خەبات … چیرۆكی كڕین و فرۆشتنی باسی دەرچوون و ڕاپۆرت لەلایەن ئامادەكاران و كڕیارانەوە دەگێرێتەوە

0
231

خەبات: ڕۆشنا عەلی:- لەكارێكی مەیدانیدا لاپەڕەی پەروەردەو خوێندن بەدواداچونێكی بۆبابەتی ئامادەكردنی ڕاپۆرت و باسی دەرچوون كرد، كە تاچەند ئەو دەنگۆیانەی لە بابەتی ئامادەكردنی ڕاپۆرت و باسی دەرچوون دەكرێت ڕاستن؟ ئایا كام قوتابیانەن پەنا بۆ ئەم جۆرە باسانە دەبەن ؟ ئایا راپۆرتە ئامادەكراوەكان جێگای ڕەزامەندی مامۆستایانە ؟ نرخی هەریەك لە ڕاپۆرت و باسەكان چەندە؟ڕاپۆرت نووسەكان بۆ ئامادەكردنی ڕاپۆرتێك چەند كاتییان دەوێت و چ كاتێك كاریان زۆرە و چەندین پرسیاری دیكە تەوەری ئەم بەدواداچوونەمان بوو؟

تەنها ڕاپۆرت
سەرەتای بەدوادا چوونەكەم سەردانی دووكانێكم كرد كە نوسرابوو بۆ ئامادە كردنی ڕاپۆرت، كاتێك چوومە ژوورەوە دوو گەنج دانیشتبوون سەرقاڵی ئامادەكردنی ڕاپۆرت بوون و پرسیم ڕاپۆرت بەچەند ئامادە دەكەن ؟ لەوەڵامدا وتی: لەسەر چ بابەتێك دەتەوێت و ئەوی تر وتی: بە چ زمانێك ناچار وتم بە كوردی دەمەوێت و لەبارەی مێژوو ، گەنجەكە وەڵامی دایەوە كە خۆی نرخی 15000 ە بەڵام بە 10000 بۆت ئامادە دەكەم ، دواتر وتم من باسی دەرچوونم ئەوێ‌ وتی: ئێمە تەنها كاری ڕاپۆرت دەكەین ، پرسیم كەسێكم پێبلێن بۆم ئامادە بكات گەنجەكە ناونیشانێكی پێدام و منیش بەرەو ناونشانەكە ڕۆشتم هەر لە دوكانەكە خۆی نوسرابوو بۆ ئامادەكردنی ڕاپۆرت و ( بحث تخرج)..

ئامادەكارەكەی باسی دەرچوون( بحث تخرج )
لەگەڵ خاوەن دووكانەكە كەوتینە گفتوگۆو لێم پرسی ئێوە مۆڵەتتان هەیە؟ لە وەڵامدا وتی: بەڵێ‌ مۆڵەتی وەزارەتی ڕۆشنبیریم هەیە پرسیم نرخەكانتان چۆنە؟ لە وەڵامدا وتی : بەپێی ماندوو بوونەكەیە نرخی باسی دەرچوون 40000 – 50000 دینارە وڕاپۆرتیش 10000 دینارە.

سەرچاوە
*دەربارەی ئەوەشی كە ئایا چۆن باسێكی دەرچوون ئامادە دەكەن؟ ئایا خۆتان بەدوای سەرچاوە دەگەڕێن یان خاوەن باسەكە ڕادەسپێرن بۆ پەیداكردنی؟ ئەو خاوەن دووكانە كە نەیویست ناوی هەبێت ئاماژەی بەوەدا كە قوتابیەكە خۆی پلانی باسەكەی لەڕێگای مامۆستاوە وەرگرتووە ئیتر بەپێی ئەو زمانەی ئەو ئەیەوێ‌ خۆمان بۆی ئامادە دەكەین و من خۆم سەرچاوە چ لە ئەنتەرنێت یان كتێب پەیدای دەكەم بۆ باسەكە.

