كە زۆر كەس گرفتەكانی نێوان هەولێر و بەغدا بەخەتای كورد هەژمار دەكەن و چاویای لەوە نیە یان نایانەوێت ئەوە ببینن كە ئەوەی هۆكاری كێشەكەیە پێكهاتەكانی دیكەی عێڕاقە كە لەگەڵ سییتەمی فیدراڵی عێڕاق نین. بۆیە ئەو پرەنسیپانە جێبەجێ ناكەن كە دەبێت لە سیستەمی فیدراڵیدا هەبێت وەك:
1- ڕێگە نادەن بەدروستكردنی هیچ هەرێمێكی دیكە لە عێڕاق لە كاتێكدا دەستور ڕێگەی پێداوە، داواكاری زۆریش هەبوو بۆ دروستكردنی هەرێمی دیكە لە عێڕاقدا لەگەڵ ئەوەدا داواكاری پێكهاتەی سوننە و بەشێكی شیعەش بوو.
2- هەتا ئێستا ڕێگەیان نەداوە بەدروستكردنی ئەنجومەنی فیدراڵی كەناكرێت وڵاتێك فیدراڵی بێت تەنها یەك ئەنجومەنی هەبێت.
3- دەستوریان پشتگوێ خستووە و جێبەجێی ناكەن لە جێگەی جێبەجێ كردنی ماددەی(140) هەوڵی بە عەرەب كردنەوەی ناوچە كوردستانیەكان دەدەن و ناوچەكەیان خستۆتەوە ژێر حوكمی سەربازی!.
4- خۆ دزینەوە لە جێبەجێ كردنی ڕێككەوتننامەكان.
5- هەوڵدەدەن بۆ پەراوێزخستنی پێكهاتەكان و ڕێگە نادەن بە بەشداری ڕاستەقینە!.
6- هەتا ئستا لە عێڕاق یەك هەرێمی فیدراڵی هەیە كە هەرێمی كوردستانە؟. كەواتە ناكرێت بڵێین ئەزموونی فیدراڵی عێڕاق سەركەوتووە و چاوەڕێی ئایندەیەكی گەشی لێ دەكرێت. چونكە تێڕوانینی هەموو پێكهێنەرەكانی فیدڕاڵیەتی عێراق وەك یەك نیە و هەموو پێكهاتەكان كار بۆ سەركەوتنی سیستەمی فیدراڵی ناكەن و هەر پێكهاتەیەك لە ڕوانگەی بەرژەوەندی خۆیەوە سەیری ئایندەی عێراق دەكەن.

زیاتر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

بابه‌تی تر

یانەی شەترەنجی خانزاد دەست بە چالاكییەكانی خۆی دەكاتەوە

خەبات: هاوار مورتكەیی:- دوای ماوەیەك دابڕان لەكردنەوەی پاڵەوانێتییەكانی شەترەنج لە هۆلەكان…