ترەمپ و شەڕی ڕاگەیاندن.. حەز دەکات ناوی بێت، یان هەر ناوی ئەو بێت..!!

0
138

غازی حەسەن

لەدەرکەوتنی وەکو سیاسییەک لەساڵی ٢٠١٥ دۆلاند ترەمپ بەردەوام لەسەر زاری دەزگاکانی ڕاگەیاندنە، یەکێکە لەو سەرۆکە دەگمەنانەی ئەمەریکا، بەم جۆرە ڕاگەیاندن دژایەتی بکەن و وەکو ئەستێرەیەکی شڕ، یان پڕ لەکەموکوڕی و وەکو دار بەر رەشەبا نیشان بدرێت. گوتاری دژایەتی ترەمپ، گوتاری بەردەوام مانەوەیە لەنێو ڕاگەیاندن. 

هارلود هولزر لەکتێبەکەی دەربارەی دیداری ڕۆژنامەوانی سەرۆکەکان، کە لەڕۆژنامەی نییۆیۆرک تایمز بڵاوبۆتەوە ئاماژە بەوە دەکات ئەو شتە هەستیارانەی ترەمپ دەیانورووژێنێت پەیوەستە بە ئازادی دەربڕین و مامەڵەی توند لەگەڵ پەیامنێرانی ڕۆژنامە، جۆرێکە لەسوکایەتی، تەنیا هەتا پۆستەکانیشی دەربارەی (هەواڵی درۆ) ئیستفزازی بۆ کەسانی دیکە تێدایە.  ئەو ڕاگەیاندن بەدوژمنی گەل وەسف دەکات، یان هەڕەشەی تۆڵەکردنەوە لەهەندێک دەزگای ڕاگەیاندن دەکات. پێویستە سەرۆک ئارام بکرێتەوە، ئەو یەکەمین سەرۆک نییە، بەم جۆرە هەموو سنوورەکانی دژی ڕۆژنامە بەزاندبێت، ئەو تەنیا دوژمنی یەکەم (هەموارکردنەوەی دەستور) نییە، تەنیا ئەو ڕەنگە لەپلەی پێنجەم بێت لەنێو سەرۆکەکاندا، کە بەتوندی مامەڵەیان لەگەڵ ڕاگەیاندن و  ڕۆژنامە کردووە. ئەم قسانە لەڕۆژنامەی (شەرق ئەلئەوسەت ٣١ی ئابی ٢٠٢٠) بڵاوکراوەتەوە. 

لەمێژووی ئەمەریکادا هەمیشە بەهۆی ئەو ئازادییەی ڕاگەیاندن هەیەتی، ناکۆکی توند دەکەوێتە نێوان کۆشکی سپی و  ڕاگەیاندن، بەڵام ئەوەی ترەمپ لەدۆخێک و شێوازێک دایە، کە پێ دەچێت شەڕێکی بەکردەوە لەنێوان کۆشکی سپی و ستافەکەی و ڕاگەیاندن هەبێت. ترەمپ بەشێوەیەکی توند و ڕاشکاوانە لەبەردەم کامیرا و لەکۆنگرە ڕۆژنامەوانییە فەرمییەکاندا، یان لەپۆستەکانی لەتویتەردا، قسەکانی بەجۆرێک دەردەبڕێت، ڕۆژنامەنووسەکان لەداخا مووی سەریان قیت دەبێتەوە. ئەو لەیەکەم ڕۆژی گەیشتنە دەسەڵات بەشێوەیەکی توند مامەڵە لەگەڵ ڕاگەیاندن دەکات، تەنیا لەهەندێک لەشێوازەکانیدا کۆمیدیی و گاڵتەجاریشی پێوە دیارە. وشەی کەم، کورت و پوخت، بەڵام ئاگرین و  وروژێنەر و حەیابەرە. لەهەندێک بواردا هەڕەشیان لێ دەکات، پەیوەندییەکی پڕ لەناکۆکی لەنێوان ترەمپ و بەشێکی زۆری دەزگاکانی ڕاگەیاندن لەئەمەریکا هەیە. 

کورد دەمێکە گوتیەتی بۆ ئەوەی ناوم بێت دەچم لەسەر ڕێی کانیێی ….، ترەمپیش وەکو ڕاگەیاندکارێک و خاوەنی بەرنامەی تەلەڤزیۆنی هەمیشە دەیەوێت ناوی لەسەر زاری ڕاگەیاندن بێت، ئەمە یەکێکە لەدۆخە دەروونییەکانی نێو کەسایەتی راگەیاندکار. لەم چوار ساڵەدا دونالد ترەمپ یەکێک بووە لەئامانجە دیاریکراوەکان و دیارەکانی هێرشەکانی نێو ڕۆژنامە و ڕاگەیاندنی ئەمەریکا. ئەو خۆی یەکێکە لەشارەزا و پسپۆر و هەڵسوڕێنەرەکانی بواری تەلەڤزیۆن، دەزانێت چۆن هەمیشە و بەردەوام ناوی لەسەر شاشە و لەسەر زاری ڕۆژنامەنووسان و تەنیا لەنیو زاکیرەی خەڵکیشدا بێت.  ئەو ڕووبەڕووبونەوە و هێرش و وەڵام و وەڵامکارییەی ڕۆژانە ڕوودەدات، وایکردووە ترەمپ بەزۆرترین شێوە و جۆر و مەبەست ناوی لەنیو ڕاگەیاندن و لەسەر زاران بێت.

