بەرهەمی ناوخۆ، کلیلی پێشکەوتنی ئابووری

0
335

نەزیر مەفاخێری

بۆ دیاریکردنی جێگە و پێگەی هەر میللەتێک لە ڕووی نەخشەی ئابووری دونیا چاو لە کۆی بەرهەمی ناوخۆی (GDP) دەکرێت. بەرزبوونی ئەم نرخە، متمانەی سەرمایە خستنەگەڕ لە هەر وڵاتێکدا زیاد دەکات و ئابووریی ئەو وڵاتە گەشە دەکات. بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ئەم نرخە، وڵاتان هەوڵ دەدەن پارەی خۆیان لەو کەرتانە بخەنەگەڕ کە پێشکەوتنی بەردەوام و سەقامگیر بەدوای خۆیاندا دێنن. هەرچەند کە پێکانی ئەم ئامانجە پێویستی بە پلانی ستراتیژی درێژمەودا و هەمە لایەنە هەیە، بەڵام لای هەموان ئاشکرایە کە کەرتی بەرهەمە خواردەمەنیەکان کەرتێکی ستراتیژی بەستراوەیە بە پێشکەوتنی بەردەوام و هەروەها بە بەراورد لەگەڵ کەرتە پیشەسازییەکانی دیکە، کەمترین سەرمایەی مادی پیویستە بۆ خستنەگەڕ. لە ڕوانگەی تەکنیکیشەوە پێویستی کەمتری بە کرێکار و ئەندازیاری شارەزا هەیە و لە ماوەیێکی کورتدا بە پلانێکی تۆکمەوە دەتواندرێت مەشق بە فەرمانبەر و ئیشکەرەکان بکرێت. لە لایێکی دیکەشەوە لە دنیای ئەمڕۆدا وڵاتان دەکرێنە ئامانجی شەڕی ناڕاستەوخۆ و جەنگی بایۆلۆژی درێژخایەن. بەم دیدگایە هەرێمی کوردستان بە وەبەرهێنانی خواردەمەنی دەتوانێ کونترۆڵی ئەم بابەتە بکات.   

هەرێمی کوردستان بە هەبوونی سەرچاوە ئاویەکانی، کەش و هەوای شیاو و خاکی بەپیتی، توانایەکی شاراوەی بۆ گەشەپێدان بە کەرتی کشتوکاڵ هەیە، بەڵام ساڵانە باخدارەکان بۆ ماوەی ٤ بۆ ٥ مانگ دەبێ هەموو بەرهەمەکانی خۆیان ڕەوانەی بازاڕی ناوخۆ بکەن. ئەمە وایکردوە کە بەهای بەرهەمە باخی و کشتوکاڵیەکان بەرز و نزمیێکی زۆر، بەپێی کات و وەرز، بە خۆوە ببینێت و ببێتە هۆی نەبوونی دڵنیایی لە ناو باخداران و جووتیاران بۆ بەرهەمهێنان. بۆیە پێویستە لە هەموو تواناکانی ناوخۆ کەڵک وەربگیرێت بۆ بەکارهێنانی بەرهەمە کشتوکاڵیەکان لە کاتی پێویست. ئەمە دەبێتە هۆی کۆنترۆلی بازاڕ و یەکسانکردنی بەهای بەرهەمەکان لە هەموو مانگ و وەرزەکانی ساڵدا. ئەوەش وادەکات کە دڵنیایی لە قازانج کردن درووست بێت بۆ باخداران و جووتیاران و ساڵ لە دوای ساڵ ڕووبەرەیێکی زۆرتر بخەنە ژێر کێڵان بۆ بەرهەمهێنانی زیاتر. هەچەند کە سوودەکانی پەرەپێدانی ئەم کەرتە زۆرن، لە خوارەوە ئاماژەیێکی کورت دراوە بە چەن قازانجی سەرەکی بایەخدان بە کەرتی بەرهەمهێنانی خواردەمەنی:

  1. زیادکردنی وەربەرهێنان و ئاسایشی نەتەوەیی خۆراک؛
  2. ڕەخساندنی هەلی کار و زیادکردنی کارامەیی ‌هێزی مرۆیی؛
  3. زیادکردنی داهاتی جووتیاران و ڕێگرتن لە کۆچی گوندنشینان بۆ شارەکان؛
  4. بەرزکردنەوەی زێدە بەهای بەرهەمە کشتوکاڵیەکان لە ڕێگەی گۆرێنیان بۆ مادەیێکی بەنرختر؛
  5. ڕێگرتن لە چوونە دەرەوەی دراو بۆ هاوردەکردنی خۆراک کە دەبێتە هۆی سەقامگیری ئابووری؛
  6. کەمکردنەوی هاوردەی مادەی سەرەتایی لە دەرەوی وڵات؛ 
  7. کەمکردنەوی پشتبەستن بە دراوی نەوتی؛
  8. کەمترین ئاستی سەرمایە خستنەگەڕ بە بەراورد لەگەڵ کەرتەکانیتر؛
  9. بوونی بازاڕی گەورەی هەریم و عێراق بۆ زۆربەی بەرهەمەکان؛ 
  10. ڕێکخستنی بازاڕ و زیادکردنی متمانە بۆ جووتیاران؛
  11. دروستکردنی بەرهەمی تەندروستتر و گەڕانەوی پارەی لە کەرتی تەندروستی گشتی لە درێژمەودا. 

