كاروان محەمەد سینۆ

خیانەتی رۆژی 16ی ئۆكتۆبەری2017 لەسەر دەستی تاقمێكی خیانەتكار و كاڵفام و خاك فرۆش بەڕادەست كردنی كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوی ئیدارەی هەرێم، بووە ئەگەری شكاندیی شكۆمەندی تەواوی خەڵكی كوردستان و تەواو ئەزموونی هەرێمی كوردستانیان خستە ژێر ركێڤی رژێمی داگیركەر و عەقڵیەتی شۆڤینی تایفەگەری و میلیشیا و چەكدارانی سەر بە ئەجندا ئەقلیمییەكان. هەڵبەت ئەگەر ئەو رێكەوتنەی تاقمی خیانەتكار و كاڵفام و خاك فرۆش نەبوایە، هەرگیز رژێمی عێراق و ئەجندای داگیركەران جورئەتی ئەوەیان نەدەبوو هێڕش بكەنەسەر كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و ئەوسا دۆستانی خەڵكی كوردستانیش پشتگیرییان لە ریفراندۆم و هەڵوێست و ئیرادە و بڕیاری خەڵكی كوردستانیان دەكرد. هەروەها ئەگەر خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 نەبوایە، چەند رۆژی ڕابردوو (17ی ئۆكتۆبەری 2020) ئاڵای كوردستان لە بەغدا نەدەسوتێنرا و بارەگای پارتی كە پارتێكی پێشڕەو و بەرگریكاری ماف و خواستەدەستوورییەكانی خەڵكی كوردستان لە بەغدا نەدەسووتێنرا و سوكایەتی بە بەهابەرزەكانی گەلی كورد نەدەكرا.

پاش خیانەتكاری 16ی ئۆكتۆرەر، لە 20ـی10ـی2017 (واتا دوای چوار رۆژ لە خیانەتكارییەكە) لەرۆژێكی وەكو ئەمڕۆدا، خەبات و فیداكاری و بەرخودانی پێشمەرگە قارەمانەكانی پارتی و بارزانی لەشەڕ و داستانێكی كەم وێنەدا كە شەڕی مان و نەمان بوو هاوشێوەی شەڕ و داستانەكانی (زۆزك و هەندرین، گەلی زاویتە و قەنتارا،لۆمان و كۆڕێ و..و..و..هتد) كە بەدرێژایی مێژوو لەسەر دەستی پێشمەرگەكانی پارتی و بارزانی تۆمار كراون. شەڕی(پردێ)ش بووە رۆژ و داستانی گەراندنەوەی شكۆمەندی خەڵكی كوردستان و لە تۆماری مێژووی خەباتی بزاڤی رزگاری خوازی كوردستان و پارتی و بارزانی بۆ هەتا هەتا تۆماركرا.

خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 تەنها خیانەت و فرۆشتنی كەركووك نەبوو، بەڵكو 16ی ئۆكتۆبەر خیانەت بوو لە خەباتی سەدساڵەی بزاڤی رزگاری خوازی كوردستان لە هەموو پارچەكانی كوردستان، چونكە تەواوی خەڵكی كوردستان لە باكور و باشور و رۆژهەڵات و رۆژئاوا، بە چاویێكی پڕ لە هیوا و ئاوات و نزیكبوونەوە دەیان ڕوانییە هاتنەدی خەونی سەربەخۆیی كوردستان. كەچی ئەوتاقمە كاڵفام و خاكفڕۆش و خایانەتكارە، لە رێكەوتنێكی خیانەتكارانەدا شەقیان هەڵدا لە هەموو هیواو ئاواتەكانی خەڵكی كوردستان. ئەوەبوو رۆژی 16ـی ئۆكتۆبەری 2017 كاژمێر 8ی سەرلەبەیانی، چەكدار و میلیشیا شۆڤینی و تایفەگەرییەكانی رژێمی عێراق و بیانی بە هاوكاری ئەو تاقمە خیانەتكارە هاتنە نێو كەركووكی دڵی كوردستان و لەوێشەوە بڕیار و پلانیان وابوو شارەكانی دیكەی كوردستان داگیر بكەن و كۆتایی بە ئەزموونی هەرێمی كوردستان بهێنن. بەڵام وەكو هەمووجارێك پێشمەرگەی راستەقینەی كوردستان و ڕۆڵە بەئەمەكەكانی پارتی و بارزانی و خودی جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی و نێچیرڤانی بارزانی و مەسروور بارزانی و هەموو سواچاكەكانی دیكەی بنەماڵەی بارزانی، شێرئاسا هاتنەدەنگ و چەكی شەرەف و كەرامەتیان كردەشان و لە پێشڕەوی هێزی پێشمەرگە گیان لەسەردەستەكانی كوردستان سەنگەری شەرەف و كەرامەتیان لە شارۆچكەی پردێ باكووری كەركووك داكوتا و بەدروشمی “كوردستان یان نەمان”، سینگی خۆیان كردە قەڵغانی بەرگری و پارێزگاری خاك و خەڵكی كوردستان و بڕیاریاندا بەهەر نرخێك بێت هەرێمی كوردستان بپارێزن.