لەبەراوردێکی نێوان ترەمپ و  ئۆباما، لەڕۆژنامەی واشنت پۆست لەبارەی کتێبەکەی هارولد هولزر  نووسراوە، کە ئۆباماش یەکێک بووە لەوانەی مامەڵەیەکی خراپی لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان کردووە، بەڵام بەشێواز و ڕێگەیەکی جیاواز لەوەی ترەمپ دەیکات. ئۆباما شەڕێکی هەقیقی دژی ڕۆژنامەنووسان و پشکنین دەکرد، تاکو هیچ زانیارییەکیان دەست نەکەوێت، کە دەبێتە مایەی ورووژاندن. جیاوازی نێوان ئۆباما و ترەمپ ئەوەیە، ئۆباما لەڕێگەی پێکەنینە زەقەکەی دوژمانیەتی ڕۆژنامەی دەکرد و ترەمپیش بەشێوە توندە زەقەکەی. 

گرنگ ئێمە دەزانین پەیوەندی نێوان سیاسەت و ڕاگەیاندن هەمیشە پەیوەندییەکی ناجێگیرە، ئەوەی لەم ساتەدا دۆستە و مایەی ڕێزگرتنە لەلایەن سیاسییەکانەوە، یان بەپێچەوانە لەلایەن ڕاگەیاندنەوە، گریمانە دەکرێت لەبەیانیدا گۆڕانی بنەڕەتی بەسەردا بێت. ڕۆژنامەنووسان هەمیشە دەیانەوێت لەنێو سندوقە ڕەشەکانی دەسەڵات و کەسە دیارە باڵادەستەکان زانیاری نەگوتراو، زانیاری بڤە و کاریگەر بدۆزنەوە و بڵاوی بکەنەوە، دەسەڵاتدارانیش دەیانەوێت لەگۆشەیەکی دیاریکراوی ئارستەکراودا مامەڵە لەگەڵ ڕاگەیاندن بکەن. هەر یەکەش شێواز و ڕێگەیەکی جیاواز لەچۆنیەتی مامەڵە لەگەڵ ڕاگەیاندن هەڵ دەبژێرێت. لەدژایەتی و ناکۆکیشدا شێوازی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بەکاردەهێنن. گوتاری ترەمپ لەدژایەتی ڕۆژنامە و ڕاگەیاندن گوتارێکی ڕاستەوخۆی زەق و هێرش بەر و ئابڕوبەرانەیە. لەبنەرەتدا ترەمپ لەوەتەی هاتۆتە نێو کۆشکی سپی گوتاری بروسکە ئامێزی زەقی ورووژێنەری پیادەکردووە، بۆیە گوتاری جیوەیی، ڕەخنەگرانە و هێرشبەری هەبووە، لەگەڵ ڕاگەیاندن زەق و توندبووە. لە ئالەکەی دیکەشدا بەڕێز مامەڵەکردنیش لەگەڵ ڕاگەیاندن شێوازی جیاوازی دیپلۆماسی و سیاسی و دارایی و بەپاشکۆکردن و ڕێزگرتنی واقیعیانە و ئاشتەوایانە مامەڵەکردن هەیە. هەردووکیان پشت بە فەلسفە و ڕێبازێکی جودا لەچۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ڕاگەیاندن دەبەستێت.

ئەوەی ئێستا ترەمپ پیادەی دەکات، بریتییە لەهەمیشە و بەردەوام دەرکەوتن و ناوهاتنی لەڕاگەیاندن، بۆ ئەوەی بۆ چرکەیەکیش لە زاکیرەی هاووڵاتی  دانەبڕێت. هەندێک لەسیاسییەکان بڕوایان وایە دەبێت بەڕێگەی تایبەتی خۆیان مامەڵە لەڕاگەیاندن بکەن، با بەخراپیش بێت، باشە ناویان بێت، بچنە نێو زاکیرە و بیری هەموو کەسێک. ئەوەی دەبینرێت ترەمپ پێ دەجێت بڕوای بەوە بێت، ناوی بێت، بەڵام هەردەم و بەردەوام ناوی لەسەر زاران بێت و تەنیا و تەنیاش هەر ناوی ئەو بێت و ئەو لەڕاگەیاندن بەپلەی یەکەم و لەزۆرترین پانتایی ڕۆژنامە و ڕاگەیاندندا ناوی بێت، گرنگ نییە چۆن ناوی دێت، بەڵام دەبێت بەردەوام لەبەیانییەوە، تاکو بەیانیی هەر دەبێت ناوی ئەو بێت.  ئەمەش بەشێکە لەڕێگە و ڕێبازی بانگەشە و پڕوپاگەندەی سیاسی.  

زیاتر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

بابه‌تی تر

لەیادی ریفراندۆمە پیرۆزەكەی كوردستاندا، دەبێ چاوەڕێی دەرفەتێك بكەین

نیان ئەحمەد 25\9\2017 رۆژێكی مێژوویی بوو بۆ نەتەوەی كورد لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردوو لە داگی…