خەبات: فاتیح بەرزنجی – هەولێر:- بەگوتەی دكتۆر دلۆڤان محەمەد جەلال بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر لەماوەی ڕابردوو رێژەی تووشبووانی نەخۆشی كۆرۆنا زۆربوو، بە هەوڵ و كۆششی بەردەوامی وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان توانرا پێداویستی وكەلوپەلی پزیشكی و داودەرمانی پێویست بۆ نەخۆشانی كۆرۆنا دابین بكرێت، بەتایبەتی ئۆكسجین بەردەوام بۆ نەخۆشخانەكان دەستەبەر دەكراو بەردەوام رێنمایی گرنگ بۆ خۆپارێزی هاووڵاتیان ئامادە دەكرا، تا هاووڵاتیان خۆپارێزی بكەن و پابەندی ڕێنماییە تەندروستیەكان بن. دەربارەی هەڵمەتی هوشیاری و ژمارەی نەخۆشانی كۆرۆنا لەئێستادا دكتۆر دلۆڤان محەمەد جەلال بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر روونكردنەوەی زیاتر بە خوێنەرانی خەبات دەدات:

هەڵمەتێكی گەورەی هوشیاری لەپێناو سەلامەتی هاووڵاتیان
بەرێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر دەڵێت: بۆ ئەوەی هاووڵاتیان زیاتر هوشیار بكرێنەوە هەڵمەتێكی گەورەی هوشیاری بەڕێوەچوو، بۆ ئەو مەبەستەش پۆستەرو لفلیت بۆ زیاتر هوشیاركردنەوەی هاووڵاتیان ئامادەكراو لە زۆربەی شوێنە گشتییەكان هەڵواسران بۆئەوەی هاووڵاتیان خۆپارێزی بكەن وماسك بپۆشن و سەردانی شویَِنی جەنجاڵ و قەرەباڵغ نەكەن، بەڵام ئەگەر سەیری مانگێك بەرلە ئێستا بكەین ڕۆژانە 300 نەخۆش زیاتر پشكنینیان بۆ دەكرا، بەڵام ئێستا ئەو ژمارەیە بەرەو كەمبوونەوە چووە، جگە لەوەش ئەو نەخۆشانەی كە باری تەندروستیان ناجێگیر بوو پێشتر ژمارەیان زۆربوو سەردانی نەخۆشخانەكانیان دەكرد، بۆ ئەو مەبەستەش ئێمە چوار نەخۆشخانەمان بۆ ئەو نەخۆشییە تەرخان كردبوو وەك نەخۆشخانەی رزگاری و ئیماراتی و نەخۆشخانەی رۆژئاواو چاودێری چڕی ناو نەخۆشخانەی هەولێری فێركاری و بووژاندنەوەی دڵ، بەڵام لەئێستادا ژمارەی نەخۆشان كەمی كردووەو ئەو كەسانەی كە ڕوو لەنەخۆشخانە دەكەن ئەوانیش ژمارەیان كەم بۆتەوە، دیارە ڕادەی هوشیاری هاووڵاتیان زیادی كردووەو دەبینین ئێستا زۆربەی هاووڵاتیان ماسك دەپۆشن و پابەندی ڕێنماییەكان دەبن، لێرەوە نابێ‌ ڕۆڵی پزیشكان و كارمەندانی تەندروستی لەیاد بكەین كە بەردەوام لە خزمەتی نەخۆشاندابووینەو شەونخونیان بەدیار نەخۆشانەوە كردووەو جێ‌ پەنجەیان دیاربووەو لەهەمووی گرنگتر وەزیری تەندروستی شەوو ڕۆژ لەسەر هێڵ بوو تا لەنزیكەوە ئاگاداری نەخۆشان بێت.