سێ‌ زمانی جیاواز
*دەربارەی ئەوەشی كە ئایا ئەوان بەچەند زمان باسەكان ئەتوانن ئامادە بكەن ئەو وتی: بەهەرسێ‌ زمانی كوردی ،عەرەبی و ئینگلیزی ئامادەی دەكەین .

ڕاپۆرتە زانستییەكان
*دەربارەی ڕاپۆرتە زانستییەكانیش پرسیم كە پشت بە چی دەبەستن؟ خاوەنی ئەم دوكانی راپۆرت و باسی دەرچوونە ئاماژەی بەوەدا كە ئەوان ڕاپۆرتە زانستییەكان كەمتر ئامادە دەكەن ئەو وتی : ئەوانەی كە قوتابی ئەو بەشانەن و ئاستیان بەرزە خۆیان زیرەكن كەمتردێن بەزۆری ڕاپۆرتی ئیدارەو یاسا وزانكۆ ئەهلییەكان و ئێواران وپارالێڵ ئامادە دەكەین ، قوتابی ئەهلییەكانیش زۆر زۆرترن هەرچەندە حكومییەكانیش دێن، بەڵام ئەوان زۆرترن بەگشتی پەیمانگاو زانكۆ ئەهلییەكان زۆرن.

ژمارەی ڕاپۆرتەكان
*دەربارەی ئەوەی كە ئایا ڕۆژی چەند ڕاپۆرت ئامادە دەكەن ؟ ئامادەكارەكە وتی : ڕۆژی دوو ڕاپۆرت ئامادە دەكەین قوتابی ڕاپۆرتیان زۆر دەوێت ئێستا یەكێك هاتبوو حەوت ڕاپۆرتی دەویست هەمووی مامۆستا داوای لێدەكات لەبەر كۆرۆنا دەوام ڕاگیرا بۆ ئەوەی بەو ڕاپۆرتانە تەعویزی ئەوە بكەنەوە وخوێندنەكە بەردەوام بێت.

داواكارەكانی ڕاپۆرت ؟
ئەو كاتەی ئێمە سەرگەرمی گفتوگۆ بووین قوتابییەك هاتە ژوورەوەو داوای لێكرد ڕاپۆرتێكی بۆ ئامادە بكات ،بەڵام ڕاپۆرت نووس ئامادە نەبوو وتی: زۆر زۆر ڕاپۆرتم لەلایەو ناتوانم وەریبگرم بڕۆ بۆ تەنیشتەكەم بۆت ئەكات قوتابییەكە لەوەڵامدا وتی: هەر ئەو منی بۆ لای تۆ ناردووە ئەویش وتوویەتی ناتوانم و ڕاپۆرتم زۆر لایە خاوەن دوكان داوای ناونیشانی ڕاپۆرتەكەی كرد، بەڵام قوتابیەكە لە مۆبایەكەیا پیشانی خاوەن دوكانەكەیدا و خاوەن دوكانەكەش ڕووی لەمن كرد و وتی: بزانە ناونیشانەكەی نازانێت، دواتریش ڕاپۆرتەكەی لێ‌ وەرنەگرت قوتابیەكە قوتابی یەكێك لە پەیمانگاكانی نەوت بوو.
داواكاری دووەم بۆ ڕاپۆرت خۆی كرد بە دووكانەكەیاو وتی: نۆ ناونیشانم هەیە یەك دانەم لەو نۆ ناونیشانە دەوێ‌ تۆ هەڵیبژێرە و ڕاپۆرتەكەم بۆ ئامادە بكە، ئەویش یەكێك بوو لە قوتابی زانكۆیەكی ئەهلی هەلێكم وەرگرت و لە قوتابییەكەم پرسی دیارە ناوبانگی ئەم بەڕێزەتان بیستووە ڕاپۆرتەكانی باشن ؟ ئەو لە وەڵامدا وتی: من یەكەم جارمە بێم وتم ئەی هاوڕێكانت لێرە كردوویانە ئەڵێن باشە ڕاپۆرتەكانی نمرەی باشی پێ وەردەگرن؟ قوتابییەكە وتی: بەڵێ‌ باسی دەكەن، خاوەن دوكانیش وتی: من شتێیەك مەزبوت نەبێت نایكەم هەموو دەقەیە قوتابییەكە بێتەوەو مامۆستاكە ڕەخنەی لێ‌ بدۆزێتەوە، سەیری ئەو كتێبە گەورانە بكە هەمووی سەرچاوەن ، دوبارە لە قوتابییەكەم پرسی بۆچی خۆت ئامادەی ناكەی ئایا مامۆستا نازانێت خۆت نەتكردووە ؟ قوتابییەكە لە وەڵامدا وتی: خۆم دوو دانەی ترم ئامادە كردووە و زۆرن ئەوانەی داوام لێدەكرێ‌ زۆربەیان لە دەرەوە ئەكەم.
هەر لەو ماوەیەی من لە دوكانەكە دانیشتبووم موشتەری سێیەم هات وناونیشانەكەی پیشانی خاوەن دوكاندا بەڵام ڕازی نەبوو بۆی ئامادە بكات وتی : راپۆرتەكە كوردییەو كوردیش سەرچاوەی نییە من هەر نایكەم یەك ڕاپۆرتم لەبەردەستە كە تائێوارە تەواو نابێت.

