ساسان دەروێش – نەرویژ

هاوکات لەگەڵ سووتاندنی بارەگای لقی پارتی و ئاڵای کوردستان لە بەغداد ، دووهاونیشتیمانی کوردی دانیشتووی وڵاتی نەرویژ، بەناوەکانی ( محەمەد ئەسکەندەر و عەبدول باست تەها ) ی فرۆکەوان وەک وەڵامدانەوەیەک بە فڕۆکەیەکی تایبەت لە گەشتێکی یەک کاتژمێری و چلو پێنج خولەکیدا ، ئاڵای کوردستانیان بەئاسمانی ئەو وڵاتەدا شەکاندەوە ، ئەو دوو هاونیشتیمانییە بەمشێوەیە بۆ خەبات دوان:
بەرز ڕاگرتنی ئاڵای کوردستان
محەمەد ئەسکەندەر لە چۆنیەتی بیرۆکەی ئەم کارەیان گوتی : بیرۆکەکە بەمشێوەیە بوو ، کە زانیمان لە بەغداد هێرش کراوەتە سەر لقی پێنجی پارتیمان و بەبەرچاوی هەموو دنیاوە بارەگاو ئاڵای پیرۆزی کوردستان دەسوتێنرێت بەدەستی گروپێکی توندڕەوی میلیشیاکان ، بەندە و فڕۆکەوان عەبدول باست تەها ، پێکەوە قسەمان کرد ، کە چۆن بتوانین بەفڕۆکەی تایبەت نمایشێکی ئاسمانی بکەین بۆ بەرز ڕاگرتنی ئاڵای کوردستان وەک پەرچە کاردانەوەیەک بۆ هەموو ئەوانەی لە ئێستاو لە داهاتووشدا دەیانەوێت سوکایەتی بە ئاڵای کوردستان و پیرۆزیەکانی گەلی کورد بکەن ، قسەمان یەک خست بۆ داڕشتنی بەرنامەیەک .


حەوت ساڵە مۆڵەتی فڕۆکەوانیم هەیە
عەبدول باست تەها فڕۆکەوان گوتی : نزیکەی 23 ساڵە لە نەرویژ دەژیم و خاوەنی سێ منداڵم و حەوت ساڵە مۆڵەتی فڕۆکەوانیم هەیە وەک ئارەزومەندیەک وخەونی منداڵیم و نزیکەی بیست ساڵێک دەبێت لەگەڵ کاک محەمەد ئەسکەندەر هەڤاڵین و پێکەوە کاری حزبی و ڕەوەندی کورد دەکەین لەم وڵاتەدا ، بۆیە کە باسی ئەوکارەی لا کردم زۆر بەخۆشحاڵیەوە پەسەندم کرد و هەنگاومان بڕی بۆ ئەنجامدانی ، کە ئەو کارە قێزەونەی دژ بەبارەگایی لقی پارتیمان و ئاڵای کوردستان کرا، دڵی هەموومانی ناڕەحەت کرد ، دەبوو بۆ ئاسودەی دڵمان و شکۆی نەتەوەیمان ئاڵای کوردستان کارێک بکەین .
بۆیە زۆر بەلاماوە ئاسایی بوو
محەمەد ئەسکەندەر لە بارەی فڕینەکەیان بەوفڕۆکە تایبەتە گوتی : دەبوو پێشتر بڕوانینە کەشوهەوا ، سوپاس بۆ خوا ئاسمان وکەشوهەوا گونجاو بوو ، منیش لە شاری ئۆسلۆی پایتەخت دەژیم و نزیکەی 23 ساڵ زیاترە لەوێم و خاوەنی چوار منداڵم و پێشمەرگەی دیرینی شۆڕشی گوڵانم و دەرچووی خولی نۆهەمی پەیمانگای کادرانی پارتیم ولێرەش لە خزمەت حزب و ڕەوەندی کوردستانیم لە چالاکیەکانیان بۆیە زۆر بەلاماوە ئاسایی بوو کە لەسەر گیرفانی خۆمان ئەم کارە ئەنجام بدەین .
ئەو شەوە چاومان هەر لەسەرکاتژمێر بوو
عەبدول باست تەها فڕۆکەوان باسی لەهاتنی هەڤاڵەکەی کرد بۆلای وگوتی : کاک محەمەد ئەسکەندەر لە شاری ئۆسلۆوە بەفڕکە گەیشت پلێتێکی کڕی و بەڕێکەوت بۆ لای من بۆ شاری ستاڤانگر کە من لەوێ دەژیم کە نزیکەی هەشت کاتژمێر لەمنەوە دووربوو ، شەو گەیشتە لام و پێکەوە پلانمان دانا بۆ بەیانی کارەکەمان ئەنجام بدەین ، ئەو شەوە چاومان هەر لەسەرکاتژمێر بوو زوو تێپەڕیت ، بەیانی کە چوینە ئەوێ جلوبەرگی کوردیمان پۆشی و ئالای کوردستانمان لە ملمان ئاڵانداوکردمان بەفرۆکەکەوە ، فرۆکەکەم بردە سەرئاسمانی وڵاتی نەروێژ ، هەستێکی زۆر خۆشی پێ بەخشیم جیاواز لە فڕینەکانی ترم .


خاوەنی دەوڵەت و فڕۆکەی خۆمان بین
محەمەد ئەسکەندەر دەڵێت : لەم گەشتەدا ژیانی پێشمەرگایەتی و میللەتەکەمم بیرکەوتەوە لە دوای سوڕانەوەمان لە ئاسمان ، لە ناخەوە زۆر دڵخۆش بووم بەم کارەمان لەگەڵ هەڤاڵ باست فڕۆکەوان کە بەسەلامەتی کۆتایی هات و پەیامەکەی خۆمان گەیاند ، ئەوەی کەمێک ئازاری دام ئەو ڕۆژانە بوو کە کورد زۆر زەرەرمەند بووە بەدەست فرۆکەی ڕژێمی بەعس وکاولکردنی دیهات و شەهیدکردنی خەڵک و پێشمەرگە هەمیشە ڕقمان لە فڕۆکە دەبێتەوە مێژوویەکی خوێناویمان لەگەڵیدا هەیە ، بەڵام ئێستا لەگەڵ فڕۆکە وانێکی کورد شکۆی نەتەوەیمان بەرز دەکەینەوە .

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

بابه‌تی تر

بۆ ناردنی 320 ملیار دیناری ھەرێمی كوردستان كازمی دەیەوێت كۆدەنگییەك دروست بكات

ئەمڕۆ بەشیر حەداد، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق و مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆبوو…