خه‌بات: عه‌لى بانیشارى- هه‌ولێر-

رۆژى دووشه‌ممه‌ 29ى ئۆكتۆبه‌ر، له‌ هۆڵى مۆزه‌خـانه‌ى شارستـانى هه‌ولێر كۆنفرانسى رۆژنامه‌وانى هاوبه‌شى نێوان به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى شوێنه‌وارى هـه‌ولێر و تیـمى شوێنه‌وارى كـۆلیژى(ئیكۆل پراكتیك)ى سه‌ر به‌ زانكۆى سۆربۆنى فه‌ره‌نسى تایبه‌ت به‌ راگه‌یاندنى ئه‌نجـامى كنه‌وپشكنینى شـوێنـه‌وارى له‌ گردى سه‌عداوه‌(قه‌سرى شه‌مامك) به‌ڕێوه‌چوو. نادر بابه‌كر، به‌ڕێوه‌به‌رى شـوێنه‌وارى هه‌ولێر گوتى ئه‌نجـامى هه‌ڵكۆڵینه‌كه‌ بۆ ئه‌وان و تیمى زانكۆى سۆربۆن جێگه‌ى خۆشحاڵییه‌. ماریا گرازیا، سه‌رۆكى تیمى شوێنه‌وارى زانكۆى سۆربۆنى فه‌ره‌نسى به‌(خه‌بات)ى راگه‌یاند گرنگى قه‌سرى شه‌مامك وایكردووه‌ له‌ ساڵانى داهاتوویش به‌رده‌وامبن له‌ كاركردن.

نادر بابه‌كر، به‌ڕێوه‌به‌رى شوێنه‌وارى هه‌ولێر له‌ كۆنفرانسه‌ رۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا گوتى” 10 زانكۆى بیانى موڵه‌تى كاركردنمان پێداوان،هه‌ندێكیان كارى رووپـێوى شوێنه‌وارى و به‌شێكى تریشان هه‌ڵكۆڵین ده‌كه‌ن”.گوتیشى” جێگه‌ى خۆشخاڵییه‌ له‌ رووپێوییه‌ شـوێنه‌وارییه‌كاندا تاوه‌كو ئـێستا توانیوومانـه‌ زیاتر له‌ هه‌زار ناوچه‌ى شوێنه‌وارى تۆمار بكه‌ین”. ئه‌وه‌ى گوت” تۆمـاركردنى ئه‌و هـه‌زار شوێنه‌ شوێنه‌واریـیه‌كان له‌لایه‌ن زانكۆكانى (هارڤـارد)ى ئه‌مریكى و (تینسبروك)ى نه‌مسـاوى و په‌یمانگانى رۆژهه‌ڵاتناسى(به‌لـین) بووه‌”.

به‌ڕێوه‌بـه‌رى شوێنه‌وارى هـه‌ولێر ئاماژه‌ى به‌وه‌شـدا له‌به‌ر قه‌یرانى دارایى وڵاته‌كه‌یان زانكۆى (ئه‌سینا) له‌ یۆنان نه‌یانتوانیووه‌ له‌ كارى كنـه‌وپشكنینى شوێنه‌وارى له‌ هـه‌ولێر به‌رده‌وامن و بۆ ماوه‌ى چه‌ند ساڵێكه‌ زانكۆكه‌ نه‌گه‌ڕاونـه‌ته‌وه‌ هه‌ولێر. بابـه‌كر باسى له‌وه‌شـكرد زانكـۆى(پۆزنان)ى پۆلۆنیا كارى رووپێوى شوێنه‌وارییان له‌ ده‌شتى هـه‌ریر و شه‌قڵاوه‌ ته‌واو كردووه‌ توانیوویانه‌ زیاتر له‌ 200 شوێنى شوێنه‌وارى تۆمار بكه‌ن. گوتیشى” له‌ ئه‌نجامى كنه‌وپشكنینى شوێنه‌وارى قه‌سرى شه‌مامك توانراوه‌ نوسى مسمارى و چه‌ندین كه‌لوپه‌لى شوێنه‌وارى گرنگ بدۆزێته‌وه‌ كه‌ بۆ ئێمه‌ و تیمى زانكـۆى سۆربۆنى فه‌ره‌نسى جێگه‌ى دڵخۆشى بوون”.

ماریا گرازیا، سه‌رۆكى تیمى شوێنـه‌وارى كـۆلێژى(ئیكۆل پراكتیك)ى سـه‌ر به‌ زانكۆى سۆربۆنى فه‌ره‌نسى له‌ كۆنفراسه‌ رۆژنامـه‌وانییـه‌كه‌دا گوتى” ئه‌مه‌ حه‌وته‌مین وه‌رزى هه‌ڵـكۆڵینى شوێنه‌وارییه‌ له‌ قه‌سرى شه‌مامك، ئێمه‌ یه‌كه‌مین تیمى شوێـنه‌وارى فه‌ره‌نسى و ئـه‌وروپى بوویـن هاتینه‌ هه‌رێمى كوردستان و ده‌ستمان به‌ كارى كنه‌وپشكنینى شوێنه‌وارى كرد به‌ هـاوكارى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تـى گـشتى شوێنه‌وارى هه‌رێمى كوردستان و به‌تایبه‌ت به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى شوێنه‌وارى هه‌ولێر و شوێنـه‌وارناسه‌ پسپۆڕه‌كان”. گوتیشى” تیمه‌كه‌مان حكومه‌تى فه‌ره‌نسا هاوكارى مادى ده‌كات و چه‌ندین شوێنه‌وارناسى وڵاتانى ئه‌وروپا له‌ خۆ ده‌گرێت”.

سه‌رۆكى تیمى شوێنه‌وارى زانكۆى سۆربۆن ئه‌وه‌شى گوت” سه‌ده‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر چه‌ند كه‌سى پسپۆڕى شوێنه‌وارى له‌ قه‌سرى شه‌مامك كاریان كردووه‌ هه‌ر لـه‌به‌ر ئه‌وه‌یشه‌ ئێمه‌ ئێره‌مان بۆ كاركردن هه‌ڵبژارد”. ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا قه‌سرى شه‌مامك پایته‌ختێكـى ناوچه‌یى سه‌رده‌مى ئاشوورى بووه‌ له‌ هه‌زاره‌ى یه‌كه‌مى پێش زاین. هه‌روه‌ها گوتیشى” ئێمه‌ هاتووین لـه‌ شه‌مامك له‌سه‌ر ئاشوورییه‌كان لێكۆڵینه‌وه‌ ژیان و مێژوو و كه‌لتووریان بكه‌ین، به‌ڵام ئێمه‌ كه‌لتورێك وپاشمـاوه‌ى ژیانى كۆنترمان له‌ ئه‌نجامى كنه‌وپشكنینه‌كانیدا دۆزییه‌وه‌ كه‌ پێكهاتبوو له‌ كۆمه‌ڵێك خه‌ڵك و شارستانییه‌تى كه‌ له‌ زۆر دۆڵمه‌ندتر و كۆنترن له‌ ئاشوورییه‌كان”.

ماریا گرازیا باسى له‌وه‌شكرد لـه‌ سه‌رده‌مى ئاشوورى قه‌سرى شه‌مامك شارێكى گرنگ بووه‌، به‌ڵام پێش ئه‌وه‌ى شه‌مامك شارێكى ئاشوورى بێـت شارێكى كۆنتر و گرنگ بووه‌ وه‌كو كلیزۆ له‌ سه‌رده‌مى ئاشوورى و پایته‌خێكى ناوچه‌ى بووه‌ له‌م شوێنه‌. ناوبراو هه‌روه‌ها گوتى” ئێمه‌ دواین لێكۆڵینـه‌وه‌مان له‌ شه‌مامك زۆر زانیاریمان ده‌ست كه‌وت و هه‌روه‌ها تێگه‌یشتنمان بۆ ئه‌م شاره‌ و گه‌شه‌سه‌ندى تا كۆتایـهێنان به‌ ئیمپراتۆرییه‌تى ئاشوورى، به‌ڵام دواى ئه‌وه‌ ئاشوورییه‌كان شارستانییه‌تى تـر و قـۆناغى تر له‌م گـرده‌ لێى نیشته‌جێبوون وه‌كو سه‌رده‌مى هیلینیستى و ساسانى و ئیسلامى هه‌روه‌ها سه‌رده‌مى عوسمانى”.

گرازیا ده‌ڵێت” ئه‌وه‌ى ئه‌وه‌ى ئێمه‌ لێ ده‌كۆڵینه‌وه‌ پاشماوه‌ شوێنه‌وارییه‌كان كه‌ بریتین له‌ پاشماوه‌ى بیناسازى وه‌كو كۆشك و قه‌سر و دیـوار و كـه‌ ماون له‌و شوێنه‌”. جه‌ختیكرده‌وه‌ ئه‌وان له‌ پاشماوه‌كانى دوو هه‌زار پێَش زاین كه‌ سه‌رده‌مى كۆتایهاتنى ئاشوورییه‌كان ده‌كۆڵنه‌وه‌. سـه‌رۆكى تیمى شوێنه‌وارى زانكۆى سۆربۆنى فه‌ره‌نسى گوتیشى” به‌هاوكارى به‌ڕێوه‌به‌رى شوێنه‌وارى هه‌ولێر ئێمـه‌ توانیمان شوێنى لێكۆڵینه‌وه‌كه‌مان زۆر به‌رفراوانتر بكه‌ین بۆ به‌شه‌كانى خواره‌وه‌ى ناوچه‌ى قه‌سرى شه‌مامك كه‌ شارستانییه‌ت و سه‌رده‌مى كۆنترى تێدایه‌ وه‌كو هه‌زاره‌ى سێیه‌م و چواره‌م و پێنجه‌مى پێش زاین، له‌و ناوچـانه‌ توانیمان رووپێوییه‌كى شوێنه‌وارى بكه‌ین و پاشماوه‌ى كۆنتر له‌ قه‌سرى شه‌مامك بدۆزینه‌وه‌”.

به‌پێى ئامارێكى به‌ڕێوه‌بـه‌رایه‌تى شوێنـه‌وارى هه‌ولێر هه‌ریه‌ك له‌ زانكـۆكـانى (سۆربۆنى فه‌ره‌نسى، كۆلیج دفرنسى فه‌ره‌نسى، زانكۆى هارڤاردى ئه‌مریكى، زانكۆى شیكاگۆى ئه‌مریكى، زانكۆى میلانۆى ئیتالى، زانكۆى كاتـۆلیك/ پزمانیاى هه‌نگارى، زانكۆى ئۆتۆنۆمى به‌رشه‌لۆنه‌ى ئیسپانى، زانكۆى ئینسبروكى نه‌مساوى، په‌یمانگاى رۆژهه‌ڵاتـناسى به‌لین، زانكۆى جان هاپكنیزى ئه‌مریكى، موڵه‌تى كاركردنیان له‌ سنورى پارێزگاى هه‌ولێر بۆ هه‌ڵكـۆڵین و رووپـێوى شوێنـه‌وارى پێدراوه‌.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

بابه‌تی تر

چارلێز ڤان زێل لەدیدارێکدا بۆ خەبات: دەمەوێت ناسنامەی WGM لە ئۆڵۆمپیادی داهاتووی رووسیا بەدەست بێنم

خەبات: هاوار مورتكەیی:- چارلێز ڤان زێلی خانمە شەترەنجزانی هەڵبژاردەی خوارووی ئەفریقا لە لێ…