كاتی پێویست
*دەربارەی ئەوەشی ئایا ڕاپۆرتێك بەچەند تەواو دەكەن؟ ئاماژەی بەوەدا لە بەیانییەوە تا نیوەڕۆ تەنها یەك ڕاپۆرت ئەكەم واتە تا ئێوارە دوو ڕاپۆرت تەواو دەكەم.
دەربارەی ئەوەشی كە ئایا ئەوان چ كات ئیشییان زۆرەو كەی كەمە وتی : ئێمە تەنها ئەم مانگە ئیشمان هەیە ساڵانە ئەوی تر هەر دانیشتووین جاری وایە ئەو ئیشەی ئەیكەم كرێ‌ دووكانەكەم بۆ دەرناهێنێ‌ من بۆچونێكم هەیە قوتابی ئەهلییەكان بەس بۆ ئەوەی شەهادەیان هەبێت ئەخوێنن تەنها بۆناوە، خۆت بینیت ناونیشانی ڕاپۆرتەكە نازانن كە داوایان لێكراوە بروا بكە من ئەوەنەی خەفەتی لێئەخۆم پارەی لێناخۆم.

بۆچوونی مامۆستایەك
لەدرێژەی ئەم بەدواداچوونەدا پێمان باش بوو بۆچوونی مامۆستایەك وەربگرین كە ئایا هۆكار چییە قوتابییەك دوای دوانزە ساڵی خوێندن ، بەڵام دواجار توانای نوسینی ڕاپۆرتێك یان لێكۆڵینەوەو باسێكی دەرچوونی نییە ؟ ئەم پرسیارەمان ئاڕاستەی مامۆستا هەینی قادر كرد ناوبراو باسی لەچەند هۆكارێك كردو وتی : چەند هۆكارێك هەن كە قوتابی پەنا بۆ باسی ئامادەكراو دەبات لەوانە خۆ ماندوو نە كردنی قوتابی بۆ گەڕان بە دوای سەرچاوەو فێر نە بوونی قوتابی لە چۆنیەتی نوسینی ڕاپۆرت و توێژینە وەی زانستی لە ماوەی خوێندنی زانكۆییدا ، نەبوونی ڕۆشنبیری پێویست و بایە خ نە دان بە خوێندنەوەی كتێب، بە فیڕۆدانی كاتێكی زۆر بە ئامێرە كانی تەكنە لۆژیای سەردەم ، بە مەش بواری با یەخ دانی بە خوێندن و خۆڕۆشنبیركردن كەم بۆتەوە.

