ریفڕاندۆم ئەو دەنگەی بە زوڵاڵی دەمێنێتەوە

164

یونس حەمەد

لە هەنگاوێكی گەورە و مێژووییدا لە 25/9/2017 بۆ یەكەم جار لە مێژووی دێرین و هاوچەرخدا گەلی كوردستان لە كەش و هەوایەكی ئازاد و دیموكراتیانەدا دەنگی زوڵاڵی خۆی دایە سەربەخۆیی كوردستان، لە هەموو كات و سات و زەمەنێكدا ڕەوش و بارودۆخ بۆ خاك و خەڵكی كوردستان هەمیشە پڕ مەترسی بووە، ئەوەی بەسەر هیچ گەلێك نەهاتووە داگیركەران بەسەر كوردستانیان هێناوە، ئەوەی ئەقڵ بۆی ناچێت دوژمنانی كورد و كوردستان بۆ لە ناوبردنی درێغیان نەكردووە، مرۆڤی كورد زۆر بە سادەیی ئەنفال و كیمیاباران دەكران بێ گوێدانە هیچ پرەنسیپ و بەهایەكی یاسایی و یاسایی و مرۆڤایەتی، بەو واتایەی گەلی كوردستان بەرگەی هەموو ئەشكەنجە و ئازارێكی گرت و چەشت، تەنیا بۆ مانەوەی بوونی خۆی بوو.

مێژووی دەوڵەتی بە ناو عیراق بۆ كورد مێژوویەكی پڕ دەلالەتی هاوخەمی بووە، لە هیچ سەردەمێكدا ئەو گەلە ستەمدیدەیە پشووی نەداوەو هەر لەگەڵ دامەزراندنی ئەو بە ناو دەوڵەتە لە سەرەتای بیستەكانی سەدەی بیستەمدا خەم و پەژارە باڵی بەسەر هەموو تاك و كۆمەڵ و ماڵ و كۆڵانێكی ئەم گەلەدا گرتووە، سەردەمەكان چ پاشایەتی و چ كۆماری و ڕەگەزپەرستی و ئاینزاییی وەك یەك بەرانبەر گەلی كوردستان جوولاونەتەوە، بێ ئەوەی ئەو لەوەی دیكە باشتربێت یان ئەوەتا بە پێچەوانەوە.

