ئێوارەی ئەمڕۆ لە هەولێر لە ڕێوڕەسمێکی بەشکۆدا و بە ئامادەبوونی نووسەران و ڕۆشنبیران و بنەماڵەکەی، چەلەی ماتەمینی نووسەر و ڕۆژنامەوانی گەورەی کورد، ڕەوف حەسەن بەڕێوە چوو.


کاتژمێر 4ی ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە 2019.1.27 لە هۆڵی هۆتێل (ڤان ڕۆیاڵ)ی هەولێر، دەزگای میدیایی (باس) بە هاوبەشیی یەکێتیی نووسەرانی کورد – لقی هەولێر، چلەی ماتەمینی نووسەر و ڕۆژنامەوان، ڕەئووف حەسەن و نووسەری بەردەوامی هەفتەنامەی (باس)، بە ئامادەبوونی بنەماڵە و کەسوکاری و کۆمەڵێکی بەرچاو لە نووسەر، ڕۆشنبیر، پەرلەمانتاران و بەرپرسانی حزبی و حکوومی لە ڕێوڕەسمێکی بەشکۆدا بەڕێوە چوو و ئاوڕ لە ژیان و کەسایەتی و بەرهەمەکانی ئەو نووسەرە گەورەیەی کورد درایەوە.


سەرەتای ڕێوڕەسمەکە خاتوو ناز عەبدوڵا، کۆڕگێڕی ڕێوڕسمەکە وێڕای بەخێرهاتنی بنەماڵەی نووسەر و ئامادەبوان بە خولەکێک ڕێزگرتن بۆ یاد و بیرەوەیی ڕەوف حەسەن و سەرجەم شەهیدانی قەڵەم، یادەکەی دەست پێرد.


پاشان، بەرهەم عەلی، سەرنووسەری هەفتەنامەی (باس) لە گوتەیەکدا وێڕای بەخێرهاتنی بنەماڵەی نووسەر خاتووی لەعلیی هاوسەری و زانا ڕەوف کوڕی ڕەوف حەسەنی کۆچکردوو و ئامادەبوان و نووسەران و ڕۆشنبیرانی هاوڕێی ئەو نووسەر کرد و گوتی: “کاک ڕەوفی ڕەوانشاد، وەک نووسەر و داهێنەرێکی بوێر و قەڵەمێکی ڕاستگۆ، چوار ساڵی بەردەوام هاوکارمان بوو و شانازیی ئەوەمان پێ بڕا بەرهەمەکانی لە (باس و باسنیوز) بڵاو بکەینەوە”.


بەرهەم عەلی ئاماژەی بەوەش کرد: “ئەو نووسەرە گەورە و شاعیرانەی نەتەوەکەمان کە ساڵانێکی زۆر بە ئاواتەوە بووم لە نزیکەوە بیانبینم و بە دیتنیان شاد ببم، سەرنووسەریی هەفتەنامەی (باس) ئەو ئاواتەی هێنامە دی و لە خزمەتی بەشێکی زۆریاندا بووم کە ڕەوف حەسەن، قەڵەمی خاکەڕا و ڕەوشت بەرز و ڕاستگۆ یەک لەوان بوو”.

دواتر وتاری یەکێتیی نووسەرانی کورد – لقی هەولێر، لەلایەن عەبدولڕەحمان فەرهادی، سەرۆکی لقێ هەولێری یەکێتیی نووسەرانەوە خوێندرایەوە کە تێیدا وێڕای ئاماژەکردن بە قۆناغەکانی ژیان نووسینی ڕەوف حەسەن، گوتی: “ئەو نووسەرە مەزنە لە سەرەتای ساڵانی 60دا کۆمەڵەی ئەدیبانی لەگەڵ چەند کەسێکی دیکە دامەزراند و لە قۆناغی لاوێتیدا (تیپی پێشڕەوی شانۆی کوردی)یان دامەزراند کە خزمەتێکی گەورەی بە بواری شانۆ و درامای کوردی کردووە.


پاشان کورتە فیلمێکی دیکیۆمێنتاری لەباری ژیان و بەرهەم و کەسایەتیی نووسەر و ڕۆژنامەوان ڕەوف حەسەن پیشان درا کە لەلایەن کەناڵی (کوردستان24)ەوە ئامادە کرابوو و تێیدا هاوسەری نووسەر (خاتوو لەعلی) و کوڕەکەی (زانا ڕەوف) و باسی ژیان و نووسینی ئەو نووسەرە گەورەیان کرد.

لە بەشێکی دیکەدا خەسرەو جاف، نووسەر و پەیکەرتاش و هاوڕێی ڕەوف حەسەن، وێڕای باسکردنی بیرەوەریی خۆی لەگەڵ ئەو نووسەرە کۆچکردووە، دواتر نامەیەکی خۆی کە بۆ ڕەوف حەسەن کە بە شێوەی پەخشان‌ئاسا نووسرابوو، خوێندەوە.
لە بڕگەیەکی دیکەی ڕێوڕەسمی چلەی ماتەمینی (ڕەوف حەسەن)دا ئیسماعیل بەرزنجی، نووسەر و ڕۆژنامەوان شیعرێکی پێشکەش بە یاد و بیرئانینی ڕەوف حەسەن کرد.


بڕگەیەکی دیکەێ ڕێوڕەسمەکە، وتاری ئازاد عەبدولواحیدی نووسەر و ڕۆژنامەوان و سەرنووسەری گۆڤاری (ڕامان) بوو و لە وتارەکەیدا کەسایەتیی و نووسینی ئەو نووسەرە مەزنەی بەرز نرخاند و گوتی: “ئەو نووسەرە بوێر و یاخییە نووسەرێکی فرە ڕەهەندە و لە بوارەکانی چیرۆک، ڕۆژنامەوانی، زانست و گردوونناسی و لێکۆڵینەوەدا چەندان بەرهەمی بەپێزی هەیە کە جێگەی تێڕامان و سەرنجن و بەتایبەت چیرۆکەکانی خاوەن تەکنیک و فۆرمی جیاوازن کە هیوادارم ڕەخنەگرانی ئەو بوارە ئاوڕی لێ بدەنەوە”.

ئاماژەی بەوەش کرد: “ڕەوف حەسەن نووسەرێکی چەپ و کوردێکی پاک و بێگەرد بوو و خاکی کوردستانی بە هیچ شوێنێکی دنیا نەدەگۆڕییەوە، نووسەرێکی بوێر و ڕاستگۆ بوو و بەو چەشنە ژیا کە خۆی ویستی و ملکەجی هیچ لایەن و کەسێک نەبووە و لە ژیانیدا سەری لە بەرانبەر هیچ ستەمکارێکدا نەوی نەکرد”.


فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان و سەلام عەبدوڵا سەرنووسەری ڕۆژنامەی خەبات پەیام و برووسکەی هاوخەمی و ماتەمینییان بۆ ڕێوڕەسمەکە ناردبوو.


لە بڕگەیەکی دیکەدا خەڵاتی تایبەتیی دەزگایی میدیایی (باس) لەلایەن بۆتان تەحیسن بەڕێوەبەری ئەو دەزگایە و نەوزاد هادی، پارێزگاری هەولێرەوە بە بنەماڵەی ڕەوف حەسەن (خاتوو لەعلی)ی خێزانی و (زانار ڕەوف)ی کوڕی نووسەری کۆچکردوو بەخشرا.


دواتر هەریەکە لە خێزانی نوووسەری کۆچکردوو و زانا ڕەوفی کوڕی لە پەیڤێکی کورتتدا سپاسی دەزگای میدیایی (باس) و یەکێتیی نووسەرانی کورد – لقی هەولێر و هەموو نووسەران و ئامادەبوانیان کرد.


