خه‌بات: عه‌لى بانیشارى – هه‌ولێر –

به‌ڕێوه‌به‌رى دابه‌شكردنى سوته‌مه‌نى و كانزاكانى هه‌ولێر ده‌ڵێ: ئه‌گه‌ر به‌غدا هیچ گرفتێك له‌ به‌رده‌وام ناردنى نه‌وتدا دروست نه‌كات، دابه‌شكردنى نه‌وتى سپى به‌رده‌وام بێت. مسته‌فا ته‌ها، ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا هه‌ر خێزانێك كه‌ فۆرمى خۆراكى سه‌ر به‌ پارێزگاى هه‌ولێر بێت 216 لیتر نه‌وت وه‌رده‌گرێت. له‌ سه‌نته‌رى شارى هه‌ولێر بۆ هه‌ر به‌رمیلێك نه‌وت بڕى 50 هه‌زار دینار له‌ هاوڵاتیان وه‌رده‌گیرێت و بۆ ده‌ره‌وه‌ى شاریش 51 هه‌زار دینار، به‌ڕێوه‌به‌رى دابه‌شكردنى سوته‌مه‌نى هه‌ولێر، ده‌شڵێت: به‌دابه‌شكردنى نه‌وت له‌ رێگه‌ى بریكاره‌كانى خۆراكه‌وه‌ ده‌بێت و سنورى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیمان پێویستى به‌ 100 ملیۆن لیتر نه‌وته‌.

به‌ڕێوه‌به‌رى دابه‌شكردنى سوته‌مه‌نى و كانزاكانى هه‌ولێر، ده‌ڵێت: ماوه‌ى 45 رۆژه‌ دابه‌شكردنى نه‌وت له‌ ناوچه‌ شاخاوییه‌كان ده‌ستیپێكردووه‌ و له‌ سه‌نته‌رى شارى هه‌ولێر و ده‌وروبه‌ریش 10 رۆژه‌ پرۆسه‌كه‌ دابه‌شكردنه‌ به‌رده‌وامه‌. مسته‌فا ته‌ها، ده‌شڵێت: تێكڕا رۆژانه‌ چوار تانكه‌ر نه‌وت له‌ به‌غداوه‌ ده‌گاته‌ هه‌ولێر و بۆ رۆژى دواتر پاش تاقیكردنه‌وه‌ى دابه‌ش ده‌كرێت. گوتیشى: داوامان له‌ حكومه‌تى عێراق كردووه‌ بڕى زیاتر نه‌وتمان بۆ ره‌وانه‌ بكات تا پرۆسه‌كه‌ خێراتر بكه‌ین. ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا ئه‌گه‌ر به‌غدا گرفت بۆ ره‌وانه‌كردنى نه‌وتى سپى دروست نه‌كات ئه‌وان به‌رده‌وام ده‌بن له‌ دابه‌شكردنى.

ناوبراو هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شى گوت: هه‌فته‌ى وا هه‌یه‌ بۆ ماوه‌ى دوو رۆژه‌ به‌غدا نه‌وت نانێرێت، هه‌ندێك كاتیش قه‌ره‌بووى ئه‌و دوو رۆژه‌ فه‌وتاوه‌ ناكاته‌وه‌. به‌ڕێوه‌به‌رى دابه‌شكردنى سوته‌مه‌نى و كانزاكانى هه‌ولێر، ده‌شڵێت: ناردنى ئه‌و بڕه‌ نه‌وته‌ له‌ ئاستى تموحى ئێمه‌دا نییه‌. گوتیشى: ئه‌و نه‌وتى ئێستا دابه‌ش ده‌كرێت هى ئه‌مساڵه‌. له‌باره‌ى چاره‌نووسى نه‌وتى ساڵانى رابردوو؟ مسته‌فا ته‌ها، ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا ماوه‌ى سێ ساڵه‌ دانیشتووانى شارى هه‌ولێر نه‌وتیان وه‌رنه‌گرتووه‌ قه‌ره‌بوویش ناكرێنه‌وه‌، چونكه‌ به‌غدا ده‌ڵێت له‌ قه‌یرانداین. ئاشكراشیكرد دابه‌شكردنى نه‌وت سه‌ره‌تا له‌ گه‌ڕه‌كه‌ هه‌ژارنشینه‌كانه‌وه‌ ده‌ستیپێكردووه‌.

به‌پێى زانییارییه‌كان له‌ پارێزگاى سلێمانى و دهۆك و هه‌ڵه‌بجه‌ بڕى 200 لیتر نه‌وت به‌سه‌ر هه‌ر خێزانێكدا دابه‌شكراوه‌، به‌ڕێوه‌به‌رى دابه‌شكردنى سوته‌مه‌نى و كانزاكانى هه‌ولێر ده‌ڵێت: هه‌ر خێزانێكى هه‌ولێر 216 لیتر نه‌وت وه‌رده‌گرێت. سه‌باره‌ت به‌نه‌وتى ئاواره‌كانى خوار و ناوه‌ڕاستى عێراق؟ مسته‌فا ته‌ها، گوتى: ساڵانى رابردوو به‌غدا نه‌وتى بۆ ئاواره‌كان ناردووه‌ و بۆ ئه‌مساڵیش ده‌ینێرێت. له‌باره‌ى دابه‌شكردنى نه‌وت به‌سه‌ر ئاواره‌كانى دواى 16ى ئۆكتۆبه‌ر ناوبراو ده‌ڵێ: تائێستا پارێزگاى هه‌ولێر هیچ رێنمایه‌كى بۆ نه‌ناردووین، نازانین ئه‌و خێزانانه‌ به‌ ئاواره‌ هه‌ژمار ده‌كرێن یان نا.

به‌گوێره‌ى ئه‌و به‌دواداچوونه‌ى(خه‌بات) كردوویه‌تى بڕى یه‌ك لیتر نه‌وتى سپى له‌ بازاڕه‌كانى هه‌رێمى كوردستان له‌ نێوان 600-650 دیناردایه‌، به‌شێوه‌یه‌ك هاوڵاتیان یه‌ك به‌رمیل نه‌وت به‌ 140-150 هه‌زار دینار ده‌كڕن. به‌شێك له‌ هاونیشتیمانیان مانگێك له‌مه‌وبه‌ر به‌رمیلێك نه‌وتیان به‌ 160 هه‌زار دینار كڕیووه‌. به‌ڕێوه‌به‌رى دابه‌شكردنى سوته‌مه‌نى و كانزاكانى هه‌ولێر ده‌ڵێت: بێگومان دابه‌شكردنى نه‌وتى سپى كاریگه‌رى له‌سه‌ر دابه‌زینى نرخى نه‌وت له‌ بازاڕى ئازادا بووه‌ و ده‌شبێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

بابه‌تی تر

چارلێز ڤان زێل لەدیدارێکدا بۆ خەبات: دەمەوێت ناسنامەی WGM لە ئۆڵۆمپیادی داهاتووی رووسیا بەدەست بێنم

خەبات: هاوار مورتكەیی:- چارلێز ڤان زێلی خانمە شەترەنجزانی هەڵبژاردەی خوارووی ئەفریقا لە لێ…