بە داخە وە نە بوونی جدیەت لەلایەن هەندێ مامۆستایانەوە ئەم ئەركە ی لەلایەن قوتابیانەوە بێ بەها كردوە، چونكە بە دواداچونی مامۆستا لەم بارەیەوە گرنگی و كاریگە ری خۆی هەیە ئەویش وەكو پێویست نییەلە كارێكی زانستی وەهادا، هەندێ جار كەمتەرخەمی مامۆستا دە بێتە هاندەر بۆ قوتابی كە بە ئەركی خۆی هەڵنەستێت ،چونكە هەست دەكات كە بە دواداچونی پێویست نیە لەلای مامۆستا بۆیە هەرچۆنێك بێ قوتابی شتێك ئامادە دەكات جا گرنگ نییە چۆن ئامادە دەكرێت ،گرنگ ئەوەیە لاپەرە كان پڕ كا تەوە بە بێ ڕە چاو كردنی مەرجە كان و ئاستی زانستی بابەتەكە تاكو نمرەی پێ وەربگرێت.
دەربارەی قسەیەكی سەرۆكی زانكۆی سەڵاحەدین پرسیارم لەو مامۆستایە كرد كە دەڵێت ناكرێت ژمارەیەكی زۆر لە پسپۆڕی جیاواز كە زیاتر لە (3000) ە لە بازاڕ ئامادە بكرێت بۆچوونی ئەوان چییە؟ ئەوئاماژەی بەوەدا كە ئەوە دووجۆرە ئەو وتی: ئەمە دوو جۆری هەیە ، جۆری یە كە م ئە و كەسە وە یاخود ئەو كتێبخانانە ی بە م كارە هەڵ دەستن تەنها چوار چێوە و هێڵە گشتیەكانی ڕاپۆڕت و باسی دەرچوون دەدەنە قوتابی لەگەڵ ناوی هەندێ سەرچاوە و كتێبی پێویست، جاری واش هەیە سەرچاوە كانی لای خۆی بە خواستن دەداتە قوتابی بە حسابی رۆژانە كرێی كتێبەكەی لەسەر حساب دەكات وە هاوكاریشی دەبێت لە دیاری كردنی بابەتەكان بۆ ئامادە كردنی ڕاپۆڕتەكە یان توێژینە وەكە.
جۆری دووەم : ئەو بنكە و كتێبخانانەن (بۆیە دە ڵێم بنكە ،چونكە بۆتە پیشەیان و پسپۆڕیان لێ وەر گرتوە دەبێ سڕەش بگری تاكارەكەت بۆ تەواو دەكات )كە كاریان تە نها ئامادە كردنی ڕاپۆڕت و باسی دەرچوونە ، هەڵبە تە ئە مەش بەرامبەر پارە دە كرێت نرخە كەی بە پێی قە بارەی توێژینەوەكەیە ، بێگوومان لە ئامادە كردنی ئەو جۆرە توێژینە وانە زیاتر پشت بە زانیاریە كانی ئەنتەرنێت دە بەسترێت نە وەك سەرچاوە ی كتێبی كاغەز.