بڕگەی کۆتایی چلەی ماتەمینی نووسەر و ڕۆژنامەوان، ڕەوف حەسەن دانانی چەپکە گوڵی وەفا و ئەمەگناسیی نووسەران و بەشداربووانی ڕێوڕەسمەکە بوو کە لەسەر وێنەکەی دانرا و دواتر بیرئانینەکە کۆتایی پێهات.


ڕەوف حەسەن، نووسەر و ڕۆژنامەوانی ناسراوی کورد، ساڵی ١٩٤٥ لە گەڕەکی گۆیژەی شاری سلێمانی لەدایک بووە.


ژیاننامەی نووسەر و رۆشنبیر و رۆژنامەوان رەوف حەسەن:


– ساڵی ١٩٤٥ لە گەڕەکی گۆیژەی شاری سلێمانی لەدایک بووە، کوڕە گەورەی بنەماڵەکەی بووە

– خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و خانەی مامۆستایانی ھەر لە سلێمانی ساڵی ١٩٦٤ تەواو کردووە
– چەندین خولی لە پەیمانگەی بەریتانی لە بەغدا تەواو کردوو
– لە ساڵی ١٩٥٨ – ١٩٥٩ کرێکاری کارگەی چیمەنتۆی سەرچنار بووە
– لە ساڵی ١٩٦٣ – ١٩٦٤ بووەتە کرێکاری کارگەی جگەرەی سلێمانی
– لە ١٩٥٩ – ١٩٦٠ کۆمەڵەی نوسەرانی پرشنگی دامەزراندووە و گۆڤارێکی بەناوی پرشنگ دەرکردووە
– لە ١٩٦٠ ھەفتەنامەی (تریفە)ی دەرکرد، دواتر بووە ھەفتەنامەی (کەژ)
– ساڵی ١٩٦١ کتێبی گەردوونی دانا و لە ساڵی ١٩٦٧ بە چاپی گەیاند و بە یەکەمین کتێبی زانستیی کوردی دادەنرێت.
– لە ١٩٦٣ بووە ئەندامی حزبی شیوعیی عێراق لە ١٩٦٧ پەیوەندیی بەو حزبەوە بچڕا.