لە ئامانجی ئەم باسانەی کە کران، جێی خۆشحاڵیە کە کارگەی بەرهەمە خۆاردەمەنیەکانی هەریر توانایێکی زۆر باشی، بەتایبەت بۆ بەرهەمهێنانی ئاوتەماتە، هەیە و دەتوانێت بەشێکی زۆری بەرهەمی تەماتەی ناوچەکە بەکاربهێنێت و ڕێژەیێکی بەرچاوی داخوازی ناوخۆ بۆ ئاوەتەماتە دابین بکات. لە ڕابردووشدا کوالێتی و سەلامەتی ئاوەتەماتەی ئەم کارگەیە لە کەس شاراوە نەبوە و ناوبانگێکی زۆر باشی لە ناو خەڵکدا هەیە. هەرچەند کە ئەم کارگەیە تەنیا بە کارگەی ئاوتەماتە ناسراوە و زۆربەی تواناکانی دیکەی بەشاراوەیی ماونەتەوە. بەڵام توانای ئەوەی هەیە کە زۆربەی هەرەزۆری بەرهەمە باخیەکانی ناوچەکە، کە بریتین لە ترێ، سێو، هەرمێ، هەنار، خۆخ، قەیسی، هەڵووژە و هتد…، وەربگرێت و چەندەها جۆر بەرهەمی جیاوازیان لێ بەرهەم بهێنێت.

بەشی ئاوەتەماتەی ئەم کارگەیە تەنیا پێویستی بە هەندێک نوێکردنەوە و دامەزراندنی سیستمی نوێی چاودێریی هێڵی وەبەرهێنان هەیە و بە دڵنیایەوە دەتوانت لە ماوەیێکی کەمدا دەست بە کار بکاتەوە و بەرهەمی خۆی ڕەوانەی بازاڕەکان بکات. هەرچەندە لە ڕوانگەی بازەرگانیەوە جێی ئەوە هەیە کە لێکۆڵینەوەی ورد و بازاڕگەریی باشی بۆ بکرێت. جێگای ئاماژەیە کە ئەم کارگە هەر ئێستا توانای ئەوەی هەیە کە بەبێ هیچ گۆڕانکاریێکی سەرەکی لە هێڵی بەرهەمهێنان، خۆشاوی هەموو ئەو میوە ناوبراوانەی سەرەوە و دۆشاو (کنسانترە) و مرەبای هەموویان بەرهەم بهێنێت. لە بەشێکی دیکەی ئەم کارگەیە توانایێکی یەکجار زۆر هەیە بۆ بەرهەمهێنانی سرکە و شەڕابی ترێ و هەروەها توانای ئەوەی هەیە کە ڕۆژانە بەرهەمێکی زۆر ڕەوانەی بازاڕ بکات.

سروشتی بازاڕی بەرهەمی ئاوتەماتە بە جۆرێکە کە زۆر پێشبڕکێیی نیە و دەتواندرێت بە ئاسانی لەگەڵ بەرهەمی دەرەکی پێشبڕکێ بکات. بەڵام بەشی ئاوی میوە ئەگەر هەر بەبێ گۆڕانکاری بمێنێتەوە لەوانەیە کە پێشبڕکێ کردن لەگەڵ ئەو کۆمپانیانەی کە بە بەکارهێنانی دۆشاوی چینی و تایلەندی، کە تەنیا بە زیادکردنی شەکر و ئاو بەرهەمێکی هەرزان دەخەنە بازاڕ، فشاری بخاتە سەر و وەبەرهێنانی ئەم بەشە تووشی کێشە بکات. یەکێک لە چارەسەرەکان ئەوەیە کە حکوومەت بە دانانی باج لەسەر بەرهەمە دەرەکیەکان، یارمەتی ئەم کەرتە بدات بۆ ئەوەی بتوانێت بەرهەمی خۆی بفرۆشێت. لە هەمان کاتدا بە ڕەچاوکردنی سیستەمی نوێی بازاڕگەری و ڕێکلامکردن بتواندرێت ئەم بەرهەمە، کە بە دڵنیایەوە سەلامەتتر و خاوێنترە، بە جوانی بە خەڵک و بازاڕ بناسێندرێت و بەم ڕێگایە کەلێنی ئەو بڕە زێدە بەهایەی کە بە بەراورد لەگەڵ بەرهەمە دەرەکیەکان زیاترە پڕ بکاتەوە. چارەسەری دیکە ئەوەیە، بتواندرێت بە هەندێک گۆڕانکاری لە هێڵی بەرهەمهێنان و درووست کردنی بەرهەمێک، کە پێشبڕکێ لە بازاڕەکەیدا زۆر نیە، چارەسەرەی ئەم کێشەیە بکرێت. جێگای باسە کە تەنانەت وڵاتانی پێشکەوتووش تووشی گرفتی لەم جۆرە بوونەتەوە و بە ڕێگەی جۆراوجۆر ئەم کێشەیە چارەسەر دەکەن.