*دەربارەی ئەوەشی كە ئایا كێ‌ بەرپرسیارە لەم سووككردنی مەعریفەیە ئەو مامۆستایە وتی : بە ڕای من دەزگاكانی زانستی و بنكە كانی توێژینەوەی زانكۆ و پە یمانگاكان لە بێ بەها كردنی زانست و مە عریفە بەرپرسی یەكەمن ، چونكە دەتوانن سنورێك دابنێن بۆ ئە م فە وزایە ی كە ئە مڕۆ لە ناوەندە كانی زانكۆو پەیمانگاكانی كوردستاندا هەیە ، ئە مە سوك كردنی خوێندن و زانستە وە گوێ نەدانە بە كوالێتی خوێندن لەبەر ئەوە قوتابی ناچار ناكرێت خۆ ی فێری نوسین و ئامادەكردنی ئەركی خۆی بكات ،بەپارە هەموو شتێكی پەیوەند بەخوێندنەكەی لە دەرە وە بۆ ئامادە دەكرێت ،ئەمرۆ قوتابی تەنها خەمی دەرچوونیەتی و بەپەلەیە تاكو شەهادە وەربگرێت گرنگ نیە لای چی فیر دەبیت یان نا،چونكە لای ئەو زانكۆ وەكو ناوەندێكی مەعریفەو زانست نابیندرێت وە هیچ لێپرسینەوە یەكیش نیە ،بۆیە ئاستی زانستی رۆژبەرۆژ لە خراپبوندایە، ئەگەر كەمتەرخەمیش لەو ڕوەوە لە مامۆستا و قوتابی هە بێت، بەڵام بەرپرسیارێتی گەورە دەكە وێتە سەر ئەستۆی وەزارەتی خوێندنی باڵا ، بەهە مان شێوە بە شێك لەو كەم و كورتیانە ش بەر وەزارەتی پەروەردە ش دەكەوێت ،چونكە ژمارەیەك پەیمانگا یان هەیە كە هەمان كێشە یان هەیە ،ئەمەش بەو مانایە نیە كە هەموو مامۆستایەك و قوتابییەك لەم ئاستەدابن بەڵكو قوتابی باش و مامۆستای باشیش هەیە كە ئەم جۆرە كارانە ڕەت دەكەنەوەو لە بەجێ هێنانی ئەركی خۆیان دڵسۆز وجدین.

*دەبارەی ئەوەشی كە ئایا بەشێك لەم بەرپرسیارێتییە زانكۆ ئەهلییەكان نین ؟مامۆستا هەینی قادر وتی: ناكرێت بە ڕەهایی هەموو زانكۆ ئە هلیەكان بەهۆكاری ئەم كەم و كورتیە دابنێین ،چونكە ئەوانیش زانكۆی باش و خراپیان هەیە و بەشێكن لە پڕۆسەی خوێندن لە هەرێمی كوردستان ،بەڵام گرفتەكە لەوەدایە هەندێكیان وێرای ئەم كێشەیە ئاستی خوێندنیشیان نزمە قوتابیان دەردەچن ،بەڵام هیچ فێرنابن ،بۆیە كاتێك دێتە سەر باسی دەرچوون بەشێكیان بەس لە ڕووی شێوەوە باسێكی جوان ئامادە دەكەن ،بەڵام لە ڕوی ناوەرۆكەوە هیچ مەرجێكی زانستی تێدا نیە، ئەمە بۆ هەندێك لە زانكۆكان و پەیمانگاكانی حكومیش ڕاستە.

بە گشتی لەو بارەیەوە كەمتەرخەمیە كی زۆرهە یە لە لایەن بەرپرسانی باڵای پەیوەندیدار لە هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا ،چونكە خە ریكە بە هۆی تێكەڵ كردنی خوێندن بە كاری بازرگانییەوە لە هەردوو كەرتی گشتی و تایبەتی خوێندن كوالێتی خۆی لە دەست دەدات ودروشمی خوێندن بۆ شەهادە جێگای دروشمی خوێندن بۆ زانست و فیربون بگرێتەوە.ئەمەش ئەگەر وابروات و چارە نەكرێت كارەساتە،چونكە چەند ساڵیكی تر لەشكرێكی شەهادەدار ،بەڵام كۆڵەوار دروستدەبێت.

زیاتر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

بابه‌تی تر

لەیادی ریفراندۆمە پیرۆزەكەی كوردستاندا، دەبێ چاوەڕێی دەرفەتێك بكەین

نیان ئەحمەد 25\9\2017 رۆژێكی مێژوویی بوو بۆ نەتەوەی كورد لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردوو لە داگی…