– ئەندامی دەستەی باڵا و بەڕێوەبردنی کۆمەڵی ھونەر و وێژەی کوردی بووە.
– دامەزرێنەری تیپی پێشڕەوی شانۆی کوردی بووە و وەرگێڕی درامای (جەنابی موفەتیش) و کاری بەڕێوەبردنی درامای (لانەوازان)ی کردووە.
– لە ١٩٧٥ ئەندامی یەکێتی نوسەرانی کورد بووە
– لە ساڵی ١٩٧٤ تا ١٩٨٢ لە بەغدا کاری رۆژنامەوانیی کردووە لەم بڵاوکراوانە (رۆشنبیری نوێ، ھاوکاری، بەیان، بیری نوێ، رۆژی کوردستان، ئەستێرەی منداڵان)
– بەرنامەی رۆشنبیریی لە رادیو ز تەلەڤزیۆنی کوردی ھەبووە
– ١٩٧٧ لە ئەمنی عامەی بەغدا گیراوە، لە زیندانی تاکە کەسیدا و ئەشکەنجەی زۆر و جۆراوجۆر دراوە.
– ساڵی ١٩٨٢ لە مۆزەخانەی سلێمانی کاری کردووە.
– ساڵی ١٩٨٣ لە دادگای شارۆچکەی دوکان کاری کردووە
– ساڵی ١٩٨٤ گەلەری ھونەرەجوانەکانی لە سلێمانی دامەزراند.
– ساڵی ١٩٨٥ لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاو وئاوەڕۆی سلێمانی کاری کردووە لە بەشی نەخشەدانان و بەدواداچوون.
– ساڵی ١٩٩٢ بووە بە بەڕێوەبەری تەلەڤزیۆنی ھەرێم
– ساڵی ١٩٩٣ رۆژنامەی ئاڵای ئازادی و وڵاتی دامەزراند
– ساڵی ١٩٩٤ لە ئاژانسی ھەواڵی ئای بی سی کاری کردووە
– ساڵی ١٩٩٦ سەنتەری دیالۆکی رۆشنبیریی کوردی دامەزراند و تا ٢٠٠٠ کاری تێدا کرد.
– ساڵی ٢٠٠٢ تا ٢٠٠٤ یانەی سارای منداڵانی دامەزراند و بەڕێوەبەری ئەو یانەیە بووە.
– ساڵی ٢٠٠٤ تا ٢٠٠٦ لە خانەی وەرگێڕان کاری کردووە
– ساڵی ٢٠٠٦ تا ٢٠٠٨ لە بزافی رۆشنبیری سلێمانی بووە.
– ساڵی ٢٠١٠ تا ٢٠١٣ لە کەناڵی NRT کاری کردووە.
– لە ساڵی ٢٠١٤ تا ٢٠١٨ نووسەرێکی بەردەوامی ھەفتەنامەی (باس) بووە.
– ئەندامی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان و یەکێتیی نووسەرانی کورد بووە.
– لە ساڵی ١٩٦٩ خێزاندارە و باوکی دوو کوڕە بە ناوی ( زانا و شێرۆ) ..
– بەداخەوە رۆژی ٢١ / ١٢/ ٢٠١٨ پاش تەمەنێکی پڕ لە سەربەرزی و بەخشش بۆ پەیڤ و وشە و ئەدەب و رۆژنامەوانیی کورد و گوردستان، دڵی گەورەی لە لێدان کەوت و دوا کۆچی ژیانی کرد.


رۆشنبیر و رۆژنامەوانی کۆچکردوو رەووف حەسەن، پاش مەرگی خۆی، ئەم کتیبانەی بۆ کتێبخانەی کوردی و خوینەرانی بەجی ھێشت:


١- گەردوون ١٩٦٧
٢- چەکەرە ١٩٧٣
٣- سبەینێ باوکت دێتەوە ١٩٧٩
٤- کرێکاری و چیرۆکی کوردی ١٩٨٢
٥- تیۆری نیسبی چییە ١٩٨٤
٦- ئەلفا و بێتای رۆژنامەگەری ١٩٩٩
٧- وێنەکەی خوشکت ١٩٩٩
٨- خۆری تار ١٩٩٩
٩- دیداری سەرۆک کۆمار ٢٠٠٤
١٠- ھونەری جەنگ ٢٠٠٤
١١- سۆفیگەرێتی ٢٠٠٥
١٢- کتێبی دووەمی تاو ٢٠٠٥
١٣- ئەندێشە جوانەکانی رۆح لە چیرۆکی کوردیدا ٢٠٠٥
١٤- خواردنگەی مەیموونی زیندوو ٢٠٠٦
١٥- خولیای مەیموونە سپییەکان ٢٠٠٦
١٦- گۆڤاری رۆژنامەوانی ٢٠٠٦
١٧- کوردناسی ٢٠٠٧
١٨- مارکس و مارکسیزمی کوردی و ئایین ٢٠٠٧
١٩- زمانی رۆژنامەوانیی کورد ٢٠١١
٢٠- لەودیو شتە جوانەکانەوە ٢٠١٢
٢١- بێژەری تەلەڤزیۆنی ٢٠١٣
٢٢- رۆمانی چیمەن ٢٠١٨

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

بابه‌تی تر

نێچیرڤان بارزانی پەیامێکی بە بۆنەی یادی له‌دایکبوونی پێغه‌مبه‌ری ئیسلام بڵاو کردەوە

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بە بۆنەی یادی له‌دایکبوونی پێغه‌مبه‌ر ئی…