د. دلۆڤان محمەد جەلال گوتیشی: نەخۆشخانە تایبەتەكانیش هاوكارو هەماهەنگی نەخۆشخانە حكومیەكان بوون لەو كاتانەی كە نەخۆشان پێویستیان بە چاودێری چڕ هەبووە لەو حاڵەتەدا پاڵەپەستۆ لەسەر نەخۆشخانە حكومیەكان تۆزێ‌ كەم بێتەوە، مایەی خۆشحاڵیە ئێستا ژمارەی نەخۆش لە نەخۆشخانەكان كەم بۆتەوەو بەشەكانی نەخۆشخانەكان كرانەوە وەك داخستنی بەشی بووژندنەوەی دڵ بۆ كۆرۆنا تەرخانكرابوو، ئێستا ئەو بەشە ئاسایی بۆتەوەو لەنەخۆشخانەی هەولێری فێركاری چەندین بەش داخران، كە بۆ ئەو نەخۆشیە تەرخانكرابوو بەتایبەتی بەشەكانی ڕاوێژكاری و نەشتەرگەری و.. هتد، ڕاگیرابوون، ئێستا خەریكە ئەو بەشانەی ناو نەخۆشخانەكە دەكرێنەوەو لەخزمەتی هاووڵاتیاندا دەبێت و وەكو پلانیش بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر چەندین پلانمان هەیە، لەئێستاشدا نەخۆشخانەیەكی تایبەت بە چاودێری چڕ كە بریتییە لە 40 تەختی نەخۆش دروست دەكرێت و كەوتۆتە ناو نەخۆشخانەی ڕۆژئاواو لەلایەن خێرخوازێكەوە دروست دەكرێت، دەستخۆشی لەو خێرخوازە دەكەین كە كارێكی مرۆڤدۆستانەی ئەنجامداوەوهیوادارین لەماوەی چەند هەفتەیەكی دیكە ئەو نەخۆشخانەیە تەواو بكرێت، جێگەی ئاماژە پێدانە بەر لەنەخۆشی كۆرۆنا لەنەخۆشخانە حكومویەكان تەنها 23 تەختی چاودێری چڕمان هەبوولەبەر نەخۆشی كۆرۆنا توانیمان لەنەخۆشخانە حكومیەكان بیگەیەنینە 40 تەختی نەخۆش و 17 تەختی نەخۆشمان زیاد كردووە دوای كردنەوەی ئەو نەخۆشخانە تازەیە ژمارەی قەرەوێڵەكان زیاد دەكات و تاڕادەیەك چارەسەری بەشی چاودێری چڕ دەكرێت لەشاری هەولێر و هەوڵی ئەوەش دەدەین بۆ نەخۆشخانە تازەكە ستافی پزیشك و كارمەندی تەندروستی بە زوویی پەیدا بكەین.

كارو بەرنامەی حكومەتی هەرێم بۆ كەرتی تەندروستی

دەربارەی تەواوكردنی ئەو نەخۆشخانانەی كە پێِشتر كاری بۆ كرابوو د. دلۆڤان محەمەد جەلال بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر ڕوونیكردوە: لەساڵانی ڕابردوو ژمارەیەك نەخۆشخانە كاری بۆ كراو لەبەر قەیرانی دارایی ئەو پڕۆژانە لەكار وەستان و لەسەر بودجەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دروست دەكران پڕۆژەی ستراتیژی بوون، دیارە ئەو پڕۆژانە لەبەر هۆكاری بودجە وەستاون و هیوادارین لە ئایندەیەكی نزیكدا ئەو پڕۆژە ستراتیژییانە دەست پێ‌ بكەوەنەوەو نەخۆشخانەی تازە بۆ چەند قەزایەكی شاری هەولێر دروست بكرێت وەك نەبوونی نەخۆشخانەیەكی گشتی لەقەزای خەبات كە زۆر پێویستە نەخۆشخانە بۆ ئەو قەزایە دروست بكرێت ئەگەرچی كاتی خۆی شوێنی بۆ دابین كرابوو، بەڵام لەبەر وەستانی پڕۆژە ستراتیژییەكان ئەو پڕۆژەیەش وەستاو ئەو شوێنە زۆر گرنگە نەخۆشخانەی هەبێت و لەناو شاری هەولێریش پێویستە نەخۆشخانەیەكی گەورە دروست بكرێت، لەپلانماندایە نەخۆشخانەیەكی دیكەی لەدایكبوون دروست بكەین ئەویش لەیەكێك لە بنكە تەندروستییەكانەو كەوتۆتە شارەدێی دارەتوو دیارە لەناو ئەو بنكەیەدا هۆڵی نەشتەرگەری و هۆڵی لەدایك بوون هەیە، دەمانەوێت وەكو نەخۆشخانەیەكی لەدایكبوونی لێ‌ بكەین ئەویش پێویستی بە بودجەیەك هەیەو لەكاتی هەبوونی بودجە دەتوانین تەواوی بكەین تا ئەو شویَِنەش بكەوێتە خزمەتی هاووڵاتیان.

بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر دەشڵێت: زۆر سوپاسی ڕێزدار مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین، كە هەمیشە خەمخۆری كەرتی تەندروستییەو ڕۆڵی كاریگەری هەیە بۆ پێشخستنی ئەو كەرتەو سەردانی نەخۆشخانەكان دەكات و هەمشە بودجەی پێویستی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنادابین كردووە، كە چەندین جار بودجەی بۆ تەرنخانكردووە ئەو هەنگاوەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان گڕوتینی زۆری بەكەرتی تەندروستی بەخشیوەو لەنزیكەوە ئاگاداری ڕەوشی تەندروستی بووە، ئەوەش وای لەپزیشكان و كارمەندانی تەندروستی كردووە كە زیاتر لە خزمەتی هاووڵاتیاندابن.

د. دلۆڤان محەمەد لە دوایین تەوەری قسەكانیدا گوتی: ئێمە هەوڵی فراوانكردنی نەخۆشخانەی ڕاپەڕینی منداڵان دەدەین، باڵەخانەكەی كۆنەو مایەی خۆشحاڵییە هەرلەناو ئەو نەخۆشخانەیە باڵەخانەیەكی دیكە دروستكراوەو لەئایندەیەكی نزیك دەكەوێتە خزمەتی هاووڵاتیان و نزیكەی 100 قەرەوێلە دەبێت ئەو پڕۆژەیەش دەسكەوتێكی گرنگە بۆ هاووڵاتیان، چەندین بەشی گرنگ لەخۆ دەگرێت وەك بەشی چاودێری چڕو بەشی راوێژكاری و بەشی فریاكەوتن و چەند بەشێكی دیكە، لەماوەی ڕابردووش ئێِمە ڕاوێژكاریەكی منداڵانمان بۆ ئەو نەخۆشخانەیە زیاد كرد لەپێناو خزمەتكردنی هاووڵاتیان و گرنگیدانی زیاتر بەكەرتی تەندروستی، هەوڵی ئەوە دەدەین كە نەخۆشخانەكان گەشە پێ‌ بدەین و زیاتر بیبووژێنینەوەو ئامێری پزیشكی زیاتری بۆ دابین بكەین، بەمەبەستی چارەسەركردنی كێشەو گیروگرفتەكانی نەخۆشخانەكان، كۆبوونەوەشمان ئەنجامداوە بۆ ئەوەی لەنزیكەوە ئاشنای كێشەكانیان بین.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

بابه‌تی تر

وەزیری پەروەردە: بەداخەوە هەندێ‌ جار ئەم پرسانە بۆ موزایەدە بەكار دەهێنرێت، دەیانەوێت موزایەدە بخەنە ناو كەرتی پەروەردە

خەبات: رۆشنا عەلی:- وەزیری پەروەردە لە میانەی كردنەوەی قوتابخانەی شاری مامۆستایانی بنەڕەتی…