سوود و بەرهەمەكانی داری قەزوان لە كلتووری كوردەواری

0
134

خه‌بات: موسلیم دۆڵەمەڕی – ده‌ڤه‌ری بارزان:- زۆرن ئەو دارە خۆڕسكانەی لە شاخەكانی كوردستان كەلە كۆن وئێستاشدا سەرچاوەیەكی باشی دارایی و بژێوی ژیان بووە بۆ زۆركەس بە تایبەتی بۆ گوندنشینەكان . جگە لەسەرچاوەی دارایی بەڵكو لە رووی تەندروستیشەوە هەمیشە بۆتە هۆكارێك بۆ ئەوەی لەكۆن و ئێستاشدا دانیشتوانی گوندەكان كەمتر باری تەندروستییان خراپ بێت وپێویستیان بە پزیشكان بێت , بەڵام بەداخەوە ئێستا وردە وردە كەلتوری كۆنمان وندەبێت ئەو سوودانەی كەلە زۆرێك داری خۆڕسكەوە وەردەگیرا ئەوانیش بەرەو نەمان دەچێت نموونەی ئەم جارە باس لە سوودەكانی داری قەزوان دەكەین لەنێو زانستی كۆنی كەلتوری خۆماندا. دار قەزوان یەكێكە لەو دارە خۆڕسكانەی كە لە زۆربەی ناوچە شاخاویەكانی كوردستان بەشێوەیەكی خۆڕسك دەڕوێت وپێویستی بە خزمەتی مرۆڤەكان نییە , جگە لەوەی كە هەموومان ئاشناین بە قەزوان و وەكو چەرەزات بەكاری دەهێنین بۆ خواردن لە كۆندا بۆ چەندین شتی تر بەكارهاتوە واتە جگە لە خواردنی قەزوان بە شێوەی چەرەزات چەندین سوودی تری لێوەرگیراوە ،چ وەكو خۆراك یان دەرمان و شتی تر لێرەدا باس لە چەند سوودێكی دەكەین:

1- بەكارهێنانی قەزوان وەكو گوشمە بۆخواردنی تێشتی بەیانیان , گوشمە واتە قەزوانی كوتراو , لە كۆندا دوای ئەوەی قەزوانێكی باش كۆدەكرایەوە ئینجا قەزوانەكان بە ئامێرێكی دەستكرد كە لە بەرد دروستدەكرا بەناوی دەستاڕ قەزوانەكان زۆر ورد دەهاڕدرا تا شێوەیەكی هەویری وەردەگرت پێیان دەگوت: گوشمە كەئەم گوشمەیە جگە لە خۆشی بۆخواردن سوودێكی باشیشی هەبووە بۆ نەخۆشیەكانی مەعیدە.
2- رۆنی قەزوان , لەكۆندا بەهۆی كەمی رۆن و زۆرجار قەزوان بۆ بەرهەمهێنانی رۆن بەكار هاتووە ئەویش بە شێوەی هاڕینی قەزوانەكان و بە دەستاڕ تا رۆنێكی باشی لێدرووستدەبوو.
3- بەكار هێنانی قەزوان بۆ بەرهەمی سابون , لەكۆندا قەزوان بۆ بەرهەمهێنانی سابون بەكار هاتوە ئەویش بەشێوەی كوتان و دوای كوڵاندنی قەزوان تا دەكرا بە سابون , كە سابونی قەزوانیش لە كۆن و ئێستاشدا سوودێكی زۆرباشی تەندروستیشی هەبووە بۆ مرۆڤ.
4- بەكارهێنانی قەزوان وەك ئیكسوارات بۆ پیاوان وئافرەتان , ئەویش وەك بەكارهێنانی تەزبیح بۆ پیاوان و بەكارهێنانی وەك خەناوكەو شتی تر بۆ ئافرەتان كە ئێستاش لە زۆر لە بازاڕە میللیەكاندا دەستدەكەوێت.
5- بەكار هێنانی گەڵای دار قەزوان وەك دەرمانی دژە مار, لەكۆندا گەڵای داری قەزوان دوای كوتانی و تێكەڵكردنی لەگەڵ ئاوەدۆ بەكارهاتوە بۆ سەربرینی ئەو كەسانەی كە دووچاری مار پێوەدان دەبوون بەمەش سوودێكی زۆری هەبووە بۆیان.
6- بەرهەمهێنانی بنێشت لەدارەبەن كە بە (بنێشتی كوردی) بە ناوبانگە , ئەویش بە بریندار كردنی دارەبەن و بەكارهێنانی قوڕ وەكو بادی بچووك لە ژێر شوێنە بریندار كراوەكەدا بۆ ماوەیەك دواتر ئەم بنێشتە بە شێوەی كوڵان و چەند رێكارێكی تر دەكرێت بە (بنێشتی كوردی) كە ئێستاش لە بازاڕدا بوونی هەیەو نرخیشی گرانە چونكە ئەویش جگە لە خواردنی وەك بنێشت بۆ چەندین دەرمانی تریش بەكار دەهێندرێت.

زیاتر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

بابه‌تی تر

بەڕێوەبەری ئاوی سۆران: هەر هاوبەشێك پێوەری ئاوی نەبەستبێت، لەم مانگە بە دواوە مانگانە پسوولەی 100 هەزار دیناری بۆ دێتەوە

خەبات: رەنجبەر بەرزنجی – سۆران:- ئەگەرچی ماوەی چەندین ساڵە لە لایەن حكوومەتی هەرێمی كوردست…