شەری بەرگری و پارێزگاری لە كوردستان (داستانی پردێ)، بەرەبەریانی رۆژی 20ـی ئۆكتۆبەری 2017 لە باكووری كەركووك لە شارۆچكەی “پردێ” بە گوڕ و تینێكی زۆرەوە دەستی پێكرد بە بەكارهێنانی قورسترین چەك كە لەدەستی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی هەبوو، وەكو (دەبابەی ئەمریكی لە جۆری “ئەبرامز” و هەمەر و كاتیۆشا و تۆپ و هاوەن و دۆشكە …هتد،بە پشتیوانی چاودێری سوپای وڵاتێكی ئەقلیم هەژمووندار لە عێراق. ئینجا پاش شەڕێكی دەستەو یەخە و قورس و بەهێزدا كە هەموو چەكێكی قورسی و بەهێزی سەردەمیانە تێیدا بەكارهات لە (دەبابە و زرێپۆش هامڤی و تۆپ خانە و كاتیۆشای (وڵاتێكی ئەقلیمی)، وێرای سوپای و پۆلیسی عێراق، ژمارەیەكی زۆری چەكدار و میلیشیا و چەتەی شۆڤینی و تایفەگەری بەشداری هێڕشەكەبوون. پاش چەندین هێڕش و هەوڵی داگیركەرانە، بەڵام داگیركەران هەمووجار رووبەرووی قەڵغانی تووكمە و پۆڵایینی بەرگری پێشمەرگە دەبوونەوە و شكست دوای شكستایان دەخوار. لە ئەنجامدا هێزەكانی داگیركەر زەرە و زیانێكی زۆری مادیی و گیانییان لێكەوت كە لە پێشبینی و مەزندە ئەواندا نەبوو. دەبابەی پێشكەوتووی سوپای عێراق دەسكردی ئەمریكا لە جۆری (ئەبرامز) كە ئەمریكا بە سوپای عێراقی بەخشیبوو،لەسەر دەستی پێشمەرگەكانی پارتی و بارزانی سوتێنرا و ژمارەیەكی زۆری زرێپۆش و هەمەر و هەڵگری كاتیۆشا تێكشكان و ژمارەیەكی زۆری كوژرا و برینداریان لێ كەوت. لە ئێوارەی هەمان رۆژ داگیركەران ناچار دانیانا بە شكەستەكەی خۆیان هێنا و شەڕەكە بە سەركەوتنی پێشمەرگە گیانفیداكانی كوردستان كۆتایی پێهات.

لەم داستانەدا بڕوابەخۆبوون و قارەمانێتی و لێهاتووی پێشمەرگە و سەرداری خودی جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی لە شەڕەكەدا،ئەگەر و هۆكاری سەرەكی بوون لە سەركەوتنی پێشمەرگە و شكاندنی داگیركەر و میلیشیاكان و شكاندن و لەگۆڕنانی رێكەوتنی بەدەستەوەدانی كوردستان كە تاقمی خیانەتكاری 16ـی ئۆكتۆبەر لە گەڵ ڕژێم و میلیشیاكان ئیمزایان كردبوو. ئەم سەركەوتنەی پێشمەرگەی كوردستان بە رێنمایی و چاودێری راستەوخۆی خودی جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی، بووە ئەگەری گەڕاندنەوەی شكۆمەندی خەڵكی كوردستان و پاراستنی ئەزموونی حكومەتی هەرێمی كوردستان. لە بەرامبەرداپاش ئەو شكستەی لە داستانی شەڕی پردێ دووچاری هێزی داگیركەر بووەوە، ناچاری كردن كەبەخۆدا بچنەوە و ملكەچی هێز و نەعرەتی شێرانەی پێشمەرگە ببن و هێڕشەكەیان وەستاند و داوای گفتوگۆیان كرد. لە ئەنجامدا ئەم داستانە بێجگە لەوەی سەركەوتنێكی مەزن و مێژووی بوو بۆ پێشمەگە راستەقینەكانی كوردستان و پارتی و بارزانی، لەلایەكی دیكەوە روورەشی و شەرمەزاری مایەوە بۆ تاقمی خیانەتكار و كوردستان فرۆشانی 16ـی ئەئۆكتۆبەری 2017.

لەسێیەم ساڵیادی سەركەوتن هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە داستانی “پردێ”، ئێمە وەكو خەڵكی كوردستان سوپاسی سەرۆك بارزانی و تەواوی سوارچاكانی بنەماڵەی بارزانی دەكەین كە سینگی خۆیان كردبووە قەڵغانی پاراستنی ئەزموونی هەرێمی كوردستان، سوپاسی پێشمەرگە قارەمانەكانی كوردستان دەكەین (ئەوانەی بەشداریان كردبوو لە داستانی پردێ و پاراستنی هەرێمی كوردستان)، سوپاسی پێشمەرگەكانی پارتی و بارزانی. هەروەها سوپاسی پێشمەرگەكانی رۆژ و ئازادی دەكەین و سوپاسی هەموو ئەو خۆبەخش و پۆلیس و ئاسایش و كارمەندانی تەندروستی و فریاكەوتن و سوپاسی هەموو خۆبەخشانی خەڵكی هەولێر دهۆك شار و شاروچەكانی كوردستان و ئەو قارەمانانە دەكەین كە بەهەر شێوەیەك لە شێوەكان بەشدارییان كردبووە لە شەڕی مان و نەما (داستانی پردێ)… داستانی گەڕاندنەوەی سەروەری و شكۆمەندی خەڵكی كوردستان.

لەكۆتاییدا سەری رێز و نوازش دادەنوێنیین بۆ شەهیدانی داستانی پردێ…. هەرشەكاوەبێت ئاڵای پیرۆزی كوردستان.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

بابه‌تی تر

ئایا دەوڵەتی شکستخواردووی عێراق لەسەر دووڕیانە؟

د. سـامان سـۆرانی ئەزموونی حوکمڕانی عیراقی پاش ساڵی ٢٠٠٣ نزیکە لە ئەزموونی حوکمڕانی ئەڵمان…