بۆ نموونە، بە پێی ئەوەی کە ئەم کارگەیە فرەڕەهەندە، درووست کردنی بەرهەمی میوەی ناو قۆتی و میوەی وشککراوە، نانە قەیسی، پۆدری میوە بۆ بەرهەمەکانی دیکە وەکوو مۆتە و خواردەمەنیەکانی دیکەی کە تامی میوەیان هەیە دەتوانێت جێگرەوەیێکی باش بێت بۆ بەشی خۆشاوی میوە. هەر وەک پێشتر ئاماژەی پێدرا، بەشی درووست کردنی شەڕاب لەم کارگەیەدا توانایێکی زۆری هەیە، بەڵام هەلومەرج و بڕوای ئایینی خەڵکی ناوچەکە ڕێگای نەداوە ئەم بەشە تا ئێستا بخرێتەوە گەڕ و ئەم توانا شاراوەیە هەر بە بێ بەرهەمهێنان ماوەتەوە. ڕێگەچارەسەرەکەی ئەوەیە، بە زیادکردنی ستوونی پاڵاوتن ئەم توانا گەورەیە بە شێوەیەکی دیکە دەتواندرێت بگۆڕێت بۆ بەرهەمهێنانی کحوولی پزشکی و کحوولی پیشەسازی. بە دڵنیایەوە، هاتنی نەخۆشی کۆڕۆنا ئەوەی بە هەموان نیشاندا کە پێویستە ئەم بەرهەمە ستراتیژیکە لە هەرێمی کوردستان نموونەی هەبێت. هەروەها سوودەکانی ئەم بەرهەمە دەتواندرێت ببێ بە سەرچاوەی چەندەها کارگەی دیکە کە پێویستی سەرەکیان کحوولی پزیشکیە. هەروەها کحوولی پیشەسازی دەتوانێت وەکوو مادەی بەرزکەرەوەی ئوکتانی بەنزین بۆ پاڵاوگەکانی کوردستان بەکاربێت لە جیاتی ئەو مادانەی کە ساڵیانێکە بە سەرچاوەی شێرەنجە دادەنرێن لە دنیا. 

توانایێکی شاراوەی دیکەی ئەم کارگەیە درووستکردنی دۆشاوی هەنار و ترێیە، کە تەنیا بە زیادکردنی چەند ئامێرێک ئەم ئامانجە دەپێکرێت. ساڵانیکە لە کاتی هاتنی بەرهەمی هەنار و ترێی ناوخۆ بەهای ئەم بەرهەمە زۆر دادەبەزێت و دەبێتە هۆی زیان پێگەیشتن بە باخداران و هەروەها ساردبوونەوەیان لەم کارە. بە وەرگرتنی بەرهەمی زێدە لە پێویستی بازاڕ بۆ درووستکردنی دۆشاوی هەنار و ترێ هەم زێدە بەها درووست دەبێت لە بەرهەمی کۆتایی و هەم باخداران زیان ناکەن. لە لایێکی دیکەش بە دانانی ئامێری گووشانی سارد  (cold press)و بەکار هێنانەوەی تۆوی هەنار و ترێ، کە لە پاشماوەی کارەکە دەست دەکەون، دەتوانرێت ڕۆنێکی سروشتی بەرهەم بێت کە هەردووکیان یەکێکن لە گرانترین و باشترین بەرهەمەکانی ڕۆن لە سەر ئاستی جیهان.

لە کۆتاییدا، پێویستە ئاماژە بەوە بدرێت کە بۆ بەڕێخستنی کارگەیێکی سەرکەوتوو و سەقامگیر، هەموو ئەم کارانە پێویستیان بە لێکدانەوەی وردە و دەبێت تاوتوێی بازاڕ و خواستی ناوخۆ بکرێت. هیوادارین بە هاوکاری هەموو لایەنە پێوەندیدارەکانی حکوومەتی هەرێم و دەستەی وەبەرهێنان بە زووترین کات ئەم لێکۆلینەوەیە بکرێت و سیتسەمێکی شیاو بۆ دەستبەکاربوونەوەی هەمووبەشەکانی ئەم کارگەیە دابنرێت.

زیاتر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

بابه‌تی تر

لەیادی ریفراندۆمە پیرۆزەكەی كوردستاندا، دەبێ چاوەڕێی دەرفەتێك بكەین

نیان ئەحمەد 25\9\2017 رۆژێكی مێژوویی بوو بۆ نەتەوەی كورد لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردوو لە داگی…