گەلی كوردستان لە هەموو ئەو شۆڕشە بەرگرییانەی بەرپای كردووە هەمیشە دەستی ئاشتی بۆ چارەسەری پرسەكان درێژكردووە، تەنیا بۆ ئەوەی ئاشتی و ئاشتیخوازی ببێتە جێگرەوەی جەنگ و ماڵوێرانی، لە بەرانبەردا بەردەوام حكوومەتی بەغدا فێڵی كردووە یان ئەوەتا شەڕی هەڵگیرساندوووە بۆ لە ناوبردنی، ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژووی ئەو حەفتا ساڵەی ڕابردوو دەبینین كورد بۆ بەرگری لە بوون و چارەنووسی خۆی دەستی داوەتە خەبات، ئەو شۆڕش و خەباتەش بۆتە قەڵغانێك بۆ بەرگری لە گەل و نیشتیمان، ئەو خەبات و بەرخوودانەش بەڕابەرایەتی باوكی ڕۆحیی كورد بارزانیی نەمر و دواتر سەرۆك مەسعود بارزانی درێژەی پێدراوە، دوای بەهاری 1991 هەلومەرجێكی نوێ باڵی بەسەر ناوچەكەدا كێشا، سوپای عیراق كوێتی داگیر كرد و دواتر لێی وەدەرنرا، كورد وەك گەلێكی ستەملێكراو توانی بەپاڵشتی بڕیارەكانی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی سوود لەو هەلومەرج و بڕیارانە ببینێت كە بەسەر رژێمی سەدام و بەغدا چەسپا، بنچینەیەكی یاسایی بۆ حوكمڕانی وەرگرت و هەڵبژاردن بەڕێوەچوو، دواتر حكوومەت دامەزرا، ئەمانە بۆ گەلی كوردستان ئەزموونێكی نوێ بوون، تا ڕادەیەكی باش كورد لێی سەركەوتوو بوو، بەڵام هەنگاوە گرنگەكە لە دوای 2003 ـوە دەستی پێكرد، ڕژێم لە بەغدا ڕووخا و سیستەمێكی دیكەی حوكمڕانی هاتە گۆڕەپانی سیاسی و كۆمەڵایەتی كە زیاتر ئایینزایی بوو لەوەی دیموكراتی یان ئازادیخوازی یان شارستانی بێت، سەرەتا كورد زۆر بە دڵێكی پڕ لە گەشبینیەوە هەنگاوی بەرەو بەغدا نا، بەڵام ئەوەی بینرا پێچەوانەی هەموو ئەو بەڵێن و گفتانە بوو كە بەكورد دران، تا گەیشتە ئەوەی هێرشی سەربازی بكرێتە سەری و هەروەها مووچە و بودجەی ببڕێت، ئەمەش بۆ كورد گەڕانەوەبوو بۆ خاڵ و چوارگۆشەی یەكەم، كە بۆ گەلێك قبووڵكراو نەبوو دوای ئەو هەموو خەبات و تێكۆشانە بۆ بەدەستهێنانی ماف كەچی جارێكی دیكە بگەڕێتەوە سەردەمی زۆرداری، لەلایەك دیسانەوە بەغدا لەلایەكی دیكەوە تیرۆریستانی داعش بەتوندترین شێوە پەلاماری كوردستانیاندا.

لێرەدا بۆ گەلی كوردستان تەنیا ریفراندۆم چارەسەربوو بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆیی ، ئەوەبوو بەڕابەرایەتی سەرۆك مەسعود بارزانی گەلی كوردستان بە هەموو پێكهاتەو ئایین و ئاینزاكانییەوە لەڕۆژی 25/9/2017 دەنگی بەڵێی سەربەخۆیی بە جیهان ڕاگەیاند لە دەنگدانێكی بێ وێنەی دیموكراتیدا زۆرینەی رەهای گەل كە 92% ی تێپەڕاند گوتی: بەڵێ بۆ سەربەخۆیی. بەمەش گەورەترین سەركەوتن بۆ گەلی كوردستان لە هەموو سەردەم و مێژووەكانیدا تۆماركرا، ئەگەر چی بەغدای ئێستا بەهەمان ڕۆحیەتی بەغدای جاران پەلاماری كوردستانیدا، بەڵام ئیرادەی گەل سەربەرزو سەرفرازانە سەركەوت و ریفڕاندۆمی سەربەخۆییش سەربەرزانە تۆماركرا، ئەو دەنگەش كە لەو ڕۆژەدا بۆ سەربەخۆیی كوردستان مۆڕ كرا، وەك دەنگێكی زوڵاڵ دەمێنێەوە و دەنگی شانازییە، گەلی كوردستان ئەمساڵ سێیەمین ساڵیادی ئەم یادە پیرۆزە دەكاتەوە، لەم ڕوانگەیەوە هەمیشە بەگەشبینیەوە دەڕوانێتە ریفڕاندۆمی سەربەخۆیی 25/9/2017 ، چونكە دەنگی راستەقینەی گەلی كوردستان بوو .

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

بابه‌تی تر

وەزیری پەروەردە: بەداخەوە هەندێ‌ جار ئەم پرسانە بۆ موزایەدە بەكار دەهێنرێت، دەیانەوێت موزایەدە بخەنە ناو كەرتی پەروەردە

خەبات: رۆشنا عەلی:- وەزیری پەروەردە لە میانەی كردنەوەی قوتابخانەی شاری مامۆستایانی بنەڕەتی…