بایرن میونشن لەبەردەم دوو دڵی پلانەكەیدا رووبەڕووی پاریس سان جێرمان دەبێتەوە

0
138

خەبات: هاوار مورتكەیی:- ئەمڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ ملیۆنەها لە هەوادارانی تۆپی پێ لە سەرانسەری جیهان چاو دەبڕنە لشبۆنەی پایتەختی پورتوگال، كاتێك یاریگای دا لۆز یاری كۆتایی پاڵەوانێتی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەورووپا لەنێوان یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی و یانەی پاریس سان جێرمانی فەڕەنسی لەخۆ دەگرێت.

لە یارییەكەی ئەمشەودا كە كاتژمێر 10 بەكاتی هەولێر بەڕێوەدەچێت، یانەی بارن دەیەوێ بۆ شەشەم جار لەمێژووی خولی یانە پاڵەوانەكاندا ناسناوەكە بباتەوە، لەبەرامبەریشدا یانەی سان جێرمان خەون بەوەدەبینیت بۆیەكەمینجار ئەم جامە بەرزبكاتەوە، ئەمەش دوا فیكەی ناوبژیوانی یارییەكە، پاڵەوانەكە بەدەردەكەوێت و جامەكە بەرزدەكاتەوە.

كۆتایی ئەمجارە لەنێوان دوو یانەدایە كە بەشایستەیی گەیشتنە ئەم قۆناغە، لەم یارییەشدا چاوەڕوان دەكرێت ركابەرییەكی گەورەش لەنێوان یاریزانەكاندا، بەڵام سەركردایەتی كردنی تەكنیكی هەردوو یانەكە بە مێشكێكی ئەڵمانییە، كە هانز فلیكی ئەڵمانی و راهێنەری بایرنە و تۆماس تۆخێلی هاونیشتمانیشی رابەرایەتی پاریس سان جێرمان دەكات. 

مەترسی نایمار و مباپێ

لەم چەند یارییەی رابردوودا، یانەی بایرن میونشن پلانێكی پەیڕەوكردووە، ئەویش فشاركردنە سەر بەرامبەرەكەی و ناچاركردنی بەگەڕانەوەی بۆ دوواوە، هەروەها دەرفەت نەدان بەتیپی بەرامبەر كە تۆپ بەئاسانی بگوازیتەوە ناوەراستی یاریگا، ئەمەش تا ئێستا تیایدا سەركەوتوو بووە و ئاكامەكەشی یانەكەیە لەم قۆناغەدا، بەڵام پێناچێت یاریزانانی باڤاری بتوانن بەسەركەوتوویی پلانی فلیكی راهێنەر بەرامبەر یاریزانانی سان جێرمان جێبەجێ بكەن، چونكە یاریزانانی یانە فەرەنسییەكە خێراتر دەردەكەون، بەتایبەتیش كیلیان مباپێ و نایمار و شێوازی هێرشی خێرا پەیڕەو دەكەن و بەتۆپی درێژ لەدواوەی هێلی بەرگری بەرامبەریان یاری دەكەن و رەنگە ئەمەش مەترسی بخاتە سەر هێلی بەرگری یانەی بایرن، ئەمە جگە لەهێرشی هەڵگەڕاوەدا هەموو كات مەترسییان خستۆتەسەر تیپی بەرامبەر. 

لێدوانی راهێنەری بایرن

بەر لە یارییەكەش فلیكی راهێنەری بایرن میونشن ئاماژەی بەو یارییەدا كە ئەمە یاریی كۆتاییە و ئاساییە هەموو حساباتێكی بۆ بكرێت، وا بەئاسانی هەردوو تیپ نەگەیشتوونەتە ئەم قۆناغە، هەروەها گوتی: خۆمان بەباشی ئامادەكردووە و هەموو هەوڵێكمان بۆ بەدەستهێنانی نازناوەكەیە، دواتر لەوەڵامی پرسارێكدا كە سەبارەت مباپێ لێیكرابوو، بێ ئەوەی ئاماژە بە پلانەكە بگات گوتی: لەهەموو باڵەكان ئەركی جیاجیامان داوتە یاریزانەكان و سەبارەت بە مباپێش ئەوا پلانمان داناوە كە چۆن بتوانین رایبگرین.

لێدوانی راهێنەری سان جێرمان

لەلایەكی دیكەوە تۆماس تۆخێلی راهێنەری یانەی پاریس سان جێرمان سەبارەت بەم كۆتاییە گوتی: ئەوەی زۆر دڵخۆشم دەكات ئەو گڕوتینەی یاریزانانمانە بۆ خۆئامادەباشی بۆ ئەو یارییە، هەرچەندە ئەركمان هێندە ئاسان نابێت بەرامبەر بایرن، بەڵام ئەمەش مانای ئەوە نییە لێیان بترسین، بەس دەبێ ئەو راستییە بڵێین كە ئێستا بارن لەبەرزترین ئاستیدایە، بەڵام بۆ هەر یارییەك ئێمە پلانی گونجاومان هەیە، هەورەها گوتی: یاریزانانمان تەواو ئامادەن بەڵام ئەوەی زۆر نیگەرانی كردووین، ئاستی ئەم دوواییەی نایمار داسیلڤایە، كە دەرفەتی گۆل تۆماركردن زۆر لەدەست دەدات، بەڵام ئەو یاریزانێكی بەتوانایە و هەمووجار ئەوەم گووتووە كە ئەو مێشكی بۆ بردنەوە بەكاردەهێنێت.

زیاتر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

بابه‌تی تر

لەیادی ریفراندۆمە پیرۆزەكەی كوردستاندا، دەبێ چاوەڕێی دەرفەتێك بكەین

نیان ئەحمەد 25\9\2017 رۆژێكی مێژوویی بوو بۆ نەتەوەی كورد لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردوو لە داگی…